شێرزاد شێخانی: ناشیرینبوونی رەمزە جوانەکانی کورد.
هەولێریات
هەر جارەکی بابەتەکم براو دەکەمەوەو هاوڕێیانم کۆمینتم لۆ دەنوسن و ڕەحمەت لۆ گیانی بابو داکم دەنێرن، لەخۆشیان باڵدەگرم و بەرەو عاسمان دەفڕم. هەست بە شانازییەکی زۆر گەورەش دەکەم کاتەک کەسەک دەزانی کوڕی حاجى رەمەزانی چایچی نادی مۆزەفینم و هەزار رەحمەتی لۆ دەنێرێ.
جیلی ئاڵتونی ئێمە هەموومان کوڕی بابی خۆمان بووین. بابەکانمان هەموویان نەجیبزادەو خانەدانی سەردەمی خۆیان بوون، لۆیە لەناو موجتەمەع رێزو تەقدیری زۆریان هەبوو و هەر بە سەربەرزیش دەمێننەوە کە ئەوەش گەورەترین سەرمایەی ئینسانی ئەسڵزادەیە. لەناو هەر مللەتەکی ئەو دونیایەشدا چەندان پیاوی مەزن و سەرکردەی نیشتمانپەروەرو تێکۆشەر هەبوون کە بە درێژایی تەمەنیان هەوڵیان لۆ ئازادی و سەرفرازی گەلەکانیان دایە و هەندەکیان بوونە رەمزە جوانەکانی ناو میللەتەکەی خۆیان.
سی و دوو سارە ئەو هەرێمەی مە ئازاد بووە. بەدرێژایی ئەو سارانەش حکومەتی خۆماڵیمان هەبووە. هەر وەکو رێزگرتنەک لەو رەمزە جوانانەی شۆڕشەکانمان متمانەمان بەو دەسەڵاتەی هەرێمەکەمان دایە بە ئومێدی ئەوەی ڕۆڵەی ئەو رەمزە جوانانەمان هەوڵو تێکۆشانیان لۆ خزمەتی میللەتەکەیان بی و سەری باب و باپیرانیان لەبار چاوی میللەت بەرز بکەنەوە. بەڵام بەداخەوە پاش سی و دوو سار لەحوکمی سەربەخۆو بەو هەموو سەروەت و سامانەی هەرێمەکەشمان نەیانتانی نموونەیەکی جوان پێشکەش بە میللەتەکەمان بکەن.
لەبەر دزینی سامانی میللەت و بەهەدەردانی، لەبەر زوڵموستەمی دەسەڵات و نەهێشتنی ئازادیەکان، لەبەر کوشتوبڕی خەڵک لەسەر ناڕەزایی دەربڕین، لەبەر برسیکردنو بڕینی قووتی خەڵک، لەبەر نەمانی عەدالەت لەدابەشکردنی سامانی وڵات و دەوڵەمەندکردنی تاقمێکی بچووکی دەوروپشتی دەسەڵات، لەبەر وێرانکردنی هەموو سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری پەروەردەو تەندروستی، لەبەر ناشیرینکردنی قییەمە کۆمەڵایەتیەکان، لەبەر نەهێشتنی رووحیەتی نیشتمانپەروەری و ئینتمای کوردایەتی، ئەوڕۆ بچیە ناو هەر مەجلس و کۆڕو کوبوونەوەیەکی خەرک، گوێ لەڕازی دوو کوردی خۆمانە بگری، دەبینی ئەو میللەتەی جاران ئامادەبوون گیانی خۆیان لەپێناو شۆڕشەکانی کوردو رەمزە جوانەکانی بەخت بکات، ئێستا هەر ئەو خەڵکەن هەزار نەفرەت لەو رەمزانەو لەکورد بوون و بگرە جوێنیشیان پێدەدەن!.
یەک بە خۆم پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی کورد بووم، لەوەتەی ئەو دەسەڵاتەی هەرێمەش دامەزراوە هەمیشە بە قەڵەمەکەم ڕەخنەی زۆر تووندیشم لەدەسەڵات گرتیە، بەڵام سوێند بەخودای تاکوتەنها لەناخی ناخی دڵمەوە پێم ناخۆشە کە دەبیستم خەڵک نەفرەت لە رەمزە جوانەکانمان دەکەن!.
ئەوان زۆر بە دڵسۆزی لەپێناو میللەتەکەیان تێکۆشان، ئەرکی خۆیان بەجێهێناو ئەو دەسەڵاتە جوانەیان دامەزراند، مخابن کوڕو نەوەکانیان نەیانتوانی ئەو ئەمانەتە بگەیننە جێگای خۆی. ئەوەشە وایکردیە تووڕەیی میللەت بگاتە ئەو ڕادەیەی نەفرەت لەرەمزەکانمان وتەنانەت لەکوردایەتیش بکات!.
باقی وەلسەلام ..
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts