رزگار شێخ حه‌سه‌ن: په‌روه‌رده له نێوان پێداویستی كۆمه‌ڵگا و خواستی ده‌وڵه‌تدا.
په‌روه‌رده وه‌ك یه‌كێك له پرۆسه گرنگه‌كانی گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵگا و بونیادنی كه‌سێتی تاك، ئه‌توانێت رۆڵی گرنگ ببینێت له پێشخستنی كۆمه‌ڵگا و به‌دیهێنانی ئامانجه كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییه‌كانی ده‌وڵه‌ت، بایه‌خ به به‌لایه‌نى جه‌سته‌ى ده‌رونى سۆزدارى و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌دات، سه‌ره‌ڕای گه‌شه‌پێدانی هزری و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانا و لێهاتوویی به‌ئامانجى خستنه‌ڕوى مرۆڤێكى ئاماده‌كراوى هاوچه‌رخ تا بكه‌رێكی كارا بێت له پرۆسه‌ی به‌رێوه‌بردن و گه‌شه‌پێدانی هه‌موو جومگه‌كانی ژیاندا.
پرسێكی گرنگ كه پێویسته گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێت ئه‌وه‌یه ئایا قوتابخانه به‌و سیسته‌مه كلاسیكیهى ئێستا ده‌توانێت به‌رهه‌مدار بێت بۆ یه‌كه كارگێری و ئابوریه‌كانى ده‌وڵه‌ت یان ده‌توانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه‌كی گونجاو بێت بۆ پێویستیه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ گه‌شه‌پێدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و به‌رێوه‌بردنی یه‌كه كارگێرییه‌كان، ئایا په‌روه‌رده تاكێكی به‌رهه‌مهێن و چالاك بهههمدێنێت كه بتوانێت به‌شێك بێت له گه‌شه‌پێدانی ئابووری و مرۆیی؟
بێگومان له‌وه گه‌یشتوین قوتابخانه وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كى پێكهاتوه له پۆل و قوتابی و مامۆستا و سیستمێكی كارگێڕى، گرنگه ئه‌م پانتاییه كراوه‌بێت بهڕوى توێژینه‌وه زانستیه‌كاندا، به‌تایبه‌ت ده‌رونناسى كۆمه‌ڵایه‌تی و شیكردنه‌وه نوێیه‌كانی زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان، كار و شێوازی وانه و په‌یامی مامۆستا‌و كۆی سیستمهپهروهردهییهكه له‌به‌رده‌م هه‌ڵسه‌نگاندن و شیكاری زانستیدا بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت به باشترین شێوه قوتابخانه ئه‌و ئه‌ركه ببینێت تاكی پێگه‌یشتو له‌رووی هزری و كه‌سایه‌تییه‌وه پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت بكات، هه‌ر ئه‌مه‌ش خۆی یه‌كێكه له ئامانجه په‌روه‌رده‌ییه‌كان.
بێ ئاماده‌بوونی زانستی كۆمه‌ڵناسی و ده‌رونناسی و نه‌خشه‌دانانی زانستیانه ناتوانین قوتابخانه بكه‌ینه دامه‌زراوه‌یه‌كى به‌رهه‌م هێنانی توانای مرۆیی
بوونی زانستی كۆمه‌ڵناسیی به بونى ڕێنمایكارێكى دامه‌زراو كه ئهركداركراوه به مانه‌وه‌ى كاتى دیاریكراو له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى بڕێك موچه نابێت، به‌ڵكو ئه‌م كاره گرنگه له پێناویدا سیسته‌مى كارگێڕى ئیداره‌دانى په‌روه‌رده‌ى بۆ بگۆڕیت، ئایا پرسیومانه پرۆسه‌ى په‌روه‌رده چاودێریكراوه له‌لایه‌ن كێ؟ ئایا چه‌ندیان لێكۆلهرن ئامانجیان له‌به‌دواداچون خستنه‌ڕوى لێكۆلینه‌وه‌ى زانستیه؟ ئه‌و سیسته‌مه‌ى چاودێرى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده ده‌كات سیسته‌مێكى گونجاو نییه و ته‌نانه‌ت بێ ناوه‌رۆكه.
كه‌واته گرنگه ئه‌م ئه‌م پرۆسه له چاودێریكردندا بسپێرین به لێكۆله‌ر كه لێهاتو بێت له بیركردنه‌وه ( لێكۆله‌ر واعیز و شایه‌ر نیه ) لێكۆله‌ر مرۆڤێكه گرنگى به توێژینه‌وه‌ی بێلایه‌نانه ده‌دات له بریارداندا، واتا هه‌میشه چاوى له داهاتوه هه‌میشه سه‌ره‌تایی ترین قۆناغه‌كانى ده‌ستپێكى سه‌ركه‌وتن پێدانه‌وه‌ى ئه‌رك و ده‌وره به‌كه‌سانى پسپۆر، په‌روه‌رده ده‌بێت له نێو چوارچیوه‌ی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تی و دهروننیهكاندا پێشنیاری بۆ بكریت، ئه‌وه ده‌یبینن هه‌میشه ئه‌و مرۆڤانه ده‌كرێنه سه‌رپه‌شتیار كه كارگێریهكى سه‌ركه‌وتون یان وانه بێژێكى لێهاتون هه‌ربۆیه هه‌میشه ئه‌م دامه‌زراوه نابێنى پێشنیارى هه‌بێت ئه‌ونده‌ى چاودێره وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كى كارگێڕى.
لێره‌دا ئه‌مه‌وێت له كۆمه‌ڵێك خاڵی گرنگدا بخه‌مه روو سه‌باره‌ت به چۆنێتی گۆرینی په‌روه‌رده له دامه‌رزاوه‌یه‌كی رۆتینیهوه بۆ دامه‌زراوه‌یه‌ك ئه‌ركی به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤ بێت بۆ هه‌ردوو كایه‌ی پێشخستنی كۆمه‌ڵگا و پێویستیه‌كانی ده‌وڵه‌ت.
یه‌كه‌م/ زانیاری پێویستی كۆمه‌ڵناسی و ناسینی جۆری كه‌سێتی و پێویستیه‌كانی بدرێت به مامۆستا ئه‌مه‌ش له میانه‌ی خول و سیمینار توێژینه‌وه‌ی تایبه‌تدا، تا بتوانێت له‌و رێگایه‌وه رۆڵێكی كاریگه‌رتر ببینێت له دروستكردنی كه‌سێتیه‌كی پێگه‌یشتوو بۆ پێشخستنی توانای گه‌شه و ئابووری ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا.
دووه‌م/ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌زمون و ڕه‌فتارى تاك و په‌یوه‌ندیه‌كانى به‌بارودۆخه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه كه هانده‌ریانه بۆ ئاماده‌ییان له نێو كۆمه‌لگا به ڕوئیاو تێگه‌یشتنێكى نوێ تا بتوانن وزه‌یه‌كى نوێببهخشنهوه له نێو تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگادا.
سێیه‌م/ پێویسته تاكێك دروست بكرێت خاوه‌ن دیدێكی واقعی و دوور له گرێی ده‌مارگیری ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی بێت، به‌مه‌ش ئه‌م تاكه ئه‌توانێت چاوی له‌سه‌ر به‌ها هاوبه‌شه‌كان و ئامانجه گه‌وره‌كانی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن بێت.
چواره‌م/ ئاماده‌یی له چاودێریكرن له ئه‌نجام به هۆى لێكۆله‌ره‌وه مامۆستا ده‌خاته به‌رده‌م به‌ر پرسیارى هه‌ولدان، كه گرنگه فێربون ڕێكخراو بێت بۆ مامۆستا، واتا بتوانێت به دواداچونى بۆ بكه‌یت له ئه‌نجامى گه‌شه‌ى دلنیابیت له بواره جۆراو جۆره‌كان.
پێنجه‌م/ به‌هێزكردنی گیانی پابه‌ندبوون به یاسا و دروستكردنی ره‌وشتی دژه گه‌نده‌ڵبوون و گرنگی به‌رپرسیاریتی پابه‌ندبوون به یاسا و مافی گشتی له خوێندكاردا ، ده‌بێت ئه‌م به‌هایانه بچه‌سپێت.
لێره‌وه تێده‌گه‌ین نائاماده‌یی پهروهردهییمانه واى كردوه حساب بۆكراو نه‌بین له نێو كۆمهڵگاو ده‌سه‌لات له كاتێك ئێمه ده‌ورو كاریگه‌ری خۆمان به جێهێشتوه بۆ هیزه ئاینیه ئایدۆلۆژیه‌كان، نابێ مه‌یدانی په‌روه‌رده‌یی بۆ هیچ ئایدۆلۆژیا و ره‌وتێك چۆڵبكرێت. به‌ڵكو پێویسته ئامانجه په‌روه‌رده‌ییه گرنگه‌كانمان به‌دی بهێنین له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێداویستی كۆمه‌ڵگا و خواسته‌كانی ده‌وڵه‌تدا.