شــــوان خورشـــــد: عێراق لە کوێی یاریەکەدایە؟
عێراق ئەو وڵاتەی لە دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا سەری ڕەحەتی نەبەستاوەتەوە، هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە قەیران دوای قەیران بەرۆکی گرتوەو بەری نەداوە، کێشەکانیشی بەهۆی فرە نەتەوەیی و فرە مەزهەبیەوە هەردەم لە هەڵکشان دایەو لە لێواری تەقینەوە نزیک بونەتەوە، بەتایبەت لەم سات و کاتەدا کە ناوچەکە و جیهان لە چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورەدایە، بەهۆی شەڕێ ئیسرائیل و غەزەوە،کە شەڕێکی هاوردەی دەوروبەرە حەماس سەپاندویەتی بەسەر خەڵکی فەلەستین دا،کە دیارە عێراقیش پشکی ئەو پشکۆیەیی پێ دەبڕێ و مەترسی شەر ناوچەکە دەگرێتەوە، چونکە ئەوەی تێبینی لێ دەکرێ، پەلاماری حەماس بوو لەبەرەبەیانی حەوتی مانگی ڕابردوو، تواناو بیروکەی خودی حەماس نەبوو، کە ئاماژەکان پێیان وایە ئێران و تورکیاو تەنانەت سۆڤیەت و چین و زۆر لایەنی تری لە پشتەوەیە، تایبەتر ئێران بەهۆی پەرەدان بە چەکی ئەتۆمی و چاودێری کردنی بەچڕی لەلایەن ئیسرائیلەوە.
ئێران ئەو شەڕەی کە خەریک بوو بیناقاقای تارانی ئەگرت لە ڕێی هەواڵگری موسادەوە، گواستیەوە سنورەکانی ئیسرائیل و بەو شەڕە خۆتڕێنەی حەماس مەترسیەکانی لە ئێران دوور خستەوە، هیچ نەبێت بۆ کاتێکی کاتیش بێت. چونکە موسادی ئیسرائیلی لە نزیکەوە پەی بە شوێنە هەستیارەکانی ئێران دەبردو، لە تارانی پایتەخت زۆر بەجوانی ئامانجەکانی دەپێکا، لە کوشتنی پسپۆڕە ئەتۆمیەکانی ئێران، کە نەک جارێ چەند بارەش بوبوەوە. سەرەڕای ڕێوشوێنی ئەمنی توندو نهێنی پسپۆڕانی ئەتۆمی ئێران، بەڵام مەترسی سەر ژیانیان، هەڕەشەیەکیش بوو بۆ بەئامانج نەگەیشتنی خەونی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. بۆیە بۆ دورخستنەوەی مەترسی سەر ئێران، شەڕەکە بوە شەڕی فەلەستن بەهەڵسوکەوتە گەمژییەکانی حەماسی داردەستی ئێران.
ئەی عێراق لەو نێوەندەدا ڕۆڵی چی هەیەو دەبینێ؟ عێراق کە هەموو جومگەی دەسەڵاتەکانی ئێران ئاراستەی دەکات لەبەرژەوەندی خۆی، لەڕێی گروپە چەکدارەکانی نیزیک بەخۆی، زیاتر بارودۆخە شلۆقاوەکەی شەق و شڕتر کردوە، هەر لەسەرەتای شەری ئیسرائیل – حەماسەوە، زۆرترین هێڕش کراوەتە سەر بنکەو بارەگاکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی دژی شەڕی داعش لە عێراق و سوریا، بەبەهانەی پشتیوانی ئەمەریکا لە ئیسرائیل،بەمەش ئێران جەبهەیەکی تری بۆ ئیسرائیل زیاد کردوەو هەوڵ ئەدا بەزیان بۆ ئیسرائیل بگەڕێتەوە، پاشان دۆخی ناوخۆی عێراق خۆی لە خۆی دا جێگیر نیە بەهۆی کێشەی سنەو شیعە کە نێوانیان نەک کەلێنێکە، بگرە کەندەڵانێکی گەورەیە. جگە لەوەش نێو ماڵی شیعی ئەوە نیە دەسەڵاتی عێراقی شانازی پێوە بکات،کە شیعە دەسەڵاتی زۆرینەیەو هەموو جومگە هەستیارەکانی عێراق بەدەستی شیعەوەیەو ئێران لەسەروکارێتی، لەدوا پێشهاتی خراپی بارودۆخی عێراقیش ئاوت کردنی حەلبوسیە لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە، یان ڕاستر بڵێین سفرکردنەوە سنەکانە،کە ئەمەش قەیرانی عێراق چەند هیندە دەکات. ئەوەشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە هەڵبژاردن و دیموکراسیەت لە عێراق، هەر خەونێک بوەو بەدی هاتنی خەونە نەزۆکەکەیە، وەک ئەوەی دادگای فیدڕاڵی وەک کەرەسەیەک ئاراستە دەکرێت لە ئێستادا، ئەوەی ناکرێت بکرێت لەڕێی دادگای فیدڕاڵیەوە دەیکەن. خەریکە دەسەڵاتی تاکڕەوی و حیزبی قائید دوبارە ڕۆڵ دەبینێتەوە. سەرەڕای پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان، لێدانی هەولێر لەڕێی دادگای فیدراڵیەوە، پێ دەچێ عێراق لە چاوەڕوانی داڕمانی یەکجاریدا بێت و نەهامەتی و شەڕ دوبارە لەشی هەنجن هەنجن کراوی عێراق کە ئاسەواری شەڕو ماڵوێرانی لێی نەبوەتەوە دوبارەو جارێکی تر بە خراپی بەرۆکی بگرێتەوە. چونکە سەبارەت بەو هەڕەشانەی لە هێزەکانی ئەمەریکا دەکرێت، حکومەتی سودانی کەوتۆتە نێوان دوو بەرداشەوە، زۆر ئەستەمە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، نە دەتوانی پشتیوانی خۆی بۆ ئەمەریکا دوپاتکاتەوە و دژی ملیشیاکان بڕیار بدا، نە دەشتوانی لە بەرژەوەندی ئێران کش مەلیک لە هێزەکانی ئەمەریکا بکات، دەشبێت لایەک لەو دوە هەڵبژێرێت، دەسیش بۆ هەر کامیان بەرێت، دەستی دەچێت بە زاخاوداو دەرچونی لێی ئەستەم دەبێت.کەواتە حکومەتەکەی سودانی لە دوڕیانێکدایە، نازانرێ کام ڕەشەبا بەرەو کام بیابانی دەبا.