سەرکۆ یونس: ئابووری، وەك هۆکارێک بۆ توندوتیژی دژی ژنان.
توندوتیژی ئابوری شێوەیەکە لەشێوەکانی توندوتیژی خێزانی، بەجۆرێک هاوسەر، یان مێرد دەست بەسەر توانای هاوسەرەکەیدا دەگرێت بۆ گەشتن بە دەرامەتەئابورییەکان. ئەمەش وادەکات کە ژن توانای پاڵپشتی دارایی نەبێت، مێرد ژنەکەی بۆ خۆی ملکەچ دەکات کەبەردەوام پاشکۆ بێت بۆی و کاری ژن کورت دەبێتەوە لە تەنها کاروباری ماڵەوە ئەنجام بدات.
توندوتیژی ئابوری، خۆی دەبینێتەوە لەوەی کە ژن توانای بەدەستهێنان و دەستکەوتنی دارایی نەبێت لەئێستا وداهاتودا، لەڕێگەی ڕێگریكردنیان لە پرۆسەی فێربوون و کارکردندا.
شێوەیەكی تری توندوتیژی ئابوری، توندوتیژی دارایییە، کەبریتییە لەبەکارهێنانی موڵکوماڵ، یان دارایی ژن پێچەوانەی ئارەزوو و خواستی ژنەكە بێت. بەشێوەیەک ژن، یان هاوسەر ببێت بەپاشکۆی کەسێکی تر، لەئەنجامدا ژن دەبەسرێتەوە بە کەسێکی ترەوە سەرەڕای ئەوەی کە خۆی (ژن) سەرچاوەی دەستکەوتنی داراییەکەتی، بەڵام ڕێگری لێدەکرێت لەبەکارهێنانیدا.
شێوەیەكی تری توندوتیژی ئابوری دژی ژنان، ئەوەیە كە هەوڵی زەوتکردنی ژن لەمامەڵەکردن بەدەرامەتە ئابورییەکانی و یان بەشداری پێنەکردنیان لەدەرکردنی بڕیارەداراییەکاندا، کەگرنگن و کاریگەری هەبێت لەئێستاو داهاتوویان.
زۆربەی کات توندوتیژی ئابوری بەکاردەهێنرێت وەک شێوەیە لەشێوەکانی دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی ژن بۆئەوەی نەتوانێت ئابورییەکی سەربەخۆی هەبێت. ئەمەش جۆرێکە لە شێوازێکی فراوانی توندوتیژی خێزانی، کەخۆی دەبینێتەوە لە توندوتیژی زارەکی و دەروونی و جەستەیی و سێکسی
توندوتیژی ئابوری هەندێ شێوەی هەیە،لەوانە:
* قەدەغەکردنی ژن لەدەستکەوتنی دەرامەتەئابورییەکان، لەڕێگای قەدەغەكردینان لەکارکردن یان پاراستنی ئەو پیشەیەیی کەهەیەتی.
* قەدەغەکردن وڕێگەنەدانیان بەخوێندن یان تەواونەکردنی خوێندن.
* خەرجکردنی مووچە یان دارایی ژن بەبێ ڕەزامەندی خۆی.
* قۆستنەوەی ژنانی لادێنشین بە کارکردنیان لەخێزانەکاندا بەبێ بەرامبەر وکرێ.
* قۆستنەوەی ژنان بەکارکردنیان لەکاروباری ماڵەوە وچاودێریکردن و بەخێوکردنی مناڵان وخزمەتگوزاری تری پەیوەندیدار بەخێزانەوە بەبێ بەرامبەر.
* بەکارهێنانی توندوتیژی جەستەیی یان هەرەشەکردن بەناچاركردنیان بەپێدانی داراییەکانیان بەمێردەکانیان.
* کۆنترۆڵکردنی ئازادییەکانی ژن لەپەیوەندی و جووڵە وبازاڕکردن.
* هەرەشە لێکردنیان لەدەرکردنی ژن ومناڵەکان لەماڵەوە.
* قۆستنەوەی خراپی بارودۆخی ئابوری ژن، لەلایەن هاوسەر و بەداخەوە هەندێجار براو كەسوكارەوە.
* قۆرخكردنی توانای ژنان لە كاركردندا بەگشتی و كەرتی تایبەت بەتایبەتی، كارێكی زۆر و كرێیەكی كەم. هەندێجار بەكارهێنانیان بۆ مەرامی كەسی خاوەنكار.
* بەكارهێنانی ژنان لەلایەن هەندێ خاوەنكار و بزنسەكانەوە بەئامانجی ڕاكێشانی خواستی بەكاربەران و كڕیاران، بەتایبەت لە یانەكاندا.
* یەكێكی تر لە شێوازەكانی توندوتیژی ئابوری، بەداخەوە تائێستا ڕێگری دەكرێت لەوەی كە ژن خاوەن پێگەی ئابوری و خاوەن موڵكوماڵ بێت، بەتایبەتی لەكاتی دابەشكردنی میراتی باوكودایكدا، هەندێجار بەتەواوی بێ بەش دەكرێت، یان بەپێی شەریع ویاسا بەشیان نادرێن.
* بەداخەوە هەندێجار حكومەتی هەرێم و لایەنەپەیوەندارەكان هەر خۆیان سەرچاوەی دروستكردنی توندوتیژی ئابورین دژی ژنان، بەنمونە كاتێك حكومەت بڕیار لەسەر پێدانی قەرز دەدات بۆ پرۆژەی بچوك، بەهەموو ئەو مەرجە قورسانەوە ژن ناتوانێت جێ بەجێیان بكات، بۆیە تێبینی دەكەین زۆربەی ژنان بێ بەش دەبن لەو قەرزانە.
ئەمانەو چەندین شێوە و جۆری تری توندونیژی ئابوری دژی ژنان لەزۆربەی كۆمەڵگاكاندا پەیڕەو دەكرێن و بەردەوامن.
هەر بۆیە پێویستە لە هەڵمەتی بەڕەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، كە حكومەت و ڕێكخراوەكانی بواری ژنان دەستیان پێكردووە، ئەم جۆرەی توندو تیژی لەبەرچاو بگیرێت، چونکە پێمان وایە ئابوری ودارایی لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمدا سەرچاوەی زۆربەی توندوتیژییەکانە، لەلایەکی ترەوە لەم ڕێگایەوە هەوڵبدرێت چیتر ژنانی هەرێمی كوردستان لەم لایەنەوە نەچەوسێنرێنەوە.
* ئابووریناس
- بابەتەکانی تری سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts