هەورامان عەلی: ئەفگانستان، مێژوویەکی شکستخواردوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەفگانستان وڵات و کۆمەڵگەیەکی شکستخواردوو کارەساتبارە، لە درووستبوونیەوە لە ساڵی 1870 تا ئەمڕۆ جگە لە چەند ساڵێکی کەم نەبێت، مەیدانی شەڕ و پشێوی و کارەسات بووە. بەدرێژایی ئەم نیو سەدەیە، دوایی تاکە هاوردەی ئەو وڵاتە خەڵکانی تیرۆریست بووە لە هەر چوارگۆشەیی دنیاوە، تاکە هەناردەشی جگە لە مادەهۆشبەرەکان، مرۆڤی ئاوارەی توندوتیژ و دەمارگیر و برسی بووە! بۆ ئەوەی لەو تراژیدیا گەورەیە تێبگەین، دەبێت کەمێك لە مێژوەکەی وردبینەوە. لە بنەرەتەوە لەم سەردەمە نوێیەدا ئەفگانستانیش بە وێنەی باقی دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، دەوڵەتێکی بە زۆر داتاشراوە کە لە ئەنجامی ململانێی هێزە گەورە جیهانیەکان و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەواندا لە دایكبووە. ململانێی دەوڵەتی بەریتانیا و ڕووسیا لەسەر هەژمونی سیاسیان بەسەر شێوە کشوەری هند و ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست، هۆکاری سەرەکی داتاشینی سنورە جوگرافیەکانی ئەو وڵاتەیە. گومان هەڵنەگرە کە خەڵکی ئەو وڵاتە پێش هەموو شتێك قوربانی جوگرافیایی ناوچەکەن، چ لە کۆن و چ لەم سەردەمەشدا هەمیشە ئەفگانستان خاڵی پێگەیشتنی بەژرەوەندی ناکۆکی وڵاتە زلهێز و ناوچەییەکان بووە. ئەمرۆ بەرژەوەندییەکانی هەریەکە لە چین و ڕوسیا و هند و پاکستان و ئەمەریکا. ڕاستەوخۆ ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە ڕەنگڕێژ دەکەن.
لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەیی ڕابردوە تاکو ئێستا شەڕ و ململانێی خوێناوی لەو کۆمەڵگایەدا بەردەوام گیانی ملیۆنان مرۆڤی هاڕیوە، شەڕی ناوخۆ و ململانێی خوێناوی خانووی لەو مەملەکەتەدا بە پێوە نەهێشتتوە و هیچ ئومێدێکیش لە ئاسۆوە بەدیناکرێت کە بەم زوانە ئاشتی و ئارامی بگەڕیتەوە ئەو کۆمەڵگایە. هەموو ڕووداوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە داهاتووی ئەو وڵاتە لە ڕابردوەکەی باشتر نابێت.
ئێستا مافی خۆمانە کەمێك وردتر ئەو هۆکارانە باسبکەین کە بۆچی ئەو مەملەکەتە جگە لە مەرگ و کارەسات هیچی دی بەرهەم ناهێنێت؟!
1- ئەفگانستان کۆمەڵگەیەکی خێلەکی و مەزهەبیە، لە ڕووی پێکهاتەیی میللی و ئەتنیکیەوە لە مۆزەخانەی ئاسیایی ناوەڕاست دەچێت. خەڵکی ئەو وڵاتە لە 14 نەتەوە و میللەتی جۆراوجۆر پێكهاتوون وەك پشتۆن 40٪ ، تاجیك 27٪، هەزارە 9٪ ، ئۆزبەك 9٪ ، ئیماق 4٪ ، تورکمەن 3٪ ، بلوج 2٪، پیشایی و نورستان و عەرەب و پامیری و براهوی و گوجار و… 4٪ دانیشتوانی پێكدەهێنن. هەریەکە لەم پێکهاتانەی ئەفگانستان درێژکراوەی میللی و خێڵەکیان لە وڵاتانی دراوسێدا هەیە.
3- لەڕووی ئاینیی و مەزهەبیەوە زۆربەی ئەفگانییەکان موسوڵمانن. سونە مەزهەبەکان 84٪ و شیعەکان 15٪ و سیخ و هندۆس و… هتد 1٪ پێکدەهێنن.
4- پشتۆن – پختۆن، یان پەتهان، پێکهاتەیەکی سەرەکی ئەو وڵاتەیە. هەموو حاکمەکانی ئەفغانستان لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا پشتون بوون، کە موسڵمانی سوننەن و مەزهەبی حەنەفی پەیڕەو دەکەن. پشتۆنەکان کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی و دەمارگیری مەزهەبین، پابەندبوونی نەریتی بناغەیی ڕێکخستنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان پێك دەهێنێت.” پشتۆن والی” نەریتێکی پیرۆزەی دەسەڵاتداریە کە هەموو پشتۆنێك پێویستە لەسەری پابەندبێت پێوەی. ئەوانیش وەك باقی نەتەوەکانی خۆرهەڵات لەلایەن داگیرکەرە ئەوروپیەکانەوە نیشتمان و زێدی باپیرانیان لە پێکهێنانی دەوڵەت نەتەوەی سەدەمدا، دابەشکرا. کاتێك ئینگلیزەکان سنووری دەسەڵاتی خۆیان لەگەڵ ڕووسەکان کێشا و ئەفگانستان وەك دەوڵەتێك ناسێنرا، پشتۆنەکانیش دابەشکران. دوای جیابونەوەی پاکستانی ئەمڕۆ لە هندستانی دایکی ساڵی 1947 پشتۆنەکان وەك دووەم کەمە نەتەوەی نێو پاکستان ناسێنران، کە ژمارەیان نزیکەی 25 ملیۆن دەبن و لە باکووری خۆرئاوای پاکستان دەژین. خێڵ گرنگترین دامەزراوەی کۆمەڵایەتی نێو پشتۆنەکانە. سەرەکی ترین خێڵە پشتۆنەکان بریتین ل: سربانی و بەتانی و گلزانی و کرلانی کە هەریەکە لەم خێڵە گەورانە دابەش دەبن بەسەر چەند تیرەری بچووکی تردا. ژمارەی پشتۆنەکانی پاکستان دوو بەرابەری ژمارەی ئەوانە لە ئەفگانستان. بەپێی ئەنیستیتۆیی بەریتانی لە سەرەتایی ئەم سەدەیەدا ژمارەیان نزیکەی 40 ملیۆن کەس دەبن، لەم ژمارەیە 27 ملیۆنیان لە پاکستان و 13 ملیۆنیان لە ئەفگانستانن.
5- ساڵی 1973 ژەنەراڵ محەمەد داود خان( 1909-1979) کودەتایەکی سەربازی بەسەر محەمەد زاهیر شایی ( 1914- 2007) ئامۆزایدا کردوو دەسەڵاتی خۆیی وەك سەرۆکی ئەو وڵاتە داسەپاند. پێش ئەو ڕووداوە پشێوی و ناکۆکی شار و دێهاتی ئەو وڵاتەی تەنیبوو. بە درێژایی ساڵانی 1971و 1972 ئەفگانستان ڕووبەڕووی وشکەساڵی و بێبارانیەکی بێوێنە بووبویەوە. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێن، ئەفگانستان یەکەمین قوربانی ئاڵوگۆڕەکانی کەشوهەوای جیهانە. ئەفگانستان وەك هەر کۆمەڵگەیەکی جیهانی کەنار، کشتوکاڵ کۆلەکەیی سەرەکی ئابووریەکەی پێکدەهێنێت. وشکەساڵی و نەبوونی ئاو وەهای کردوە لەو سێ ساڵەی دوایدا هەژاری و قاتوقڕی بڕسك لەو خەڵکە ببڕیت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێکبدات، ئەمە زەمینەی بۆ کودەتاکە خۆشکرد و چیرۆکە خوێناویەکەی ئەم نیو سەدەیەی ڕابردووی ئەفگانستان، لەوێوە دەستیپێکرد.
لە سەردەمی دەسەڵاتی محەمەد زاهیر شادا کێشەی پشتۆنەکان و ئەو زەویانەی خرابوونە سەر دەوڵەتی پاکستان بە خەوتویی مابویەوە. محەمەد داود خان ناسیونالیستێکی توندڕەوی پشتۆنی بوو، لەگەڵ هاتنەسەر کار، دیسان مەسەلەی سنوری ئەفگانستان و کێشەی پشتۆنەکانی هێنایەوە سەر شانۆیی ڕووداوەکان. ململانێ و ناکۆکی نێوان ئەفگانستان و پاکستان لە ڕۆژی یەکەمی دروستبوونیانەوە تا ئەمرۆ بەردەوامە، هێندە بەسە بڵێن کاتێك دەوڵەتی پاکستان دوای جەنگی جیهانی دووەم ڕاگەیەنرا، ئەفگانستان یەکەم ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە دژی درووستبوونی دەنگی هەڵبڕی و دانی بەم دەوڵەتە نوێیەدا نەنا.
6- پاکستان وەك هەر دەوڵەتێکی بەزۆر پێکەوەنراو لەو ناوچەیەدا، کۆمەڵێك کێشەی زکماکی هەیە و لە ململانێیەکی سەختدایە لەگەڵ هندستانی دایکیدا کە تا ئێستا چەند جەنگی گەورەی لێکەوتوەتەوە. پەیدابوونی دەسەڵاتی ناسیونالیستێکی بەهێزی پشتۆنی لە ئەفگانستان هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە ( پاکستان) زیاد دەکات. لە ڕاستیدا ئەفگانستان لەو سەردەمەدا مەیدانی جەنگی ساردی نێوان هندستان و پاکستان بوو. دەزگا هەواڵگیریەکانی پاکستان هاندەرو دامەزرێنەری کۆڕوکۆمەڵە ئیسلامیەکانی ئەفگانستان بوون دژی دەسەڵاتی محەمەد داود خان، هەروەها هیندستانیش لایەنگری ئەو دەسەڵاتە بوو. لە بنەڕەتەوە پاکستان شوناسی نیشتمانیی نییە، بەڵکە شوناسی ئاینیی هەیە و لەسەر بناغەیی ئەو شوناسە پێکەوە نراوە. بەکارهێنانی ئایدیۆلۆژی ئاینی لە دژی ئایدۆلۆژی ناسیونالیستی کرۆکی سیاسەتی پاکستانبوو لە ئەفگانستاندا. ئاخر ئایدۆلۆژی ئاینیی بڕوای بە دەوڵەت و نەتەوە نییە، لای ئەوان ( ئومە و ئیمارە) ئەسڵە. بۆئەوەی پاکستانێکی یەکگرتوو سەقامگیر هەبێت ( لانی کەم لە ناوچەکانی باکووری خۆرئاوای ) دا، دەبێت ئەفگانستان نوقمی پشێوی و شەری ناوخۆ بکرێت. ئەوە سیاسەتی فەرمیی پاکستان بوە لەم نیو سەدەیەی ڕابردوودا.
7- تا ساڵی 1978 سیاسەتی فەرمی ئەفگانستان بێلایەنی بوو لە جەنگی ساردی نێوان سۆڤیەت و خۆرئاوادا. بە هەڵگیرسانی پشێوی و کودەتای چەپەکان بەسەر دەسەڵاتی محەمەد داود خاندا، هاوسەنگی ناوخۆ تێكچوو. دەسەڵاتی نوێ کەوتە جێبەجێکردنی کۆمەڵە ڕیفۆرمێکی ڕیشەیی. یاسای چارەسەرکردنی کشتوکاڵ و دابەشکردنی زەویەکشتوکاڵییەکان بەسەر جوتیارە هەژارەکاندا کە پێشتر ئاغا و سەرۆك خێلەکان خاوەنی ئەو زەویانە بوون. هاوکات دەرکردنی چەندین یاسا بە قازانجی ژنان لە بوارەکانی خێزان، خوێندن و کارکردنی لە دەرەوەی سنورەکانی موبەقدا، ئەمە دەماری ئیسلامگەرا و هێزە کۆنەپارێزەکانی کۆمەڵگەی وروژان. ناوەندە ئاینیەکان کە ڕۆڵی گەورە لە بیرکردنەوە و ڕوانگەی ئەفگانیەکاندا دەبینن، ئەم ڕیفۆرمانەیان بە دژایەتی ئیرادەی خوداوەند ناساند و تەکفیریان کرد. وردە وردە ئەو ریفۆرمانە کۆمەڵگەی بە دوو بەرەی دژبەیەکدا دابەشکرد. سەرەنجام دەسەڵاتی کابوڵ ناچاربوو پەنا بەرێتە بەر سۆڤیەت و ئەوەبوو لە دیسەمبەری 1979سوپایی سوری سۆڤیەتی هاتە نێو خاکی ئەفگانستان و هەرچی زیاتر ئەو کۆمەڵگایی توشی پشێوی و شەری ناوخۆ کرد.
8- شۆڕشی (ساور) بناغەکانی ململانێی دانا، لە کودەتایەکی ساڵی 1978 کە پارتی دیموکراتی گەلانی ئەفغانستان دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و دەستی بە زنجیرەیەک مۆدێرنیزاسیۆنی ڕیشەیی و چاکسازی لە زەویدا کرد لە سەرانسەری وڵاتدا. ئەم چاکسازیانە لە نێو دانیشتوانی گوندنشینە نەریتی و دەسەڵاتە چەسپاوە خێڵەکیەکاندا، زۆر ناپەسەند بوون. سروشتی سەرکوتگەرانەی “کۆماری دیموکراسی” کە بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە ئۆپۆزسیۆنی سەرکوت کرد و هەزاران زیندانی سیاسی لە سێدارە دا، ئەم کردەوانە بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی گروپە چەکدارە ئیسلامییەکان. تا مانگی نیسانی ساڵی 1979 بەشێکی زۆری وڵاتەکە لە یاخیبوونێکی سەرتاپاگردا بوو.
پارتی دەسەڵاتدار خۆی شاهیدی ڕکابەریی قووڵی ناوخۆی نێوان خالقیستەکان و پارچمییەکان بوو. لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1979دا، نور محەمەد تەرەکی (1917- 1979 ) سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان بە فەرمانی جێگرەکەی خۆی، حافیزوڵڵا ئەمین (1929- 1979 ) تیرۆر کرا، کە ئەم کارە پەیوەندییەکانی ئەفغانستانی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت گرژ و ئالۆز کرد. لەگەڵ پەرەسەندنی ترسەکان لەوەی کە ئەمین بەنیازە لایەنگیریەکەی بۆ ئەمریکا بگۆڕێت، حکومەتی سۆڤیەت بە سەرۆکایەتی لیۆنید برێژنێڤ( 1906 – 1982 ) بڕیاریدا لە 24ی کانوونی دووەمی 1979 سوپای 40 لەودیو سنوورەوە جێگیر بکات، لەگەڵ گەیشتنیان بە کابولی پایتەخت، کودەتایان ئەنجامدا (کە سۆڤیەتیەکان ناویان نا ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی 333)، ئەوەبوو لە 27 دیسەمبەری 1979، 700 ئەفسەر و سەرباز و ئەندامی (کەی. جی. بی) بە جلوبەرگی سوپایی ئەفگانیەوە دێنە ناو کابوڵ و دەست بەسەر ناوەندە سەربازی و مەدەنییە گرنگەکان (لەوانە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن) دەگرن، پاشان دەچنە نێو کۆشکی تاجیکی سەرۆکایەتی و بۆ بەیانیەکەی ڕایانگەیاند کە ئەفگانستانیان لە دەسەڵاتی دکتاتۆری ئەمین ڕزگار کردووە. سەرەنجام توانرا سکرتێری گشتی” حافیزوڵڵا ئەمین” بکوژن و بابراك کەرماڵ دڵسۆزی سۆڤیەتی لە کوتلەی ڕکابەری پەرچەمیەکان، بخەنە جێگەی ئەو. لێرەوە ئەفگانستان گۆڕا بەیەك لە گرنگترین مەیدانەکانی جەنگی ساردی نێوان ئۆردوگایی خۆرهەڵاتی کۆمۆنیستی و خۆرئاوای سەرمایەداری.کە سەرەنجام سەری ئێمپراتۆریەتە سورەکەی ڕوسیای خوارد!
9- هاتنی سوپایی سوری سۆڤیەتی بۆ نێو خاکی ئەفگانستان، هاوکێشە هەرێمایەتیەکانی گۆڕی. ئەمە فرسەتێکی گرنگبوو بۆ دەوڵەتانی خۆرئاوایی بە ڕابەری ئەمەریکا تا ئەفگانستان بگۆڕن بە “ڤێتنامی” سۆڤیەتیەکان، هەر واشیان کرد. دەزگا هەواڵگیریەکانی خۆرئاوا لە سەروی هەمویانەوە “سی. ئای. ئەی” بە هاوکاری دەزگا هەواڵگیرییەکانی هەریەکە لە مسر و سعودیە و پاکستان و… هتد، نەخشیەکی تۆکمەی داڕشت کە ناونرا ( پشتێنەی سەوز). پوخته‌ی نه‌خشه‌كه‌ پێكهاتبوو له‌وه‌ی كه‌ ڕێكخراوه‌ ئه‌منی و هه‌واڵگیرییه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌وانه‌ مسر و سعودیه‌ و تورکیا و پاكستان و باقی ده‌وڵه‌ته‌کانی که‌نداو… هتد، به‌ سه‌رپه‌رشتی “سی. ئای. ئه‌ی” په‌یوه‌ندی بگرن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م گروپ و كۆروكۆمه‌ڵ و كه‌سایه‌تییه‌ ئیسلامییه‌كان و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هانیان بده‌ن، كار ئاسانیان بۆ بكه‌ن، كۆمه‌كی مادی و مه‌عنه‌ویان بكه‌ن تا سه‌نگه‌ری جیهاد بگوازنه‌وه‌ بۆ پاكستان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئه‌فگانستان.
10- ” سی . ئای. ئەی” لە چوارچێوەی ئامادەکاریەکانیدا بۆ مەشق و چەکدارکردنی موجاهیدەکان لە چوارچێوەی بەرنامەیی “سایدکلۆت” بە هاوکاری دەزگا هەواڵگریەکانی ناوچەکە بە تایبەت پاکستان، زیاد لە 100 ملیۆن دۆلاری سەفکرد. شایەنی باسە دەوڵەتانی کەنداو لەسەرووی هەموویانەوە سعودیە، سەدان ملیۆن دۆلاریان لەو ڕێگەیەدا خەرجکرد. پشگیری سیاسی ئەمەریکا بۆ موجاهیدەکان تا ئەو ڕادەیە ڕۆشت کە سەرۆك ڕۆناڵ درێگان لە کۆشکی سپی پێشوازی لێکردن و ئەوانی بە ” سەربازانی ئازادی لە ئاسیا”دا ناساند!
11- بە هاتنە ناوەوەی سوپایی سۆڤیەت و کاردانەوەی دەوڵەتانی ناوچەکە و خۆرئاوا جەنگێك لەو وڵاتە هەڵگیرسا کە تەڕ و وشکی پێوە سوتا. جێبەجێکردنی پلانی ( پشتێنەی سەوز) دەرگاکانی دۆزەخی لە ئەفگانستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش خستە سەر گازەرەیپشت. لە 25ی کانوونی دووەمی 1979 ڕۆژی هاتنەناوەی سوپایی سۆڤێت تا 15ی شوباتی 1989 کە دوا سەربازی سۆڤیەتی ئەفگانستانی جێهێشت، نزیکەی 13.5٪ خەڵکی ئەو وڵاتە، یان کوژران، یان بریدار و کەمئەندام بوون، کە ژمارەیان بە 2ملیۆن کەس دەخەملێنرێت. زیاد لە نیوەی ئەفگانیەکان ئاوارە و بێخانەولانە مانەوە. زیاد لە 6 ملیۆن لە کۆی 13.5 ملیۆن دانیشتوی وڵات بونە پەنابەر لە جیهاندا کە ئێران و پاکستان پشکی شێریان بەرکەوت.
12- ئەو “موجاهید”انەی لەهەر چوارگۆشەی جیهاندا بە سەرپەرشتی دەزگا هەواڵگیرییەکان کۆکرانەوە و بەردرانە گیانی خەڵکی ئەو وڵاتە، دوای چونە دەرەوەی سۆڤیەتیەکان بەربوونە گیانی یەکتری و دیوارێکیان بە پێوە نەهێشت و ئەوەی مابویەوە، وێرانیانکرد. لێرەوەی ڕێکخراوە جیهادیەکان سەریان دەرهێنا. گەڕانەوەی ئەو هەزاران تیرۆریستە بۆ کۆمەڵگەکانی خۆیان جەنگ و پشێویەکی زۆری لە جەزائر و مسر و سودان و سۆماڵ و سعویە و بۆسنا و چیچان و… هتد، خوڵقاند. تەنیا لە جەنگی ئیسلامیەکان و سوپایی دەوڵەتی جەزائیردا زیاد لە 100هەزار قوربانی لێکەوتەوە. ئەمڕۆ نەوەی دووەمی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانە لە لیبیا و نەجیریا و سۆماڵ و سودان و چاد و فەلەستین و سوریا و یەمەن و ئێراق و ئەندەنوسیا و مالیزیا و فلیپین و… هتد. هەر ڕۆژەی کۆمەڵگایەك لە خوێن هەڵدەکێشن.
13- لە درێژەی شەڕ و پێکدادانە خوێناویەکانی نێوان دارودەسەتە ئیسلامییەکاندا، بزوتنەوەی تالیبان سەری هەڵدا. هەر وەك بە ناوەکەیاندا دیارە زۆربەی ئەندامەکانی ئەم ڕەوتە لە قوتابی قوتابخانە ئاینییەکان پێكهاتوون. لە گەرمەی ئەو شەڕ و کوشتار و ئاژاوەیەیی سەراسەری وڵاتی تەنیبوو لە قەندەهار و لە مانگی 7 ساڵی 1994، 53 قوتابی بە سەرۆکایەتی مەلا عومەر، بزوتنەوەیەکی نوێیان ڕاگەیاند. چوار مانگ دواتر و لە 5 -11 ئەو مانگەدا توانیان ولایەتی قەندەهار کۆنترۆڵبکەن. بەشێك لە سەرکردەکانی ئەم بزوتنەوەیە لەو کەسایەتییانە بوون کە لە جەنگی موجاهید و سوپایی سۆڤێتیدا بەشداریان کردبوو. خودی مەلا عومەری سەرکردەیان، یەکێك بوو لەو موجاهیدانە و چاوێکیشی لە و جەنگانەدا لەدەستدابوو. ئەمانە لەڕووی ئایدیۆلۆژیەوە هەر درێژکراوەی بزووتنەوەی” دیۆبەندین. تالیبان توانی بە ماوەیەکی کەم و تا ساڵی 1996 دا زاڵبێت بەسەر زۆربەی دارودەستە بە شەڕهاتوەکاندا و زۆربەی خاکی ئەو وڵاتە بە کابوڵی پایتەختیشەوە کۆنترۆڵ کردوو” ئیمارەتی ئەفگانستانی ئیسلامی” ڕاگەیاند. لە ڕاستیدا دەزگایی هەواڵگری پاکستان و بە دیاری کراوی ژەنەراڵ” حەمید گوڵ سەرۆکی ئەو دەزگایە” ڕۆڵی گەورەی لە دروستکردن و سەرکەوتنیدا بینی. “قوتابخانە” ئاینییەکانی پیشاوەری پاکستان و قەندەهاری ئەفگانستان کارخانەی دروستکردنی ئەم بزوتنەوەیە بوون.
