ئارام هادی: کاریگەری ئیران لەسەر شوناسە سوننیەکەی حەماس.
سەرکەوتنی حەماس سەرکەوتنی ئیرانە بەسەر ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبیەکان، لەسەر ئاستی جیهانیش سەرکەوتنی ڕووسیا و چینە بەسەر ئەمریکا و ئەوروپا.
بەپێچەوانەشەوە سەرکەوتنی ئیسرائیل سەرکەوتنە بەسەر ئیران، هەروەها سەرکەوتنی ئەمریکا و ئەوروپیەکانە بەسەر ڕووسیا و چین.
ئەمەش وادەکات ڕای ڕەسمی دەوڵەتە عەرەبیەکان زیاتر ئارەزووی سەرکەوتنی ئیسرائیل و شکستی حەماس بکەن، هەر لەوەی کەمە کۆمکاری عەرەبی بۆ ڕایگشتی ڕابگەیەنێت ” جیهانی عەرەبی سوننە خەتابار و بەژداری جەنگەکەنیە ئەوەی هەیە لەنێوان ئیسرائیل و گروپەکانی نزیک لەئیرانە”، بۆیە ئەم جەنگەیان بەدوور گرتوه لەوەی لەمیدیادا بەشەڕی (کافر و ئیسلام- جولەکە و عەرەب) بیناسێنن، بەڵکو بەجەنگی ئیسرائیل و حەماس دەیناسێنن، دەوڵەتە عەرەبیەکان گەر جار و بار پەیامێکیش بەدژی ئیسرائیل بدەن ئەوە بەخاتری کەمکردنەوە و هێورکردنەوەی ناڕەزایەتی ڕای هاوڵاتیانیانە گەرنا باوەڕیان بەدژایەتی ئیسرائیل نەماوە.
ژمارەیەک لە دەوڵەتە عەرەبیەکان بەموبارەکەی ئەمریکا لەچەند ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە و ژمارەیەکی تریشیان لەلیستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیاندان، چیتر ئیسرائیل لەزیهنی کاربەدەستانی دەوڵەتە عەرەبیەکان ئەو دێوەزمەیە نیە کە لەڕابردوو هەبوە، پێدەچێت مەترسیەکە لەئێستادا هەژمونی ئیران بێت بەسەر شوناسی نەتەوەی عەرەبدا، هەروەها تەنانەت دەوڵەتە ناڕەسمیەکەی (محمود عەباس)یش خواستی ئەوەی هەیە حەماس لە کەرتی غەزە دەرکرێ و بارودۆخەکەی بۆ بگەڕێتەوە بۆ پێش 2006 کەخۆی فەرمانڕەوای کەرتەکەبو.
لەلایەکیترەوە گەر لەڕابردوودا ئیران کاریگەری تەنها بەسەر گروپە شیعەکانی ناو دەوڵەتە عەرەبیەکان هەبووبێت ئەوا ئێستا قەڵەمبازەکە بەجۆرێکە ئیران کاریگەری خستۆتە سەر گروپێکی سوننی وەکو حەماس لەفەڵەستین و دژی ئیسرائیل لەجەنگدان، بردنەوەی حەماس لەم جەنگەدا بەپلەی یەکەم ئیران دەکاتە باڵادەستتر لەئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەپاشەڕۆژدا دەستی ئیران واڵاتردەکات بۆ دەستوەردان لە دەوڵەتە عەرەبیەکانیتر ئەمەش بەلای جیهانی عەرەبیەوە قبوڵنەکراوە و هەرچیان لەدەست بێت بۆ شکستی حەماس ئەنجامی دەدەن، بۆئەمەش سیناریۆی “وێرانکردنی غەزە و ڕاگواستن و دابەشکردنی هاوڵاتیانی غەزە بەسەر ژمارەیەک لە دەوڵەتانی ناوچەکە بەرگێکە بەدڵی دەوڵەتە عەرەبیەکان بەباڵای خۆیاندا دەیدورن” و دەگەنە ئەو ئەنجامەی جەنگەکە بەخواستی خۆیان کۆتایی بێنن.
هەرچەند نابێت ڕۆڵی (ڕووسیا- چین) نادیدە بگیرێن کە ئیران پشتیان پێدەبەستێت و ئەوانیش هاوشێوەی ئیران دژی ئەمریکا و ئەوروپا لەهەوڵەکانیان بەردەوامن، ئامانجیشیانە ئەمریکا و ئەوروپا سەرقاڵی جەنگی حەماس ئیسرائیل بکەن بۆ ئەوەی کەمتر چاوەکان لەسەر جەنگی (ڕووسیا- ئۆکرانیا) و ململانێی (چین- تایوان) بێت.