دانا مەنمی: خۆزگە خواستن بە گەڕانەوەی سەدامیزم.
دۆخی عێراق لە ئیستادا هیچ ڕێگاچارەی ریفۆرم و دەسکاریکردنی سیستمی سیاسیی و ئابووریی و حوکمڕانیی لەبەردەمدا نەماوە و لە دوای ڕوخاندنی رژێمی بەعس لە عێراق هاونیشتیمانیان دەرەقەتی ھێزە بنەماڵە حوکمڕانە و میلیشیاکانیان و هەژموونی دەوڵەتە ئیقلیمییەکانی پشتی ئەو بنەماڵە و میلیشیایانە نایەن کە لە عێراق دروست بووە. ڕادەی بێئومێدبوونی خەڵک وایکردووە کە لە دڵەوە خۆزگە بخوازن بە گەڕانەوەی سەدام بۆ عێراق. عێراق لە دوای بەعسیزم سیستمێکی تائیفیی میلیشیایی دامەزرا کە سەرجەمی دەسەڵاتەکانی ئەو وڵاتەی لە دەستی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی و ئاینی میلیشیاییدا کۆکردۆتەوە و شتێک نەماوە لۆژیکی تائیفیەت بەشینەکردبێت.
یەکێک لە هۆکارەکانی ناسەقامگیری دۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراق شەڕی تائیفی بوو لە 2006 تا 2008، پاشان شەڕی داعش و مامەڵەی هەندێک گروپی چەکداری شیعە کە راستەوخۆ ژینگەیەک لە جیاکاری ئاینی لەعێراقدا دروست کردووە، حەشدی شەعبی و سوپای مەهدی و ڕێکخراوی بەدرو حزبوڵا زۆربەیان شیعین و نوێنەریان هەیە لە پەرلەمانی عیراق و بەشێکن لەو میلیشیایانەی کە راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، هەموو ئەوەی ڕوودەدات دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس دێت و ئەمریکیەکان لێی بەرپرسیارن کە ڕێگایان بۆ ئێران خۆش کرد بێتە ناو عێراقەوە.
لە پاڵ عێراقدا هەرێمی کوردستانیش دۆخی لە عێراق باشتر نییە و دەسەڵاتدارانی هەرێم کە هەڵگری هەمان لۆژیکی میلیشیای چەکداریین و ناتوانن هەرێمەکە بەڕێوەببەن و لە لێواری مردن و وێرانبوونی تەواوەتی نزیککردۆتەوە، لە هەموو ئەمانەیش ترسناکتر بێکاریگەربوونی سەرجەمی ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەیە کە لە پێناو گیراوانی بادینان و دژ بە گەندەڵی و پێشێلکاری یاسایی و پرسی موچەو بەرفراوانبونی بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی دوایی پەنایان بۆبردوە، ئیستا بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان ڕوون و ئاشکرایە کەدەسەڵاتدارانی عێراق و دەسەڵاتدارانی کوردستان لە ھەمان مەعدەنی بۆگەنی یەکترن و سیستمی حوکمڕانییەکەشیان لەھەمان قوڕو لیتە و پۆخڵەوات دروستکراوە.
هەموو پێکهاتەکانی عێراق ئومێدیان لهسهر ئهوه ههڵچنی بوو كه دوای كهوتنی پهیكهری دیكتاتۆریەت لە ساڵی 2003 ئیدی عیراق وڵاتێك بێت بۆ ژیان دهستبدات، بهڵام عێراقی دوای سەدام نەبووە عێراقی هیوا و ئاشتی و پێکەوەژیان وهك ئیدیعایان بۆی دهكرد، بگره ساڵ لهدوای ساڵ خراپتر بووه و داهاتووەكەیشی زۆر روونه كه بهرهو وێرانبوونی زیاتر دهڕوات. خۆزگە خواستن بە سەدام هێمایەکە بۆ تاریکی دۆخی ئیستاو نائومێدبوونە بە ئەگەرەکانی گۆڕانکاری لە سیستەم و هونەری ئیدارەدان و بەڕێوەبردندا لە عێراق و کورسستاندا، دەسەڵاتداران لە بەغدادو هەولێر بە ڕادەیەک نا بەرپرسیارو موجریمن کە عیراقیەکان بەعسیزمیان لەوان پێ باشترە.