عوسمان عومەر: پاراستنی دەستنوسێک بووە مایەی خێر.
چیرۆکی ئەنشتاین و خوێندکارە عیراقیەکەی زۆر دەمێک بوو کورداندنم بۆ کردبوو، بەلام لەناو جەنجالی کۆمپیوتەردا لێم بزر ببو بۆم نەدەدۆزرایەوە ناونیشانەکەم بیرنەدەکەوتەوە پیری و هەزار عەیب هەندێجار.
ئینشتاین ساڵی 1922 لەگەشتێکی بۆ ژاپۆن، لەوکاتەی ئاشکرا بوو کەخەلاتی نۆبلی بۆ فیزیا بەدەست هێناوە، لەو ئوتێلەی لێی بوو هیچ پارەیەکی پێنەبوو بیدا بەو کەسەی کەخزمەتکارو چای بۆ دەهێنا، بۆیە پێنوسێکی گرت بەدەستەوەو لەپارچە کاغەزێک تێیدا نوسی: ژیانێکی ئاسودەو ساکار، ژیانێکی خۆشت بۆ فەراهەم دەکات تا تێکۆشان بۆ سەرکەوتن ماندوبونێکی تاقەت پڕوکێن و بەردەوام. واژوی لەسەرکردو دایە دەستی کابراو ئامۆژگاری کرد کە هەلیگرێت و گرنگی پێبدا و نەیفەوتێنێ.
دوای 95 ساڵ و لەساڵی 24. 10. 2017 یەکێ لەبرازاکانی کابرای خزمەتکاری ئوتێلەکە پەیوەندی بەشوێنی ئاشکراکردنی ئازاد ( مەزاد)ەوەکرد، ئەو پارچە کاغەزەی خستە مەزادەوە، یەکەم جار لە 2000 دۆلارەوە دەستی پێکرد و دوای 25 دەقیقە بە 1.3 ملیۆن دۆلار وەستا.
ساڵی 1958 عەبدولجەبار عەبدوڵا لەگەڵ چوار خوێندکاری دیکە، خوێندکاربوون لای ئەنیشتاین لە پەیمانگای ماساشوستس لەویلایەتە یەکگرتوەکان. سالی 1963 کە کۆدیتا لە عەبدولکەریم قاسم کرا، ئەو سەرۆکی زانکۆی بەغدا بوو، لەناو سیاسی و مامۆستاکانی زانکۆ و کەسانی سەربازی ئەویش دەستگیر کرا. کە ئازاد کرا روی لەهەمان پەیمانگا کردەوە و هاری ترومان بەرزترین میدالیای جیهانی پێ بەخشی. یەکێ لەهاوڕێکانی بەندیخانەی ناسیەوەو زۆرجار تاسە دەیبردەوە و فرمێسک بەچاوی دا دەهاتە خوارەوەو رۆژێک لێی پرسی هوکاری خەمباری و گریانت چییە؟
لەوەڵام دا گوتی: کاتێک حەرەس قەومیەکان هاتن بۆ گرتنم، یەکێیان زلەیەکی بەهێزی لێدام و کەوتم بە زەویدا. دەستی کرد بەپشکنینی گیرفانەکانم و ئەو قەلەمە مەرەکەبەی لێ دزیم کە ئینشتاین پێی دابوم، کاتێ دکتۆراکەم وەرگرت و واژوی پێکرد. قەلەمێکی سوری یاقوتی سور بوو. من تەنها بۆ واژو کردن بروانامەی دکتۆرای خوێندکارەکانم لەزانکۆی بەغدا بە کارم دەهێنا. زلەکە و گیرانەکەم هیندەی ئەوە ئازاری نەدات، ئەوەی ئازار بەخش بوو یەکێ لەخوێندکارەکانم بوو کە لێیدام. ئەوە قسەی ئەو پڕۆفیسۆرە بوو.
ئەنیشتاین دەفەرموێ: سەدا دووی مرۆڤەکان بیردەکەنەوە. سەدا سێی مرۆڤەکان وادەزانن یا واتێدەگەن بیردەکەنەوە. سەدا نەوەدو پێنجی مرۆڤەکان مردن بەباشتر دەزانن لەبری بیرکردنەوە.
ئەنیشتاین چاکەیەکی لەگەڵ کابرای خزمەتکاری ئوتێلەکە کرد بە نوسینەی لەسەر پارچە کاغەزێک، بەلام دەسەلاتدارانی ئەم ووڵاتە ئەنیشتاینە عیراقیەکەیان ریسوا کرد و پێنوسەکەی ئەنیشتانیان شکاند. راستە گۆرانی نەمر فەرمویەتی: قەدری سەنعەتکار وەک عەکسی قەمەر وایە لەحەوزێکی ليخندا.
ئێستاش لەم هەرێمەی خۆمان خەریکن زانست و پەروەردەو فێرکردن دەکەن بەقوربانی گیرفانی خۆیان و بیرکردنەوەی تەسکی حیزبایەتی و ململانێکان لەگەل عیراق و بڕو بیان و دۆزینەوە بۆ پێنەدانی موچەو موستەحەقاتی مامۆستایان و فەرمانبەران، کەچی لەولاشەوە قسەی گەورە گەورە و لێداونی رەونەقدار دەدەن. ناشزانن کە پەروەدە دارما داروخانی دەولەت و دام و دەزگاکانی پێوە دەبێ. ووڵات نە بەکچە مۆدێل و نەبەهێنانی گۆرانی بێژ و نە بەکۆشک و تەلاری بەرز پێشدەکەوێ. حوکمڕانێک کە موچەی مامۆستا نەداو مانبگرن و دەرگای قوتابخانە دابخەن و سوکایەتی بەمامۆستا بکرێ، ئیتر چۆن وولات پێشدەکەوێ؟