رەزا شـوان: سایکـۆلـۆژیـای وێنـەکـانی منـداڵان.
شـێواز و رێبازی دەربـڕین و گوزارشتکـردن، لە هەست و سـۆز و لە خەیـاڵ و بـیر و هـۆش و لە پێـداویستییەکـان و لە کـێـشە دەروونییەکـان و گەیـانـدنیان بە کەسانی تر، لـە لای منـداڵان جیـاوازییـان هـەیە لەگـەڵ گـەورەکـانـدا. گـەوەرەکـان بـە قـسەکـردنی راسـتەوخـۆ یا بە نـووسـین دەریـان دەبـڕن و گـۆزارشـتـیان لێـدەکـەن و بـە کـەسـانی تریان دەگـەیەنـن. بەڵام منـداڵان بە زۆری لە رێی وێنەکـێشانەوە گـۆزارشـت لە ناخی خۆیـان دەکـەن و دەیـانخـەنە سـەر پـەڕەی کـاغـەز.
وێنەکانی منداڵان، زمانێکی جیهانییە کە هەمـوو منـداڵانی جیهان بەشداریی تێـدادەکەن. بێگومان هەموو منـداڵان لە هەمـوو قـۆناغـەکانی تەمەنیانـدا، لە ماڵەوە و لە باخچـەی منـداڵان و لە قـوتابخانەی بنەڕەتیدا، ئارەزوویەکی زۆریان بۆ وێنەکێشان هـەیە، زیاتر لە هەموو چالاکییەکانی تر حەزی لێـدەکەن. پەروەردەی هـونەری وانەیەکی گـرنگە لە پـرۆگـرامی قوتابخـانەی بنەڕەتیدا. منداڵ بەبێ هـونەر منداڵێکی بێ دایک و بێ باوکە. وێنەکێشانی منـداڵان، تەنیا چالاکـییەکی ئەبسـتراکی (ناهـەسـتی) ی بێ مەبەسـت نییە، بەڵکو گوزارشتە لە هەستەکانی ناخی دەروونیـان، لە خەیـاڵ و خـەون و لە هـیواکانی ئەمـڕۆ و داهـاتوویـان، لەو شـتانەی خۆشـیان دەوێـت یا خۆشیان ناوێـت. لە خۆشی و ناخۆشییەکانیان، لە گرفـت و لە کـێشە دەروونییەکانیان. لە پێـداویستییەکانیان و… هـتد.
سەرەڕای ئەوەش چـێژ و خۆشییەکی زۆر بە منـداڵان دەبەخـشن. لە کاتی وێنەکێشاندا چەنـد بەشـێکی مێـشکـیان چـالاکـتر دەبێـت و خەیـاڵـیان فـراونـتر دەبێـت.
(چارلی چاپـلن) دەڵێت:”من میهـرەبانی لە منـداڵـێکەوە فـێربـووم، کاتـێک کە بینـیم لە پـەڕاوی وێنـەکـێـشانـەکەیـدا، خـۆری بە رەنـگی رەش رەنـگ کـردبـوو، تاکـو بـاوکە کرێـکارەکەی لە کارکردنـدا ئارەق نەکـات”.
(پاپلۆ پیکاسۆ) ش دەڵێت” کە منـداڵ بووم، چوار ساڵم بەسەربرد، تاکو وەکو مایـکل ئەنجـیلـۆ وێنـە بکێـشم. بـەڵام هـەمـوو تەمـەنـم لە راهـێنانـدا بەسەربـرد، تا بتـوانـم وەکو منداڵێک وێنە بکێشم” دەشڵـێت:”زۆر شت لە هـونەری زارۆکانەوە فێربووم”.
وێنەکانی منداڵان ئاوێنەی بێگەردی زادەی هۆش و خەیاڵ و دەروونی پاکی منداڵانن.
منـداڵان خاوەنی هـونەری وێنەکێشانی تایبەتی خۆیـانن. دەستوور و رێباز و ستایـلی خۆیان هـەیە. پەیـوەنـدییان بە بنەماکـانی هـونەری کـۆن و تـازەوە نیـیە. منـداڵان لە تابلـۆکانیانـدا، کـۆن و نـوێ و رێبازی هەمـوو قـوتابخانە هـونەرییەکـانی وێنەکـێشان بەرجەستەدەکەن. ئازادن کە چـۆن خـۆیان حەزبـکەن و بیانەوێـت ئاوهـا تابلـۆکانیان دەکێشن و رەنگیان دەکەن. بۆیە نادروسـت و نابەجـێیە، ئەگەر بە پێـوەری ئاکادیمی، پێـوانەی وێنەکـانی منـداڵان بکـرێن.
وێنە گوزارشتێکی هـێمایی هـونەرییە، هەروەکـو رسـتەی ئاخـاوتـن کـردنە. دەکـرێـت وێنەکانی منـداڵان، پەیـامێکی ئاراستەکـراوبێـت بۆ دایـکان و باوکـان و مامۆستاکان و بۆ هەموو ئەوانەی لە دەوروبەریانن. دەشێت وێنەکانیان چەنـدین گـلەیی و گازندەیان لەخۆگرتووبوون، یا گوزارشتبن لە خۆشی و خۆشەویستی و لە گەشبینی و هیواکانیان.
وێنەی منداڵان چییە؟ مەبەست لە وێنەی منداڵان، ئەو هـێلکارییە ئازادەیە، کە منـداڵان گـوزارشتی لێـدەکەن و دەیخـەنە سـەر کاغـەز و دار و دیـوار و بەرد و شـەقـام یا هـەر روویـەکی تر، تەنـانەت لەسەر جەستەی خۆشـیان وێنـە دەکـێـشن. منـداڵان لەو کاتەوە دەست بە وێنەکـێشان دەکـەن، کە پەنجـە ناسکەکـانیان دەتـوانن پێنـووس و فـرشـە، یا تەباشیر بگرن. واتە لە تەمەنی 10 مانگانەوە کە هـێشتا گڕوگـاڵ دەکەن و بە تەوای پێیان نەگرتووە تا باڵقبوون. کە بە شانازی و چاوگەشی و خەندەوە وێنەکانیان، پێشانی دایکان و باوکانیان دەدەن و چاوەڕێی کاردانەوە و وەڵامیان دەکەن. بـەڵام ئایـا هەمـوو دایکان و باوکان، ئەوە دەزانـن کە چ واتا و مەبەستـێک لە پشـتی هـێلکاری و ێنەکانی منـداڵانەوە هـەیە؟ ئەی دەزان بە چی شـێوازێـک وەڵامـیان بـدەنـەوە؟ ئایا دەتـوانـن لە رێی ئەو هـێلکاری و وێنانەوە، بچـنە ناو جیهـانە بەریـن و پاک و سەیـر و سەمەرە و ئەفـسونـاوییەکەی منـداڵان؟ وەڵامی ئەم پرسـیارانە لە لای خـودی دایـکان و باوکـانە.
ئـەم قـۆنـاغـەی منـداڵێ زۆر گـرنـگە، پێـوێـسـتە دایـکان و باوکـان پێـداویستـییەکـانی وێنـەکــێشان و رەنـگـردن، لە پێنـووسی رەنـگـاوڕەنـگ و بـۆیـەی ئـاوی و فـرشـە و کـاغەز بۆ منداڵەکانیان دابینبکەن و بیانخەنە بەردەستیان. با بە ئەوپەڕی ئازادی و بە ئارەزووی کـامی دڵیان، هـێلکاری و وێنەبکـێـشـن. دەسـتخۆشی و ئافـەرینیان بـکەن.
(پاپـلۆ پیکاسۆ) دەڵێـت:”هەمـوو منـداڵـێک هـونەرمەنـدە، کـێشەکە لەوەدایە کە چـۆن بە هـونەرمەنـدی بمـێنـێـتەوە”.
منداڵان لە رێی وێنەکێشانەوە، گوزارشت لەو شتانە دەکەن کە هەستیان پێدەکەن، نەک ئـەو شـتانـەی کە دەیـانبیـنن. ئامـانجی سەرەکـیشـیان هـونـەر و داهـێنان نیـیە، بەڵکـو روونکردنەوە و گوزارشتکـردنە لە هـەسـتە دەروونییەکـانیان.
(ویلهام فیولا) دەڵێت:”منداڵ ئەوەی دیزانێت وێنەی دەکـێشێت نەک ئەوەی دەیبینێت”.
(مایـکل ئەنجـیلـۆ) ش دەڵێت:”مـرۆڤ بە ئەقـڵی وێنـە دەکـێـشـێت نـەک بە دەسـتی”.
(ڤـینـست ڤـان کـۆخ) یش دەڵـێت:”خـەون بە وێنـەکـێشانـەوە دەبـیـنم، دوایـش وێنـەی خەونەکەم دەکـێشم”.
(پیکاسۆ) ش هەمـان را و بۆچـوونی هـەیە و دەڵـێت:”مـن وێنـەی ئـەو شـتە ناکـێشم کە دەیـبیـنم، بەڵکو وێنـەی ئـەو شــتە دەکـێشـم کە بیـری لێـدەکەمـەوە”.
کەواتە ویلهام و ڤان کۆخ و پیکاسۆ، شتە بینراوەکان وەلاوە دەنێن و شـۆڕدەبنەوە بۆ دیوەکانی ناوەوەی ناخیان. کە بە راستی ئەوە کار و بۆچوونی منداڵانە، کە بە تەواوی لاسایی سـروشت ناکـەنەوە، بەڵکـو منـداڵان ئەنـدازیـارن و تۆمـارکـاری ناخـین. بۆیە (نیل جایمان) دەڵێت” گەورەکان ئەو رێگایانە دەگرنەبەر کە منداڵان دۆزیـویانەتەوە”.
بێگومان شەفـافـییەت و عەفەوییەت لە وێنەکانی منـداڵاندا بەدی دەکرێن. بۆ نموونە:
منداڵان وێنەی رووبارێک دەکێشن، ماسییەکان لەناو ئاوەکەیدا دیارن. وێنەی دایکان و باوکانی خۆشەویستیان دەکـێـشن، کە باڵایـان لە باڵای چـیای هـەڵگوردیـش بەرزتـرن. وێنەی خـۆر دەکـێشن کە پێـدەکـەنێـت. وێنـەی کەسـێک دەکـێشـن و بە بـۆیـەی رەش دەموچـاوی رەش دەکەن چونکە خۆشیان ناوێـت. زۆر جار منـداڵی کـراوە و دڵخـۆش، وێنەی خانـوویەکی گـەورە، لە ناوەڕاستی لاپەڕەکـەدا دەکـێشێت و بە هەمـوو رەنـگە گەشـەکـان بـۆیـەی دەکـات، ئـەم خـانـووە، بـە لای منـداڵانـەوە هـێـمای ئاسـوودەیی و خۆشەویستییە بۆ خـێزانەکانیان. منـداڵانی گەشبـین و متـمانەبەخـۆ، وێنـەی خۆیان بە گـەورەیی لە ناوەڕاستی لاپەڕەکەدا دەکـێشن. بەڵام منـداڵانی شـەرمـن و نەکراوە و بە کۆمەڵایـەتی نەبـوون، وێنەکـانی خۆیـان بە بچـووکی دەکـێـشن. ئەگەر لە گـۆشـەیەکی لاپەڕەکەدا کێشای، بە واتا منداڵێکی گـۆشەگیرە. ئەگەر وێنەی گـوڵ و خۆری گەشیان کـێشا، بە واتا گەشبین و هـیواخوازن، ئەگەر و… هـتد. تا رادەیەکیش جیاوازی لە نێوان وێنەکانی کچان و کوڕنـدا هـەیە. کـوڕان بە زۆری حەز لە کـێشانی وێنەی ئۆتـۆمبێل و فـڕۆکە و تـۆپ و سـروشـت دەکـەن، كچـانیـش حـەز لە وێنـەکـێشانی بـووک و زاوا و هـەڵپەڕکێ و لە گـوڵ و گـوڵـزار و پەپـوولە و خانـوو دەکـەن. بێگومان باردوخی ئـەو ژینگەیەی کە لێی دەژین، کاردانەوە و رەنگـدانەوەیان لە وێنەکانیانی منـداڵاندا هـەیە.
سایکۆلـۆژیای وێنەکانی منـداڵان، یەکـێکە لە لقـەکـانی زانیـاری دەروونی، کە باس لە راستییە سایکۆلـۆژییەکانی پەیوەنـدار بە سەرهەڵـدان و پێشکەوتنی وێنەی منداڵان لە هەمـوو قـۆنـاغـەکـانـدا دەکـات و جیـاوازییەکـانی لە هـەمـوو روویەکــەوە دەردەخـات.
لێکـۆڵینەوە لە سایکۆلـۆژیای وێنەکانی منداڵان، گرنگییەکی زۆریان بۆ پەروەردەکاران و دەرووننـاسـانی منـداڵان و پـزیـشکـانی دەروونـناسی منـداڵان و دایـکان و باوکـان و مامۆستاکان و شیکارانی وێنەکانی منداڵان هەیە. چونکە هـێلکاری و وێنەکانی منداڵان کەرەستەیەکی گرنگـن بۆ تـێگەیشـتن: لە دەروون، هەستەکان، پاڵـنەرەکانی منـداڵان و بۆچوونیان دەربارەی خۆیان و کەسانی تر، لە نەخـۆشییە دەروونییەکانیان. گەلـێک لە کـێشە نەرێنیی و ئەرێنییەکانی منـداڵانیش دەردەخات. نەرێـنی وەک گـرفـتاربوونیـان بە (سـترێـسی و دوودڵی) ئـەرێنـیش وەک (ئـاسـوودەیی و شـادی). شـیکـردنـەوەی وردی زانستییانەی وێنەکانی منداڵان، یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە منداڵ و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پێـوەی دەناڵـێنن. یارمـەتـیی پسـپۆرانی دەروونناسی منـداڵان دەدات، بۆ تێگەیشـتـن و شیکـردنەوەی کەسـایەتی و تایبەتمەنـدییەکـانی منـداڵـێـتی.
ئەو هـێـلکاری و هـەڵەت و پەڵەتـانەی کە منداڵانی بچـووک دەیـانکـێشـن، لە زانیـاری دەروونناسیدا، هـێمان و مەبەستـێک یا زیاتر دەگەیەنن. نەک وەکو هەندێک کەس ئەو هـێڵکارییانەی منـداڵان، بەبێ مانـا و بە پـڕوپـووچـیان دادەنـێن. پـزیشکان و شـیکارە دەروونییەکان، لە رێی شیکـردنەوەی ئەو هـێـلکارییـانەوە، کە بە بە زاراوەی زانیاری بە (گـرافـۆلـۆژی) ناودەبرێت، واتا لێکدانەوە و شیکردنەوەی وێنەی کێشـراو. لە زۆر رووەوە کـێشەکـان و ملـملانێ و نهـێنیـیە دەروونییەکانی نـاخی منـداڵان شـیـدەکەنەوە. چونکە وێنەکانی منـداڵان هـۆکارێکە بۆ خامـۆشکـردن و بەتـاڵکـردنەوەی هـەڵچـوونە دەروونییەکانیان. رێگایەکیشە بۆ پەیوەنـدی و ناردنی پەیام بۆ گەورەکان. هەر لە رێی ئەم پەیامەشەوە شیکارانی وێنەکـان و پزیشکانی دەروونناسی منداڵان، دەتوانن کـێشە دەروونییەکانی منـداڵانی مـوفـتەلابوو، بخەنـە نـاو بـازنـەوە و چارەسـەری گـونجاویان بـۆ بـدۆزنـەوە.
ئەگەر بە وردی و تەسەلی، لە هەموو روویەکەوە، باس لە لێکـدانەوە و شیکردنەوە و سوودەکـانی وێنەکـێشانی منـداڵان و رۆڵ و ئەرکەکانی شیکارانی دەروونی و پـزیشکان و مامۆسـتاکان و دایکان و باوکـان بـکەین و باس لـەو رەنـگانەش بکـەین کە منـداڵان، بەپێی ئارەزوو و مەبەستەکانی خۆیـان بەکـاریان دەهـێـنن، باس لە شـوێـن و قـەوارە و شـێوەکـانی وێنەکـانیان و لە مانـا و مەبەسـتەکـانیان بکەیـن. باسـێکی دوور و درێـژە و چەنـدیـن لـق و چـڵی لـێـدەبـێـتەوە. بـە نـووســینی چـەنـد پەڕەیـەک کـۆتـایـیـان نـایـات. هـیوادارم لە دەرفـەتـێکی کـەدا، زیـاتر تـیـشک بخـەمە سـەر ئـەم بابـەتـە گـرنـگە.
وەرگیرانی وێنەکە لە/ malort-wilderkaiser.at