سامانی وەستا بەکر: ئەوەی ئەبێ بکرێ بۆ گۆڕانکاریی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بیری دەسەڵاتی خەڵک و چاوەڕوانی خەڵک:
دەسەڵاتی کوردی باس لەوە ئەکات کە خەون و ئاواتی دەسەڵاتداران و خەڵک یەکە، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە.
دەسەڵات خەونی خۆی لە دروستکردنی ئیمبراتۆرییەتێکی ئابوری و مۆڵتی ملیارێری بنەماڵە و خێڵا کۆکردۆتەوە، بە پێچەوانەوەشەوە شکستی هێناوە لە بەدیهێنانی خەونی هاوڵاتیان لە بەختەوەری و خۆشگوزەرانی، بەهێزی ژێرخانی ئابوری کۆمەڵگا، فراوانی ڕووبەری ئازادی، دروستکردنی سیستمێکی زانستی و کۆمەڵگەیەکی زانست پەروەر، سەربەخۆی دادگا و سیستمی دادوەری. خەونی دەسەڵاتدارەکان کۆکردنەوەی زۆرترین سامان و بەجێهێشتنی کورسی دەسەڵاتە، نەوە دوای نەوە. لەکاتێکا خەونی خەڵک خزمەتگوزاری و مافە بەرامبەر ئەرک.

بانێکەو دوو هەوا:
هاوڵاتی ئەبینێ دەسەڵاتداران ماماڵەی ئابوری زەبەلاح و هاوبەشی ئابوریان لەگەڵ ئەوەی پێیئەڵێن داگیرکارانی کوردستان لە عەرەب و تورک و فارس هەیە و هيزی لێوەرەگرن. ئیتر ئەمیش پێی ڕەوایە داوای مووچەخوراو دواکەوتووەکەی لە بەغا بکات، سیخوڕی بۆ تورک و فارس بکات.
هاوکێشەکە بەمجۆرەیە کە هاوڵاتی پرسیاری لادروست ئەبێ و ئەپرسێ؟ بۆ حیزبەکان بۆ پۆست و پایە و پلە و پارە و بازرگانی و بەرژەوەندی تایبەت و بنەمالە ڕوو لە بەغا “باغی داد” بکات کوردایەتییە. ئەی بۆ نەنگی و خیانەتە بۆ هاوڵاتی بۆ مووچە پاشەکەوتکراو و بڕاوو نەیراوەکەی ڕوو لە هەمان باغی داد بکا. بەڵام بۆ دەسەڵاتداران شکۆو شانازی و کوردایەتی بێت؟ ئەبێ دەسەڵاتدارە خێلەکی و بنەماڵەکان وەڵامی ئەم پرسیارەی خەڵک بەنەوە، پێش ئەوەی بە خائن و دژە هەرێم تاوانباریان بکەن. بەکوردییەکەی ئەوەی ماڵی لە شووشەبێ نابێ بەرد لەماڵی خەڵک بگرێ.

کۆیلەی برسی و کۆیلەی تێر:
مرۆڤ سگی بە هاوڵاتی کورد ئەسوتێ کە دوو ڕێگای لەبەردەمایە بۆ هەڵبژاردن. یان ئەبێ کۆیلەو تيربێت، یان کۆیلە و برسی. دەسەڵاتی خۆماڵی هاوڵاتیانی کۆیلە و سەرکوێر و برسی کردووە، خۆ ئەگەر ڕووش لە بەغا بکرێ کۆیلە و سەرکوێر و ژێردەستەی بێگانەئەبن، بەڵام مووچە لەکاتی خۆیا وەرەگرن و لە برسێتی ڕزگارئەبن. دوو ڕێگاکە ئەوەیە، یان ئەبێ سکی تێر و داگیرکاری هەڵبژێری، یان دزو گیرفانبڕ و نیمچە سەربەخۆی.
یەکێک لەهۆکارەکانی مرۆڤ بۆ هەوڵدان بۆ ئازادی، تێروپڕی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەیە، لەڕێی ژێرخانێکی ئابوری کە دڵنیای بە ئەمڕۆ و سبەینێ دەستەبەربکات. بەڵام کاتێک ئەگاتە بەردەرگای ئازادی برسێتی و سکهەڵگوشین ئەچنێتەوە، سەرەنجام سڵ لەئازادی و چەمکەکانیشی ئەکاتەوە. ئەمە واقیعی ئەمڕۆی مرۆڤی کوردە، بە بەراورد بە سەدەی پێشوو، کە هەمیشە لەگەڵ هەر هەوڵێک بۆ سەرکوتکردن و سڕینەوە. ئازادی خاڵی بنەڕەتی و کۆکەرەوەبووە، هەرئەوەش وایکرد ئەو هەموو هەوڵە بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد بێئاکام و شکستخواردوو مایەوە، بەڵام مەخابن لە ئێستایا چیتر ئازادی ئەو خاڵە بنەڕەتی و کۆکەرەوەیە نییە، کە ئەمەش ترسناکترین شتێکە لە مێژووا نەتەوەی کورد ڕووبەڕووی بووبێتەوە.

بەری 32 ساڵ حوکمڕانی خۆماڵی:
سی و دوو ساڵی حوکمڕانی هۆز و بنەماڵەی سیاسی، جۆرە مرۆڤێکی دروستکردووە لەبری ئازادی بەدوای دڵنیای و پاشەڕۆژێکی ڕوونا بگەڕێت. کارێکیان کردووە چیتر مرۆڤی کورد ئامادەنییە بۆ ئازادی و سەربەخۆی بچێتە جەنگەوە، تاوەکو لە پێشا دڵنیانەبێت کە گەرەنتی ئابوری و دواڕۆژێکی ڕوونتر بۆ نەوەکانی دەستەبەرنەکا.
ئەوان کارێکیان کردووە کە خەڵکی بەدوای فریادڕەسێکا بگەرێ، بێگوێدانە ئەوەی کە فریادڕەسەکە کێیە؟ ئەوان تەنها چاوڕێی هێزێکن بێت و لە دۆخە سەختە ئابوری و کۆمەڵایەتیە ڕزگاریان بکات. جا ئەگەر هێزەکە ناخۆی بێت، یان دەرەکی، گرنگ نییە. بەڵکو ئەوەی گرنگە “ کۆیلایەتیەکی سک برسی بگۆڕن بە کۆیلایەتیەکی سک تێر”. چونکوم گەشتوونەتە دووڕیانێک، ئەگەر هێزەکە خۆماڵی و دزو گیرفانبڕ و تاڵانکەربێت، یان داگیرکەر و بێگانەبێت، لە سی و دوو ساڵی ڕابردوو خراپتر نابێت.

ئومێدی گۆڕانگاری:
لە ئێستایا ئومێدێک بەدی ناکرێ نەک بۆ گۆڕانکاریی و دروست بوونی ئۆپۆزسیۆن. بەڵکو هەر خودی کایەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوارێکی وای تیانییە، هێزێک دروست بێت، دووربێت لە خێزان و بنەماڵە و خێڵ و ئاین و تاکسالاری.
