بەهرۆز جەعفەر: کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت، کلیکێک لەسەر هەوڵەکانی دکتۆر تەها ڕەسوڵ.
کاتێک لە تاسلوجەوە، بەرەو شار و (بەرەو ماڵ) شۆڕ دەبیتەوە؛ سلێمانی تا ئەوپەڕی جوان و ڕازەوەیە. ئەمە چاوەو جوانیی دەبینێ، بەڵام مێشک بۆ لای دەنگە- دەنگی ناوخۆیی میرەکانی بابان؟ چیرۆکی مەولانا؟ دیارنەمانی نالی، ونبونی سالم؟ پیرەمێرد و نەجمەدینی مەلا؟ شێخ مارفی نۆدێ؟ سووچی خانەقاکەی مەحوی؟ بەردەرکی سەراو هەڵوێستی عەولەسیس، فایەق بێکەس، برۆی پەیوەستی حەمە ساڵەح دیلان، ڕەفیق چالاک، عەلی کەمال بەگ؟ ئەمین زەکی بەگ.. و.. ئەم گەورانە دەچێت.
خەریکە پێ دەخەیتە ناوشار، هیچ کام لەو ناوانەی سەرەوە نەماون. وەک لیمۆیەک وشک بوەتەوە خۆت دەگووشی، دکتۆر تەها ڕەسول و یەک دوانێکی دیکەی لێ دەرچێ، زۆر بەدەگمەن ئیمڕۆکە یەکێکت وەبیر دێ لەشارەکەدا کە بە فیکرو بە کردار، بە لوتف و بە ئاکار سەروخوانی لەگەڵ ئەدەب، فیکر، هونەر، دونیابینی، بازرگانی و ئابوریی کردن، پەروەردە، بەخشندەیی و بونیادنانەوە، ئەرشیفکردنی تۆمارەکانی رابردوو هەبێ؟! لەناو شاردا ڕۆژانە دەسوڕێیتەوە، شار نابینی و ناناسیتەوە!
نەک لە سلێمانی، لە زۆربەی شارەکانی دیکە، پەیکەرێک، دووان، دە، پەنجا دەبینی، کە بۆ بەرز ڕاگرتنی کەسایەتییە گەورەکانی مێژووی ئێمە درووستکراوە، هەمووی، یان زۆربەیان لێی نوسراوە؛ لەسەر ئەرکی دکتۆر تەها ڕەسوڵ درووست کراوە [با ئەمە نەکەینە تەنها پێوەر و شۆڕبینەوە بۆ ناوەوە بزانین چی هەیە].
ئێمە لە کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت، سەردانی هاوەڵی هێژا “دکتۆر تەها” مان کرد، لە پێشدا خاوەنی لوتف، ئەقڵ و جیهانبینی، ئینجا خاوەنی دەزگای جەماڵ عیرفان، دامەزراوەی کەریمی عەلەکە و کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت و زۆر کۆمپانیا و بیرۆکەی تر، ئەو لای دەرگاکە وەستا بوو، چاوەڕێی دەکردین.
پێویست نییە بپرسین، مارگرێت چییە و کێیە؛ چوونکە مارگرێت (بە ئینگلیزیی- Margaret George) خانمێکی ئاشوریی- کورد بوو، بە یەکەم ژنە پێشمەرگەی کورد ناوی لێدەبەن. مارگرێت لە تەمەنی 20 ساڵیدا لە کاتێکدا کە کەلتوری کوردو ناوچەکەش پێشمەرگەبوونیان بۆ ژنان بە قەدەغە دەزانی، چووە نێو ھێزەکانی پێشمەرگەکانی ڕەوانشاد مەلا مستەفای بارزانی و بە ھۆی ئازایی و نەترسییەکەیەوە زۆر زوو بەناوبانگ بوو.
