عیماد عەلی: ئەم هەلە زێرٍینەش لەدەست دەدەن.
زۆر دوور نارٍۆین، بۆ حستنەرووی سیاسەتی نەگونجاو و چەپەڵی ئەم دەسەڵاتە خودپەرستە تەسکبیر و کورتبینەی ئەم قۆناغەی کورد، وەک هەمیشە نەزانی و جەهلی زۆر گەورەی موقەدەسیش خۆی لە سەرجەم بوارەکان و بە تایبەتی لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخە بابەتیەکە بە گشتی و تایبەتیەکە بە تایبەتی لەم کاتەدا وادەکاتیەکلا بینەوە کە ئەو هەلانەی دێتە پێشەوە بە فیرٍۆ بدەن و دواتر میلەت بە گشتی قەربووی گەورە بداتەوە و زیاتر لە بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکان دوور بکەوێتەوە.
بیر و بیرکردنەوەی عەشایەری دواکەوتوانەی ئەم حزبانە و نەخوێندنەوەی واقیعی ئەمرٍۆی ناوچەکە و مامەڵەی لار و نادروست لەگەڵ رووداوە هەنوکەیی و درێژمەوداکان کاری بنەرٍەتی و خەباتی راستەقینە و هەوڵی بەدیهێنانی ئاواتەکان زۆر قورستر بکات.
ئەمرٍۆ بیری عەرەبی و سەرجەم دوژمنانی سەرەکی کورد لەم ناوچەیە بە هەر مەبەست و کردەوە و ئەگەر ناراستیش بێت سەرقاڵی شەرٍی غەزە و ئیسرائیلە. دەرهاویشتە و دەرکەوتەی هاوکێشەکانی زۆر بەقازانج بۆ کورد دەکەوێتەوە و وەک هەمیشە کارە خودا کردەکان یارمەتیدەری راستەرٍێ کردنی هەڵەوپەڵەکانی خۆمانن و هەلی زێرٍین دەهێننە پێشەوە، بەڵام ناکۆکی نێوخۆیی و ململانێی بچوکی لابەلا، بەرژەوەندی تەسکی قۆناغبەندی حزبی و عەشایەری و تاکەکەسی وای کردووە؛ نەک هەر هەلەکە لەدەست بدەین، بەڵکو زەرەر و زیانی گەورەشی لەسەر ئایندەی پرسەکەمان بەجێبهێڵێت.
ئەمرٍۆ لەم بارەدا ، کورد چی بکات و چۆن هەلە خوداکردەکەی بۆ بەرژەوەندیە گەورەکەی پرسە سەرەکیەکەی خۆی بقۆزێتەوە نەک بۆ بەرژەوەندی تەسکی کەسانی تەسکبین و عێل و عەشرەت و ناوچەگەر و حزب.
پێویستە لەم هەلەدا ئەگەر بۆ تاکەجارێکیش و بەتایبەتی لەم کاتەدا بکرێت، بیر و رەفتاری لەمە جۆرەی ورد بنوێنرێت:
1- زۆر دوور بینانە و نەتەوەییانە، بیر بکەنەوە و بە رەفتاری گونجاوی بەدوور لە سۆز و بیری تەسک و هاوردە بجوڵێنەوە و هەڵوێست بنوێنن و سیاسەتی دروستی گونجاوی تایبەت بەم قۆناغە رایی بکەن.
2- ئەگەر بۆ تاکە جارێکیش بووە بەرژەوەندی گەل و نەتەوە بخەنە سەرووی بیرکردنەوە تەسکەکانی ترەوە.
3- وەک بە ئاشکرا تا ئەم کاتە، تەنها پشتیان بە کەسانی حزبی تەسک بین و بەرژەوەنخواز بەستووە، ئەگەر بکرێت بۆ تەنها جارێکیش بێت بە تایبەتی بۆ ئەم قۆناغە زۆر هەستیارەی مێژووی میلەتەکەمان، سوود لە خەڵکی دڵسۆز و زانا و کوردپەروەری دان وەربگرن و کاری خراپی حزبی و خەڵکی هاوعەشرەت و حزب نەخەنە سەرووی هەمووانەوە رای ئەوان یەکلا کەروە نەبێگت.
4- ئێستا کاتی بیری تەسک و باوەرٍی دۆگما و بەرهەمی نەخوێندەوار و دواکەوتوو نیە و پێویستە پەنا بۆ خەڵکانی دانا ببەن و پرسو رٍایان پێبکەن و هەنگاوی دروست بهاوێژن .
5- ورد و گونجاو و راست و رەوا مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکەن و کات و قۆناغەکە لەبەرچاو بگرن و بەدوور بن لە ملهورٍی و خودپەرستی و تەسکبینی.
6- قازانجی کاری باش و گونجاوی ئەم کاتە بە چەندین جار لە بەرژەوەندیی خۆمان دەکەوێتەوە و زیانی بچوکی ئەم کاتە بە چەندین جار قورستر لە کاتی دیکە بۆ کورد و پرسەکە بە گشتی دەکەوێتەوە.
7- حسابی ورد بۆ هەموو جموجوڵە سیاسیەکان بکرێت و هاوکاری و پێکەوەیی و هاوشانی و هەنگاوی دراسەتکراو لەبەرچاو بگرن و هەوڵەکان زیاتر بخەنە گەرٍ.
8- پەیوەندیە بەرژەوەنخوازەکانیان کە هەمیشە لە قازانجی ئەویتری دوژمن کەوتۆتە، ئەگەر بکرێت سرٍبکەن و تەنها بۆ ئەم قۆناغەش بووە، گوێ بە داواکاریی دوژنەکانمان نەگرن.
بەداخەوەی ئەوەی دەیبینم، سەرکردایەتی کورد و حزبەکانیش وەکو ئەوەی لە گوێی کادا نوستبن، لەم کاتەشدا هەمان سیاسەت و رەفتاری کەمتەرخەمی و خۆمتکردن و گوێنەدان و کاری پەلەپروزێ و چاوەرٍێکردن و سەرقاڵبوون بە کردەوەی لاوەکی و کاری نەزانی وا نیشان دەدەن کە ئەم هەلەش بە ئاسانی لەدەست بچێت و ئەم میلەتە هەروا بەو بار و وەزعە بمێننەوە و ئەمانیش بێئاگا ملی خۆیان بخەنە لمەکەوە.