هەر بوونیاتی ئەم ناوچەیە وایە کە حیزب و سیاسەت و ئابوری لەلایەن هۆز خێڵ و پیاوانی ئاین و بنەماڵە و خێزانەکانەوە بە حوکمی ئەو پێگەیەی کە هەیانە قۆرخ ئەکرێت، وەک موڵکی کەسی و خۆیی مامەڵەی پێوەئەکرێت، لە چوارچێوەیەکی تەسکدا قەتیس ئەبێ و بونیادێکی کۆنزەرڤاتیڤی نەگۆڕ دەست بەسەر کایەی حیزب و سیاسەت و ئابوریا ئەگرێ. گۆڕانکاریی لەچوارچێوەی بەرژەوەندی تەسکی خێڵ و خێزان و پیاوانی ئاینا نەبێ ڕوونایات. سەرەنجام کۆی ئەو هێزە نوێیانەش کە دروست ئەبن، لەو چوارچێوەیەیا ئەمێننەوە و پاش ماوەیەک حیزب و سیاسەت و ئابوری ئەبنەوە بە موڵکی خێڵ و خێزان. نمونەی ئەوەش ئەو حیزبانەن کە لەم ساڵانەی دواییا لە هەرێمی کوردستان دروست بوون و بەهەمان مۆدێلەکەی پارتی و یەکێتی خێزان و بنەماڵە و پیاوانی ئاینی خاوەندارێتی حیزبەکەن، ئەگەرچی بەڕووکەشیش شتێکیتر بڵێن، بەکورتی فیوداڵیزم جەوهەری هێزەکانە.

هەڵەی کۆمەڵگە و ڕێگری لەگۆڕانکاری:
بۆ دەستنیشانکردنی هەڵە و چارەسەر، خەڵکی هەمیشە ڕێگا ئاسان و بێبەرپرسیارییەکە دیاریئەکا و هەڵەبژێرێ، ڕاستەوخۆ تەنها ئەیبەستێتەوە بە هەڵەی سیاسیەکانەوە و هۆکارە سەرەکییەکەی لەبیرئەچێ کە ئەوە زادەی خودی کۆمەڵگە خۆیەتی.
لە چەند خاڵێکا بەشێک لەو هەڵانەی کۆمەڵگە ئەیانکا، جا بەئاگا، یان بەبێ ئاگا ئاماژەی پێئەیەم:

کۆمەڵگایەک کە:
* هەر بەڕاستی نەک ئامادەنییە بۆ گۆڕانکاری، بەڵکو سڵیشی لێئەکاتەوە.
* تا ئەم ساتەش چاوەڕێی هێزێکی دەرەکی، یان فریادڕەسێکە بێت و گۆڕانی بۆ بخوڵقێنێ.
* تا ئێستاش ئامادەنییە بە قوڵی بیربکاتەوە و لەهۆکاری گرفتەکانا ڕۆچێ.
* ئامادەنییە لایەنی کەم دەستبەرداری خورافات و شەعوەزەبێت.
* ئامادەنییە زانست بۆ دەستکەوتی زانستی بەکاربهێنێ، بەڵکو تەنها وەک خزمەتگوزاری لێیئەڕوانێ.
* نەک ئامادەنییە بۆ داهێنان، بەڵکو زانکۆکانیش ئامادەنین و ڕکابەرایەتی زانستی ناکەن.
* تەنها بەکاربەرە و نەک دروستکەر.
* تەنها فێری وەرەگرتنە و ئامادەی بەخشین نییە.
* زۆربەی هەرە زۆری هەڵگری بیرێکبن کە پڕە لە دژایەتی زانست و ئازادی و نوێگەرایەتی و عەقڵانییەت.
* بەدەستی خۆی درگای بەڕووی گۆڕانکاری جەوهەرییا داخستووە.
* ترسی لە ئەدەب و فەلسەفە و هونەر و فەرهەنگ و هەموو کاڵایەکی مرۆڤدۆستی هەیە.
* دەستبەرداری پەروەردەی ڕەسەنی ناوخۆی ئەبێت و مناڵەکانی بەپارە ئەخاتە بەر خوێندن و پەروەردەی وڵاتانی هەرێمی داگیرکەر و دوژمن بە کورد و کوردستان.
* زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی جاهیلبن و بڕوایان بە نادیار و خورافیات هەیە.
* ئاین و جەهالەت لێکجیانەکاتەوە.
* لە ڕۆژێکا گوێ لە بەرنامەی ڕادیۆیی بازرگانەکانی ئاین و تەماشاکەری تێڤی و سۆسیال مێدیای کۆی بانگخواز و مەزهەب و ڕەوتە جیا و دژبەیەکی ئاینبازەکان بێت و سەر بۆ هەمووشیان بلەقێنێ، تێنەگا لەوەی کە ئەوانە بازرگانی ئاینن و ئیماندارێکی خۆپەرستن نەک خواپەرست.
* زۆربەی کات باس لە کتێب بکات، بەڵام ئامادەنەبێت بیخوێنێتەوە.
* گەورە و بچوکی سیاسی بيت و هیچیش لە سیاسەت تێنەگا و هەمیشە لەو بوارەیا دۆڕابێت.
* نەوەکانی سەدەی ڕابردووی لە سەدەی ئێستای ئازادایخوازتر، دیموکراسیتر و مۆدێرنتربێت.
* ئامادەنەبێت پەروردەی ئاینی لە قوتابخانەو فێرگەکانا بگۆڕێ بە ڕەوشتی کۆمەڵایەتی.
* ئامادەنەبێت لەبری فێکردنی زانست، پەرەەردەی دروست و تەندروستی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی دروست کردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە قۆناغەکانی سەرەتاییا بە مناڵەکان بڵێتەوە.
* ئامادەنەبێت لەبری تاقیکردنەوە و دەرنەچاندن، بەشێوەی کردار “پراکتیک” ڕێنماییە سەرەتاییەکانی ڕەوشتی مرۆڤ و ئاژەڵدۆستی فێری مناڵەکان بکات، ترسی دەرنەچوون و شکست لەناخیانا دەربهێنێ و نەوەیەکی دڵ پڕ لە خۆشەویستی و هاوکارییان لێبەرهەمبهێنێ لەپاڵ فێرکردن.
* لەبری چاندنی ڕق و تۆڵە لەناخیانا لەڕێی گێرانەوەی مێژووییەک کە مناڵەکان ئامادەنین بۆ وەرگرتنی، وانەکانی بەختەوەری خێزانیان فێرکرێ کە ئەبێتە بناغەی کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو و سەربەخۆ.
هەتا بەبوێرییەوە دەست بۆ گۆڕانکاری لە کۆی ئەو کایانەی سەرەوە و لە بنەما کلتوری و ڕەوشت و فیکر و جومگە و ژيرخانا نەکريت نابێ چاوەڕوانی گۆڕانکاری بکرێت.
کەی توانرا گۆڕنکاری ڕاستەقینە و بێ لەمپەڕ لەو کایانەیا بکرێت، ئەوا ئەکرێت گۆڕانکاری سیاسی بێتە کایەوە. واتا سیاسەتی زانستی و زانستی سیاسەت جێگای ململامنیی حیزبی و سیاسەتی خێڵ و خێزان بگرێتەوە.
لەبری بیری شۆڕشی چەکداری و ململانێی نائەقڵانی، حیزبی درێژخایەنی پڕ لە کۆت و بەند و نشێو و بێ ئەنجام، تەنها ڕێگا ئەوەیە بەم ڕێگا کورت و ئەقڵانییەیا بگەینە ئەنجام. ئەنجامێک کە زیاتر لە 4000 ساڵە کورد پێی نەگەشتووە.
چونکە تورکی تۆرانی، کورد وەک مرۆڤ نابینێ. فارسەکان کورد وەک هۆزێک لە نەتەوەی فارس ئەبینن. عەقلیەتی عەرەب جا سوننە بێت، یان شیعە سەر بە ئایدۆلۆژیای مارکسی بێت، یان لیبڕالی، ئایدۆلۆژیای ئیسلامی بیت، یان نەتەوەیی، هەمان ئەو عەقلە بەدەویەیە کە لەبن دەوار و ساراکان هەیبوو و دریژ بۆتەوە بۆ ئێستا. عەقلێکە بڕوای بە مافی بەرانبەر نیە، بڕوای بە دەستوور و یاساکان نیە و مەنەستێتی لەڕێی بەناو برایەتی و ئاینەوە لەخاک بێبەشکا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت