دکتۆر کرمانج گوندیی: ڕێبەر و سەرکردە: دوو تێرمی سیاسیی و جیاوازییەکی زۆر لە نێوانیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرکردە، جودا لە ئارمانجەکەی – دروشمەکەی، بەو کەسە دەگۆترێ کە بەرپرسێتیی گرووپێك، لایەنێکی وەئەستۆ گرتبێ، جا گرینگ نیە ئەو ئارمەنجە چیە؛ چونکە بە بەرپرسی گرووپێکی بە ڕواڵەت شۆڕشگێڕیی، یان گرووپێکی سیاسیی بێ. ئەو سەرکردە، بۆ مانەوەی پێکهاتەکەی خۆی، هەول دەدا (هەندەك جار لەسەر حسێبی ژیانی پێڕوانی خۆشی) مانەوەی خۆی بپارێژێ. ئەوجۆرە سەرکردانە لە پەنای ئەو درووشمگەلەی هەڵیان گرتیە، پاراستنی دەسەڵات، ژیانی خۆیان، و ئەندامانی خانەوادەکانی خۆیان لەسەرووی هەر شتێکی دیکە دادەنێن. ئەوانە، هێندە لەبەرچاوانی خەڵکن دەبیندرێن، هێندەی لەگەڵ کەشی مەوجوود دەگونجێن. وەلێ کە کەشەکە گرژ گەڕا و مەودای مانەوەیان لێ تەسك بوو ـــ ئەوانە هەڵدێن و پشت لە ئارمانجەکە دەکەن، و تەواوی ئەو خەڵکەی قوربانیی بە ماڵگەل و ژیانیگەلی خۆیان دابوو بێ پەنا دەهێڵنەوە. ئەو سەرکردانە، تەنانەت ئەگەر دروشمی خەبات و پاراستنی دۆزی نیشتیمانیشیان هەلگرتبێ، سەرنج نادەنە واقیعی سەر حەرد، بەڵکو بە نییەتی خۆیان کار دەکەن. لە ئانی تەنگانەش بارگەیان تێک دەنێن و مەیدان چۆل دەکەن. ئەوانە بایەخ بە پێگەی ئەخلاقیی نێو جەماوەر نادەن، و خۆشگوزەرانی ژیانی میللەت بۆ ئەوان لە دوای دەسەڵات و خۆشگوزەرانی وان دێ. ئەوانە لە پێناو پاراستنی پێگەی دەسەڵات، بەردەوام میللەتانی خۆیان دەچەوسێننەوە. ئەو سەرکردانە تەنێ تەکیە بە دەسەڵاتی خۆیان دەکەن، و کێمتر بایەخ بە بەرنامەی کاری ستراتیژیی و تاکتیکیی دەدەن، و بۆ ڕۆژی مەباداش هیچ جۆرە ستراتیژیێکی هاتنە درەوەیان Exit Strategy نیە!
لەسەر ئاست جیهانێ دەکرێ ئاماژە بە ڕۆبێرت مۆگابی زیمبابوەی، مۆبوتو سی سی سیکۆی کۆماری کۆنگۆ، فێرناندس مارکۆسی فیلیپێنێ بکرێ. لەسەر ئاستی کوردستانێش دەکرێ ئاماژە بە خوالێخۆشبوان، مەلامستەفا بارزانیی، برایم ئەحمەد، جەلال تاڵەبانیی؛ هەروەها مەسعوود بارزانیی، نێچیرڤان بارزانیی، مەسروور بارزانیی، باڤێل تالەبانیی، و قوباد تاڵەبانیی بکرێ.
وەلێ ڕێبەر، هەمیشە بەرپرسێتیی دۆزێکی ڕەوا و مرۆڤایەتیی دەکا. جا دۆزی سیاسیی بێ بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی لەناو وڵات بگۆڕی، یان دۆزی خەباتی نیشتیمانیی لە پێناو ڕزگار کردنی میللەتەکەی لەبن دەستیی بێ. لە دەستپێکی کار، ڕێبەر بەرنامە و سیاسەتی ستراتیژ دادەڕێژێ، و بە لەچاو گرتنی واقیعی سەر هەرد هەول دەدا کە ئارمانجی دۆزەکە بپارێزن و بە سوود وەرگرتن لە پێشهاتی هەر هەلێك ئارمانجەکەیان پێشڤە ببەن.
