عیماد عەلی: دەکرێت هەمیشە ئاوا لە دڵەراوکێدا یژین؟
هات، یان نەهات برٍیار چی بوو، هەڵوێستی فڵان حزب چۆنە و چیدەکەن، ئەی ئەمریکا و هاوپەیمانان چی دەڵێن، بەغا و ئەنقرە و تاران لەم بارەوە باس و خواسیان چیە، ئەمە و سەدان پرسیار لەم جۆرانە رۆژ نیە لە نێو سەرجەم چین و توێژەکاندا ئاراستەی یەکتر نەکرێن و هەر وەڵامێکیش مایەی هەزار رارایی و دەردەسەریە بۆ ئەم خەڵکە خێر لە خۆ نەدیوە.
بەراستی کەس نازانێت ئەم گەلە بە قودرەتی کام قادر دەژین و سبەینێ نەک رۆژێکی دواتریان چی و چۆن دەبێت و بە کوێش دەگەن.
کە ئەمە باری ژیانی خەڵک بە گشتی بێت و یەک بەرپرس و بەناو سەرکردە و خەمخۆری نیشتمان نەبێت، وەڵامی هیچ پرسیارێکی پێ نەبێت، چۆن توشی هەزار نەخۆشی و متبون و بێ ئومێدی و دەردەسەری نەبیت. ئەی چارە؟
کار گەیشتۆتە چڵەپۆپەی نەزانی و شڵەژان و رادەستبون و بێ هیوایی لە کاتێکدا گەردیلەیەک قەناعەت بە چاکبونی دوارۆژ نیە، نەک دووسبەی. کەوا بێت بۆچی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووەی کوردستان لە خۆیان ناپرسن:
* تاکەی خەڵک ئاوا بژین و هەست بەو نەهامەتیە بەردەوامە بکەن و رۆژ لەدوای رۆژ خرابتر بێت و هیچ چارەسەرێک لە ئاسۆوە نەبینرێت.
* بۆچی هیچ لایەن و کەسێک، دان بە شکستخواردوویی خۆی ناکات و لەبەردەم گەلی کوردستاندا حەقیقەتەکە دەرناخات؟
* بۆچی وای لێهاتووە تەنها بیر لە تاکەکەسی دەکرێتەوە و تاکە کەسێک نیە بەبرسیاریی خۆی لەم دۆخە دەربخات؟
* بۆچی رۆژانە بە خێرایی بەرەو دواوە هەنگا بنێین و ئەویتری دوژمن و داگیرکەر زاڵتر بێت و ئێمە بەپێچەوانەی شەپۆلەکە بین و ملکەچی دوژمنان بین؟
ئەمە و چەندین پرسیاری بێ وەڵام لە هەگبەی هەموواندایە و کەسیش وەڵام ناداتەوە و لە سەر حیسابی گەل و نیشتمان خێروخۆشی ئەم وڵاتە دەخۆن و لە نەهامەتیەکاندا خۆیان بێبەری دەکەن.
ئەوەی راستی بێت تەنها رێگەی دروست بۆ چارەسەر راماڵینی دەسەڵاتی گەندەڵ و نەزانی ئەم کوردستانەیە جگە لە بەیاسایی مامەڵە کردنیان بۆ ئەوەی مافی راستەقینە و سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن. ئەگەر هەر کەسێک هیچ چارەسەرێکی بۆ بار و دۆخ و ئەم دەسەڵاتەی پێیە، با بیخاتە روو. ئەگینا من عەقڵم لەمە زیاتر هیچی پێ نیە.