بەهرۆز جەعفەر: دەبێ کەرەستەکانی نووسین و توێژینەوە چۆن بن؟
ڕیشەی کێشە سەرەکییەکەی نووسین، قسەکردن، لیكۆڵینەوە ئەوەیە میتۆد، بەشداریی تیۆریی و بەڵگەسازیی نییە. کەسێک تا ئاستی دکتۆرا، یان ماستەر ڕۆیشتوە، وانەی شێوازەکانی توێژینەوەو بیرکردنەوە (Research Method) ی هەر نە خوێندوە، یان تەنانەت هەر ئاگای لێ نییە، زانکۆ بە بێ توێژینەوەی ئۆریجیناڵ وەک ئاهەنگی گواستنەوە وایە بە بێ هەبوونی بووک و زاوا.
ئەگەر لە زانکۆ بێیتە دەر، لەناو پەیوەندییە گشتییەکاندا، ناوەندە میدیایی و کۆڵینەوەکانیشدا دەبینی توێژەر، یان قسەکەرەکان بەلای کەمەوە خەریکی لایەنداریی کردنن، لایەنی (ئەلف) ن دژی (با)، (جیم) ن دژی ئەوانی تر. لەکاتێکدا توێژەر نوێنەری کەرەستەکانی بەردەستە، لە کوێ هێز هەیە ئەو لێکدانەوە لەسەر ئەوە دەکات. لەسەرەتای بەهاری عەرەبییەوە ئێمە چەندین بۆچوونمان خستە ڕوو کە “ئەسەد” ناڕووخێ، کەچی هەبوون ئەمە بە لایەنگیریی بۆ ستەم و دڕندەیی تێدەگەیشتن!؟ ئێمە هەشت مانگ پێش هاتنی داعش پێشنیارەکان و شێوازەکانی ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەکی گەورەمان دەخستە ڕوو؛ بەرپرسی باڵای ئەمنی هەبوو دەیوت: ئێوە ئەم زانیارییانە چۆن دەزانن؟ دوو مانگ بەر لە ئێستا لەچوارچێوەی شیکاریی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی دا وتم: ئەمڕۆ قائانی لە کەرکوک بوە! هاوڕێیەکی بەمانای وشە کوردپەروەر تەلەفۆنی کرد، وتی: دەسا برادەرانی ئێمە پرسیارم لێکردون، دەڵێن قائانی لە عێراقیش نەبوە، وتم: جا برادەرانی ئێوە ئاگاداری دۆخەکە بوونایە، ڕەنگە (١٦) ی ئۆکتۆبەر ڕووی نەدایە!
مەبەستم لەو نموونانە، چەند تەوەرێکی گرنگە لای خوارەوە:
هەر لەسەرەتاوە، ئیشی توێژەر ئەوە نییە تەنها باسی ئێستا بکات، یان ڕووداوەکانی ڕابردوو بجوێتەوە، ئەوە کاسبکارێک، یان شۆفێری تەکسییەکیش کە لە ڕادیۆکەیەوە گوێی لە بارودۆخی دونیایە، دەتوانێ قسەی خۆی لەسەریان بکات. بەڵکو ئیشی تۆ لێرەدا ئەوەیە، پێمان بڵێی ئەم ڕووداوانە بەرەو کوێمان دەبەن؟ زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستا ئێمە پەیپەرێکی (18) لاپەڕەییمان “خۆبەخشانە” بەناونیشآنی ” ڕوانگەیەک بۆ پاراستنی ئاسایشی وزەی هەرێمی کوردستان: کێڵگەی کۆرمۆر وەک نموونەیەک” ئامادەکردو بڵاوکردەوە. لەوێدا باسی ئەوە هەیە عێراق ژێر بەژێر لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم خەریکە، کاری چەورتریان لەناوچەکانی ژێردەستەڵاتی خۆی بداتێ، ئەوەتا دوێنێ نا پێرێ بەغدا لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی لە کۆرمۆر ئۆپەرەیشن دەکات، سێ گرێبەستی 20 ساڵەی واژۆکردوە.
زۆرجار ئەمە تاوانی توێژەرو ڕۆژنامەوانە پیشەییەکان نییە، ژینگەکە خۆی وایە کە هەوڵەکان وەک پێویست جێگەی خۆیان ناگرن و تێگەیشتن بۆ بابەتەکان “وەکو خۆی” نییە، چوونکە هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ و لەنێوان دامەزراوە سیاسیی و دەستورییەکاندا نەبووە بۆ تەتەڵەکردنی مەترسییەکان و زیادکردنی دەرفەتەکان، بگرە لە نێوان خۆیانیشدا وەک پێویست نییە، بۆ نموونە؛ لەکەرکوک کورد دوو هێزی ئاسایشی جیاواز هەبوون لە نێوان (2003 بۆ 2017) کە دەچوون تۆمەتبارێک، یان تیرۆریستێک دەستگیر بکەن بێ ئەوەی هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێ، هەردوولا پێکەوە دەیاندا بەسەر ماڵێکدا!
لە بارودۆخی ئێستادا کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەنگەری شکاوەو، جیهان و سیستەمی نوێی ناوچەیی بە تونێلێکی تاریکدا تێدەپەڕن” کەس بەکەس نییە” نەک هەرێمی کوردستان نەخێر هەموو کوردیش پێکەوە یەکبگرن، هێشتا ڕوون نییە دەتواندرێ شتێک بۆ کورد بکرێ، یان نا {ئەمە مانای ئەوە نییە، هەڕەشەکان زۆرن و دەرفەت کەم}، بەڵکو مانای وایە پەرتەوازەیی نە خێزان و نە قوتابخانە و نە حیزب و نە سیستەم و حوکمڕانیی ناگەیەنێ بە هیچ کوێ. لە دۆخێکی وادا کاری توێژینەوە تەنها ئەوەیە کە کلیک لەسەر پرسیارە هەستیارو ستراتیجییەکان بکات و، بە پێی میتودێکی دیاریکراو، ئارگێۆمێنتسازیی بکات، بۆ ئەوەی بە دەرئەنجامی درووست بگات. تۆ شتێک نانووسی، ناڵێیت کە پێشوەخت وەڵامەکەت لە لایە، تۆ دەست نادەیتە قەڵەم، یان کیبۆرد کە پێشتر کراسەکەت دووریوەو خەریکی ناوچەگەرێتی، یان حیقدی حیزبیی و کۆمەڵایەتیت!
ئاریشەیەکی تر، ئەوەیە؛ قسەکردن و نووسین “تەنانەت ئەو توێژینەوانەی لە جۆرناڵە زانستی و زانکۆییەکانی کوردستان دەبیندرێ” بە بێ تیۆرییەک دەڕوا!؟ لاوازیی بەشداری تیۆریی کاریگەریی عەیبدارانەی لەسەر جەستەی نووسین هەیە. زیاتر لەمەش پێکەوە بەستن (تماسك- Coherence) نییە، پەرەگرافەکان، بەشەکانی نووسینەکان قسە لەگەڵ یەکتر ناکەن. کە ئەوانە نەبوو، مانای وایە؛ توێژەر نوێنەری کەرەستەگەلی بەهێز نییە؛ ناتوانێ بەرگریی لە تێزێک، لە بیرۆکەیەک، لە قسەیەک بکات کە هەڵیداوەتە سەر مێزەکە، یان ناو کاخەزەکەیەوە! لێرەشدایە، جارێکی تر تیۆر گرنگە، بۆ ئەوەی بزاندرێ لە چ باکگرەوەندێکی زانستییەوە قسەکەر، یان توێژەر دەدوێ و بیردەکاتەوە. هەیە دەڵێ من پێموایە، بەڵام بەئاسانی دەزانی “ئەو خۆی نییە و، ئەو پێی وانییە” ئەوە فڵان ئێران پێی وایە. بۆیە ئەویش دەڵێ پێموایە، یان حیزبێک، یان گرووپێکی ئایدۆلۆجی لە پشت ئەوەوە پێی وایە، ئیتر ئەمیش پێی وایە!
بەگشتی، تۆ خۆت لەناوەوە ڕاوبۆچوونت چییە و چۆنە، موعاناتەکانت چۆنن و چی نیین، ئەوە بابەتێکی ترە، بەڵام کە دێیتە ناو فەزایەکی واوە تۆ نوێنەری میتۆدیت، تۆ دەڕنەفیزێکت پێیە و وایەر تاقی دەکەیتەوە؛ هێزی کارەبایی تیایە (بەڵێ تێدایە یان نییە) ئیتر کێ پێی خۆشەو ناخۆشە ئەوە ئارەزووی خۆیەتی. تۆ دەگەڕێی بەدوای بەرژەوەندییە باڵاکانی کیانێکدا؛ بێ ترس و دەست لەرزین ئەو میۆد و ڕێوشوێنە لۆژیکیی و زانستییانە چین ئەوە ڕێگەکەیە و دەیگریتە بەر، ئێستا ئەلف و باو جیم ڕایان چۆنە ئەوە شتێکی ترە. پرسیومە: ئێوە لەزانکو ڕێباز و شێوازی نووسین و توێژینەوە دەخوێنن؟ بەدەگمەن هەیە چوار ساڵ، یان چوار مانگی تەواو ئەم وانەیەی بۆ باس کرابێ، تەنها “ناونیشان” و سیفاتەکانی هەڵبژاردنی ناونیشانێکی درووست پێویستی بە چەندین وانە هەیە: ناونیشانێک کە پەیوەندیی نێوان (Variable) دیاربن، کامەیان پشت بەستوە (Dependent) و کامەیان جێگیر و سەربەخۆیە (Independent) ە بۆ نموونە ناونیشانێکی وا: “کاریگەری هەڵکشانی ڕێژەی هەژاریی لەسەر زیادبوونی توندڕەوی لە عێراق” لێرەدا پەیوەندیی نێوان توندڕەویی و هەژاریی پێویستە یەکلاببێتەوە کامیان پشت دەبەستێ بەوەی تر؟ یان جاری وا هەیە ناونیشانەکان هەر لەسەرەتاوە لایەنداریی پێوە دیارە، یان خزمەت بە پێکەوە ژیان ناکات، بۆ نموونە دەنووسێ: کارتە بەهێزەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵ کردنی کەرتی وزەی کوردستان. ئیتر ئاوایە؛ پێویستە بزانرێ قسەکردن بەرپرسیارێتی یە.