بەهرۆز جەعفەر: قەتەر وەک هێزێکی ناوچەیی کارا.
قەتەر، وڵاتێک ڕووبەرە جوگرافییەکەی بچوکترە لە پارێزگایەکی وەکو سولەیمانی، بەرەو دوو دەیە دەچێت لە کەنداوی عەرەبیدا زیاتر لە هەر وڵاتێکی ناوچەکە لە کۆڕوکۆڕبەندی زلهێزەکاندا قسەی گەورەو یەکلاکەرەوەی هەیە. لە پرسی قاعیدە و تاڵیبان و داعش و ئیخوان دا. قەتەر، یان پاڵپشتیکەری سەرەکییە، یان نێوەندگیر بوە، یان بەبێ ئاگاداری ئەو دۆسییە ئایدۆلۆجییەکان لە جیهانی دەرەوەدا بەڕێوە نەچوون. تاکەکانی بەرزترین ئاستی داهاتیان هەیە، خاوەنی یەکێک لە بەهێزترین پاسەپۆرتە جیهانییەکان و، پێشکەوتووترین هێڵی ئاسمانین. بچووک بەژمارەی دانیشتوان ژمارەیان نەگەیشتۆتە 3 ملیۆن کەس، بچووک بە ڕووبەری جوگرافی، بەڵام کاریگەر لە ڕووی ئابوریی و دیبلۆماسی و ئاسایشی ناوچەییەوە: قەتەر هەر لە ڕووسیاوە تا هیندو چین تا ڕووداوە گەرمەکانی عێراق و سوریا و فەلەستین وەک یەکەیەکی ناوچەیی یەکلاکەرەوە بەشداریی هەیە.
لە دەوحەی پایتەخت: سی ئای ئەی و مۆساد و ئیتڵاعات و کەی بی جی و میت و نوێنەرایەتییەکانی تاڵیبان و حەماس و هێڵە گەرمەکانی ئیخوان بارەگایان هەیە، شەوانە بێ، یان ڕۆژانە سڵاوی گەرم لەیەک دەکەن. دەوحە بوە بە یەکێک لە چێشتخانە سەرەکیی و گەورەکانی ناوچە، تا پێچانەوەکان لەوێ تەواو نەبێ، ڕووداوەکانی ناوچەکە وەک پێویست داخ نابن.
هۆکاری دەرکەوتنی قەتەر وەک هێزێکی ناوچەیی گرنگ، بەگشتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە:
یەکەم/ قەتەر بە بەراورد بە زۆبەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی، ململانێ و جەنگی تایەفی و ڕەگەزپەرستی تێدا نییە. بە پێچەوانەوە سیستەمێکی «قەبەلی» مۆدێرنی هەیە.
دووەم/ قەتەر خاوەنی (24.7) تریلیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتییە، ئەمە قەتەری کردوە بە خاوەنی سێهەمین یەدەگی جیهانی گاز. ئەمە جگە لەوەی نەوتێکی بەرچاویش بەرهەم دەهێنێ و هەناردە دەکات، لە 2023 دا ڕۆژانە (890) هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردوە. شارەزایان قەتەر بە یەکەم بەرهەمهێن و هەناردەکاری گازو نەوت دادەنرێن لە جیهاندا، چوونکە ڕووبەرێکی جوگرافی زۆر بچووک، ژمارەی دانیشتوانێکی زۆر کەم، هەڵکەوتنی لەسەر دەریا وایکردوە کەمترین بڕی ئەوەی بەرهەمی دەهێنێ بۆ پێداویستی ناوخۆ بێ ( قەتەر بە قەد گەڕەکێکی پەکین یان مۆسکۆ نابێ).
سێهەم/ قەتەر خاوەنی گەورەترین دامەزراوەی میدیایی جیهانییە کە «جەزیرە» و بەشەکانییەتی.
چوارەم/ لە قەتەر گەورەترین بنەو بارگەی ئەمریکییەکان هەیە.
پێنجەم/ بە بەراورد بە هەرێمێکی وەک کوردستانی عێراق کە سێ شاری سەرەکی بچووکە و، زیاتر لە شەش دەیەیە لە نێوان دوو گرووپی سیاسییدا دابەشکراوە، هیچ یەکێ لە دوو حیزبە کوردییەکە خۆی بەخاوەنی نەک هەموو کوردستان، بەڵکو هەرێمەکەش نازانێ. تەنها خاوەندارێتی لە حیزب و کەسانێکی کەمی زۆر نیزیکی سەربەخۆیان نەبێ ناکەن. قەتەر ناوخۆی وڵاتەکەی خۆی بەتوندی یەکخستوە، هەموو تاکێکی قەتەری بۆ حکومەت و سیستمەکە لە پێش هەموو کەس و شتێکی دیکەوەیە، کەمترین تاوان لەو دەوڵەتە بچووکەدا ڕوودەدات، دۆستی ئێران و ئەمریکاو حیزبوڵڵاو ئیخوان و تاڵیبان و حەماس و ئیسرائیل و تورکیایە پێکەوە. پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ڕووسیا هەیەو زۆرترین مۆڵکیان لە بەریتانیا کڕیوە. بە بێ قەتەر بڕیاردان لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و جامیعەی عەرەبی ئاکامەکەی کەموکورت دەبێ.
ڕێکخستنی بۆنەیەکی جیهانی وەک مۆندیالی 2022، بەرزبوونەوەی نرخی وزە، کە قەتەر بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرەکانی جیهان دادەنرێت. هەروەها دەرچواندنی یاسای ناوخۆیی کە بەشداری کرد لە زیادکردنی وەبەرهێنانەکان، فراوانکردنی وەبەرهێنانی بیانی. ئینجا بەشداری کەرتە نا- نەوتییەکان لە زیادکردنی داهاتی نیشتمانی دا، وەهایان لە قەتەر کردوە کە هێزی زیاتر بۆ بەرز ڕاگرتنی ئاسایشی نیشتیمانی خۆی بەرجەستە بکات، بیسەلمێنێت کە دەتوانێ لە کاروباری ئەوانی دیکەشدا دەتوانێ ڕۆڵ ببینێ ( دەستوەربدات) تا کەی و کوێ ئاوها بەردەوام دەبن؟ جارێ زلهێزەکان ئەولەویەتی دیکەیان هەیە.