سەرکەوتی جیهاز: ئایا کورد لە باشور لە بەرامبەر حکومەتی ناوەندا دەتوانێ چی کارتێک بەکار بهێنێت؟
وەک دەزانین لە ئێستادا نێوانی حکومەتی هەرێم و ناوەند بە ئاڵۆزییەکی قورسدا تێدەپەڕێ تا ئەو ئاستەی لە گفتوگۆ و یاسایی و ژمێریاری و سیاسی دەرچوە و گەیشتوەتە قۆناغی ئەگەری بەکارهێنانی کارت دژی یەکتر. ئەمەش وا دەکات هەرێم کارتەکانی خۆی و بەغداد بەراورد بکات تا بۆمان دەربکەوێت هێزی کارتەکان چەند دەبێت، ئەوەی دەمەوێت پێشنیاری بکەم لە ئەگەری گەیشتنە بەکارهێنانی کارتەکان، بریتیە لەم چەند خاڵە:
1- کارتەکانی (سیاسی و کارگێڕی و یاسایی) هەر لە کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدڕاڵی ئەگەری توانای فشاری قورسیان نیە.
2- کارتی نێودەوڵەتی کە دەکرێت بە نێوند گیری وڵاتانی وەک فەرەنسا و ئەمریکا و بەریتانیا کار لەسەر ئەم کەیسانە بکرێت، بەڵام پێ ناچێت ئەم وڵاتانە ئەم گوشارە بکەن لەبەر پەیوەندی و بەرژەوەندی گەورەیان لەگەڵ بەغدادا.
3-کارتی جەنگی ئاو : ئەم کارتەش کە باس دەکرێ کارتێکی بێهێزە وناتوانرێ بەکار بهێنرێت لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، دوو هۆکاری سەرەکی، یەکەم بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا نامێنێ، دوهەم بەنداوەکان توانای گلدانەوەی ئاوی زۆریان نیە ،وە بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان و دەستوری عێراقی هەرێمێکی فیدڕاڵ ناتوانێ سەرچاوەی ئاوی سروشتی بگرێتەوە.
4-کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی, کاتێک دەکرێت کە هەرێم پاشخانی مالی و کۆمەڵایەتی و یەکێتی ناوەکی لانی کەم بۆ 10 ساڵ مسۆگەر کردبێ، بەم حاڵەوە کە هەرێم قەرزارە، دامەزراوەکان داڕماون، دوو بەرەکی و چەند بەرکی یەکێتی ناوەکی هەڵوەشاندوە و… هتد.
5- پاڵپشتی ئەمریکا و ئەوروپا لە پاڵپشتی گشتییەوە بوەتە پاڵپشتی تایبەت و سەربارزی ،بە تایبەت دوای ڕیفراندۆم ئەم کارتەش سوتاوە و پاڵپشتی ئەوروپا و ئەمریکا هیچ ڕۆڵی نیە.
6- دوای ئەوەی گفتوگۆی نوێنەرەکان هەر بێ ئەنجام بو، وە دوای ئەوەی ئەو کارتانەی باسمان کرد کاریگەری گوشاریان نەبو، وە هێزی ململانیان نەبو، هەرێم خاوەنی چەکێک و کارتێکی بەهێزە کە بریتیە لە قەرەبوی خوێن و ژێرخانی ئابوری وەک:
● ئەنفالەکان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەو جینۆسایدی کورد کە دەوڵەتی مەرکەزی عێراق بەرامبەر کورد کردویانە، کە دەکرێت بکرێتە کارتێکی نێودەوڵەتی و داوای قەرەبوی ماددی و مەعنەوی بکرێت لە حکومەتی ناوەند وەک کارتی خوێن، کارتی خوێن بکرێت بە قەڵغانێک بۆ دووبارە نەبونەوەی جینۆساید و دورستکردنی کیانێک بۆ کورد هاوشێوەی هۆلۆکۆست بۆ جولەکە.
● خاپورکردنی (4500) گوند، دەکرێت بە بەڵگەی کۆنکرێتییەوە بسەلمێنرێت کە ئەم گوندانە خاپورکراون و پۆلێن بکرێت کە گوندی وا هەیە چەند جارێک خاپور کراوە و لەگەڵیشیدا قەزا و ناحییەکان ، وە لە ڕووی ژمێریاری یاساییەوە بخەمڵینرێت.
● سوتاندنی باخ و پوش و پاوان و لەناوچونی گیاندارەکانی کوردستان کە بەبەڵگەوە بسلەمێنرێت و لە ڕوی ژمێریاری یاساییەوە بخەمڵینرێت.
● خاپورکردنی کارگەکان.
● بێکاری و دورستکردنی کۆمەڵگا زۆرە ملێییەکان و ئەو زیانە کۆمەڵایەتیانەی بەر هەرێم کەوتون و لە ڕوی ژمێریاری یاساییەوە بخەمڵینرێت.
● کەمئەندامان و قوربانیانی تەقینەوەی مین بەبەڵگەوە بسلەمێنرێت و لە ڕوی ژمێریاری یاساییەوە بخەمڵینرێت.
● تێکدانی دیمۆگرافایی دانیشتوانی هەرێم، بەبەڵگەوە بسلەمێنرێت و لە ڕوی ژمێریاری و یاساییەوە بخەمڵینرێت.