نەوزادى موهەندیس: لە پەراوێزى کەمبونەوە و چۆڕبڕبوونى هەندێ لەبیرە نەوتیەکانى هەرێم – بەشى دووەم.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
هۆکار و لێکەوتە نەرێنیەکانى و چارەسەرەکان چین؟
جا بۆ چارەسەرکردنى ئەو بارودۆخە و گەڕاندنەوەى بیرەکان بۆ دۆخى ئاسایى بەرهەمهێنانى خۆیان و پارێزگاریکردن لە پەستانى ناو بیرەکە پێویستە هەندێک هەنگاوى کردارەکى بگیرێتە بەر وەکو:
یەکەم/ بەرزکردنەوەى دەستکرد، یان ماتۆڕى نوقومبوو لەناو نەوتەکەدا (غاگسە) و دواى ئەوەش ڕێگەى تر دێن وەکو:
1- ڕێگاچارەى سەرەتایى دەرهێنانى نەوت Primary Recovery: کە بەدوو شێواز ئەنجامدەدرێت کە بریتین لە ڕۆیشتنى سروشتىىNatural Flow و بەرزکردنەوەى دەستکرد Artificial Lift تێکردنى ئاوى یان تێکردنى غازى و ڕێگەى gas lift.کە بە شێوەیەکى گشتى دەتوانرێت ڕێژەى 30% نەوت دەربهێنرێت.
2- ڕێگا چارەى دووەمینى دەرهێنانى نەوت Secondary Recovery : بەدوو شێواز کاردەکرێت وەکو تێکردنى ئاو Waterflooding و چاکسازیکردن لە پەستاندا Pressure Maintenance لەم ڕێگایەدا دەتوانرێت ڕێژەى 30- 50% نەوت دەربهێنرێت.
3- ڕێگا چارەى سێهەمینى دەرهێنانى نەوت Tertiary Recovery: بە چەندین ڕێگا چارە دەتوانرێت بڕى بەرهەمى نەوت زیاد بکرێت وەک:
1- گەرمکردن Thermal: بەهۆى هەڵم Steam وئاوى گەرن Hot Waterو سووتان Combustion.
2- تێکردنى غاز Gas injection: وەکو غازەکانى CO2 و Hydrocarbonو Nitrogen/ Flue.
3- کیمیاوى Chemical: لەڕێگەى هەریەکە لە Alkali،Surfactant،Polymer
4- ڕێگا چارەى تر Other: وەک Microbial،Acoustic،Electromagnetic.
لەم ڕێگایەشدا کە بە ڕێگاى دەرهێنانى Enhanced oil recovery EOR ناسراوە دەرهێنانى بەرزکراوە کە (جیاوازە لە ڕێگاى کلاسیکى دەرهێنانى نەوت) دەتوانرێت ڕێژەى زیاد لە 50- 80% نەوت دەربهێنرێت. بەڵام هەردوو ڕێگاى دووەم و سێیەم ناسراون بە ڕێگاى ((هاندانى بیر)) ناسراون.
5- لەهەندێک باوردۆخیشدا کردارى شکاندنى هایدرۆلیکى hydrolic frac بەکاردێت بۆ زیادکردن یان دروستکردنى تواناى تێپەڕبوون لە بەردە کۆگاییەکاندا و بەم وشێوەیە بڕى بەرهەم زیاد دەبێتەوە.
هەربۆیە بۆ هەر حاڵەتێکى کەمبونەوەى بەرهەم پێویستە لە پێشدا هۆکارەکان دیاریبکرێن و دواتر بۆ هەر حاڵەتێک چارەسەرى گونجاو دەستنیشانبکرێت. بۆ نموونە بیرێکى نەوت لەسەرەتاى بەرهەمهێنانیدا ڕۆژانە لەنێوان 50- 60 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێت،کە حاڵەتێکى ئاساییە، بەڵام ژمارەیەکى زۆرى بیرەکان لە نێوان 20 و 30 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنن بۆ چەندین ساڵ، زانیاریەکى گرنگ کە پێویستە ئاماژەى پێبدرێت ئەوەیە کە هیچ کات ناتوانرێت تەواوى نەوتى کۆگا کراو بەرهەمبهێنرێت کە هەیە لەناو حەشارگە نەوتیەکاندا، بەهۆکارى جیۆلۆجى و فیزیاوى کە پەیوەستن بە تایبەتمەندى بەردەکانەوە. بەتایبەتیش لەکاتێکدا ناتوانرێت دەست ڕابگات بەو بەردانەى کە لە قوڵایى 2کم لەژێر زەویدان تەنها بەهۆى ئامێرى هەڵکەندنەوە نەبێت. بەزۆریش ڕێژەى دەرهێنان لەنێوان 30- 50 %یە، ئەوەش ماناى ئەوەیە کە نیوەى نەوتە هەڵگیراوەکە لەناو زەویدا دەمێنتەوە بۆ هەتاهەتایە، لەهەندێک حاڵەتى تردا و بەهۆى تەکنەلۆجیاى گرانبەهاوە دەتوانرێت ڕێژەى دەرهێنان بگاتە 60%، لەکاتێکدا تێکڕاى دەرهێنانى جیهانى کەمترە لە 40%.
لەکۆتایدا ئەو ڕاستیە ئاماژە پێدەدەین کە چۆڕبڕبوون ڕوودەدات بە هێواشى و چەند دەیە ساڵێک دەخایەنێت و هەربۆیە پێویست بەوە ناکات کە گرنگى بدەین بە ڕووخسار و سیما کە بڕى یەدەگى نەوتى ماوە پیشان دەدات، پەندوەرگرتن لەوەدایە کە تاچەند دەتوانرێت بەرهەم بهێنرێت و تاچەند ئابوریشە.
دووم/ داخستنى بیرە نەوتیەکان و مەترسیەکانى
هەموو بیرە نەوتێک، یان غازێک کە کەوتە بەرهەمهێنان باشتروایە کە بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنان و هیچ کات بیر لە داخستنى نەکرێتەوە، بەڵکو هەوڵبدرێت بەکەمیش بێت پڕۆسەى بەرهەمهێنان هەر بەردەوام بێت، چونکە داخستنى بیرە نەوتى و غازیەکان دەبێت کۆتا بژاردە بێت کە بیرى لێبکرێتەوە، چونکە ((بڕیارێکى سەخت و تاڵە)). ئەم حاڵەتە تەنها لە ساڵى 2020- 2021 ڕوویدا لەسەردەمى پەتاى کرۆنادا بەهۆى نەمانى بازاڕى نەوت و نەمانى خواست لەسەرى ئیدى لەگەڵ بەردەوامبوونى بەرهەمدا هەموو کۆگاکانى هەڵگرتن پڕبوون و پاپۆڕە نەوتگوێزەرەوەکانیش بارەکانیان نەدەفرۆشرا، هەربۆیە نرخى نەوت هاتە خوار سفر دۆلارەوە کە کرێى پاپۆڕەکانیش دەستنەدەکەوتەوە. بۆیە بڕیارە سەختەکە درا بە داخستنى بیرەکان و ڕاوەستانى بەرهەمهێنان.کە لەلایەن کۆمپانیا نەوتیە بەرهەمێنەرە گەورەکانى ئەمریکا و وڵاتانى تریشەوە درا.
سێیەم/ بۆچى داخستنى بیرە نەوتیەکان مەترسیدارە؟
لەبەرئەوەى داخستنى بیرە نەوتیەکان کاریگەرى هەیە لەسەر سەلامەتى کۆگا نەوتیەکانى ژێر زەوى، لەبەرئەوە زۆربەى کۆمپانیا نەوتیەکان خۆیان بەدووردەگرن لە داخستنى بیرە نەوتیەکان، چونکە بژاردەیەکى زۆر بەئازارە و لێکەوتەکانیشى زۆر مەترسیدارە. هەربۆیە زۆرێک لە کۆمپانیاکان بەلایانەوە باشترە بەرهەمێکى کەمیان هەبێت و زیانیش بکات باشترە لەداخستنى بیرەکان بەتەواوەتى، چونکە گەر بەرهەمیش کەمبێت هەر بڕە داهاتێک دەستدەکەوێت و دەتوانێت بەشێک لەخەرجیە جێگیرەکان دابپۆشێت.
چوارەم/ بیرە نەوتیەکان چۆن کاردەکەن؟
کێشەى بیرە نەوتیەکان ئەوەیە کە بەئاسانى داناخرێن و ناکرێنەوە لە میانەى دەستنان بە دوگمەیەکدا، بەڵکو کردارەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە،بەشێوەیەک لەزۆربەى کاتەکاندا داخستنى بیرە نەوتیەکان دەبێتە هۆکارى زیانگەیاندن بە کۆگا نەوتیەکانى ژێر زەوى، جا کردنەوەى بیرەکان سەرلەنوێ و دووبارەدەستکردن بەبەرهەمهێنان و گەیاندنەوەى بە ئاستى پێشووترى پێویستى بەوەبەرهێنانى زۆرى دارایى هەیە،و ڕەنگیشە هیچ کات نەگەڕێتەوە ئاستى بەرهەمهێنانى ئاسایى خۆى.
لەوانەیە زۆرینەى بیرە نەوتیەکان لەڕێگەى قوفڵ و ڤاڵڤەکانەوە دابخرێن و بکرێنەوە، بەڵام داخستنى زۆبەى بیرە نەوتیەکان بەبێ زیانگەیاندن بە بەرهەمى ئایندەى بیرەکە تەواونابن. ئەمە ئەو هۆکارەیە کە کۆمپانیاکان کۆتا بژاردە دەستدەبەن بۆ داخستنى بیرەکان و بەلایانەوە بەردەوامبوونى بەرهەم باشترە گەرچى زیانیش بکەن لەداخستنى بیرەکان و خۆیان بخەنە بەر مەترسى پاشەکشەى بەرهەمیان لە ئایندەدا.
هەندێ بیرە نەوت بە پەستانى خۆیى کاردەکات و بەرهەمدێنێت و هەندێکى تریش بەهۆى ماتۆڕەوە بەرهەمدێنێت جا لەو جۆرە بیرانەدا دەتوانرێت تەنها بەبڕینى تەزووى کارەبا یان کۆنتڕۆڵکردنى قوفڵەکانى سەر ڕووى بیرەکەوە کردارى داخستنى بیرەکان ئەنجامبدرێت. بەڵام هەندێک بیرە نەوت بەشێوەیەکى ئاڵۆزتر کاردەکات، بەشێوەیەک کارناکان تەنها بەهۆى هاندانەوە نەبێت، جا کاتێک ئەو هاندانانە دەوەستێنرێت ئەوا بەرهەمى ئایندەى بیرەکە بەنەرێنى کاریتێدەکرێت. جا کێشەى ئەو بیرانە ئەوەیە کە لەبیرە زۆر بەرهەم و باشەکانن، هەربۆیە کۆمپانیاکان پێویستیان بەکات و ساڵى زیاترە بۆ ئەوەى ئاستى بەرهەکانیان بگەیەننەوە ئاستى ئاسایى سەرەتایان ئەوەش بەبەکارهێنانى ئاستى هاندانەکان کە زۆر بەووردى ڕێکخراون بۆئەوەى بەرهەمەکە بگاتە ئەوپەڕى ئاست،داخستنى بیرەکان دەبێتە هۆى تێکدانى ئەو هاوسەنگییە ووردە.کە وادەکات بژاردەى داخستن زۆر سەخت بێت بەلاى زۆربەى بەرهەمێنەرەکانەوە چونکە لێکەوتە و پابەندییە یاساییە قورسەکانى لێدەکەوێتەوە بەپێى گرێبەستە واژۆکراوەکان.
لەکۆتاییدا، ئەو دیاردەى کەمبونەوە و نەمانى بەرهەمى بیرە نەوتیەکانى هەرێمى کوردستان دیاردەیەکى بەربڵاوى جیهانیە و کارێکى نامۆ نیە لەبوار و کەرتى نەوت و وزەدا. بەڵام ڕوودانیان بەو شێوە خێراییەوە و لەناکاو و کتوپڕەدا و لەو ماوە کەمەى بەرهەمهێناندا جێگەى پرسیارن. هەربۆیە دەکرێت وەزارەتى سامانە سروشتیەکان و کەسانى پسپۆڕ و شارەزا لەبوارەکەدا بەووردى لە هۆکارەکانى بکۆڵنەوە و دواتریش کۆمپانیاکان ناچاربکەن بۆ گرتنە بەرى ڕێوشوێنى زانستى لە دەرهێنان و پەرەپێدان و ێیانەکردنى بەردەوامى بیرەکاندا، ئەگینا بەپێچەوانەوە لەماوەیەکى کورتى داهاتوودا ئەو دیاردەیە دووبارە دەبنەوە لەهەموو کێڵگە و بیرە نەوتیەکانى تریشدا. ئەمەش زیانى گەورە دەگەیەنێت بە کەرتى وزەى هەرێمى کوردستان.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی