زاهیر باهیر: ناتۆ و ئەمەریکا نیگەرانن سەبارەت بە ئەگەری دۆڕانی شەرەکەیان بە ڕوسیا.
پاش 22 مانگ شەری وێرانیکاری و بەکوشتدانی دەیەها هەزار لە سەربازان و خەڵکانی مەدەنی و ئاوارەبوونی چەند ملیۆن کەس و خاپورکردنی نزیکەی هەموو بەشە خزمەتگوزارییەکانی ئۆکرانیا، ئێستا ناتۆ و ئەمەریکا نایشارنەوە کە مەترسی تێشکانیان لە جەنگەکەی نێوانی ناتۆ و ڕوسیادا هەیە.
سەرۆکی ناتۆ ستۆڵتنبێرگ، Jens Stoltenberg، ڕۆژی شەمە، 02- 12، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەڵمانی کەناڵی ARD وتی: شەڕەکان بە قۆناغ پەرەدەسەنن…. دەبێت لەکاتی باشی و خراپیدا پشتیوانی ئۆکرانیا بکەین. درێژەی بە قسەکانی داسو وتی؛ پێویستە ئامادەش بین بۆ هەواڵی ناخۆش، هۆشداری زیاتری دا و وتی؛ ئەمە لە کاتێکدا کە کیێڤ بەردەوامە لە بەرگریکردن لە دژی لەشکرکێشی سەرتاسەری ڕووسیا.
لێدوانەکانی ئەو لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا مشتومڕ لەسەر تەقەمەنی و یارمەتییە داراییەکان بۆ ئۆکرانیا دەکەن، کە هەندێك لە وڵاتان کەمتر دەربەستن و هەندێکی تریشیان بە هۆکارێك لە هۆکارەکان هاوکاریکردنی زیاتری ئۆکرانیا هەر ئاوا ئاسان نابینن. هەروەها مۆسکۆ هەنگاوی زیادکردنی سەربازەکانی ناوە. ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا ڕۆژی هەینی فەرمانێکی واژۆکرد بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازەکان بە ڕێژەی نزیکەی 170 هەزار سەرباز بۆ کۆی گشتی یەک ملیۆن و 300 هەزار سەرباز.
هاوکاتیش جەنڕاڵێکی باڵای ئۆکرانیا دانی بەوەدا ناوە کە بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی ڕووسیا گەیشتووەتە بنبەست و ئاسۆی “پێشکەوتنێکی قووڵ و باش” بەدوور دەزانرێت.
لە لایەکی دیکەوە جۆ بایدن لە ململانێیەکی گەورەدایە لەگەڵ کۆنگریس، لایەنە کۆمارییەکاندا بۆ دابینکردنی پارە و چەك و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا، لەبەرئەوەی کە زۆرێك لە پیاوانی کۆنگریس دژ بەوەن و لەگەڵ قسەکەی ترامپدان کە هەمیشە دەیوت؛ یەکەم ئەمەریکا” واتە لە هەموو شتێکدا دەبێت ڕەچاوی ئەمەریکا بکرێت.
لە ئێستادا لە لایەن کۆشکی سپییەوە هەوڵێکی زۆر دەدرێت سەبارەت بە دەربازبوون لە بەهانەی وەستانی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، چونکە دەبێت کۆنگریس ڕەزامەندی لەسەر بدات. کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی کۆنگرێس کرد و پێشبینی کرد کە ئۆکرانیا بەم زووانە زەمینەی لە شەڕی خۆیدا لە دژی ڕووسیا لەدەست دەدات، بێ ئەوەی جارێکی دیکە یارمەتی دارایی لەلایەن ئەمریکاوە پێ بدرێتە.
شالاندا یۆنگ، Shalanda Young، بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجە وتی: دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە بەبێ کردەوەی کۆنگرێس، تا کۆتایی ساڵ، سەرچاوەکانمان تەواو دەبێت بۆ کڕینی چەک و ئامێری زیاتر بۆ ئۆکرانیا و دابینکردنی ئامێر لە کۆگا سەربازییەکانی ئەمریکا. ئەمە ناوەرۆکی نامەکەی یۆنگ بوو بۆ سێنەتاکانی کۆنگرێس. ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ کارێکی ئەفسوناوی بۆ دابینکردنی ئەم ساتەوەختە لەبەردەستدا نییە. ئێمە پارەمان تەواو بووە و نزیکە لە کاتمان.
ئەم نامە ئاگرینەی شالاندا یۆنگ پێشینەی هەبوو، ئەویش لە 5ی مانگی ئۆکتۆبەردا کۆشکی سپی داوای لە کۆنگرێس کرد کە پڕۆژە یاسایەکی تەواوکەری بودجەی 106 ملیار دۆلار پەسەند بکات کە هاوکاری ئۆکرانیا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە هیندستان و زەریای هێمن دەکات و لە هەمان کاتدا ئاسایشی سنووریش بەهێز دەکات. بەڵام ئێستا دانوستانە دوولایەنەکان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە وەستاون.
لە نامەکەیدا، یۆنگ پێشبینی کردووە کە” لەدەستدانی پاڵپشتی دارایی ئەمریکا، ئۆکرانیا لە بەرەکانی شەڕدا بەچۆکدا دەهێنیت، نەک تەنها ئەو دەستکەوتانەی ئۆکرانیا بەدەستی هێناوە دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو ئەگەری سەرکەوتنە سەربازییەکانی ڕووسیا زیاد دەکات”
هەر لەم سات و وەختەشدا سەرۆك ژێلێنیسکی لە لایەن جۆ بایدنەوە داوای لێکرابوو کە قسە بۆ سێنەتارەکانی ئەمەریکا بکات تاکو ڕاستەوخۆ لە خۆیەوە بیبیستن کە شەڕەکە لە چ قۆناخێکی مەترسیدایە. بەڵام دوێنێ، 06/ 12، لە دیمانەیەکدا ژێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا پەیامەکەی/ قسەکردنەکەی بۆ سێنەتارەکانی ئەمەریکا هەڵوەشاندەوە کە بە تەما بوو داوای بڕێکی نوێ لە هاوکاری و کۆمەك بۆ ئۆکرانیا بکات بۆ جەنگەکەی لەگەڵ ڕوسیادا. ئەمە لە کاتێکدا کە کۆنگریس هاوکاری دەیەها ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا هەڵوەشاندەوە.
گەلێکمان دەمانزانی کە ناتۆ لە ئەم جەنگەدا دەدۆڕێت، گەرچی دۆڕوای سەرەکی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا و ڕوسیایەو لە کۆتاییدا دەبێت سازش بۆ پوتین بکات. من یەکێك بووم لەو کەسانە کە لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری 2021 دا بە وتارێکی درێژ پاش توێژینەوەیەك لەسەر باری ئابووری ڕوسیا و ئەوروپا و ئەمەریکا ئاماژەم بە تێشکانی ناتۆ کردووە.
ناتۆ و ئەمەریکا وایان دەزانی بە دەستپێکردنی شەڕەکە:
یەك/ پرۆتێست و ڕاپەڕین لە ڕوسیادا ڕوودەدات.
دوو/ سوپای ڕوسی دێتە قوڵایی ئۆکرانیا و دەوروبەری کییڤ، ئەو کاتە گەمارۆ دەدرێن و هەڵگەڕانەوەی بەشێك لە سوپاکەی ڕوسیا مسۆگەرە و تێشکانیان شتێکی حەتمی دەبێت.
سێ/ ناچاربوونی یا ناچارکردنی پوتین بە بەکارهێنانی چەکی ناوکیی ، کە هەر دەستی کردەوە ئەو کاتە ئەمان لە ماوەی چەند خولەکێکدا هەموو ڕوسیای بەسەردا خاپوور دەکەن.
ئەمە لێکدانەوەی ئەوان بوو، خۆ ئەگەر بەهانە و پاساوی چەنگەکە ئەوە بێت کە خۆیان دەیانووت، ئەوە بێ گومان دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا و ناتۆ ناشیترین و نەزانترین بوون و ئەحمەقییەتی سیاسەتمەدا و دەوڵەتمەدارەکانیش هەر وەکو چۆن توێژنەوەی نادروستیان هەبوو و بە هەڵەداچوون لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا و تەنانەت ڤێنزویلاشدا، هەر ئاواش لە شەڕی ڕوسیادا. بەڵام ڕەنگە مەبەستی ئەو پاساوە فەرمیانە و هێنانەوەی بەڵگە و بڕێکی زۆر لە زانیارییەکانی هەڵگیرسانی شەڕ تەنها بۆ گەمژاندنی ئێمەی” هاووڵاتیانێن” بووبێت، دەنا لە پشتی پەردەوە پلانی داڕێژراوی پتەو تر هەبوو. ئەویش هەر هەڵگیرسانی جەنگ/ شەڕ یەکێكە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی خۆیان و هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکانیان و لەباربردن و شکستهێنان بە بزوتنەوەی کرێکاران و چەوساوەکانی وڵاتەکانیان.
ئەوەی ئاشکرایە ئێمە لەگەڵ دەوڵەتەکان و سیاسەتمەدارەکاندا هەمیشە لەشەڕداین، شەڕی تەسكکردنەوەی ئازادییەکانمان، شەڕی بەرزبوونەوەی تێچوی ژینمان، شەڕی خراپکردنی بارودۆخی دەرونیمان و زۆری تر. ئەمانە لەدۆخی بە ناو ئاشتیدا کە لە پاڵیا دەکرێت پەتایەکیشمان وەکو پەتای کۆرۆنا بۆ دروست بکەن، یاخود قەیرانێکی داراییمان بۆ دروست بکەن، ڕوودەدات. خۆ لە دۆخی شەڕییشدا ئەوە ئاشکرایە تەواوی زیندەوەرانی دوولاقی ئەم سەرزەمینە لانی کەم جارێك جەنگیان دیووە کە چ کارەساتێكیان بۆ دەهێنێت.