ئەم کۆمەڵگە پەروەردەییە، بە پێچەوانەی ناوەندە ئەهلی و تایبەتەکانی دی، لەسەر ئەوە ناڕواتە ڕێوە کە بە ڕیکلامی کچە مۆدێلەکان و مکیاژ و مونتاجی دەستکرد، نەوەکان لەماڵەوە بەرەو خۆی ڕابکێشێت، ئەوە نییە کە پرۆژەیەکی نیۆ-لیبراڵ بێ و، هەر بۆ کەڵەگەکردنی سەرمایە فێرخوازی کورد لە زمان و ئاکاری کوردیی دوور بخاتەوە. بینایەک دەبینی کە هیچ کۆمەڵگەیەکی پەروەردەییت لە عێراقدا وەها مۆدێرن و ڕێک و پێک نەبینیوە. لە دایەنگەوە تا دوا ناوەندی و پەیمانگە.. لە مەلەوانگەوە بۆ شاشەکانی نیشاندان، لە ژوورە سەرنجڕاکێشەکانی، لە یاریگەوە تا ئەرشیف و ڕادیۆ، تا سروودە کوردییە نیشتیمانییەکانی، هەمووی دەچێتە خزمەتی پێگەیاندنی نەوەیەکەوە کە سبەی پڕ بە گەروویان ئامادەن، بە چەکی زانستەوە، بەدیدی ڕووناکەوە بێژن: ئەم شوێنە شوێنی کوردە… جێی خەرامان و مەردە. بەهەرحاڵ، فەڕەنسییەکان سیناریست و ڕۆماننووسی “مارگرێت دۆنادیۆ”یان هەبو، ئینگلیزەکان خاتوونی سیاسەتمەدار “مارگرێت هیڵدا تاتچەر”یان هەبوو وەک سەرۆک وەزیرانی “بەریتانیا” لە ساڵی 1979 تا ساڵی 1990 خزمەتی کرد. سکەندەنافییەکان زوو بە چیرۆکێکی ئاڵۆزەوە “مارگرێت: شاژنی باکوور”یان لە دانیمارک هەبوو. کوردیش دوێنێ مارگێتێکی ئازای لە شۆڕش و، ئەمڕۆش ئەوەتا کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێتی هەیە.
جەمال عیرفان، ئەفسەر و کاربەدەستێکی کورد بوو، لە پاڵ کارە ئیدارییەکانی، لە ڕۆژنامەی پێشکەوتن نووسینی بڵاوکردۆتەوە. کەسێکی پێشکەوتنخوازی وەها، هەرلەبەرئەوەی داوای کردوە: کاکە ئێمە میللەتێکی بێکەس و دەرەتانین، نابێ هەر بە تەمای خودا بین یارمەتیمان بدا، دەسا گەرەکە خۆمانیش لەسەر زەوی شتێک بۆ پێشکەوتن بکەین. ئیتر خەڵکی ئەوسا ڕقیان لێی بۆتەوە. لە ڕۆژی 12ی کانوونی یەکەمی 1922 هەر لەناو شاری سولەیمانی دا خەڵتانی خوێنی دەکەن، دیسان ئەمیش بەیەکەم تیرۆرکراوی سیاسیی کورد دەناسرێ [ هێشتا نازانرێ کێ تیرۆری کردوە، دەوترێ پاشماوەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوون!]. لەو شوێنەی کە حکومەتە یەکلە دوای یەکەکانی عێراق، کوردەکانیان تیا فەلاقە ئەکردو مرۆڤیان تیا لە خاچ ئەدا، پیاوێکی وەک دکتۆر تەها رەسوڵ کافتریاو ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوە بەناوی « جەماڵ عیرفان» کردۆتەوە. تاکی کورد هێشتا جەمال عیرفان ناناسێ؟ بە هەزاران هەزار ناونیشانی کتێبی بۆ نوسەران چاپ کردوە، ناوەندەکە بە سەدان کتێبی گرنگی لەسەر ئەرکی خۆی وەرگێڕاوە. بە دەیان ناونیشانی کتێب دەبینی، دووسەت و سێ سەت ساڵە جیهان پێی ئاشنایە، تازە ناوەندی جەماڵ عیرفان بۆ کوردی وەری گێڕاوەو چاپی کردوە. ئینسکلۆپیدیای کەرکوک زیاتر لە ( 5000) پێنج هەزار لاپەڕەیە، بەهەمان شێوە ناوەندی جەمال عیرفان بەرهەمی هێناوە ، مەگەر ( 14 ) چواردە ساڵ حوکمڕانی حیزب و بەرپرسانی کورد لە کەرکوکدا چی بەشدارییەکی فەرهەنگی و مێژوویی و هزریی بۆ شارەکە لە هەگبەدا بوە؟!
ئەی کەریمی عەلەکە، بازرگانێکی ناودار و ناسراو لە ناوچەکانی باشووری کوردستان و ئێران کاری کردووە، لە حکومەتەکەی شێخی نەمردا وەزارەتی دارایی پێسپاردووە، پیاوێکی زۆر زیرەک و تێگەیشتوو بووە، هەر کە هەستی کردووە جەنگی یەکەمی جیهانی ڕوودەدا، دەغڵودانێکی زۆری عەمبارکردووە و لەرۆژانی گرانیی و نەبوونیدا بەپارەیەکی کەم بە هەژارانی فرۆشتۆتەوه. دکتۆر تەها ڕەسوڵ ساڵانێکە دامەزراوەی “کەریمی عەلەکە” ی داناوە، چەندین گۆڤاری وەرزی منداڵان، چەندین هاریکاری جۆراوجۆر، بە دەگمەن شاعیرێک، جوامێرێک، هونەرمەندێک، مێژوونووس و زانایەک لە ڕابردووی ئەم کوردەدا هەیە، ئەم ناوەندی جەمال عیرفان و دامەزراوەی کەریمی عەلەکەیە کتێبێکی لەسەر چاپ نەکردبن، پەیکەرێکی بۆ درووست نەکردبن، یان دەستخۆشی و ڕێزلێنانێکی بۆ ئەو زیندووانە نەسازاندبێ کە داهێنانێکیان ئەنجام داوە. گوندی چەرموو لە نیزیکی چەمچەماڵ، لانکەی شارستانییەتە، كۆنترین گوندی كشتوكاڵی و نیشتەجێبوونە، لە چلەکانی سەدەی پێشوودا خۆرئاواییەکان کنەیان تیاکردوەو، لە مۆزەخانەکانی ئەمریکادا وێنەکەی پارێزراوە. لە (٣٢) ساڵ حوکمڕانی کوردیدا نەتوانرا ئاوڕێکی لێ بدرێتەوە، تا دکتۆر تەها سەردانێکی کردو، ئاوڕێکی لێدایەوە.
کارەکانی ئەو کۆمەڵگاو دامەزراوەو ناوەندانەی دکتۆر تەها بە ئەنجامی گەیاندون، زۆرەو باسکردنیان تووڵانییە، لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە [ وەڵا پێنج، تەها ڕەسوڵ سەروخوانێکی باشی لەگەڵ ڕووسیاو کوردە بلیمەتەکانی ڕووسیاو ئازەربایجان و کازاخستان و قەوقاس بەگشتی هەیە] پێی ڕاگەیشتوە. خۆ- ئەگەر پیاو خراوێک بوایەو تێگەیشتن و هێزی خۆی بۆ خراپەی گشتی وەگەڕبخستایە، چمان بگوتبایە؟!
گۆڕان کاتێک گۆڕانە لە پەروەردەوە، لە فیکرەوە، لە فەرهەنگەوە، لە تێگەیشتنەوە دەست پێ بکا، ئەمە ئامانجێکی نووسینەکە، ئامانجێکی سەرەکی دی گەرەکە هەستی پێبکرێ، تۆ دەتەوێ باسێکی ستراتیجی لە کوردوستان بکەی، یان هەر شتێک لە مێشکتدایەو دێ و دەچێ، کاتژمێرێک بیر دەکەیتەوە، هەر هەمووی دەناسی و کەسیشت پێ شک نایات! شار! نەوەڵا کوردستان بۆ وای پێ هاتیە؟!