رەسوڵ بۆسكێنی: ژن له‌پێش سه‌رده‌می جاهیلیدا ئامتیس شاژنی بابل وه‌ك نموونه.
لێكۆڵینه‌وه و بیرهێنانه‌وه‌ی مێژووی كۆن، بۆ سوودوه‌رگرتنه له ڕووداوه‌كانی ڕابردوو و به‌راوردكردنیان بۆ ئاشنابوون به‌ژیانی مرۆڤی كۆن، سه‌باره‌ت به‌ژیان و كێشه‌كانی ژن له‌سه‌رده‌مانی ڕابردوودا، لێره باخچه‌هه‌ڵواسراوه‌كانی بابل وه‌ك دیاری بۆ شاژنی ئیمپڕاتۆریه‌تی بابل بیردێنینه‌وه، هه‌رچه‌نده تائێستا له‌نێوان حه‌قیقه‌ت و ئه‌فسانه‌دا ساغ نه‌بۆته‌وه باخچه‌هه‌ڵواسراوه‌كانی بابل، راستە یاخود ئەفسانهیە، زانستی شوێنەوارناسی و نوسینەکانی بابل لەسەر بوونی ئەم باخچەیە بێدەنگن، بەڵام هەندێک نوسەرانی دێرین بەشێوەیەک پەسندی دەدەن، وەک ئەوەی خۆیان لەسەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی بابلدا ژیابن، ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه گرنگه ئه‌وه‌یه له‌نووسراوه مێژووییه‌كاندا ئاماژه‌ی پێدراوه، باخچەهەڵواسراوەکانی بابل، لەلایەن یەکێک لەمەزنترین پادشاکانی بابل نەبوخەزنەسری دووه‌م (600 ساڵ پ. ز) لەپایتەختی ئیمپڕاتۆریەتی بابلدا بنیاتی ناوە، به‌هۆی سروشتی نامۆی باخچەکەو جوانی و به‌ناوبانگی كۆشكه‌كانی و چەندین هۆکاری تر، بەیەکێک له‌كاره سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی جیهانی كۆن ده‌ست نیشانكراوه.
بابل و ئهبوخوزنهسر
بابل بەدووری 80 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری بەغدادی پایته‌ختى ئێستای عێراق، شارێکی دێرین و مێژووییه، مەزنترین بەشی مێژووی دێرینی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زایین، لەسەردەمی نەبوخەزنەسەری دووەم.
(بوخت ئه‌لنه‌سر) له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاری بابلدا شانازی به‌خۆیه‌وه ده‌كرد، له‌و سه‌رده‌مه‌دا چه‌ندین كۆشك و ته‌لاری به‌رز، دیمەن و سیمای شاری بابلیان جوانترکردبوو، چەندین دەروازەی گرنگی هەبوو، یەکێک لەدەروازە گرنگەکانی ئەم شارە، ده‌روازه‌ی عه‌شتاره، کە باخچه‌هه‌ڵواسراوه‌كانی تێدا بنیاتنراوه، دیمەنێکی ناوازەی بەم شارە بەخشیووە، گشت دار‌و ڕووه‌ك و میوه‌یه‌كی تێداچاندراوه، به‌جۆرێك له‌هه‌رچوار وه‌رزی ساڵدا به‌رهه‌میان هه‌یه، له‌به‌ر جوانی و سه‌رنجڕاكێشی ئه‌م باخچانه ڕۆژانه گه‌شتیاران سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
باخچه هه‌ڵواسراوه‌كانی بابل
زۆربەی سەرچاوە میژووییەکان باس لەوە دەکەن نه‌بوخزنه‌سر پاشای بابل به‌مه‌به‌ستی ڕازی كردنی دڵی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ئامتیس كچی پاشای ماده‌كان، ئه‌م باخچه‌یه‌ی بنیاتناوه، ئامتیس له‌شاری ئه‌كباتان له‌وڵاتی خۆیدا به‌ناز په‌روه‌رده‌كراوه، له‌نێو شاخ و ته‌پۆلكه‌و شیوو دۆڵی خۆش دیمه‌ن و پڕ له سه‌وزایی سه‌رنجڕاكێش به‌دارستان و ئاوی سازگارو شاخه‌كان ڕاهاتووه‌و فێری ئاو‌و هه‌وای كوێستان بووه، بۆی سه‌خت بووه له‌ناوچه گه‌رمه‌كانی وه‌كو بابل بژێت، خۆشه‌ویستی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری پاشا بۆ شاژن بڕیاری دروستكردنی كۆشكێكی حه‌وت نهۆمی داوه، هه‌ر نهۆمێك ده‌وره‌درابێت به‌باخ و داری میوه‌ی به‌ردارو گوڵی ده‌گمه‌ن و بۆندار چین له‌سه‌ر چین ڕازێنراوه‌ته‌وه.
هاوسه‌ره‌كه‌ی شازاده‌یه‌ك بوو، له‌خێڵه شاخ نشینه‌كان و حه‌زی له‌وڵاته پان و به‌رین و ته‌خته‌كه‌ی بابل نه‌بوو، هه‌میشه له‌یادی ناوچه شاخاوییه‌كانی خۆی دابوو، ئاره‌زووی ئه‌وێی ده‌كرد، بوخت ئەلنهسر بۆ ئاسووده‌كردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی، بڕیاریدا كۆشكێك له‌شێوه‌ی شاخێك دروست بكات، فه‌رمانی دا باڵكۆنهكانیشی له‌سه‌ر دروست بكه‌ن، كهبهژووره پته‌وه‌كان چاودێری ده‌كرا، دروستكردنی ئه‌م باڵكۆنانه و قاته‌كانی په‌رستگاكان نه‌خشه‌ی بۆ كێشرابوو، واته شێوه تاوه‌ری بوون، كه‌هه‌ر باڵكۆنێك لهباڵكۆنهكهی ژێر خۆی بچووكتر بوو، گڵیان به‌سه‌ر باڵكۆنهكاندا پڕژاندبوو، گوڵه جوانه‌كان و داره میوه‌كانیان له‌وێدا ناشتبوو.
ئاودێری باخهكانیشی به‌شێوه‌ی زۆر پێشكه‌وتوو دروستكردووه‌و له‌شوێنی دووره‌وه ئاوی بۆهێناوه، به‌پێی سیستمی ترومپای زنجیری، ئاوی بۆ نه‌مامه‌كان گواستۆتەوە، ئەمە یەکێکە لەهەرە سیستمە ئاوییه گەورەکانی جیهانی کۆن، ئاوی ڕووباری فوڕاتیان بهترومپا ڕاده‌كێشاو وه‌ك تاڤگه، به‌م لا و ئه‌و لای باخهكهدا، ده‌یان پڕژاند، شاژن له‌هه‌یوانی به‌رزتری باڵكۆنی ئه‌م شاخه ده‌ستكرده‌دا، به‌یادی گرده‌كانی نیشتمانی خۆیه‌وه داده‌نیشت، له‌شوێنێكی دووره‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بینرا ده‌توت باخه‌كه به‌ئاسمانه‌وه هه‌ڵواسراوه، مێژوونووسان (باخچه هه‌ڵواسراوه‌كانی بابل) به‌یه‌كێك له‌سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی دونیای كۆن ده‌زانن.
لە ڕووی ئەندازهییەوە ئەم باخچەیە (328) پێ، واته (100) مهتربهرزبووه، بهشورایهك ده‌وره دراون، پانییه‌كه‌ی نزیكه‌ی (7) مهتردبێت، تویژەران و شوینەوارناسان دوو سیستمی پەمپیان لەنزیک ئاوی فوڕات دۆزیوەتەو، کەبڕوایان وایە لەڕێگای ئەو پەمپانەوە باخچەکە ئاو دراوە، بۆ ئه‌وه‌ی له شێوه‌ی شاخه به‌رزه‌كانی ئه‌كباتان بێت، تا چێژ و خۆشی به‌دڵی شاژن ببه‌خشێت و ئاو و هه‌وای وشك و گه‌رم كارنه‌كاته سه‌ر ڕوخسار و جه‌سته‌ی.
ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه ئه‌و هه‌موو خه‌رجی و ئه‌رك و ماندووبوونه‌ی پاشای وڵاتی بابل، له‌بیناسازی و ته‌كنیكی تروپای زنجیره‌یی ئاودان، ته‌نیا له‌به‌ر دڵخۆش كردنی شاژن، كه‌جوانی و سه‌رنجڕاكێشی كۆشك و ته‌لارو دیمه‌نی باخچهههڵواسراوهكان نه‌ك ئه‌و كاته ته‌نانه‌ت ئێستاش خه‌ڵكی سه‌رسام كردووه‌و به‌یه‌كێك له‌كاره سهرسوهێنهرهكانی جیهانی كۆن دانراوه، هیچ ڕێی تێده‌چێت، یان گونجاوه به‌سه‌رده‌می جاهیلی ناوببرێت، بێگومان ناودێركردنی سەردەمی نەفامی تەنیا بۆ نەپەرستنی خوای تاقانە ناسێنراوە؟.