مرۆڤی ڕێبەر، هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوەکانی هەنووکەیی دەکا کە بتانی، کێم یان زۆر، ئایندەنیگاریی بکا بۆ ئەوەی بزاڤەکە لە گرفت و قەیران دوور بکا. ئەوانە، لە وەختەك کە کەشی ژینگەیان لێ گرژ دەبێ، مەیدان چۆڵ ناکەن و هەڵناهێن؛ هەول دەدەن تاکتیکی سیاسیی بگۆڕن؛ ئەگەر تێیدا سەرنەکەتن پشت لە میللەت ناکەن. ئەوانە ژیانگەلی خۆیان لە پێناوی ئارمانجەکەیان بەخت دەکەن. ئەو ڕێبەرانە، تەکیە بە دەسەڵاتی خۆیان ناکەن، بەڵکو هێز و دەسەڵات لە میللەتی خۆیان دەبینن. هەندێك لەو ڕێبەرانە، لە ڕەهەندی خەباتەکەیان دەبنە خاوەن فەلسەفەی تایبەت بەخۆیان، بە جۆرێك کە لەدوای مردنیشیان، ڕێبازی هزریی و مەکتەبی فەلسەفییان بە جاویدانیی درێژە بە مانەوەی خۆی دەدا. ئەوانە پێگەی ئەخلاقیی نێو جەماوەر زۆر بە جیدیی وەردەگرن و گەلەك بایەخی پێ دەدەن.
لەسەر ئاستی جیهانێ، دەکرێ هێما بە ژمارەیێك لەو ڕێبەرانە بکرێ. بۆ وێنە، سوکرات، مەهاتما گاندی، گیڤارا، نێڵسن ماندێڵا، ماڕتن لوثەر کینگ وەك ڕێبەرانی ئەخلاقیی تەماشا بکرێن. لەسەر ئاستی کوردستانێش، پێشەوا قازی، عەبدوڵا ئۆجەلان، دکتۆر قاسملو، دکتۆر شەڕەفکەندیی، و شێخ سەعیدی پیران. چار لە کۆی پێنجی ئەو ڕێبەرانە ژیانیگەلی خۆیان لە پێناو ئارمانجی پیرۆزی میللەتەکەیان کردە قوربانیی، و ئەویدیکەشیان کە ئۆجەلانە، لە فێبریوەری 1999، لە ئەنجامی پیلانێکی جیهانیی کە ئەمریکا پیلانگێریی و ئەنجامدەری پیلانەکە بوو، دەستگیر و ڕادەستی تورکیای داگیرکەریان کرد کە هەتا ئەلئانەکانێش لە زیندانی ئیمڕالی تورکیایێ لە تاكژۆری دەژی. ئەوانە، ڕۆژێك لە ژیانی سیاسیی و خەباتی نیشتیمانیی خۆیان هەرگیز نە بە گوفتار نە بە ڕەفتار زیانیان بە میللەتی خۆیان لە بەشەکانی دیکەی کوردستانێ نەگەیاند؛ ئەگەر تێیاندا بوو کە گەلەك شارەزای سیاسە نەبووبێ، وەلێ شەهامەتی ڕێبەرانەی تێدا بوو کە سازش لەسەر کەڕامەتی میللەتە چەوساوەکەی خۆی نەکا. بە گشتیی، ئەوانە زانیان چلۆن خەباتی نیشتیمانیی بئافرێنن و بە پاکژیی ڕایگرن. ئەوانە هەرگیز نەبوونە کەوێ سۆری پێش لەشکری هیچ داگیرکەرێك لە دژی ئارمانجگەل و بەرژەوەندییەکانی میللەتی خۆیان لەبەشەکانی دیکە کار بکەن. ئەوانە خاوەنی هیچ دەستکەوتێکی کەسیی نەبوون، سامانیان بۆ خۆیان درووست نەکرد، ئەوان خاوەنی پێگەی هێزمەندیی ئەخلاقیی جەماوەریی بوون. لەبەرهەندێ، میللەت شانازییان پێ دەکا و دەنێو مێژووی نەتەوایەتییش گەشاوەترین جێگەیان هەیە.
سەرکردەکانی کوردان، هەمیشە میللەتیان لە قەیرانێك بە قەیرانێکی دیکە ئەسپاردیە. لەوانە دەنێویان هەیە کە دەسەڵاتی شۆڕشی گرتە دەست، لە شۆڕشێكی نیشتیمانیی، شۆڕشێکی چەواشەیی درووست کرد؛ ئەوەی ڕۆناکبیر و خاوەنی کەسێتیی خۆی بوو لە خزمەتگوزاریی نەتەوەکەی دووری کردەوە. خۆی بەسەر حیزب و شۆڕش سەپاند و گۆتەکانی وی کەتنە سەر پێڕەوی حیزب و ستراتیژیی شۆڕش. بۆ ڕەزای شای ئیڕانێ، کەسانی هەڵکەوتەی دیوی کوردستانی بندەستی ئێرانێی بە فێڵ گرت و کوشتنی و تەرمەکەشیانی ڕادەستی ئێرانی داگیرکەر کردەوە؛ بە جۆرێك بارەگای بارزانیی کە لە مەلا مستەفا و دوو کوڕەکەی، ئیدریس و مەسعوود پێك هاتبوو، بە هاوکاریی لەگەڵ ساواکی ئێرانێ، لە ساڵەکانی 1967- 1968، بزاڤی ئازادییخوازیی لە دیوی ڕۆژهەڵاتی مەملەکەت بە ڕەویشێکی خوێناویی سەرکووت کرا. لە ژێر دەسەڵاتی بارەگای بارزانیی، پەروەردەی خزمەتگوزاریی شۆڕشگێڕیی ـــ کۆمەڵایەتیی شێوندران و سیماگەل و گۆتەکانی مەلا مستەفا، ئیدریس، و مەسعوود، بوونە ئایاتی پیرۆزی ئاسمانیی و بۆ هیچ کەسێك نەبوو ڕەخنەیان لێبگرێ. هەرکەسێکیش خاوەن پێگەی جەماوەریی با، بارەگار بارزانیی تەونی بۆختانی خیانەت کردن لە نەتەوە و نیشتیمانی لۆ دەهونیەوە بۆ ئەوەی پێگەی جەماورییان لاواز بکا. لەوانە بنەماڵەی حەمەد ئاغای میرگەسۆرێ کە لەلایەن مەلاستەفا و دوو کورەکەی کوشتارگەیان بۆ چێکرا. ژانڕال عەزیز ئاکرەیی، لەبەر ئەوەی خودێی کەسێتیی خۆی بوو، ناچار کرا کوردستان جێبهێڵێ و بچێتە لای حکومەتی ئێڕاقی داگیرکەر، وەلێ تا گەڕانەوەی بۆ ناو چیاکان، هەرگیز زەرەی میللەتی خۆی نەبوو. کەسگەلێکی زۆر لەبەر ناعەداڵەتیی سەرکردایەتیی شۆڕش وازیان لە خەبات هێنا.
باڵی مەکتەبی سیاسیش کە زۆرینەیان هزرمەندانی ئەوکاتی میللەت بوون، لەبەر حەزی خۆسەپاندنی مەلا مستەفا ناچار کران کە خاکی ئازاد کراوی کوردستانێ جێبهێڵن و دەرئەنجام خۆیان ڕادەستی ڕژێمی ئێڕاقی داگیرکەر کرد. وەلێ، پێچەوانەی ژانڕال عەزیز ئاکرەیی، ئەوانە چەکی خیانەتییان بۆ ڕژێمی ئێڕاقێ هەڵگرت و شان بە شانی لەشکری ئێڕاقێ لە دژی میللەتی خۆیان و دژی ئەوانەی بۆخۆیان بردبوونیان بۆ ناو چیاکان بۆ خەبات کردن کەوتنە جەنگ. ئەوە خیانەتێك بوو کە بوو بە مایەی ماڵوێرانیی میللەت بە جۆرێك هەتا ئێستاکانێش میللەت باجی خوێناویی ململانێی ئەو دوو باڵە دەدا.
ئەو دوو باڵە، لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991، درێژەیان بە جیاوازییەکانی نێوان خۆیان لە پێناو دەسەڵاتی زێتر دا کە بوە هۆی دامەزراندنی دوو زۆنگەلی جودا؛ هەرئێکەك لەو زۆنانەش گۆڕەپانی بۆ خۆی پاوان دەکرد و هەر ئێكەك بە نۆبەی خۆی دژی هزری کارای کوردانی هەڵکەوت کاریان دەکرد، هەر زۆنێك بۆ بەرژەوەندی خۆی هزرمەندانی کوردییان دوور دەکرد و بۆ کەسانێکیش کە درێژەیان بە هەڵوێستی خۆیان بدابا، زیندانیی یان خەڵتانی خوێن دەکران.
سەرانی ئەو دوو زۆنە، هێدی هێدی، هەولیان دا کە دەسەڵاتی حیزبیی بگوازنەوە بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەیی کە تەنێ بۆ ئەندامانی بنەماڵە هەبوو/ هەیە کە لە سەرکردایەتیی حیزبەکەی خۆیان ببیندرێن. دەسەڵاتی بنەماڵەییش، تەواوی بەهاکانی ئەخلاقیی کۆمەڵایەتیی ـــ سیاسیی ـــ نیشتیمانیی وەلا ناو کەوتنە کۆنتڕۆل کردنی سامانی نیشتیمانیی و لە ڕێگەی ڕەکار خستنی سەرمایەی میللەت کەتنە سەرمایەگوزاریی کرد بۆ خۆیان و زۆری نەبرد ئەندامانی ئەو بنەماڵانە بوونە ملیاردێر. لەلایێك کەوتنە برسیی کردنی میللەت و نەهێشتنی مافگەلی مرۆڤان و زیندانی کردنی یان کوشتنی نیشتیمانپەروەران؛ لە لایێکی دیکە، هەر ئێکەك لەو بنەماڵانە بە ڕەویشی خۆی کەوتە هاوکاریی کردنی داگیرکەرێکی کوردستانێ. زۆنی زەرد کەوتە خزمەتکردن و هاوکاریی کردنی تورکیای داگیرکەر لە دژی دۆزی ڕەوای میللەت لە باکوور و ڕۆژاڤای کوردستانێ و زۆنی سەوزیش خۆی بە ئێرانی داگیرکەر بەستەوە و لە ڕەهەندی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانێ لای نەدا.
ئەوچەل لە دیماهیکی ئەو کورتە باسە، ئومێد دەکرێ ڕۆشنایی خرابێتە سەر چەمگەلی ڕێبەر و سەرکردە، و بە نیشاندانی چەند چەهرەیێکی ناسراو دەنێو هەرتك چەمکان ئەوە خرابیتە بەر دیدگەی خوێندەڤانان کە هەر کەسێك سەرکردایەتی پێکهاتەك/شۆڕشەك بکا ڕێبەر نیە. بە شێوەکی گشتیی، سەرکردە ئارمانجی تایبەت بەخۆی هەیە و بایەخ بە زەخیرە کردنی سوودی ماڵیی و درووست کردنی شوهرەت دەدا ـــ لە کاتێك ڕێبەر هیچ بەرژەوەندیێکی تابەت بەخۆی نیە، نە درووست کردنی کەندووی سەرمایە و نە شوهرەت بۆ وی گرینگە؛ ڕێبەر ژیانی خۆی لە ژیانی ئەندامانی میللەتی خۆی لەلا شیرینتر نیە و بێگەرد خەبات دەکا و لە ئانی شکستیش پشط لە میللەت ناکا و خەڵکەکەی خۆی بێ پەنا جێناهێڵێ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت