نەوزادى موهەندیس: ئایندەى هۆڵەندا لەسایەى سەرکەوتنى توندڕەوە ڕاستڕەوەکانەوە بەرەو کوێ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لە ڕێکەوتى 22. 11. 2023دا هەڵبژاردنى پەڕلەمانى لە هۆڵەندا ئەنجامدرا وەک نەریتێکى دیموکراتى و کێبڕکێى توندیش هەبوو لە نێوان ژمارەیەک پارتى گەورەدا کە مێژووییەکى دووردرێژیان هەیە لە گەمەى سیاسى و دیموکراتى ئەو وڵاتەدا و لەقۆناغە جیاوازەکانیشدا گەیشتونەتە دەسەڵات، خاڵێک کە جێگەى ئاماژە بۆکردنە ئەوەیە کە لە هیچ کات و هیچ پارتێکى سیاسى لە هەڵبژاردنى ساڵى 1894وە لەو وڵاتەدا ناتوانێت بەتەنها دەنگى زۆرینەى پەڕلەمانى کە 76 کورسیە لەکۆى 150 کورسى بەدەستبێنێت و هەربۆیە هەمیشە. یان لەزۆربەى کاتدا حکومەتى ئیئتیلاقى دروست دەبێت لە نێوان دوو. یان سیان و زیاتر لە پارتە سیاسیەکاندا. بەتایبەتیش ئەوانەیان کە بەرنامەى کار و ڕێباز و بیروباوەڕى سیاسیان لەیەکەوە نزیکە. وەکو پارتە چەپەکان و سۆشیال دیموکراتەکان و ژینگەییەکان و… هتد.
تاڕادەیەکیش هۆڵەندا بە سیستەمى حوکمڕانیەکەى کە بریتیە لە پادشایى دەستورى و پەڕلەمانى مەرکەزیە (دیموکراتى پەڕلەمانى) و وەک دەوڵەتێکى نوێ لە 15. 12. 1954وە دامەزراوە و سیستەمى فرە حیزبى تیادایە کە نزیکەى 20 پارتى سیاسى هەیەو گەورە و گرنگەکانیان بریتین لەهەریەکە لە: پارتى گەل لە پێناو ئازادى و دیموکراتیدا VVDکە پارتێکى لیبڕاڵى پارێزگارە و پارتى دیموکراتەکان D66کە پارێکى لیبڕاڵى کۆمەڵایەتیە و پارتى داواکارى دیموکراتى مەسیحىCDA و پارتێکى دیموکرات مەسیحیە و پارتى کار PVD کە پارتێکى دیموکراتى کۆمەڵایەتیە و پارتى لە پێناو ئازادیدا PVV کە پارتێکى پۆپۆلیستى و ڕاستڕەوە بەسەرۆکایەتى فیڵدەرز. هەروەها بەهەڵکەوتە جوگرافیاکەى لە باکورى خۆرئاواى کیشوەرى ئەوروپا و دراوسێى هەریەکە لە بەلجیکا و ئەڵمانیا ولە باشوور و ڕۆژهەڵات و سنورە ئاویەکانیشى لەگەڵ بەریتانیادا و بە ژمارە دانیشتوانەکەى کە زیاد لە 17ملیۆن و نیو کەس و ڕووبەرى زەویەکەى کە بە خاکە نزمەکان ناسراوە 41543 کیلۆمەتر دووجا و پێکهاتە دانیشتوانە جیاوازەکەى لە کەمینە نەتەوەییە جیاوازەکان کە لە 8 گروپى نەتەوەیى پێکدێن، بۆتە وڵاتێکى دیموکراسى ڕەگداکوتراو و ئاشتیانە ئاڵوگۆڕى دەسەڵاتەکان و مێژوویەکى دێرینیشى هەیە وەک وڵاتێکى کۆلۆنیالى و تائێستاش بەشێک لە خاکەکەى لە دوورگەکانى دەریاى کاریبیە لە ئەمریکاى ناوەڕاست.
هەڵبژاردنەکەى ئەمجارەى هۆڵەندا لەیەک کاتدا شۆکهێنەر و هەمیش بومەلەرزە ئاسا هۆڵەندا و تەنانەت ئەوروپا و یەکێتى ئەوروپاشى لەرزاند و هەژاند، لەبەرئەوەى یەکەم جارە پارتێکى سیاسى ڕاستڕەو و توندڕەوى وەکو پارتى ئازادى بە سەرکردایەتى گێرت فیڵدەرزى تەمەن 63ساڵ کە سیاسیەکى توندڕەوى ڕاستەڕەو و پۆپۆلیستیە و لەساڵى 1998وە ئەندامى پەڕلەمانە و توانیویەتى 35- 37 کورسى بەدەستبهێنێت و بۆ یەکەم جارە پێش هەریەکە لە بەرەى چەپەکان و ژینگەییەکان کە 25 کورسیان هەیە و بۆنەتە هێزى دووەم و سۆشیال دیموکراتەکان ببابتەوە و پێشیان بکەوێت و حیزبى ڕاستڕەوى ناوەندیش بە 24 کورسى بۆتە پلەى سێیەم.
ئەم سەرکەوتنەى پارتى ئازادى بەراوورد بە هەڵبژاردنى پێشوو 17 کورسى زیادیکردوە. بەم شێوەیە ئەم سەرکەوتنە چاوەڕواننەکراوە بۆتە لەمپەڕ و ڕێگرییەکى گەورە بۆ پێکهێنانى حکومەتى ئایندە و دروستکردنى بەرەیەکى ئیئتیلافى نێوان پارتە سیاسیەکانى تر و بەمەش پێدەچێت پێکەوەنانى کابینەى نوێى حکومەت کاتێکى زۆر و گفتوگۆیەکى دورودرێژ و بێزارکەریشى پێویست بێت. ئەمە و لەکاتێکدا هەریەکە لە حیزبى چەپى دیموکراتى و سۆشیال دیموکراتەکان و ژینگەییەکان پێش هەڵبژاردنەکان ڕایانگەیاندوە کە بەشدارى حکومەتێک ناکەن بەسەرکردایەتى پارتى ئازادى فیڵدەرز. لەلایەکى ترەوە دەنگۆى بوون بەسەرۆک وەزیرانى ئەو وڵاتە لە ڕاگەیاندنە ناوخۆیى و دەرەکیەکانى هۆڵەندا بڵاوبۆتەوە کە باس لە بوونى وەزیرى دادى هۆڵەندى دەکەن بەناوى دیلان یەسیلگوز ى 46 ساڵانە کە بنەچەى کوردى تورکیایە و مسوڵمانە و لە ئێستادا سەرۆکى پارتى لە پێناو ئازادى و دیموکراتیدایە و چانسى بەهێزى هەیە بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک وەزیران لەجێگەى مارک ڕووتە کە 13 ساڵە سەرۆک وەزیرانەو گەر ئەم کارە ڕووبدات دەبێتە یەکەم ژنە کۆچبەر کە ببێتە سەرۆک وەزیرانى هۆڵەندا.
هۆڵەندا و دیموکراتیەتى ئەو وڵاتە بەرەو کوێ؟
ئەم سەرکەوتنە و بەدەستهێنانى ئەو ژمارە کورسیە زۆرە 37 کورسیە، پارتى ئازادى کردۆتە ژمارەیەک کە هیچ لایەک ناتوانێت پشتگوێى بخات و دەستى گفتوگۆ و وتووێژى بۆ درێژنەکات و فیڵدەرز بۆخۆشى ڕایگەیاندوە کە ناکرێت چیدى پشتگوێ بخرێین، چونکە لەبەرژەوەندى دیموکراتى و ئاشتى کۆمەڵگەى هۆڵەندیدا نیە، هەر لەو پێناوەشدا جۆرە نەرمیەکى نواندوە لە لێدوانەکانیدا کە پێش هەڵبژاردن و پێشتریش چەندین جار فیڵدەرز وەکو کەسێکى توندڕەوى ڕاستڕەو لەسەر هەڵسوکەوت و لێدوان و هەڵوێستەکانى دژ بە عەرەب و ئیسلامەکان دراوە بەدادگا. بەڵام لە ئێستادا لەو ڕاستیە گەیشتوە کە بەو ژمارە کورسیەشەوە کە زۆرترینە، ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت بەبێ ئیئتیلاف کردن لەگەڵ لانى کەم هەردوو حیزبى دیموکرات مەسیحى و سۆشیالدیموکرات و ژینگەییەکاندا و تەنها لەو ڕێگەیەوە دەبێتە خاوەنى زیاد لە 76 کورسى نیوە +1 پەڕلەمان.
چونکە ئیئتیلافکردن لەگەڵ حیزبە بچووکەکانى تردا لەلایەک گقتوگۆى درێژخانەیەنى پێویستە و لەکاتى پێکهێنانى حکومەتەکەشدا حکومەتێکى لەرزۆک و لاواز دەبێت، چونکە ئەو حیزبە بچووکانە زۆرینەى بنکەى جەماوەرى و شەقامى ئەو وڵاتەیان لەگەڵدا نیە. بۆیە هەردەبێت بە دیفاکتۆ ئیئتیلاف لەگەڵ هەریەکە لە دیموکرات مەسیحیەکان و سۆشیال دیموکراتەکان و ژینگەییەکاندا بکات. لەو کاتەشدا پێویستە بەمەرجەکانى ئەوان ڕازیبێت کە ڕەنگە مەرجى قورس و تەعجیزیش بن گەر بیەوێت حکومەت پێکبهێنێت.
ئاشکرایە زۆرینە لە پارتە سیاسیەکانى هۆڵەندا هەموانیان لە بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا باسیان لەکێشە و گرفتە سەرەکیەکانى کۆمەڵگەى هۆڵەندى دەکرد کە بریتین لە: کێشەى کۆچبەران و کێشەى ئیسلام و عەرەبەکان و گرانى و سەختى گوزەران و کێشە و گرفتى نیشتەجێبوون)) کە هەموانیان کۆکبوون لەسەر چارەسەرکردنیان هەریەکەیان لە ڕوانگە و دیدى حیزبى خۆیانەوە. بەڵام دژایەتیکردنى پارتى ئازادى و فیڵدەرز بۆ عەرەب و ئیسلام لەلایەک و بابەتى کۆچبەرەکان لەلایەکى ترەوە وایکردوە کە دەنگى زۆرینەى هۆڵەندیەکان بۆخۆى کۆبکاتەوە. چونکە لە ئێستادا و بەهۆى جەنگى ڕوسیا و ئۆکراینا و هەڵوێستەکانى ئەوروپا لە جەنگى حەماس و ئیسڕائیل و گرانبوونى کاڵاو و پێداویستیەکانى ژیان و سووتەمەنى و… هتد. بونەتە کێشەى گەورە بۆ گەنجان و لاوان و کۆمەڵگاکانى تەواوى ئەوروپا و لەناویشیاندا هۆڵەندیەکان هەربۆیە دەنگى ڕاستڕەو و توندڕەو و پۆپۆلیستەکان لە ئەوروپادا لەگەشەکرندان و ئەوەتا پێش چەند مانگێک لە ئیتالیاشدا ۆزینەى پەڕلەمانیان مسۆگەر کردوە و چەند کەسایەتیەکى نەتەوەیى و و توندڕەوى وەکو سەرۆک وەزیرانى مەجەڕ و مارین لۆپینى سەرۆکى حیزبى گربونەوەى نیشتیمانى فەڕەنسى توندڕەو پێشوازى و پیرۆزباییان لەم سەرکەوتنەى پارتى ئازادى هۆڵەندى کردوە و ڕایانگەیاندووە کە ( باهۆزى گۆڕانکارى دەستیپێکردوە) وەک ئاماژەیەک بۆ زیندووکردنەوەى سیاسەتە نیشتیمانیەکان لە جیاتى سیاسەتە کیشوەریەکان و ئەودەنگانەش لەزیادبوندان کە داواى چوونەدەرەوە لە یەکێتى ئەوروپاش دەکەن.
بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ هۆڵەندا و ئەوروپاش جێگەى تێڕامانە و هەڵوێستە لەسەرکردنە و ڕەنگە لەسایەى سیاسەت و حکومەتى ئەم تونڕەوانەوە کۆمەڵگەى عەرەبى و ئیسلامیەکان دۆخى ژیان و گوزەرانیان تێکبچێت و یاساى توندتریش دابنێن بۆ دژایەتى کۆچبەران و دیپۆرتکردنەوەیان بەزۆر و… هتد.
هەربۆیە کیشوەرى ئەوروپاش ڕەنگە لە چەند دەیە ساڵى ئایندەدا ئەو بەهەشتە نەمێنێت کە ڕۆژهەڵاتى و ئەفریقاییەکان ڕوویان تێدەکرد و گیانى خۆیان و ژیانى خۆیان دەخستە مەترسیەوە بۆ گەیشتن بەو بەهەشتە چاوەڕوانکراوەیان!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی