بەهرۆز جەعفەر: یەکێتی و سەردەمی هێزی بافڵ تاڵەبانی
ئەگەر تەنها ماوەی نێوان ساڵانی (٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٣) بە نموونە وەربگرین، بافڵ تاڵەبانی بە ئەزموونێکی سیاسیی زۆرکەمەوە لە کوردستان، توانیویەتی بەسەر دەیان کێڵگەی مین دا بە سەرکەوتوویی بپەڕێتەوە. ئەو کاتێک لە پەراوێزی کۆبونەوەکاندا دادەنیشت، زۆربەیان حیسابێکی ئەوتۆیان بۆ نەدەکرد، لەوکاتانەدا هات، کە تاڵەبانی باوک کۆچی دوایی کردبو، دایکی نەخۆش کەوتبو، سەرکردەکانی دیکەی یەکێتی شووڵیان لێ هەڵکێشابوو میراتەکەی تاڵەبانی بۆ خۆیان ببەن، هەندێکیشیان تەور و پاچەیان دەسەرشان نابو، یەکێتی ببڕنەوەو هەریەکەو لقێکی بۆ-خۆیان ڕابکێشن.
هەر گەلێکی ژێر دەست، هەرکاتێک ڕاپرسیی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات؛ بەهەموو تێبینیەکانەوە ئەوە ڕیفراندۆمەو ئەرکە دەنگی پێ بدرێ، کێ بڕوای دەکرد لەوکاتەی لێکەوتە خراپەکانی ڕیفراندۆم لەسەر کەرکوک و کوردستان دەرکەوتن، بافڵ تاڵەبانی بتوانێ بۆند و ڕێککەوتنێکی وەها زەحمەت لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئەنجام بدات [ ئەوە باشە یان خراپە بابەتێکی ترە، بەهێزە یان لاوازە ناوەڕۆکی باسەکەیە].
ئیشی ئەم نووسینە ئەوە نییە، چالاکییەکانی سەرۆکی حیزبێک بنووسێتەوە، بەڵکو جموجووڵ و هەنگاوەکانی سەرکردەیەکی نوێ لەگۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا، پێویستی بە هەڵسەنگاندنە وەکو خۆی. چۆن گوایە بافڵ تاڵەبانی نەیتوانیوە و ناتوانێ، سەرکەوتوو بێ!؟ لە تەمموزی ٢٠١٨ دا، ڕۆژێکیان چەند کەسێک بەناوی « شێخێک» کە دواتر بوو بە هاوسەرۆک و، ئێستا بەهۆی هەڵەکانی خۆیەوە خراوەتە دەرەوەی بازنە سەوزەکەی یەکێتی و مام جەلال، هاتن، دەیانویست عەنتەریات بکەن و بوونی ئۆفیسی ناوەندی توێژینەوەکەمان بە بێ ئەوان بەتاوان بناسێنن! پێموتن: ئەو برادەرەی ئێوە لەژێر سێبەریدا جۆرەها تاوان دەکەن، لە (٢٠١٢) ەوە جۆرەها تەلەفۆن و ئینزاری بە من گەیاندوە، لە چەندین کۆڕ و کۆبونەوەدا بەهۆی هەڵە خوێندنەوەی خۆیەوە باسی کردووم، من تەنانەت ڕێگە بەخۆم نادەم لە نووسیێنکیشدا ناوی بهێنم، لەپڕ هەڵچوون و گوتیان: خواش دەرەقەتی شێخ نایەت! شێخێک خەڵکانێک بە «خودا»یان دەزانی و هەزارەها تاوان و دیدگای هەڵەی لەسەر هەر کەسێک هەڵدەکۆڵی لەگەڵی نەبوایە؛ بافڵ تاڵەبانی هات و لە هەموو شوێنێک و لە هەموو شتێکدا ناوەکەی سڕییەوە، ئەو ئەگەر شێرێکی بەفرینیش بوایە بەو (٢٤) کاتژمێرە لەناکاودا دا-نەدەڕووخا، بۆ!؟ چوونکە لە مێشکی خۆی دا حیسابەتەکەی هەڵە کردبوو! چوونکە کەس نەبوو پێی بڵێ ئەوە ئاوها نابێت و ئاوهایە.
بەدوای ئەمەدا، ئەوەی جەماوەری یەکێتی پێویستیان بوو، پڕکردنەوەی خیتابی هاوسەرۆکە لادراوەکە بوو؛ بافڵ تاڵەبانی ئیدارەیەکی تا بڵێی سەرکەوتووی ململانێکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دا، ئنجاش سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان بە گڕوتینیەوە هێشتەوەو زیاتریشی کرد.
پێشووتر، هەرکەسێک خۆی دەکرد، بە بینای شارەوانیداو دەرخستەیەکی پێ بوو، «هەر بە زۆر» و بە پاڵپشتی فڵان و فیسار بەرپرس دەیانویست ئیمزا بە سەرۆکی شارەوانی بکەن. بافڵ تاڵەبانی، بە دانانی دوو ئۆتۆمییلی کۆماندۆ و دژە تیرۆر توانی لایەنی کەم ترسێکی زۆر لە دڵی هەموویاندا درووست بکات.
خەڵک پێی وابوو « بافڵ تاڵەبانی» زمانی دین و کۆڕ و کۆمەڵی کلاسیکی کوردیی نازانێ، بە سەردانێکی سەرچنار و باڕ و شوێنە نە گونجاوەکانی هاوینە هەوارەکە، توانی ئەو دیاردانەی بوونەتە هۆی تووڕەکردنی خەڵکی شارەکە بنبڕ بکات. لە چەندین پرسەو ماتەمینیندا؛ ڕۆژێک، دووان و سیان بە پێوە دەوەستا. بە قۆڵە نەشکاوەکەی دیکەی دەستی ئەمیندار و سەرۆک و سەرۆکی ڕەوت و حیزبە ئیسلامییەکانی تووند ڕادەکێشا.
لە ١٢ ی تەمموزی ٢٠٢٣، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ شانشینی بەریتانیا لە « چاتام هاوس- Chatham House» لە پێش چاوی (٤٠) دیپلۆماتکار، ڕۆژنامەنووس و سێنیەری پێشکەتوو، توانی ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، بە گوزارشتێکی باشتر بەزمانی ئینگلیزی ڕوونی بکاتەوە. لە ڕووی میدیاییەوە، هەرچی میدیایەک ڕووی کردبێتە بافڵ تاڵەبانی، ئەو جووڵەیەک یان دەستەواژەیەکی سەیری دەربڕیوە، لەناو خەڵکدا بوەتە ئیدیۆمێکی باو و دەوترێتەوە، ئەوەش لە پەیوەندییە گشتییەکاندا وەک تەنینەوەی فەزای گشتی ناوی لێ دەنرێت. کەناڵی ڕووداو لە کۆتا ڕۆژەکانی (٢٠٢٢) دا، چاوپێکەوتنێکی نزیک بە دوو کاتژمێریان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سازدا، کە دواتر سەدان جێگەی تر بڵاویان کردەوە، سەروو چوار ملیۆن بینەری هەبوە، بەتەواوی دیدارەکە لە قازانجی بافڵ تاڵەبانی کەوتەوە.
لەمیانەی سەدەها سەرداندا بۆ بەغدا، بێ ئەوەی عەرەبی بزانێت؛ یەکێتی بەلایەنی کەمەوە کردۆتە هێزێکی ئامادە لە گۆڕەپانی سیاسیی و ئەمنی عێراقدا. کاتێک تورکیا جارێک نا،، چەندین جار هۆشداری و هەڕەشەیان لە یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی کرد، فڕۆکەخانەی سولەیمانیان داخست، بافڵ تاڵەبانی نەک هەر گوێی پێ نەدا، بەڵکو لە دەست تێکەڵییەکانی لەگەڵ پەکەکە و ڕۆژئاوا بەردەوام بوو [جا، ئیتر پەکەکە لەگەڵ بیروبۆچوونی ئێمەدا یەکە یان نا، گرنگ هێزێکی ئامادەو کاریگەرە لە سێ پارچەی کوردستاندا].
پێشووتر، سەدان کەسی بەناو بەرپرس و بازرگان لەسێبەری یەکێتی دا، ئەندامی سەرکردایەتی و تا جێگری سکرتێری حیزبەکەش هەبوون، کە هیچ باوەڕێکی بە یەکێتی نەبوو، بڕوایان بە ماڵی مام جەلال و حیزبەکەش نەبوو، لەسەر پشتی حیزبەکە، کەسوکاری شەهیدانی حیزبەکەو کادرە ڕەسەنەکانی سەدان ملیۆن دۆلاری کۆکردبوەوە و لەسەرەوەی هەڕەمەکەش دانیشتبوون! ئایا ئێستاو لەومەولا وا دەبێت؟ بێگومان نەخێر. ئەمە یەکێتییەکی نوێیە، تەنانەت لەسەردەمی مام جەلالیشدا یەکێتی ئاوها یەک ئاڕاستەو یەک بڕیار نەبوه.
لەوەش زیاتر، بافڵ تاڵەبانی، لە کۆنگرەی (٥) ی حیزبەکەدا توانی نزیکەی (٧٠) کەس و کاراکتەری دیار بخاتە دەرەوەی هاوکێشەکان. کە هەندێکیان پێشووتر پێیان وابوو ئەوان زۆر لە یەکێتی و لە بازنەی کوردییش گەورەترن؛ حیساباتەکەیان هەڵە-کردبوو! هاوڕێیەکم هەبوو، نزیکەی هەشت ساڵ لە بی بی سی-Bbc کاری دەکرد، بەوهۆیەوە زۆربەی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناسی بو، وای پێهاتبوو، قسەت لەگەڵ دەکرد، پێی وابو ئەو لە بی بی سی گەورەترە، ئەو نەبێ« بی بی سی» لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ کارەیە! لە پڕ کە لەوێ نەما، ئیتر تێگەیشت کە ئەویش حیساباتەکەی هەڵە کردوە! حیساباتی هەڵە، ڕێک لە بێمنەتی و خۆ- بە-هەموو شت زانینەوە دێت؛ بەڕێوەبەری ئاسایش هەبوو، ڕاگەیاندنکاری یەکێتی بوو، ڕاوێژکار! بوو.. سکرتێری بەرپرس هەبوو، وەها بیری دەکردەوە، پێویستە تەواوی کۆمەڵگە کارمەندی ئەوبن، پەیامنێری ئەوبن، لە شوێنێکی گشتی دادەنیشتی بە بەردەمتا تێدەپەڕین لەترسی سیاسەتی ئەوسای پێش ٨ی تەمموزی حیزبەکە نەیاندەوێرا « سڵاو» ێکت لێ بکەن!
لەکۆنگرەی پێنجی یەکێتی دا، بە ئامادەبوونی « نوێنەرایەتی ئێرانییەکان، قەیس خەزعەلی، موسەننا سامەڕائی، ڕەیان کلدانی، سەید عەمار حەکیم، عەبادی و …تادوایی» بافڵ تاڵەبانی وتی؛ ئەمڕۆ مەرحەلەیەکی تازە دەست پێدەکەین، حیزبەکەمان یەکڕیزتر دەکەین، لە ئێستا بەدواوە دەست پێدەکەین، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ شیعەی عێراق زیاتر پەرە پێ دەدەین، ». ئەم قسانەی بۆ ئامادەبوانێک کرد، کە سوور دەزانن قسەکەر کوڕی «مام جەلال» ەو لە ڕابردووی نیزیکیشدا توانیویەتی لە بەغدا سەرۆک کۆمار دابنێت. ئەم قسانەی بۆ تورکەکانیش بوو، کە دوو ڕۆژ پێشتر بۆ ئەوەی کەشی کۆنگرەکە بشێوێت وەزیری بەرگری تورکیا هەڕەشەنامەی بۆ بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی نارد.
هەڵەکردن لە حیساباتدا زۆر کەسی بە هەڵدێردا بردوە، لە کۆنگرەیەکدا (٦٠٠) کەس دەنگیان داوە، سەروو هەزار کەس ئامادەبوه، ئایا ئەوانە لە ئاسمانەوە هاتوون یان لە ژێر زەوی دەرکراون؟
ئەنجامەکە هەرچییەکی دیکە بێت، باڤڵ تاڵەبانی لەناو قەیرانێکی قوورسی ئابوریی و لە پێش دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازدا توانی کۆنگرەی حیزبەکە سازبدات، ئەوەی لە نەخشەو کاخەزە بە ئینگلیزیی نوسراوەکەیدا هاتبوو، لەسەر زەوی جێی بەجێی بکات، هێز و پەیوەندییەکانی هێز لە بەرژەوەندی خۆی و یەک بڕیاریی لەناو یەکێتی دا یەکلایی بکاتەوە. ئەوسا ئەوانەی لەناو یەکێتی پێشووتر چی و چییان کردبوو، ڕەنگە بتوانن لە دەرەوەی یەکێتی چی و چی بکەن؟ ئەمە لەناو پارتی دیموکراتی کوردستانیش دا هەروایە؛ هەندێک لە ژێر ناو و سێبەری پارتی و بارزانیدا بڵح بوون، پێیانوایە ئەوان نەبن زەوی بە دەوری خۆردا ناسوڕێتەوە!
ئەوەی دەڵێ یەکێتی (١٠) کورسی ناهێنێت و دەبێتە چەندین پارچەوە؟ وەک حیساباتی ئەو برادەرە وایە لە (٢٠١٧) لە نزیک رێگەی پیرمام بە ڕێگەی مۆبایلەکەی دەستییەوە، هاواری دەکرد؛ پارتی و بارزانی لە گۆڕەپانەکە نەمان و خرانە دەرەوەی گۆڕەپانی سیاسیی! مەگەر ئەوانەی ئێستا فەرمانڕەوایی عێراق دەکەن، کامەیان خاوەنی دە کورسییە لە پەرلەمان؟ یەکێتی بەسەرکێشییەکانی بافڵ تاڵەبانی و بە موبارەکەو موبادەرەی ئێرانەوە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات، هەرکات بکرێ (٢٠) کورسی زیاتر نەهێنێت، کەمتر نابێت.
وشەکانی کۆتایی، ئەوەیە؛ خوێنەر و سیاسیی لە جیهانی ئێمەدا لە خوێندنەوەی هێز وەکو بابەتێک ناگەن، چوونکە پێشوەخت بڕیاریانداوە لایەنگیر بن، یان بە پێوەرە ئەخلاقییەکان تەماشای دیاردەو پرسە سیاسییەکان دەکەن.