گەرچی تاڵیبان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەسەڵاتەکەی شەرمەزار کرا، بەڵام بە کردەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەیەکی ئەوتۆیی بەرامبە دەسەڵاتی دڕندانەیان نیشاننەدا. تەنانەت سعودیە و پاکستان و ئیمارات، دەسەڵاتەکەیان بە فەرمی ناساند و باڵوێزیان گۆڕییەوە. زۆر وڵاتی تریش لەوانە چین ژێربەژێر پەیوەندیان لەگەڵ دامەزراندن. تالیبان یاسا شەرعی و ئیسلامیەکانیان بە زۆر جێبەجێدەکرد و زۆر دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵ هاوڵاتیاندا دەکرد. لە ماوەی حوکمڕانیەکەیدا لە ساڵی 1996 تا 2001، بزووتنەوەکە و هاوپەیمانەکانی کۆمەڵکوژییان لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی ئەفغانستان ئەنجامدا . سەرەڕای برسیەتی و هەژاریەکی بێوێنە کە زیاد 60٪ دانیشتوانی ئەو مەملەکەتە لە ژێر هێڵی هەژاریەوە دەژیان، چالاکی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە خێرخوازیەکانیان قەدەغەکرد. سیاسەتی زەوی سووتاویان گرتەبەر و ڕووبەرێکی بەرفراوانی زەوی بەپیتیان سووتاند و دەیان هەزار کەسیشیان لەناوبرد. لە ماوەی کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستاندا، بزووتنەوەکە چالاکیی مەدەنی و میدیایی قەدەغە کرد، ئەوان دژی هەموو جۆرە هونەر و مۆسیقایەك بوون. وێنەکێشان، فۆتۆگرافی و فیلم و پەیکەرتاشی و وێنەی جوڵاوی مرۆڤ و بوونەوەرە زیندووەکانی تەکفیرکرد. جگە لە دەف هەموو جۆرە ئامێرێکی مۆسیقایان قەدەغە کرد. خوێندن و چوونە قوتابخانەی کچان و ژنانیان قەدەغە کرد، کاری ژنانیان (جگە لە کەرتی تەندروستی) قەدەغە کرد، چارەسەرکردنی نەخۆشی ژن لەلایەن دکتۆری پیاوەوە قەدەغە کرا و هاتنەدەرەوەی ژن لە ماڵەکانیان بەو مەرجە ڕێگەپێدراوبوو کە نیقابیانکردبێت و مەحرەمێکیشیان لەگەڵ بێت. هەر ژنێکیش ئەو مەرجانەی جێبەجێ نەکردایە شەلاقکاری، رەجم و گولەباران سزاکەی بوو. ئەوان ژنیان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و گشتیدا کردە دەرەوە و گێڕایانەوە بۆ موبەق. تەنانەت لەوێش لە زۆر شوێنی ئەفگانستان پەنجەرەی موبەقەکانیشیان بۆیاخ دەکرد! ریشتاشینی گەنجان و سەمایی شاییەکانیان قەدەغەکرد. کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا تووشی هەڵاواردنێکی توند بوون. هەروەها تاڵیبان خەریکی جینۆسایدی کولتووری بوو، دژی هەر شتێك بوون کە لای ئەوان ئیسلامی نەبێت. زۆرێک لە شوێنەوارەکانییان لەناوبرد، لەنێویاندا پەیکەرە بەناوبانگەکانی بودا لە بامنیان کە تەمەنیان 1500 ساڵ بوو و… هتد. بەم شێوەیە تالیبان کۆمەڵگەی ئەفگانستانی گێڕایەوە بۆ پێش مێژوو.
ئەفگانستان لە سەردەمی دەسەڵاتی تالیباندا ماواو قیبلەگای هەموو ئیسلامیە تیرۆریستەکانی جیهانبوو. ئەم هەلومەرجە تا سەردەمی ڕووداوەکانی 11ی سبتمبر 2001 درێژەی کێشا. تاوانەکانی ئەو ڕۆژە ڕیزبەندیەکی جیهانی نوێی دروستکرد، کە دنیایی کرد بە دوو بەرەوە ، بەرەی تیرۆریستەکان و بەرەی ڕووبەڕوو بونەوەی نێودەوڵەتی ئەو تیرۆرە. بوونی سەرکردە و ئەندامەکانی “قاعدە” ڕەوایەتی دا بە هێرشی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی و لە ماوەیەکی کەمدا تالیبان لە دەسەڵاتخرا و قۆناغێکی خوێناوی تری مێژووی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد.
14- لەگەڵ هاتنی ئەمەریکا و هاوپەیمانە ناوخۆیی و جیهانیەکان، مژدەی ئازادی و ئارامی و خۆشگوزەرانیان بە خەڵکی تینو و بەشمەینەتی ئەو وڵاتەدا. هەر زوو ئەو خەونە ئەرخەوانیانە بوونە مۆتکە و جەنگ و ململانێی خوێناوی بەرۆکی ئەو کۆمەڵگەیەی گرتەوە. تالیبان چۆن بە خێرای و لە ماوەی کەمتر لە 30 ڕۆژدا دەسەڵاتی لە دەستدا و لە ڕووی سەربازیەوە شکا. هەمانشێوەش بە خێرای لە ماوەی 30 مانگدا خۆی ڕێکخستەوە و جەنگی لە دژی ( داگیرکەرە بیانی و هاوپەیمانەکانیان) ڕاگەیاند.
15- لە ماوە 20ساڵی دەسەڵاتی ئەمریکیەکاندا هەوڵدرا دەسەڵاتێکی خۆماڵی ئەفگانستان لە سەرۆك خێڵ و سەرکردە سیاسیە نەیارەکانی تالیبان پێکبهێنرێت. بەڵام هەرگیز ئەو دەسەڵاتە نەیتوانی متمانەی خەڵکی بە دەستبهێنێت. لە چاوی ئەفگانیەکانەوە ( حامید کەرەزای، ئەشرەف غەنی و دارودەستەکانیان ) جگە لە کۆمەڵێك بەکرێگیراوی داگیرکەران، شتێکی تر نەبوون. ئەو حکومەتانەی لە سێبەری (ناتۆ و ئایساف)دا ڕێکخران، سەراپایان نوقی گەندەڵی سیاسی و ئابووری و ئیداری و ئەخلاقی بوون. رەنگە دامەزراوەکانی سوپا و پۆلیس بەرینایی ئەو گەندەڵیە بخاتە روو. بە درێژایی 20 ساڵ مەشق و ڕاهێنان لەلایەن هێزە بیانیەکان و خەرجکردنی زیاد لە 88 ملیار دۆلار، ئەو ڕۆژەی دوا سەربازی ئەمەریکا ئەفگانستانی جێهێشت، یەك پۆلیسخانە، یەك سەربازگە لەو وڵاتەدا نەبوو بەرگری لە خەڵك بکات، حکومەت هەڵوەشایەوە و سەرکردەکانیان هەڵهاتن و تالیبان بێ هیچ بەرگریەك لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا زۆربەی ناوچەکانی وڵات، بە پایتەختیشەوە کۆنتڕۆڵکردەوە.
16- بیانوی فەرمی لەشکرکێشی ئەمەریکا داڵدەدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی ” قاعدە” و سەرکردەکانی بوو لە لایەن تالیبانەوە. لە گەرمەی ڕووداوەکانی 11ی ئەیلول، بۆشی بچوك ڕایگەیاند” ئەمەریکا بە لێدانی لە تیرۆریستەکانی قاعدە دەستپێدەکات و لە ناویان دەبات، بەڵام ئەم جەنگە تەنیا بەوان کۆتایی نایەت! هەروەها لە نێو کۆنگرێسدا بۆش ڕایگەیاند” لەم جەنگەدا ئەوەی لەگەڵ ئێمە نەبێت دوژمنمانە!
17- بەڵام هۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەمەریکا لە پەلاماری ئەفگانستاندا، کۆمەڵێك ئامانجی ستراتیژی درێژخایەنبوون، کە بەشێکبوون لە پڕۆژەیەکی گەورەتر کە بە پڕۆژەی سەدەی ئەمەریکا ناسراوە. ئامانجە شاراوەکانی ئەو لەشکرکێشیە بریتیبوون لە:
1. بەدیهێنانی خەونی ئەمەریکا کە دەیویست لە دەریای قەزوین نزیك بێتەوە، کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندی پڕ ئەنێرژی و مادە خامە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازیە قورسەکانە.
2. گەمارۆدانی هەژمونی ڕووسی بەسەر ئاسیایی ناوەڕاستدا. بوونی بەرفراوانی هێزە سەربازیەکانی ئەمەریکا، دەتوانێت ئەم ئامانجە مسۆگەر بکات.
3. گەمارۆدانی جوگرافیای ئێران کە لە دەرەوەی خولگەی سیاسەتەکانی ئەمەریکا دەخولێتەوە، چ لە خۆرهەڵات و باکووروە و چ لە خۆرئاوا و باشوورەوە.
4. نزیکەوتنەوە لە سنورەکانی چینی گەورەیڕەقیبی، داهاتووی ئەمەریکا و شکاندنی ئەلقەی پەیوەندی چین و رووسیا و پاکستان.
5. نزیکبوونەوە لە شێوە کیشوەری هندی و نزیککردنەوەی پاکستان و هندستان و ناچارکردنی پاکستان لە دژایەتیکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستیە ئیسلامییەکان، بەمشێوەیە دروستکردنی هەماهەنگی سێقۆڵی بۆ داهاتوو.
6. نیشاندانی ئەمەریکا وەك تاکە زلهێزی دنیا کە دەتوانێت چارەنووسی مرۆڤایەتی دیاری بکات.
7. لە ڕووی مێژووییەوە ئەفگانستان ڕێگەی کاروانە بازرگانیەکانی چین و ئاسیای ناوەڕاستە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا. چین کە ئەمەریکا بە گەورەترین ڕکەبەری بازرگانی خۆی دادەنێت، دەیەوێت بە ڕێگەی وشکانیدا تەواوی ئەو ناوچانە بە ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە ببەستێتەوە. بوونی ئەمەریکا لە ئەفگانستاندا دەبێتە کۆسپی سەرەکی ئەو پڕۆژەیە.
8. ئەفگانستان وڵاتێکی پڕ کانزا و گازی سروشتی و جۆرەها مادەی گرانبەهایە. شەڕ و ئاژاوەی ساڵانی ڕابردوو ڕێگەی نەداوە وەبەرهێنانی بۆ بکرێت. گەر ئارامی بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە دەتوانرێت سەدان ملیار دۆلار قازانج بڕژێنێتە قاسەی کۆمپانیا وەبەرهەم هێنەکان.
18- بەڵام دوای 20 ساڵ جیهان گەلێك ئاڵوگۆڕی گەورەی بە خۆوە بینی، هەستانەوەی بە هێزی ورچە سپیەکەی ڕووسیا بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسەتی جیهانی، گەشەکردنی ئابووری خێرای چین و دەرکەوتنی وەك گەورەترین ڕکابەری بازرگانی ئەمەریکا و خۆرئاوا، ئاڵوگۆڕەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، خوارووی خۆرهەڵاتی ئاسیا، یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکای لاتین و زۆر هۆکاری تریش وایان لە ئەمەریکا کرد لە ئەفگانستان پاشەکشێ بکات. دنیایی تاك جەمسەری جاران هێزو توانایی لەدەستدا و چیدی ئەمەریکا لە چوارچێوەی پلان و هاوکێشەکانی ڕابردوودا، نەیدەتوانی تاکە ڕابەری سیستەمی جیهانیبێت.
بەپێچەوانەی بیرکردنەوەی باو، ئەوەی لە ئەفگانستان ڕوویدا شکستی سیاسەتەکانی ئەمەریکا و خۆرئاوا نەبوو وەك ئەوەی ئیسلامیەکان تێیگەیشت بوون! بەڵکە ئاکامی سەرکەوتنی سیاسەتەکانیان بوو! مانگێك پێش پاشەکشەکە سەرۆکی ئەمەریکا بایدن ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە: لە بیست ساڵی ڕابردوودا، ئامانجی ئەمەریکا بونیادنانی دەوڵەت و ديموكراسى نەبوو لە ئەفگانستاندا” ئەوە بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکایە دەرگای کابوڵی بۆ ھێزە ڕەشە ئیسلامیەکانی تاڵیبان خستە سەر گازەرای پشت و کلیلی دەسەڵاتی ئەو مەملەکەتەی لە قەتەر لەسەر سینیەکی زێر پێ بەخشی! ئەوەی ڕوویدا تەنیا ڕێکخستنەوەی کارتەکان و سەنگەرەکان و بڵاوپێکردنی سەرلە نوێی هێزەکانە لە چوارچێوەی نەخشە ڕێگایەکی نوێیدا کە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ئاستی جیهاندا مسۆگەر بکات.
19- لای دارێژەرانی سیاسەتی ستراتیژی ئەمەریکا پرسیاری سەرەکی ئەمە بوو، سەرەنجام دەبێت ئەمەریکا هێزە سەرەکیەکان و زۆربەی هەرە زۆری سوپاکەی پاشەکشە پێ بکات، ئایا ئەفگانستانێکی مۆدێرن و سەقامگیر دەتوانێت خزمەت بە ئایندەی سیاسەتەکانی بکات یان ئەفگانستانێکی نوقمبوو لە شەڕو ئاژاوە و نائارامی؟! بێگومان جوگرافیایی ئەفگانستان کەلە بنەهەنگڵی چین، ڕوسیا و ئێراندایە، تا نا سەقامگیرتربێت زیاتر لە بەرژەوەندی ئەمەریکادایە! باشترین هێزێك کە بتوانێت هەلومەرجێك بخوڵقێنێت شەڕ و ئاژاوە، ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری، پشێوی کۆمەڵایەتی و ئاژاوەی ترۆریستی لە ناوچەکەدا بنێتەوە، تالیبان بوو، ئەمە نهێنی هاتنەوە سەرکاری دووبارەی تالیبان بوو.
20- دوای گەڕانەوەی دووبارەی دەسەڵاتی تالیبان، ژوڕنالیزمی ئیسلامی و تەنانەت خۆرئاوایش دەیەوێت پێمان بڵێت: ئیسلامیەکان دەتوانن خۆیان بگۆڕن و لەگەڵ سەردەمدا خۆیان بگونجێنن و دەسەڵاتی تاڵیبان دەتوانێت لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا جێگەی ببێتەوە!
ئەوان نایانەوێت خەڵکی ئەو ڕاستیە بزانن کە فکری ئاینی فکرێکی چەق بەستووە، گۆڕانکاری تێدا گەر نەڵێم مەحاڵە، ئەوا زۆر ئەستەمە بتوانن بچوکترین گۆڕانکاری بەسەر هێڵە گشتیەکانیدا بهێنن. ئەوان “نقڵ” پێش “ئەقڵ” دەخەن ! خۆ تاڵیبان ڤێرژنێکی مایکرۆسۆفت نیە تا لەگەڵ هەر ڤێژنێکی نوێدا چاوەڕێی بیرکردنەوە و شتی نوێی لێبکرێت! ئەوان تا ئەو ڕۆژەی پشت بە ” قیل و قال” ـەکانی ڕابردوو ببەستن، مەحاڵە بتوانن بەڕەی خۆیان لەو قوڕاوەی ڕابردوو دەرکێشن.
21- ئەمەریکا لە لەشکرکێشی 20 ساڵەی ئەفگانستاندا نزیکەی 2 تریلیۆن دۆلاری خەرج کردووە. بۆ دابینکردنی تێچووی زۆری شەڕەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕە پارەیەکی زۆری قەرزکرد، کە تەنیا بەهای سوودەکەی لە ساڵی 2050دا پێدەچێت بگاتە نزیکەی 6.5 تریلیۆن دۆلار. ئەمەش بارگرانیەکی گەورەی لەسەر نەوەکانی داهاتوو دادەنێت کە دەبێت باجی شەڕێکی درێژخایەن بدەن کە ئەوان لە هەڵگیرسانیدا هیچ ڕۆڵیکیان نەبووە. هەروەها بە پیی ڕاپۆرتەکانی پنتاگۆن لە جەنگی 20 ساڵەی ئەفگانستاندا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کە بە هێزی “ئایساف” ناسراون 6294 سەربازی کوژان و 20660 سەربازی تریش بریندار بوون.
22- ئەو جەنگە بۆ ئەفگانیەکان تراژیدیایەکی تری خستە سەر خەرمانەی کارەساتەکانیان، گەرچی ئامارێکی ڕێك و بەڵگەدار لە بەردەستدا نیە، بەڵام بە پێی ڕاپۆرتی زانکۆی براونی ئەمەریکی لە ساڵی 2001ەوە تا ئێستا نزیکەی 641 هەزار کەس لە هێزەکانی سوپا و پۆلیسی ئەفغانستان لە کاتی شەڕەکاندا کوژراون، هاوکات نێردەی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان ئاشکرای کردووە کە لە ساڵی 2009ەوە کە ئەرکی تۆمارکردنی ژمارەی کوژراوەکانی کەوتۆتە ئەستۆ، نزیکەی 111 هەزار هاووڵاتی مەدەنی کوژراون. ئاشکرایەکە زیانە مرۆیەکان زۆر لەوە زیاترن. بەم حالەشەوە ئامارەکان پێمان دەڵێن بە دانپیانای نەتەوە یەکگرتووەکان، لانی کەم لەم دوو دەیەیی دوایدا ئەفگانیەکان زیاد لە 752 هەزرا مرۆڤیان گیانی لە دەستداوە، ئەوە جگە لە 53 هەزار کادر و ئەندامی بزوتنەوەی تالیبان.
23- پەند و وانەکانی ئەزموونی خوێناوی ئەفگانستان بۆ ئێمە و باقی گەلانی جیهان:
یەکەم/ بە زۆر سەپاندنی ماف و پێوەرە مرۆیەکانی ئەم سەردەمە بەسەر کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی و دەمارگیری ئاینیدا، دەرەنجامی پێچەوانە لێدەکەوێتەوە. ئاخر یاسا و پێوەرەکانی ماف، پێش ئەوەی مەرسوم وبڕیارێکی نوسراوی نێو کتێبەکان بن، پێش ئەوەی ئارەزووی ئازادیخوازانەی چەند بیرمەند و سیاسیەك بێت، هاوسەنگی هێزی کۆمەڵایەتی نێو کۆمەڵگایە و سەرەنجام ئەم هاوسەنگیە چارەنووسی سەرکەوتن، یان شکستی بۆ دەنووسێت.
دووەم/ مێژووی ئەم پەنجا ساڵەیی دوایی ئەو وڵاتە، بە ڕوونی نیشانی داین کە بۆ وێرانکردنی هەر کۆمەڵگەیە ئێمە پێویستمان بە لەشکرکێشی و بۆمبی ئەتۆمی نیە! تەنیا چەند گروپی دەمارگیر و مەزهەبی و بونیادگەرای ئیسلامی کە زەمینەیان بۆ بڕەخسێنیت و بەریان بەیتە کۆمەڵگە، دەتوانن ئەو ئەرکە بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن.
سێیەم/ جەنگ و ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریست و بونیادگەرایەکان پێش ئەوەی ئەرکی سوپا، پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانبیت، ئەرکی ڕۆشنبیر، بیرمەند و بەربژێرە سیاسی و مەدەنییەکانە. چونکە ئەم بزوتنەوە و ڕێکخراوانە پاکێچێکی هەمەگیر و فراوانیان بۆ ژیان و مەعرفەی مرۆڤ هەیە. بەبێ ڕخنەگرتنێکی قوڵ و ڕیشەیی لە پایەبنەڕەتیەکانی ئەوفکر و بونیاد و پێوەرانە، ناتوانین کاریگەریان کەمکەینەوە و بەسەیاندا زاڵبین.
چوارەم/ ئەزموونی دارودەستە ئیسلامیەکان نیشانیداین کە ئەم ڕێکخراوانە هەمیشە دەسکەلای دەولەتێکی بیانین و بە کردەوە ڕۆڵی “تابوری پێنج” دەبینن. ئاخر بونیادگەراکان لە بنەرەتەوە بڕوایان بە نیشتمان و دەوڵەت و هاوڵاتی نیە.
پێنجەم/ لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئەم ڕەوت و بزوتنەوە بونیادگەرانە توانیان جێگەپێیەك خۆشکەن، ئەوە سەرەتایی هەڵوەشانەوەی ئەو کۆمەڵگایەیە و ملنانە ڕووە و دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی شکست خواردوو. پێویست بە بەڵگە هێنانەوەی زۆر ناکات. تەماشایی سوریا و لیبیا و سۆماڵ و یەمەن و خودی ئەفگانستان بکەن.
شەشەم/ مۆدێرنیزە کردنی هەرکۆمەڵگایەك و هەواڵدان بۆ هەرجۆرە ڕیفۆرمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و فکری بەبێ بەریەککەوتنێکی توند و تیژی ئیسلامگەراکان لە کۆمەڵگە خۆرهەڵاتیەکاندا، ئیمکانی نیە. هاوکات پەیوەستکردنی کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵات بە شارستانیەتی مۆدێرنەی ئەمڕۆوە بەبێ ڕیشەکێشکردنی ئەم بونیادگەراییە، ئاکامێکی نابێت.
____________________________________________________________________
بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سودم لە ڕاپۆرتە هەواڵەکانی بی بی سی، سی ئێن ئێن، الجەزیرە، العەرەبیە و.. وەرگرتووە.
ڕاپۆرتی زانکۆی براون https://www.aljazeera.net/politics/2021/8/16/2-%D8%AA%D8%B1%D9%8A%D9%84%D9%8A%D9%88%D9%86-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1-%D9%88%D8%B9%D8%B4%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%81-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D9%82%D8%AA%D9%84%D9%89
* أفغانستان: ما التركيبة القومية والدينية بي بي سي
** من چەند ساڵ لەمەوبەر وتارێکم لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیانە نووسی و لێرەدا لینکەکەی دادەنێمەوە تا خوێنەر ئاگاداری پێشینەی ئەم ڕێکخراوانە بێت.
http://www.emrro.com/birecinski.htm
*** آلاف-القتلى-وترليونات-الدولارات-كم-بلغت-خسائر-أمريكا-في-حرب-أفغانستان- تقاریر
TRT https://www.trtarabi.com
**** دیۆبەندی قوتابخانە و بزوتنەوەیەکی ئیسلامیە لە هندستان لە ساڵانی کۆتایی سەدەی نۆزدەدا پەیدا بوو. جیابوونەوەی پاکستان لە هندستان بنەما فکریەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بزوتنەوەیە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت