خالید مەجید فەرەج: دیالەکتیک لەنێوان هیگل و مارکسدا.
ئەم بەراوردکارییە بۆ چی؟ لەبەر ئەوەی هەر دوو فەیلەسووفەکە لە تەرحە فەلسفییەکەیاندا پشتیان بە دیالەکتیک بەستووە. هیگل فەیلەسووفێکی میسالی بووە، لە کاتێکدا کە مارکس مادی بوو. هیگڵ لە کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەیەمدا لە دایک بووە و تاوەکوو ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم ژیاوە، بەڵام مارکس لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا لە دایک دەبێت و لە کۆتایییەکانی هەمان سەدەدا دەمرێت. وەک پێناسە بۆ مارکس دەتوانین بڵێین ئەو جگە لەوەی فەیلەسووف بووە زانای ئابووریش بووە.
کاتێک کە باس لە دیالەکتیک دەکەین، دەتوانین بڵێین مارکس گەیشتبووە بەکارهێنانی فەلسەفی جێگیر بۆ ئەو چەمکە. ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە دیالەکتێک، سێ جار بە دووبارە پێکهاتنەوەیەدا تێپەڕیوە. بەکارهێنانی یەکەم لەلایەن سوکراتەوە بووە لەلای ئەو بەسترابووەوە بە موناقەشەی بیروباوەڕەکانەوە.کەواتە لەلای هەریەک لە سوکرات و هیگل دا جیاوازییەکی زۆریان لەڕووی چەمکەوە نەبووە، چونکە لەلای هەردووکیان بەسترابووەوە بە بواری بیرکردنەوەوە. دیاردەیەک بوو پەیوەندی بە ژیان و بیرکردنەوەوە هەبووە، لەلای سوکرات لە دیالەکتیک وا تێ دەگەین کە وتووێژێکە لەنێوان دوو کەسدایە لە میانەی گۆڕینەوەی باری سەرنجدا قسەکان واتایەکی دیکە وەردەگرن. ئەو دەیگوت دیالەکتێک ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت بە پشتبەستن بە ڕەخنە و لادانی بەرە بەرەی ئەو هەڵەیەی کە بەرامبەر تێی کەوتووە بە پشت بەستن بە بەڵگە. بەو شێوەیە بە هۆی مەنتیقەوە دەتوانین ڕاست لە چەوت جیا بکەینەوە. بەڵام لەلای هیگل دیالەکتیک زیاتر پێشکەوتن و بە خۆیەوە دەبینێت.
دەبینین لە یۆنانی کۆندا دیالەکتیک بەم جۆرە پێناسە دەکرا: ئەو ئامرازەیە کە بەهۆی موناقەشەوە دەمانگەێنێتە هەقیقەت. بەڵام بە نیسبەت هیگڵەوە دیالەکتیک ڕێڕەوی فیکرە یاخود ئەو دیاردەیەی کە بە هۆیەوە هێدی هێدی هەقیقەت ڕوون دەبێتەوە بۆ ئەقڵ. بەهۆی دیالەکتیکەوە دەپەڕینەوە بۆ هوشیاری گشتی و بۆچوونی تایبەت بە خۆمان پێک دەهێنین و فیکر و بوونی تایبەت بە خۆمان دەبێت. کەواتە هوشیاری لەلای هیگل جووڵەیەکی بەردەوامە بۆ گەڕان بە دوای توانای تێپەڕاندنی تاک بۆ زاتی خۆی، یان سنووری هوشیاری خۆی لێرەوە هەر یەک لە سوکرات و هیگل ڕێک دەکەون لەسەر گرنگی دیالەکتیک کە دەبێت ڕێگە بە فکر بدرێت بەردەوام خۆی پێش بخات لەسەر ڕێگەی هەقیقەت، بەهۆی تاقی کردنەوەی تناقض(ناسازی) و هوشیاری و بیرکردنەوە و عەقڵ، بەڵام (تناقض) لە دیالەکتیکدا وەک ئەو بزوێنەرە وایە کە بە هۆیەوە لاوازیە فیکرییەکەمان چاک دەکەین و بەڵگەکانمانی پێ ڕاست دەکەینەوە. ڕاست کردنەوە لێردا دەکاتە گۆڕینی هەموو لەگەڵ پارێزگاریکردن لە شوێن پەنجەی، یان دەستی هەڵەکانی ڕابردوومان.
ئێستا بۆمان هەیە بپرسین پاش ئەو هەموو وردەکارییەی کە هیگل کردوویەتی لە بواری دیاری کردنی دیالەکتیکدا، ئایا مارکس توانیویەتی چی بخاتە سەر دیالەکتیک؟ لەبەر ئەوەی هیگل لە دوای سوکرات هەموو ئەو چەمکانەی بەوردی دیاری کردبوو کە پەیوەندیان بە دیالەکتیتکەوە هەبوو، لێرەدا ڕۆڵی جیاوازی فەلسەفی بەدەر دەکەوێت لە دیاریکردنی جیاوازی لەنێوان هیگل و مارکسدا. هەر وەکوو پێشتر گوتمان هیگل فەیلەسوفێکی میسالی بوو، بەڵام مارکس فەیلەسووفێکی مادی بووە، لەبەر ئەوەی مارکس لەپاش هیگل هاتووە گومانی تێدا نییە پشتی پێ دەبەستێت لە فەلسەفەکەیدا، بەڵام دوای ئەوەی کە پێشی دەخات و جۆرە گۆڕانکارییەکی بەسەردا دەهێنێت کە گونجاو بێت بۆ تیۆرییە مارکسییە دیالەکتیکییەکە. دەبینین دیالەکتیک لەلای مارکس گۆڕانکاری جەوهەری بە خۆوە دەبینێت کە بە جۆرێک لە کۆدێتا بەسەر دیالەکتیکی هیگلی دادەنرێت. بەڵام چۆن لەو هەڵگەڕانەوەیە دەگەین و ئایا تایبەتمەندێتییەکانی چین؟.
ئەگەر هیگل وای دانابێت کە دیالەکتیک شێوەیەکە لە شیوەکانی بزاوتنی فیکر، لەلای مارکس بە پێچەوانەوە شێوەیەکە لەشێوەکانی جووڵەی مادە، کەواتە دیالەکتیک لەلای هیگڵ شێوەیەکە لە شیوەکانی بزاوتنی فکر کە بەستراوەتەوە بە فەلسەفەی میسالییەوە، بەڵام لەلای مارکس شێوەیەکە لە شێوەکانی جووڵەی مادە کە دەکاتە فەلسەفەی مادی، ئایا چۆن دەبێت لەوە بگەین کە (تناقض) ی ئەفکار سروشتی دیالەکتیک دیاری دەکات؟ بەڵام بە نیسبەت مارکسەوە (تناقض) ناسازی لە نێوان تاکەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکان بە بزوێنەری فیعلی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت مارکس نکۆڵی لەوە ناکات کە لەژێر کاریگەری هیگڵ دا بووە. بەڵام لەبەر ئەوەی مارکس زیاتر کەوتووەتە بە کاریگەری فەیلەسووفە مادییە گریکەکان وەک (دیموکریتیس و ئەبیکۆر)، واتا ئەو فەیلەسووفانەی کە دەیانگوت کەون لە مادە پێک هاتووە و هەموو دیاردە فیکرییەکان تەنیا ڕەنگدانەوەی بزاوتنی مادەن، ئەمەش ئەو مادییەیە کە دەڵێت؛ پێشەنگی بۆ مادەیە نەک فیکر و ئەوەی کە کار لە دنیا دەکات بە تەنیا ئەفکار نییە بەڵکوو کردەوەکان و مێژووە. بەپێی مارکس مێژوو ئەو سەکۆیە یە کە بە درێژایی مێژوو لەسەری بنیات دەنرێت، ئەگەر مارکس مادی بێت کەواتە هیگل میسالییە و باوەڕی بە پێشەنگی فیکر بەسەر مادەوە هەیە بە پێچەوانەی مارکسەوە بەمەش دیالەکتیکی مارکس لە دیالەکتیکی هیگل دوور دەکەوێتەوە. هەردووکیان لەسەر یەک بناغە دروست بوون، بەڵام لە پرەنسیپە فەلسەفییەکەدا جیاوازن. مارکس پشت بەو (تناقض)ە دەبەستێت بۆ قسە کردن لە سەر بوونی ململانێی چینایەتی.
