عەبدوڵا کەریم مەحمود: هەقیقەت.
پایزی 2021 لە گەڵ کاک کارزان کۆیی و کاك شێخ جەمال و کاک ستار سەنگاویی و کاک شێرزاد حەمەساڵح رەباتی و کاک شێخ کەریم نێرگزەجاڕی و کاک بیلال هاودیانی، پێکەوە لە بۆنەیەک دانیشتین، یەکەم جاربوو لە گەڵ کاک کارزاندا لە نزیکەوە بە دیداری یەک شادبین.
کارزان کەسێتیەکی هێمن و مەنگی دەروون پاک بوو، نموونەی ئەدەب و رێز و خۆشەویستی و راست گۆیی بوو لە بێ دەنگی و ئارامییەکەیدا، بە پەرۆشەوە بە بەردەوامی بێ ماندووبوون و بە دوای ئەو هەقیقەتە تاڵەدا عەوداڵ بوو: هەندێ لە دەسەڵاتدارانی ئەم نیشتمانە و هەندێ لە دەم هەراش و زۆربڵێکان، بە ناوی ( ئاینی پیرۆزی ئیسلام) ـەوە.
بە هاش و هوش و بە درۆی گەورە و بچوک، دوور لە هەموو بەها پیرۆزەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر، دەیان چیرۆک و رووداو و بەسەرهاتی بێ بنەما، بە عەقڵی داخراو و بە خەیاڵی خەرافیاتی خۆیان، بەزمانێکی ساردو سڕ نمایش دروست دەکەن. ئەو وتارە بێ بنەما و نا لۆژیک و پوچەڵانە پڕە لە سیناریۆی خەرافیات و نمایشی درۆو روپایی.
دەم هەراشەکان لە وتارە درێژو ساردو سڕە بێ بنەماکانیاندا بەپلان و بەرنامەی ژەهراویی داگیرکەرانی نیشتمان. هەموو بەهاجوانەکانی کلتوری کۆمەڵگای کوردی و شکۆی مرۆڤ و مرۆڤایەتی ون دەکەن.
لەو بۆنەیە و لە هەموو بۆنەکانی تردا کارزان لە بۆتەی هەموو بەها جوانەکاندا، بە ئارامی و لۆجیکانەو بەزمانێکی پاراو، بە ئەدەب و بە رێزو خۆشەویستی یەوە، گوێ لەراو بۆچوونی جیاوازی بەرامبەرەکەی دەگرێت. بە شێوەیەکی زانستیانە هەموو درۆ و خەرافیات و بابەتە هەڵبەستراو داتاشراو و نابەجێ و نالۆجیکەکانیان بە رۆشنگەریەکی قوڵ و وردی زانستیانە بەتاڵ دەکردەوە، هەموومانی بە ڕاو و بۆچونە جوان و پڕ لە هەقیقەتە زانستیەکانی، لە یەک ویستگەی لۆجیکانەدا کۆ دەکردەوە.
باڵاترین لوتکەی هەقیقەتەکانی سروشتی ژیانی مرۆڤ ئەوەیە. مرۆڤ کاتێ دەتوانێت مرۆڤ بێت و مرۆڤانە هەڵسوکەت بکات و مرۆڤانە بژی، درۆ لە گەڵ ناخی خۆی و کۆمەڵگەکەیدا نەکات.
ئێمە ئەو هەموو هەقیقەتە پڕ لە شکۆمەند و باڵایەمان لە روخسارو زەردەخەنە و لە وتارو و لێدوانی دەروونی پاکی و کەسێتی کارزاندا دەخوێندەوە. وەک دوا تیشکی زەردەی ئەو ئێوارە رۆمانسییە دەدرەوشایەوە .
هەموو تەمەنی کارزان و ویستگەی یادەوەرییەکانی ژیانی پڕبوو لە تێرامانی فەلسەفەی هەقیقەتێکی لۆجیکانەی تاڵ. پڕ بوو لە راستگۆی و هەڵوێست و ئەدەب و وەفاو ئەمەک. پڕ بوو لە بەهای خۆشەویستی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و شکۆی باڵای نیشتمان.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگاییکردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts