پشتیوان جەمال: 16ی ئۆکتۆبەر،لەنێوان ڕوونکردنەوەو تۆمەتبارکردندا.
ئەمڕۆ 7 ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمدا تێپەڕدەبێت، کەبۆ “سەربەخۆیی” و جیابونەوە” لە عێراق ئەنجامیاندا. شکستەکەی تائەم ساتەش لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسییەوە پێگەی کوردی لە چوارچێوەی عێراقدا، هەم لەئیقلیمی و نێو دەوڵەتیش “لاواز” کرد. مشتومڕیش لەسەر لێکەوت و شکستەکەی هێندە بەرچاوە کە رەنگە نمونەی تری کەم بێت لە مێژوی کورد لە دەوڵەتی عێراقدا. هۆکارەکانی شکستەکە زۆرن، بەڵام گرنگترینیان ئەو هۆکارە ناوخۆییانەن کە ڕەگیان لە مێژوی حیزبێکدا داکوتاوە و کاریگەریان لەسەر ئێستاش هەیە. ئەم کەلتورە سیاسیە بەوەدا دەناسرێتەوە کە بەندە لەسەر کەلەڕەقی سیاسی تاک لایەنەو نەخوێندوەی واقیعی ناوچەکە لەلایەنی دەرەکی و نێودەوڵەتی و هەرێمیەوە.
یەكێك لە كێشە گەورەكانی عەقڵیەتی تاکڕەوی ئەوەیە، هەرگیز نایەوێت ددان بە شكستی خۆیدا بنێت و، بەردەوام بیانویەك، یان دوژمنێك دادەتاشێت بۆ داپۆشینی هەڵە گەورەكانی خۆی.
ئەمەش وایکردووە کە ئێمەبەردەوام لە پاشەكشێ و تێكشكاندا بین، چ لەڕووی ئابوورییەوە، چ لەڕووی سیاسییەوە، یان لە ڕووی سەربازییەوە، بەرهەمی ئەم عەقڵیەتە بوو نەیتوانی مۆدێلێك حوكمڕانی دورستبكات، كە ئەم مۆدێلە ببێتە دەروازەیەك بۆ ئایندەیەكی ڕوون لەم هەرێمە.
ئەو پرسیارەی لە مێشکی هەمواندا هەیە، ئەوەیە کە بۆچی ئێمە لەڕاگەیاندنی دەوڵەت شکستمان هێنا؟ نەک لەدروستکردنی دەوڵەت، بەڵکو بەشێک لەو دەستکەوتانەشمان لەدەستدا، لەدەرەوەی دەستور بەدەست هەرێمی کوردستانەوە بوون، وەک خاڵە گومرگیەکان و مەرزەکان و… هتد.
لایەنێکی سیاسی تەرکیزی تەنها لەسەر تێکەڵ کردن و ئاڵۆزکردنی ڕوداوە کانە بۆشاردنەوەی ئەو هەڵەی کە بەعینادی بووە هۆی لەدەستدانی 51٪ خاکی هەرێمی کوردستان و نزیک لە 100 شەهیدو چەندین بریندا لەم ڕووداوەدا، بەناوی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە.
ئەوەی کەڕوونبوو بەشێک لەحزبەکان دەیانزانی کە ئەنجامدانی «ریفڕاندۆم» لەو کاتەدا ھێندەی پەرچەکردارێکی شەخسیە، ھێندە پڕۆژەیەکی نیشتیمانی نیە بۆ بەرەوپێش بردنی دۆزی گەلێک، بەڵام دۆخێکیان بۆدروستکراو خرانە ژێر باری ئەمری واقیع تا پشتگیری ڕیفراندۆم بکەن، گەر نەیانکردایە بە نەیاری سەربەخۆیی تۆمەتبار دەکران، تەنانەت خودی کاک نێچیروانیش کەسەرۆکی ئەوکاتی حکومەت بوو، خزابووە ئەمری واقیعەوە ئەگینا لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نەبوو، بەڵام نەشیدەتوانی بە ئاشکرا دژی بێت، بۆیە بەئاشکرادەیگوت: “ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە نییە لە عێراق”.
ئەوەی لێردا پرسیارە، بۆچی پارتی تاوەکو ئێستاشی لەگەدابێت یەکێتی باتاوانباری ئەم شکستەدەزانێت؟
لەهەموو دنیادا کاتێک وڵاتێک دوچاری شکستێکی لەم چەشنەدەبێت، لێکۆڵینەوە لە شکستەکانیان دەکەن و بەرپرسیارێتییەکان دیاری و ئاشکرا ئەکەن بۆ ئەوەی ڕێ لەشکستی تر بگرن، بەڵام ئایە پارتی لە سەردەمی شکستەکەوە تاوەکو ئەمڕۆشی لەگەدابێت توانای هێزی سیاسیی هەرێمی لەدەستبووە، بۆچی لێکۆڵینەوەی لەهۆکاری ئەم شکستە ناکات؟ بۆچی لەڕێگای دەزگایەکی یاسایی وەک پەرلەمانەوە لێکۆلینەوەی نەکرد، تاوەکو لایەنی تاوانبارانی ئەم ڕووداوە سزابدرێن؟
بۆچی لێکۆڵینەوە لەوەناکات: کاک مەسعود سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بوو، بەپێی عورفی سیاسی و سەربازی دەسەڵاتی بڕیاردانی هەبوو، بڕیارێک، یان بەیان نامەیەکی جەنگی دەربکات، بۆبەرگری کردن لەم ناوچانە لەکاتی داگیرکردنیادا، بەڵام نەیکرد لەکاتێکدا دەسەڵاتی مەڕسومی هەبوو،ئەمانەو چەندین پرسیاری ترهەن،کەپێویستە لێکۆڵینەوەیان لێبکرێت و بزاندرێت کێ تاوانبارە لە لەدەستدانی پرسێکی ئاوا چارەنووس سازی گەلێک..
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین، خۆ لێ بێ بەریکردن و خستنە ئەستۆی تاوانی شکستەکە بۆ لایەنێکی تر ئەوە بوو: خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ واقیعی هەرێم نەکرابوو، بوونی چەندان کێشەی ناوخۆیی لەڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتی، ھەموو ئەمانەو چەندان ھۆکاری دیکە وایکرد ڕیفراندۆم بۆ دەولەتی کوردی وەک ” مام جەلال” دەیگوت: وەهم و خەونێکی شاعیرانەیە لەم کاتەدا” یاریەکی سیاسی و بەرژەوەندی تاک لایەنە بوو، ئەم پڕۆسە لە دەرئەنجامدا نەک دەوڵەتی کوردی بەدوای خۆیدا نەھێنا، بەڵکو بووە ھۆی ناسامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، بێ هێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستاش لێککەوتەکانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە باجەکەی دەدەن.