عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: یاده‌وه‌ری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامانە
من حسین محەمەدیی هاوڕێم لە پۆلی دووەمی سەرەتایی بووین لە گەڕەکی شەخسەکەی ئابڵاخ لە قەراغ شار، هه‌موو رۆژێک پێکه‌وه‌ ده‌چووین بۆ قوتابخانه‌ی بێکه‌س.
قوتابخانەی بێ کەس و مەولەوی، دوو دەوامی جیا بوون لە یەک بینادا، بەرامبە ئینزیبات خانەی سلێمانی، رۆژانە هێزەکانی لیوای( زەعیم سدیق )، هاولاتیانیان لەسەر شەقام و کۆڵان و ناو بازاڕ و ماڵ و گەڕەکانی شار دەسگیر دەکراد و لە زیندان ئەشکەنجەیان دەدان.
مانگی یەکی زستان بوو، باران بە تاو دەباری، لافاو لە هەردوو چەمەکەی خوار شەخسەکەوە هەڵسابوو، هیچ کەس نەیدە‌توانی لە چەمەکە بدات و بپەڕێتەوە بۆ ئەو بەری چەمەکە، له‌ وێوە بگاتە ویستگه‌ی ئامانه‌که‌. ویستگەی ئامانەکە و خاڵی پشكنینی شار، لای ویستگەی کاره‌باکە به‌رامبه‌ر نادی ئه‌ندازیارانەوە بوو.
ناوبە ناو، لە ناکاو دەنگی چەخماخەی هەورە بروسکە رایدەچڵاکاندین، بارانەکەی بەتاوترو خوڕتر دەکرد، هەردووکمان بە بەردەم خانی مەڕو ماڵاتەکەی عەبەی قیروان، بە ناو قوڕ و چڵپاوەکەدا خۆمان گەیاندە سەر پردی جادە قیرەکەی شەقامی سالم. بە هەنگاوی خێرا گەیشتینە ویستگه‌که‌ی ئامانەکە، جەستەمان ئەوەندە تەڕ بوو، ئاوی لێ دەچۆڕا.
هەندێ لە جابی ئامانەکان میهرەبان بوون، دەیانزانی پارەمان پێ نییە، هیچیان پێ نەدەوتین، چەند جابیەکیان دڵ رەق بوون، دایان ده‌بەزاندین.
جابییەکە ‌سەیری هه‌ردووکمانی کرد، له‌ ویستگەی سەهۆڵەکە هەردووکمانی دابەزاند. به‌ هه‌نگاوی خێرا و بە هەڵوڕە رێگا دوورو درێژە کەمان گرتە بەر، کە گەیشتینە بەردەم کارگەی جگەرەی شار. کاروانی ئەو زیلە عه‌سکه‌ریانه‌مان بینی، سەراپا شەقامی سالمیان، لەم سەرەوە بۆ ئەوسەر داگیر کردبوو، هەمووزیلەکان پڕبوو، له‌ چه‌کدار به‌ جلی کوردییه‌وه‌.
ژنێکی عەبا بەسەرمان، لە بەردەم تەلبەندی باخچەی بەردە گای کارگەی جگەرەکە بینی، بەکزییەوە لە بن دار ئەرجەوانەکەدا وەستا بوو، روی کردە ئێمەو وتی: ئه‌مانه‌ جاشن بەکرێ گیراون، چەکیان دژ بە نەتەوەکەیان هەڵگرتووە، تاوێکی تر لە گەڵ عەسکەرەکان روو دەکەنە گوندەکان، بە دوای پێشمەرگەدا دەگەڕێن بیانکوژن، گونده‌کان خاپوورو تاڵان دەکەن.
قسەکانی ئەو ژنەو دیمەنی ئەو هەموو زیلە عەسکەرییەو ئەو هەموو جاشە بە چەک و بەجلی کودییەکانیانەوە، ترس و گومان و رق و تراژیدیای نامۆی لە ناخی ئێمەدا دروست کرد، ده‌یان پرسیاری سادەی بێ وه‌ڵامی لا دروست کردین. لەو کاتەوە وشەی پێشمەرگەو جاش بوو بە تێڕوانینی دوو تای تەرازوو جیاواز.
ئێمە بە دریژایی شەقامەکە زیل بە زیل سەیری جاشەکان و جلە کوردییەکان و چەک و فیشەکەکانیمان دەکرد.کاتێ بە ئاگا هاتینەوە، درەنگ کەوتبووین به‌ خێرایی به‌ راکردن، بەناو جاشەکان و زیلەکاندا خۆمان گه‌یانده‌ قوتابخانه‌، ئه‌و رۆژه‌ تاقی کردنه‌وه‌ی نیوەی ساڵی وانه‌ی ئاین بوو.
گه‌یشتینه‌ به‌ر ده‌رگای پۆلەکە، مامۆستای ئاین دەفتەرێکی بە دەستەوە بوو، تاقی کردنه‌وه‌ی هه‌موو قوتابییەکانی ته‌واو کردبوو ، دەیویست بگەڕیتەوە بۆ ژووری مامۆستاکان، ئێمه‌ی بینی وەستا، به‌ هه‌ناسه‌ سواری گه‌یشتیونەتە به‌رده‌می، وتی: بۆ دوا که‌وتوون، نازانن تاقی کردنەوەتان هەیە.
وتمان : مامۆستا ماڵمان لە قەراغ شارە، جابی ئامانە کە دای به‌زاندین، به‌ راکردن هاتوین، هەمووشه‌قامه‌که‌ بە جاش و زیلی عه‌سکه‌ری تەنرابوو.
بەرووخسارێکی هەڵبزڕکاوەوە رووم کرده‌ مامۆستا وتم: بەخوا خەتای جاشەکان و زیلەکان بوو، هەموو شەقامەکەیان لێ گرت بووین.
مامۆستا گوێی لە ناوی جاش بوو، بزیەک گرتی و سه‌یرێکی روخساری هه‌ردووکمانی کرد و به‌ منی وت: ئادەی ئایه‌تی(………) بڵێ.
یه‌ک دێڕم وت و وه‌ستام. ئایەتەکە زۆر قورس بوو، له‌ به‌رم نه‌بوو.
رووی کردە حسین و وتی : تۆ ئایه‌تی (……..) بڵێ.
حسین زۆر زیرەک بوو وه‌ک بولبول به‌ ده‌نگێکی به‌رز ئایه‌ته‌که‌ی وت، منیش له‌ گه‌ڵ حسیندا، وەک کۆرس ئایەتەکەم دەوتەوە، مامۆستا بەو دیمەنە پێ دەکەنی، بە پاندانەکەی دەستی، دوو ژمارەی لەسەر دەفتەرەکەی دەستی نوسی.
خەمێکی قوڵ ناخی داگیرکردم: گومانم هه‌بوو، ئایەتەکەم لە بەر نەبوو، له‌ وانەیە لە وانه‌ی ئایندا، سفر بێنم و دەرنەچم
دوای چه‌ند رۆژێک کارتمان وه‌رگرت، لە هەموو وانەکان نمرەی 10مان بۆ دانرابوو، لە وانەی لە ئایندا نمرەی 6 بۆ هەدووکمان دانرابوو.

وێنەکە: سەردار فەتاح ئەمین و عەبدوڵا کەریم مەحمود، حسین محەمەد ئەحمەد .
* سدیق مستەفا، ناسراو بە (زەعیم سدیق )، سەربازێکی سوپای عێراقی خەڵکی موسڵ بوو، دوای کۆدەتای 14ی گەلاوێژی 1958 پلەی سەربازییەکەی بەرزکرایەوە، کرا بە فەرماندەی لیوای پێنج لە سلێمانی و لیوای بیستی سوپای عێراق، ئەو دوولیوایە بەشداری شەڕی عەرەب –ئیسرائیلیان کردووە.
لە 8ی حوزەیرانی 1963بە لیواکەیەوە رووی کردبووە چیای گۆیژەو ئەزمڕ ، رووبە رووی سەنگەری بەرگری پێشمەگە ببونەوە و گەڕایەوە بۆ ناو شار.
لە نۆی حوزەیرانی 1963 منع تەجەولی لە ناوشار راگەیاند، چوار کەسی لە یاریگای سلێمانی گولە باران کرد ، 80 هاوڵاتی دەسگیر کرد و لەحامیەی سلێمانی کۆمەڵ کوژی کردن/ جەللادەکە9ی حوزەیرانی 1963/ پەیسەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت