دلێر محەمەد نوری: کەرکوک ئەگەرچی، بەڵام!
ئەگەرچی کەرکوک ئێستا شارێکە لە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی عەرەبە! ئەگەر چی شیعە و سوننەی و قەومەچی کەرکوک، خەریکن پیلان دادەڕێژن، بۆ دابڕینی ئیجگارەکی کەرکوک لە کوردستان! ئەگەرچی تورکیا و ئێرانیش، هەر یەک بە جۆرێک، خەریکی دانانی قورسایی زیاترن، لە سەر شانی کوردانی کەرکوک! بەڵام خۆ هەموو ئەمانە ناتوانن، دەنگی کوردی و ڕەنگی کورد و پەنجەمۆری کورد لە مێژووی ئەو شارە بسڕنەوە! ژمارەی کورد لەو شارە کەمبکەنەوە. هەر بۆیە هەر دەنگێکی کوردی لەو شارە، گەر بۆ کورد نەبێ و کاریگەر نەبێ، وا چاکترە هەر نەبێ.
ئەگەر چی ئەمڕۆ بە ئاستەم ئاڵای کورد لە کەرکوکی کوردان هەڵئەکرێ! ئەگەرچی ئەمڕۆ بە ئاستەم نوزەی کورد لەو شارە کوردییە ئەبیسترێ! ئەگەرچی کورد پەرتەوازە و نا تەبا و نەساز ئەمڕۆ، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییەش ناشارێتەوە کە کورد لە پاش ساڵانی دوور و درێژی ستەم و تەعریب و تەبعیس و تەرحیل و تەهجیریش، هەر نیوە زیاتری شاری کەرکوکی کوردان بووە و دەمێنێ.
ئەگەرچی ئەمڕۆ نووسراوی عەربیی و ناسنامەی عەرەبی و ڕەنگی سەحرایی و ئاڵای تۆڕانی بەسەر کەرکوکدا زاڵە، بەڵام هیچ کام لەمانە ناتوانن کەرکوکی پایتەختی، وڵایەتی شارەزوور دوێنێی مێژوومان، لە بیربەرنەوە. هیچ کام لەمانە ناتوانن، ئەو ڕاستییە بسڕنەوە کە، ئەوە شا ئیسماعیلی سەفەوی بوو لە دوێنێی مێژوودا، تورکمانی شیعەی لەم شارەدا، دژی کوردی سوننە مەزهەب، نیشتەجێ کرد. هەموو ئەمانەش ناتوانن هەوڵی عوسمانییەکانمان بیر بەرنەوە، ئەمیش هەم دیسان، لە دوێنێی نزیکی مێژوودا، کاتێ هاوڕێیەتی کوردیان سەلماند، لە بەرژەوەندی خۆیان دژ بە سەفەوییەکان. تۆ بڵێی هەموو سیاسەتی شۆڤینی و ڕەگەزپەرستی بەعسی سەددامی، باوکی بەچکە شۆڤێنی و ڕاکانەکانی ئەمڕۆ، لە بیری تاکی کورد لە کەرکوک چووبێتەوە!؟ تۆ بڵێی هەموو ئەم عیبرەتە مێژووییانە و هەڵخەڵتانە سیاسییانە، بتوانن بە مەرامی سیاسی و ئایینی، دەنگی کورد جارێکی کە، بخەنە بەرژەوەندی تورکی ئیخوانی و فارسی شیعەگەرایی و عەرەبی شۆڤینی لە سنوقی دەنگداندا؟
ئەگەر چی ویستییان، بە دەیان ساڵی تەعریب و تەعبیس و تەرحیل و تەهجیر، ناوی باباگوڕ گوڕ، گەرمکان، گەرمینی، کەرکینی کاری کۆک، گڕگڕ، گەرمیان و کەرکوک لە هۆش و زەین و بیری مێژوو بەرنەوە، بەڵام ئەوەتا دووباره بە هۆی ململانێی سەختی شێوێنەرانی مێژوو، لە گەڵ خەڵکی ڕەسەنی کەرکوکدا سەرهەڵدەدەنەوە. تۆ بڵێی کوردانی کەرکوک ئەو هەموو مێژووە ئاوا بە هاسانی، ڕادەستی ناوە سەپێنراوەکەی “تٲمیم” بکەن!؟
لە کۆتاییشدا دەڵێم ئەگەرچی لیستەکەی پارتی، گوێی لە تورکیایە و پێی لە کەرکوکە! ئەگەرچی لیستە ئیسلامییەکەش گوێی لە قەتەر و پێی لە کەرکوکە! ئەگەرچی لیستەکەی شاسواریش، جارێک نە غاردانی دیارە و نە گلانی! ئەگەرچیش لیستەکەی یەکێتی گوێی لە ئێرانی و پێی لە کەرکوکە!نەکەی تۆی کورد دەنگت لە ماڵەوە زیندانی بکەیت و نەیدەیتە لیستێکی کوردی کاریگەر، یاخود نەکەی دەنگت بدەیتە غەیری لیستێکی کوردی جا هەر کامێکیان بێ بەڵام دیسان کاریگەر!!
چونکە دەنگی تۆی کورد لە کەرکوک، هەمان دەنگی کوردی هەرێم نیە! تا بڵێم بدرێ و نەدرێ بە جەهەنەم. بەڵکو دەنگی کورد لە کەرکوک، یان کەرکوک ئەکات بە جەهەنەمی کوردی یان ئەیکاتە قوڵایی جەهەنەمی عەرەبی شۆڤێنی، تۆڕانی ڕەگەزپەرستی یاخود شیعەگەرایی پاوانخوازی.
ئەگەر چی ئەزانم یەک حزبی کوردی و یەک سەرۆک و یەک سەرکردەی کورد، هێندەی قیمەتی بەرمیلێک نەوت و فەردەیەک پارەی تەبعی بەغدا، کاری بۆ کەرکووک و کوردی کەرکوک نەکردووە! بەڵام بڕۆن و دەنگیش بدەن! با دەنگیشتان بۆ کورد، بەڵام کاریگەربێ! چونکە گوێی خۆتان لە دەستی خۆتان بێ بۆ ڕاکێشان، باشترە لەوەی گوێتان بدەنە دەستی عەرەب بۆتان دەربهێنێت لە بندا.
- Latest Posts by دلێر محەمەد نوری
دلێر محەمەد نوری: بعد خراب الغزة.
-دلێر محەمەد نووری: سێکوچکەی ڕاگەیاندنی ڕووزەرد.
-دلێر محەمەد نوری: دەسەڵاتی ڕیش لە کابولەوە بۆ دیمەشق.
- All Posts