عیماد عەلی: پێویست بوو پارتی پاش ریفراندۆم چی بکات؟
هەر کەس و لایەن و پێکهاتە و رێکخراوێک، خاوەن کەسایەتی و ناو و ناوبانگی مێژووی تایبەتی خۆیەتی، بچوکترین هەڵوێست و جموجوڵ و سیاسەت و پەیوەندیی گشتی و تایبەتی و تایبەتمەندی خۆی و سەرکردایەتی و کەسایەتی و خەڵکانی تایبەت بەخۆی و کەسە نزیک و ناودارەکانی، کاریگەریی لەسەر رەوتی سیاسی و ژیانی ئەو پێکهاتە و رێکخراو و تەنانەت حزب و کەسە باڵاکانی دەبێت و هەموو هەڵەیەکیان بە وردی حسابی لەسەر دەکرێت و ناکرێت لەهەر کاری نەرێنی، یان ئەرێنیەکی بێبەری بکرێت و حسابی بۆ نەکرێت، یان حسابی لەسەر نەکرێت. چ جای ئەوەی ئەگەر هەڵوێست و جوڵەکەی سیاسی گەورە بێت و پەیوەندی بە کۆی گشتی خەڵک و میلەت بەگشتیەوە هەبێت و زەرەر یان زیانی بۆئەوان بێت.
بە پشت بەستن بەم روانگەیە، ریفراندۆم گەورەترین هەڵوێستە کە پارتی و بارزانی لە ژیانی سیاسی خۆیان هەنگاویان بۆ ناوە و ، هەر بەو پێیەش دەتوانرێت هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێٍست و راستودروستی هەنگاوەکانیان و راستگۆییان لەگەڵ خەڵک و رێژەی دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتیان بپێورێت و راستگۆییان لە پێش و پاش ریفراندۆم بخرێتە روو.
ریفراندۆم گەورەترین هەڵوێست بوو کە قۆناغێکی جیاوازی لەدوای خۆی هێنا و ، هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ نسکۆی شۆرشی ئەیلول نەبوو، ئەگەر گەورەتر و کاریگەرتر نەبوبێت. هەر لەو پێودانگەوە چاوەرێیی زۆر هەنگاو لە بارزانی و پارتی دەکرا، کە بەداخەوە بە پێچەوانەوە ئەوەی چاوەروان نەکرا بۆ هەموان دەرکەوت. بەرژەوەندی دوارۆژی خەڵک، یان پشتگوێیان خست و ماکی راستەقینەی خۆیان بە ئاشکرا بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان دەرخست و ئەوەیان زۆر بە جوانی بۆ هەمووان روون کردەوە کە پارتی و بارزانی ئەم شۆرشەیان بۆ چی کردووە، یان بەکارهێناوە، یان چۆن بە کردەوە پێچەوانەی قسە و گوفتارەکانیان دەرخستووە و پێچەوانەکەیان تۆمار کردووە. ئەگینا لەپاش ریفراندۆم، خەڵک چاوەرٍێیی ئەوە بوون کە هەر هیچ نەبێت بارزانی و پارتی دانیشن و بۆ خەڵکی روون کەنەوە و بڵێن ئەوەی لە تواناماندا بوو کردمان، تا ئەم رادەیە پێمان کرا، با خەڵکی دیکە بتوانن رێگەی راست و گونجاوتر بگرنەبەر، ئێمە یارمەتیدەر دەبین. یان بۆ ماوەیەکی درێژ خۆیان سر بکردایە و چاوەرٍێی هەللی گونجاوتر و دروستریلان بکردایە و راستگۆیی خۆیان بسەلماندایە. هەر بەو شێوەیە راستگۆیی و باوەرٍبون بە پرسەکە و بە گەلی کوردستانیان بۆ هەمووان دەسەلماند و هیچ خاڵێکیان لەسەر تۆمار نەدەکراو ئەوەش بۆ خەڵک دووپات دەکرایەوە کە ئەم حزبە و سەرکردایەتیەکەی و بنەماڵەی بارزانی، خەبات لە پێناو گەلی کوردستان دەکەن، لە پێناو دوارۆژەی نەوەکانی هەوڵیان داوە نەک بنەماڵە و گیرفان و بەرژەوەندی تەسکی حزبی و بنەماڵەیی و عەشیرت و کەسەکان. بەڵام بەم هەڵوێستەیان لە پاش ریفراندۆم و هاتنەئارای ئەو گیروگرفت و چەرمەسەری و نەبوونی و پێگە لاواز و داش لارەیان، هەموو قسە و ەخنەیەکیان رای بەرامبەر سەلماند و خەڵک و چاودێران لەسەر ئەم حزب و بنەماڵە و عەشیرتە باس و خواسی زۆریان دەکرد و کەس باوەرٍی نەکرد.
ئەگەر تەماشایى کوردستان لە پاش ریفراندۆم و رەفتاری پارتی و بارزانی و ئەم سەرکردانە بکەیت، زۆر شتت بۆ روون دەبێتەوە، لە پێشەوەی هەموو شتێک و گەورەترینیان:
1- پارتی و بارزانی جگە لە بنەماڵە و عەشیرەت و کۆمەڵە کەسێکی خاوەن بەرژەوەندی و قازانج ویست هیچ باوەرێکیان بە پرسی عادیلانەی میلەتەکە نیە.
2- ئەوەی بەم شۆرش و دەسەڵاتەوە بەستونیەتەوە تەنها و تەنها و تەنها بەرژەوەندی ئەو بازنە تەسکەیە و هیچی تر.
3- لای ئەوان، خۆیان و عەشیرەت و حزبەکەیان لە هەموو گەلی گوردستان گرنگترە و تەنها هەر سودی خۆیان دەوێت و هەموو شتێک دەکەن بە قوربانی ئەو کۆمەڵە خەڵکە و بەس.
ئەگینا، لە ریفرادنۆمەوە تاوەکو ئەمرٍۆ باری لاری کورد رۆژ لە دوای رۆژ لە دارٍمانی یەکجاری نزیکتر دەبێتەوە و نسکۆ و ئاشبەتاڵێکی گەورتر چاوەرێمان دەکات و ئەو بەرژەوەندخوازانە مێش میوانیان نیە. بۆیە جگە لە دارٍمان و نسکۆ و لەناوچون، هیچ ئاسۆیەک لەم بارە بە زاڵبونی ئەم کۆمەڵە خەڵک و بەرژەوەندخوازانە نابینرێت کە هەموو چارەنوسی ئەم گەلەیان بەدەستەوەیە، کەچی ئەوەی جێگەی بەدبەختیە و ئەو لایەن سەکردانەی رکابەریان دەکەن کە ئێڵی تاڵًەبانی و یەکێتیە، ئەوانیش هەمان رێگەیان گرتۆتە بەر و زەرەرٍەیەک جیاوازیان نیە، ئەو وردیلەکانی دیکەش لە جێی نەبووانن.