بەو شێوەیە مارکس دەگاتە ئەوەی کە هەموو مێژووی مرۆڤایەتی تەنیا ململانێی نێوان دوو هێزی نا بەرامبەر بووە. هێزێک کە دەستە باڵاکەیە و هێزەکەی دیکە کە چینە ڕەنجدەرەکەیە، دەکرێت ئەو دوو چینە بە ڕووی جۆراوجۆردا بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتیدا دەر بکەون، جارێک باڵا دەست لە سیستەمە کۆنەکاندا موڵکداری زەوییە، یان خاوەنی کارگەیە لە سیستەمە نوێیەکاندا. بەپێی مارکس بزوێنەری مێژوو ئابوورییە لەبەر ئەوەی ئابووری باڵا دەستە بەسەر هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکاندا، لەلای مارکس پێگەی مرۆڤ لە ڕێگەی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەوە دیاری دەکرێت. لای مارکسیزم تەنیا ئەوە بەس نییە کە نەوەکان زانیاریان دەربارەی وەزعە مادییەکە هەبێت. مارکس دەڵێت؛ هەموومان بۆچوونمان دەربارەی وەزعە مادییەکەمان هەیە. ئەو دەڵێت؛ هوشیاری کەسەکە دیاری ناکات، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بوونە کۆمەڵایەتییەکە کە هوشیاری دیاری دەکات. جیهان لە گۆشە نیگای مارکسەوە ئاکامی ململانێ مادییەکە لە نێوان چینەکان و ئایدۆلۆجییەکاندا، کە گوزارەش لە هەر چینێک لە چینەکان دەکەن، بەو شێوەیە دەبینین دیالەکتیکی مارکسی کوودەتایەکە بە سەر دیالەکتیکی هیگڵیدا کە لە چوارچێوەی فکر و بیرکردنەوەدا قەتیس مابوو. لە کاتێکدا لەلای مارکس پەیوەندییە مادییەکانی دەگرتەوە کە پێک هاتووە لە تەنیا پەیوەندییە ئابوورییەکان کە تێدا ململانێی نێوان چینەکان بزوێنەری ڕاستەقینەی مێژوون، بەڵام مارکس دەیەوێت بەمە بۆ کوێمان بەرێت. مارکس چاودێری مێژووی دەکرد و لە ڕووداوەکانی دەکۆڵییەوە، لەسەرمانە کە ئاماژە بەوە بدەین مارکس زانای ئابووری بوو و بە هیچ جۆرێک مونەزیرێکی سیاسی نەبووە، ئەو دەگاتە ئەوەی کە سەرهەڵدانی بۆرجوازییەت لە ماوەی شۆڕشی پیشەسازیدا حەتمەن هێزێکی نوێ دروست دەکات کە لە عورفی مارکسیدا بە پرۆلیتاریا ناسراوە، کە تاکە هێزە بتوانێت ئەو ململانییە ئیدارە بدات ئەوەش کۆمەڵگە دەکات بە دوو بەش ناساز (متناقض) لەگەڵ یەکتری و ململانێ لە نێوان بۆرجوازیەتی سەرمایەداری باڵادەست و پرۆلیتاریا کە پێک هاتوون لە توێژە کرێکارەکە لەو ساتەوە ململانێیەکە دەبێت بە ململانێی چینایەتی لەنێوان ئەوانەی دەستیان بەسەر ئامرازەکانی بەرهەم هێناندا گرتووە و ئەوانەشی کە لە ڕەنجی شانیان زیاتر هیچی دیکە شک نابەن.
مارکس دەڵێت؛ پرۆلیتاریای نوێ توانای ئەوەی هەیە کە هەست بە بوونی خۆی وەکوو چینێک بکات کە لەژێر هەژموونی سەرمایەداردا دەژی بەهۆی ئەو جۆرەوە لە هوشیاری پرۆلیتاریا دەتوانێت ڕۆڵە مێژووییەکەی خۆی پەی پێ ببات و ببێت بە هێزێکی شۆڕشگێڕ کە دەتوانێت خۆی ڕێک بخات، تاوەکوو دەسەڵاتی و هەژموونی بۆرجوازیەت لەناو بەرێت و چینە کۆمەڵایەتییەکان کۆتایی پێ بهێنێت. ئەوەش کۆتایی پێ هێنانێکی حەتمییە بە نیسبەت مارکسیزمەوە. واتا حەتمییەتێکی مێژوویی هەیە کە تەئکید لە سەرکەوتنی پرۆلیتاریا و ڕووخاندنی چینە کۆمەڵایەتییەکان دەکات.کاتێک کە ئەو چینە کۆمەڵایەتییانە دەڕووخێن و پرۆلیتاریا سەردەکەوێت ئیدی هەموو دەبن بە یەک چین لە کۆمەڵگەدا و لێرەدا ململانێکە کۆتایی پێ دێت. کاتێک ململانێ کۆتایی پی دێت، مێژووش کۆتایی پێ دێت. مارکس لێرەدا بە سەرکەوتنی پرۆلیتاریا کۆتایی مێژوو ڕادەگەێنێت.