نەوزادى موهەندیس: ئاشتى مرۆڤایەتى کۆدەکاتەوە و جەنگیش پەرتیان دەکات!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک دەوترێت پارێزگاریکردن لە ئاشتى سەختترە لە دروستکردنى، هەربۆیە چەسپاندنى ئاشتى و بەرقەرارکردنى لەنێوان یەک کۆمەڵگا و وڵاتدا، یان لەنێوان دەوروجیراندا و دواتریش تەواوى جیهاندا هەمیشە خواست و ویستى تاک و خێزان و کۆمەڵگە مرۆڤایەتیەکان بوە و هەمیشەش سەرکردە کاریزما و بەتوانا و خەمخۆر و دادپەروەرەکان لەهەوڵى بەرقەرارکردنى ئەو ئاشتیە کۆمەڵایەتیەدا بوون لە نێوان چین و توێژە جیاوازەکان و هەوڵیانداوە کە جیاوازیە نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبى و ناوچەییەکان نەبنە هۆکارى جیاوازى و دڕدۆنگى و لێکترازانى ڕیزەکان و هەڵایسانى جەنگ و ململانێ خوێناوییەکان و براکان و مرۆڤەکان دەستیان نەچێتە خوێنى برا مرۆڤەکانیانەوە و هەمیشە کاریان کردوە کە بنەبڕى چەوساندنەوەى مرۆڤەکان بۆ مرۆڤەکانى تر بکەن. چونکە ئەو سەرکردە و دەسەڵاتدارە ئاشتیخوازانە زۆرباش لە مانا و چەمکى ئاشتى گەیشتوون و زۆر باش زانیویانە تەنها لەسایەى ئاشتى و برایەتى و تەبایى و پێکەوەییدا دەتوانرێت گەشە و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانى و دادپەروەریش وەدیبێت و بچەسپێنرێت لە وڵات و کۆمەڵگاکانداو بە پێچەوانەشەوە لەسایەى جەنگ و ململانێ خوێناویەکانیشدا هەمیشە کاولکارى و وێرانى و هەژارى و بێکارى و برسێتى و تاوانەکان زیادەبن و کۆمەڵگا و چین وتوێژەکان و پەیوەندییەکانیان لە گرێژەنە دەچن.
لەگەڵ ئەم هەموو ڕاستیانەشدا، بەڵام جیهان و مرۆڤایەتى و شارستانێتیە جیاوازەکان و قۆناغە جیاوازەکانى ژیان و گوزەران لەسەر ئەم گۆى زەویە دوورنەبوون لە جەنگ و کاولکارى و ململانێ خوێناویەکان و داگیرکارى و کوشتن و بڕینى مرۆڤەکان لەلایەن مرۆڤەکانى ترەوە، هەموو پاڵنەرەکانیش بۆ ئەو جەنگە ناڕەواو و ماڵوێرانەکەرانەش بەدرێژایى مێژوو خواست و ویستە نەرجسیەتەکانى سەرکردە و تاکڕەو و پادشاو و دیکتاتۆرەکان بوە بۆ فراوانبوونى دەسەڵاتەکانیان و تێرکردنى غەریزە خۆویست و خود پەسەندەکانیان و دەستگەیشتنیان بەهەموو خۆشى و پێویستیەکانى ژیانی دونیایان بێئاگا لەوەى کە خۆشى دەروون و ئارامى دڵەکان زۆر گەورەترن لەو خۆشیە کاتیەى کە لەدەستکەوتنى سەروەت و سامان و دەسەڵات وکەڵەکردنیانەوە وەدەستدێن. بەهەمان شێوە بێئاگا لەو ڕاستیەى کە سەرکەوتنە ڕاستەقین و هەمیشەییەکان ئەوانەن کە لە ئاشتیەوە دێن نەک سەرکەوتن لە جەنگەکاندا.
خۆشبەختانە لەم قۆناغ و سەردەمە پێشکەوتوەى جیهان و تەکنەلۆجیا و هۆکارەکانى پەیوەندى و ڕاگەیاندنەکان و سۆشیال میدیادا و جیهانى سەردەمى بەجیهانبووندا مرۆڤایەتى و کۆمەڵگە مرۆڤایەتیەکان پێکەوە کاردەکەن بۆ سەقامگیرکردن و بەرقەرارکردنى ئاشتیەکى ڕاستەقینە لە هەموو کونج و ناوچەیەکى جیهاندا، بەهەمان شێوە ئیڕادە و ویستى کۆمەڵگە مرۆڤایەتیە پێشکەوتوو و دواکەوتوەکانیش لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتى جیهان لەباشوور و باکورى گۆى زەویشدا ویست و خواستى ئاشتى و ئاشتەوایى و پێکەوە ژیانى مرۆڤەکان بەهێزترن لە هێز و ویستى شەڕەنگێزى و دەنگى تۆپ و فڕۆکە و بۆمب و تانک و کڵاشینکۆفەکان.
مرۆڤایەتى لە ئێستادا پێکەوە دژى جەنگە خوێنازیەکانن و هەموان داواى پاراستنى مافەکانى مرۆڤ و منداڵان و پیر و پەکەوتەکان و دیل و ئاوارەکانى جەنگەکان دەکەن. بۆیە دڵنیام کە هەمیشە ئیڕادەى چەسپاندن و بەرقەراکردنى ئاشتى لەجیهاندا بەسەر خواست و ویستە ناڕەواکانى جەنگ و کوشت و کوشتاردا سەردەکەوێت.
زیندووترین نموونەش هەماهەنگى و یەک ویستى و یەک ئیڕادەیى گەلانى جیهانە بۆ سەپاندنى ئاشتى و ڕاگرتنى جەنگى خوێناویە لە نێوان فەلەستین و ئیسڕائلیدا کە ماوەى نزیکەى 40 ڕۆژى ڕێکە بەردەوامە بەوپەڕى توندوتیژى و بەخوێناویترین شێواز کە زۆرینەى قوربانیانى لە منداڵان و ژنان و بێتاوانەکانى هەردوولایە.
خۆپیشاندانە جەماوەرییە پانوپۆڕ و فراوانەکان لە وڵاتانى بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا و ئیتالیا و ئەڵمانیا و تەنانەت ئەمریکا و لەناوخودى کۆمەڵگە جولەکەکانیشدا و لەوڵاتانى ئەندەنوسیا و مالیزیا و ئوستوڕالیا و… هتد. مانا و ئاماژەیەکى گرنگن بۆ زیندوو مانەوەى ویژدانى مرۆڤەکان و دەرخەرى ئەو ڕاستیەن کە مرۆڤایەتى لەتەواوى جیهاندا پێکەوە گرێدراون و هەمووان لە ئازار و نەهامەتیەکاندا یەکن و بۆ ئەم سەردەم و قۆناغەش جەنگ و ململانێکان ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرى گەورە دەکەنە سەر سیاسەت و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنیەتى هەمووان. بۆیە پێکەوە لەهەوڵى چەسپاندنى ئاشتیەکى هەمیشەیى و ڕاستەقینەدان بۆئەوەى چیدى جەنگ و کاولکاریەکان باڵنەکێشن بەسەر جیهاندا و هەمووان پێکەوە دروشمەکانى سەرکەوێت ئاشتى و نەفرەت لەجەنگ بەدەنگى بەرزدەڵێنەوە.
وەک دەوترێت هەمیشە ئاشتى لەلایەن کەسە ئازاکانەوە دروستدەکرێت و دەشچەسپێنرێت و پارێزگاریشى لێدەکرێت و بەپێچەوانەشەوە کەسە ترسنۆک و بەرژەوەندخواز و نەرجسیەکان پەنا دەبەنە بەر هەڵایسانى جەنگ و کاولکارى بۆ خۆپارێزى و خۆشاردنەوە لە پەناى دیوارە ڕووخاو و لەرزۆک و خەونە زڕەکانیان بە دەستبەسەراگرتنى هەمواندا. خۆشبەختانە لە ئێستاداو لەجیهانى سەردەمدا دەنگى ئاشتى بوێر و فراوانتر و بەهێزترە لەدەنگى شەڕخوازان و شەڕەنگێزەکانیش بۆ هەمیشە ڕسوا و ترسنۆک و نەفرەتلێکراون.
هەر بۆیە گەرەکە لە پێناو پاراستنى مرۆڤایەتى و ئەم شارستانێتیە پێشکەوتوەدا ئاشتیەکى ڕاستەقینە بەرقەراربێت و هەموان پێکەوە ببینە قەڵاو و شوراى پارێزگارى لە ئاشتى جیهانى بەبێ گوێدانە جیاوازیە نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبیەکانى نێوان مرۆڤەکان.
بەڵێ بۆ ئاشتى و نەفرەت لە جەنگ و شەڕ و شەرخوازان لەجیهاندا. جا بۆ چەسپاندنى ئاشتى گەرەکە هەموان ئامادەبین بۆ جەنگ لەو پێناوەدا. چونکە هەمیشە ئاشتى دایکى خۆشگەوزەرانى و پێشکەوتن و گەشەکردن و برایەتى و تەبایى و پێکەوەیى و دادپەروەرى کۆمەڵایەتیە لەنێوان مرۆڤەکاندا. هەمیشەش ئایندەى ژیان و مرۆڤایەتى لەسایەى ئاشتیدا ڕووناکتر و گەشاوەترە و لە سایەى جەنگ و کاولکاریەکاندا تاریک و توون و شەوەزەنگە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت