عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: کورسی شەرمەزاری.
حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی حیزبە سیاسییەکانی کورد، لە پەرلەمان و حکومەت پڕە لە کێشەی ئاڵۆز و داخراو دژوار، پڕە لە جیاوازی نێوان جوگرافیای شارەکان، پڕە لە قەیرانی عەقڵی چەق بەستووی حیزبایەتی خێڵەکی و خانه‌واده‌یی و بنه‌ماڵه‌یی.
هاوڵاتیان له ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی نیشتمان، رۆژانە ئەو هەموو ململانێ نابەجێ و ناپەسەندو جیاوازی و دیاردە نەشیاوانەی ناو ئۆرگانەکانی (مەڵبەندو لق) و (کۆمیتەو ناوچە) کانی حیزبەکان دەبین.
شەڕی ناو هۆڵی پەرلەمان و دەنگی ناسازی پەرلەمانتارەکان، چۆن بە مەزاجی عەقڵی حەکیمانەی سەرکردەی حیزبەکان، هەموو دەستوورو یاسای کایەکانی حکومەتی هەرێمیان لە بناغەوە هەڵتەکاند؟
ئه‌م سه‌رکردانه، دوور له هه‌موو به‌هایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و مرۆڤایەتی، بە عەقڵی نەرجسیەتی داخراویان هه‌موو خەون و توانای لەبن نەهاتووی گه‌نجی ئه‌م نیشتمانه‌یان خستە په‌راوێزه‌وه و سڕیانەوە.
ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران و کادری( ئینیهازی و ماستاوچی و کاسه‌لێس و خائین و جاسوس ) و هیچ له بارا نه‌بوویان، له هه‌موو ئۆرگانەکانی حیزب و کایەکانی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم، به پلان و بەرنامەو نەخشە و سیناریۆی جیاجیا دامه‌زراندووە.
ئه‌م ئه‌زمونه‌ی دەسەڵاتدارانی کورد، به پێی به‌رنامه‌و نه‌خشه‌و پلانی داگیرکه‌رانی نیشتمان، هه‌موو به‌هایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و کلتووری کوردیان سڕییەوه.
ئه‌م سه‌رکردانه لە ژانێکی ئەوەندە رەفاهیەتدان نە هەستیان ماوەو نە شعور، نەبەهای شکۆی ویژدانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، گێل ئاسا بێ ئاگان، لە نەهامەتی و بێ بژێوی تا سەر ئێسکی هاوڵاتیان، بوون بە هێڵی تەریب و لە خەڵک دابڕان. تەرازووی جیاوازی ژیانی حوکمڕانانی کورد‌و هاوڵاتیان، بە قەد دووری زەوی و ئاسمانە.
هاوڵاتیان بێزارن لە دەسەڵات، بە زەرویان دەزانن و خوینیان دەمژن، سەرکردەکانیش له ناو خۆیاندا، یه‌کتریان خۆش ناوێت و دژی یه‌کترین.
گرێی ده‌روونی سایکۆلۆجی ئەم دەسەڵات دارانە، ئەوەندە ئاڵۆز‌و دژوارە، پڕه له رق و کینه‌و پاشقول گرتن و چاڵ هەڵکەندن بۆ یەکتریی و سیناریۆ ی کەشتیەکی تێك شکاو لە زەریای گەندەڵیدا.
ره‌فتاری سەرکردەکان و حوکمرانەکان، ئه‌وه‌نده ناڕه‌وا و ناشرین و ناپه‌سه‌ندە، پڕە لە درۆ‌و فێل و ناعەدالەتی و غەدر، پڕە لەرەفتاری ناشرین و پڕە لە مێژووەیەکی پڕ لە شەرمەزاری و رسوایی.
دەیان که‌ناڵی میدیای زەبەلاحیان، لەسەر ئێسک و پروسکی شەهیدان داناوە. دەیان و سەدان رۆژنامه‌نووسی ماستاوچی و نووسەری دووفاق و ده‌رباریان لە کۆمپانیای حیزبەکانیان دامەزراندووە.
رۆژانه سه‌دان هه‌واڵ و راپۆرته هه‌واڵ و به‌رنامه‌ی سه‌قه‌ت و پروپاگەندەی بێ سەرو بەرو درامای دۆبلاج کراوی ئاست نزمی بێگانه، دوور له داب و نه‌ریتی کۆمەڵگەی کورده‌واری دهگەیننە هه‌موو ماڵه‌کان. به‌و هەموو کەناڵ و پروپاگەندەو به‌رنامە ئاست نزمانە، ئه‌وه‌نده‌ی تر ژیانی گه‌نجه‌کانیان تەم و مژاوی تر کردووە.
ئەم حیزبانە بە پێی مەزاجی سەرۆکەکانیان قوڕمیشی کەناڵەکان و رۆژنامەنووسە لەب لەبانەکان دەکەن، بۆ دژایەتی و شه‌ڕو ململانێ ناڕوا و نابه‌جێ یەکتریی. له که‌ناڵه جیاجیاکانیان و له شۆسیال میدیاکهکانهوه، شەڕیکی دەروونی ئاڵۆز په‌خش ده‌که‌ن. بە رق و کینه و توند‌و تیژی و پاشقول گرتن و سیناریۆو چاڵ هەڵکەندنەکانیان دەگەیەننە ناو هەموو خانەوادەو ماڵەکان.
ئه‌م دەسەڵاتدارانەی کورد تەنیا نوێنه‌ری خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌کانی خۆیانن، هەموو پروپاگەندەکانیان بە کاسه‌لێس و مه‌قاش و ماستاوچی و پەرپوتەکانیان هەڵدەسوڕێنن.
دەسەڵاتدارانی کورد لە ئەزموونی 32ساڵەی حوکمرانیان نەیانتوانی ئەو جوگرافیایەی لە جەستەی باشووری کوردستان دابڕابوو، بخەنەوە سەر هەڕێم، مادەی 140یشیان دۆڕاند.
چەند ساڵیکی تر، جوگرافیای ( کەرکوک و سلێمانی و هەولێر و دهۆك ) بە مەزاجی عەقڵی حەکیمانەی حیزباتەتی لە دەست دەدەین.
کوا دام و دەزگا کانی هەیمەنەی حکومەتی هەرێم؟، زۆربەی ئەو دام و دەزگا خزمەت گوزارییە گشتیانەی هاوڵاتیانیان کرد بە کەرتی تایبەتی بۆ دەسکەوتی خۆیان، ئەوەندەی تر بژێوی هاوڵاتیانیان قورس تر کرد.
حوکمرانانی کورد بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی ده‌یان و سه‌دان کێشه‌ی سیاسیی و ئابووری و کلتوریی و ده‌روونی، هاوڵاتیانیان لە بژیوی ژیانیان بێ بەری کردووە.
که‌سێتی تاکی کوردیان بە جۆرێک تێک شکان‌و هاریوە، تف لە رابووردوی خۆیان و حوکمڕانان دەکەن. بە هەموو پێوه‌رێکی سیاسیی و دەستووریی و یاسایی و ئابووریی و میژوویی و کۆمەڵایەتی و کلتووریی و دەروونیی، دەسەڵاتدارانی کورد هۆکاری سەرەکی ئەم هەموو ستەمەن و بە ئەمری واقع، مەقاشی داگیرکەرانن بۆ تراجیدیای نەهامەتی، ئەوەندە بێ چاوڕوون دەست بەرداری کورسی شەرمەزاری نابن.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts