نوری کەریم: دیرۆك یا مێژو بۆ ده‌نوسرێته‌وه، كورد په‌ندی لێوەردەگرێت؟
بەکوردی و بەکورتی
(1)
دیرۆك روداوەکان و به‌سه‌رهاته‌كانی رۆژان و سالان و سهتهكانه به‌خوشی و ناخۆشیهكانییهوه، به‌سه‌ركه‌وتن و نوشست و نسكوكانییهوه، به‌لام دیرۆكی كورد هه‌رهه‌موی هه‌ر شكست و نسكۆیه، تۆ هه‌روا سه‌رنج بده دوای 3هه‌زار ساڵ گه‌یشتوینه‌ته كوێ، له چ ئاستێكی ئاوه‌دانیی و شارستانیداین؟
هه‌ر هه‌مو گه‌لانی سه‌رزه‌مین كه دیرۆكی خۆیان ده‌نوسنه‌وه، (ئه‌گه هەمویان بتوانن بینوسنەوە)بۆ ئه‌وه‌یە نه‌وه‌كانیان بیخوێندنه‌وه، خۆیان بناسن و لەگەڵ گه‌لانی دیكه‌شدا یەکدی بناسن، بە وردبونەوەو تێڕامان و بەخۆدا چونەوە لێوه‌ی فێربن و په‌ندو ئامۆژگاریی لێوه‌رگرن، رێگای ژیان و پێشكه‌وتنیان بۆ روناك بكاته‌وه، دۆست و دوژمن جیابكه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر وه‌ها نه‌بێت و دیرۆك ته‌نها گیرانه‌وه‌ی روداو و به‌سه‌رهاته‌كانی رابوردو بیت، ئه‌وه چیرۆكی گوێ ئاگردانه، كه منداڵ بوین داپیره‌كانمان بۆیان ده‌گێراینه‌وه هه‌تا خه‌ومان لێده‌كه‌وت وەک ئێمەی کورد کە ئێستا‌و لەسەتەی بیست و یەکەمدا هێشتا لەخەوی غەفڵەتدا پرخەماندێت! دیرۆك یا مێژو ده‌بیت خال بخاته سه‌ر پیته‌كان، په‌نجه بخاته سه‌ر برینه‌كان، شه‌ن و كه‌وی بیسراوهكان و بینراوه‌كان بكات، لهبیژنگیان بدات و تەتەڵەیانکات، راستییه‌كان بخاته ڕوو، نهخۆههلكیشان و خۆبه‌زلزانینی فشه‌ڵ و بێبنه‌مای گه‌لانی عه‌ره‌ب ئاسا و نه وره‌به‌ردان وبێهیوایی و چۆكدادان و خۆبەدەستەوەدانیش بیت و بەمیرات جێیهێڵین بۆ نه‌وه‌كانی داهاتو، ئێستەو داهاتوشمان وه‌ك نیوه خنكاوێك له زۆنگاوی خۆخۆریی و بنده‌ستیی و پاشكۆیه‌تیی بهرودراوسێدا، لە خۆنواندنێکی کوێرانەو گەمژانەدا هەنگاوێک بۆ پێشەوە و دوهەنگاو بۆ دواوە ژیان بەسەربەرین!!
دیرۆك یا میژو ده‌بی خۆمانی تیدا ببینین، به‌لام ئایا ئێمه‌ی كورد خۆمان له مێژوی ئه‌و سىێ هه‌زار ساڵه‌ی ژیانماندا ده‌بینین؟ نه‌خێر خۆمانی چۆن تێدا دەبینین کە نەمانتوانیوە مێژوی خۆمان بنوسینەوە، بەڵکو دوژمنان بەخواست و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان نوسیویانەتەوە، کە شتێکیشمان نوسیبێتەوە جگە لە شەرەفنامەکەی میر شەرەفخانی بتلیسی و بەرهەمەکانی محەمەد ئەمین زەکی بەگ، زۆربەی هەرەزۆری ئەوانیدیکە بێبنەماو هەڵبەستراوە وبه‌سه‌ر هەڵەو لایەنە نهێنی و شاراوەکانیشدا بازده‌ده‌ن، شهنو كهوێک ناكه‌ن و خۆمان دەخەڵەتێنین، ئەگەرنا، چۆن باوەڕبکەین 12دوازدە سوارچاکی بابان سواردەبن بچن بۆ راوەبەراز، بەڵام سوکوبارێک دەگەنە سنوری ئێران و لە نزیک گۆلی زرێبار و شاری مەریوانەوە پەلاماری 12هەزار سەربازی ئێرانی تێروتەسەل و پڕچەک دەدەن و تاروماریان دەکەن!! یا ئەفسانەکەی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەو کەیغانی هاوسەری کە کچەشۆخێکی بیزەنتی بووە لەپاداشیت ئازایەتییەکەیدا وەک دەستکەوتی جەنگ هێناوێتیەوە دارەشمانە!! یا سوهاک ی شای دەوڵەتی ئاریان (دواتر بووە بە ئێران) بەچەکوشەکەی کاوە کراوە بە زوحاکی دومار لەسەرشان و زۆردار‌و خوێن‌ڕێژ و کاوەیەکی فارسمان بەکاریگەری شانامەکەی فیردەوسی کردۆتە کورد و شانازی پێوەدەکەین کە فەرەیدون دەکاتە شای ئێران لە شوێنی سوهاک، ئێمەش هەزارەها کۆرپەمان بەناوی کاوەی ئاسنگەرو فەرەیدون ی بێگانەو دوژمنەوە ناوناوە و ئەوەی ناوی لەناواندا نەبێت و بەرنەفرەتیش کەوتبێت و هەمو بەهارێک لەنەورۆزدا بە چەکوشەکەی کاوە مێشکی دەپژێنین سوهاک شای کوردەو مناڵیکمان بەناوەوە ناونەناوە، ئیتر فارسەکان چۆن بە فارسمان نازانن؟
(2)
ئیمه له په‌راویزی میژودا ده‌ژین، له‌ده‌ره‌وه‌ی روداو و ئه‌نجامه‌كان و بریارەکانداین، دەستمان لە هیچ وردودرشتێکی روداوەکاندا بۆ بەرژەوەندی کورد نەبووەو نییە و شەقڵ و گاریگه‌ریی ئەرێنی پێوه دیار نییه و وه‌ك گه‌لێكی زیندو خۆمانی تێدا نابینین، بێگانەکانیش بەدۆست و دوژمنیانەوە وه‌ك تارماییه‌كی ته‌ڵخ و لێل لێره‌و له‌وێ، له پشت دێڕه‌كان و دیوی ئاوه‌ژوی روداوهكانهوه بەلاچاوێکی دوژمنانە، یا دۆستانەی سەرپێیی و کاتیی بەگومانەوە سەیرمان دەکەن و سەریان سوڕماوە لەوەی گەلێکی پەنجا ملیۆنی و خاکێکی بەفەڕو پڕبەرەکەت نەک نەیتوانیوە خۆی رزگارکات و دەوڵەتێ یەکگرتو دامەزرێنێت، ئەو هەرێمەش لەباشور بۆیان دامەزرێنرا ناتوانن بەڕێوەبەرن. زۆر سەیرە ئێمەی کورد بەزمێک دەزانین سێپێیی، کوشتەی دەسەڵات و دزی و گەندەڵین،لەو پێناوەشدا هەروەک میر و پاشاکانی بابان کەهەندێکیان لەخزمەت عوسمانی و هەندێکیان لە خزمەت سەفەوی دا کێبەرکێیان دەکردو ملی یەکدییان دەشکاند. لەسەردەمی نوێشدا و بەتایبەتیش دوای یەکەمین جەنگی جیهان و کەوتنی دەوڵەتی عوسمانی و داگیرکردنی تورکیا لەلایەن هاوپەیمانە سەرکەوتووەکانی جەنگەکەوە هەرجارێک کورد بەناوی شۆڕش و راپەڕینەوە دەستیداوەتە چەک لەبەرژەوەندی یەکێک یادوان لە داگیرکاراکانی کوردستان بووە، جگە لەبەرژەوەندی بەریتانیاو ئەمەریکاو ئیسرائیل ئەنجامەکەشی هەر شکست و هەرەس و خوێن و فرمێسک و ماڵوێرانی بووە و هەنگاوێک بۆ پێشەوەو دو هەنگاو بۆ دواوە و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و سەرەتا!! کورد بەزمێکی خۆشیشی هەیە، خۆی دەخەڵەتێنێت و دڵی خۆی بە چیرۆکی سەیر و سەمەرەی بێ بناغە خۆشدەکات و شانازی پێوەدەکات، تۆ تەماشاکە چەندین ساڵە خۆمان بەوە خەڵەتاندووە کە نەبو خەزنەێری پاشای بابل ، باخچە هەڵواسراوەکانی بۆ دڵخۆشکردنی هاوسەرە کوردەکەی دروستکرد کە هەست بەدڵتەنگی و نامۆیی نەکات کە لەسروشتی کەژ و کێوو دارستان و چەم و روبارەوە هاتۆتە پێدەشتەکانی دۆڵی نێوان دو روبارەکە و هەست بە نامۆیی و دڵتەنگی دەکات، کەچی لێکۆڵینەوەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە باخچە هەڵواسراوەکان نەک بە فەرمانی نەبوخەزنەێری شای بابل دروستنەکراوە، بەڵکو هەر لە بابلیش نەبووە، لە وڵاتی نەینەوا بووەو شای ئاشورییەکان سەنحاریب بڕیاری دروستکردنەکەیی داوەو لەسەردەمی فەرمانڕەوایی ئاشوربانیپاڵدا لە ساڵی 600بەر لە کریست بنیاتنراوە. شای ئاشورەکان فەرمانی داوە دروستکرێت!
(3)
تۆ سه‌رنجێكی ورد له مارشی نه‌ته‌وه‌یی كورد، هۆنراوه‌كه‌ی مامۆستا (دڵدار) ی نه‌مر بده: ئێمه رۆله‌ی میدیا‌و كه‌یخوسره‌وین. ئیمپراتۆریای میدیا (ماد)770ـ ـ550پ‌ز. نابوتترین و ته‌مه‌ن كورتترین ئیمپراتۆریای سه‌رزه‌مین بووه و هه‌رگیز له مێژوی مرۆڤدا ئیمپراتۆریای وه‌ها ته‌مه‌ن كورت هه‌ڵنه‌كه‌وتووه كه ته‌نها دوسه‌د ساڵێك خۆی گرتبێت و ئه‌و كهوتنهش كهكهوت هه‌رگیز ههلنهستایهوهو هیچ قهوارهیكی نه‌ته‌وه‌ییش له‌سه‌ر دار‌و پهردووهكهی دانه‌مه‌زرا، ئه‌وه دیارده‌یه‌كی میژویی ناوازه‌یه و ته‌نها له‌كورد رویداوه!!
ئه‌وه (ئێمه رۆڵه‌ی میدیا) ین، ئه‌ی( رۆڵه‌ی كه‌یخوسره‌وین) چییە؟ كه‌یخوسره‌وی ئه‌خه‌مه‌نی دامه‌زرینه‌ری ده‌وڵه‌تی ئهخهمهنیی 559 ـ 330پ‌ز. له‌سه‌ر تاشه‌به‌رده‌كانی ته‌ختی جه‌مشید نوسیویتی ( من به بنه‌ماله ئهخهمهنیم و پارس كوری پارسم، له‌هۆزی میدیا و به‌ره‌گه‌ز ئاریم.) ئه‌م 2دو برگه‌یه: هۆزی میدیا و ره‌گه‌زی ئاریی، كوردی بەهەڵەدابردووە کە بەدەنگی بەرز بڵیت ( ئێمە رۆڵەی كه‌یخوسره‌وین) و هه‌زاره‌ها هه‌زار كورد له‌هه‌مو به‌شه‌كانی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش به‌ناوی كه‌یخوسره‌و، خوسره‌و، خه‌سره‌و ناونراون!! ئه‌ی چه‌ند كورد به‌ناوی ئه‌رده‌شێر ناونراوه؟ زۆر زۆر كه‌م، بەڵام ئەردەوان ناومان زۆرە!!
(4)
ئه‌رده‌شیری بابكان ده‌وله‌تی ئهشكانیی لەسەردەمی فەرمانڕەوایی شا ئەردەواندا روخاند کەماوەی نێوان 246پ‌ز. – 250ز.پێنج سەد ساڵێک فەرمانڕەوای ئێران بون و لەشوێنیدا ده‌وڵه‌تی ساسان داده‌مه‌زرێنێت 250 – 611ز. كه به‌ناوی باوكی خۆیه‌وه ناونراوه. ئه‌رده‌شێر شایه‌كی مه‌زنی گه‌لانی ئێرانه و كورد كوڕی كورده، لهباوكهوه له هۆزی شوانكاره و له دایكه‌وه ده‌چێته‌وه سه‌ر هۆزی بازرهنگیی، له‌سه‌رده‌می فه‌رمانره‌وایی خۆیدا ئاینی زه‌رده‌شتیی كرده ئاینی فه‌رمیی ولاتی ئێران. بۆ سه‌لماندنی كوردبونهكهشی، ئه‌رده‌وان شای دەوڵەتی ئەشکانی دوای روخانی دەوڵەتەکەی نامه‌یه‌كی بۆ ئه‌رده‌شێر نوسیوه و پێیده‌ڵێت: ( ئه‌ی كوردی ده‌وارنشین كێ رێگه‌ی پیداویت تاجی شاهانه‌ی ئیران بنێیته سه‌ر؟) مێژونوسانى عاره‌ب، ته‌به‌رى و ئیبن ولئهسیر، پشتگیرى ساغكردنهوهكهى مامۆستا ره‌شید یاسمى ده‌كه‌ن و نووسیویانه ئه‌رده‌وان پێنجەمین شاى ده‌وڵه‌تى ئه‌شكان، نامه‌یه‌كى بۆ ئه‌رده‌شێرى ساسانى نوسیوه پڕ له تانه‌و ته‌شه‌رو بۆ سوكایه‌تى پێكردنوسوك نرخاندن به (ئه‌ى كوردى ده‌وارنشین) ناویده‌بات. به‌شێكى نامه‌كه به‌م جۆره‌یه: پێت لهبهڕهى خۆت پتر راكێشاوه‌و به‌وه‌ش مه‌رگى خۆت هه‌ڵبژاردووه. هه‌ى كوردى خێوهتنشین كێ رێگه‌ى پێداویت تاجى شاهانه له‌سه‌ر بنێیت؟ ( وادیاره هه‌ر له سهردهمانیكی زۆر كۆنه‌وه ناوی كورد هاوواتای وشه‌ی كۆچهربووه، هه‌مزه‌ی ئهێفههانی له لاپه‌ره125ی کتێبەکەیدا ده‌ڵێت: فارسه‌كان به ده‌یله‌مییه‌كان ده‌لین كورده‌كانی ته‌به‌رستان، هه‌ر وه‌ك چۆن به عه‌ره‌به‌كانیشیان ده‌وت كوردی سوریستان!! ئه‌رده‌وان کە دوایه‌مین پاشای دەوڵەتی ئەشکانی بو، جنیو به ئه‌رده‌شیری ساسانی ده‌دات: (هەی كوردی له‌ژیر رهشمالی كوردان گه‌وره‌بو)، بەڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگەیەنێت کە ئه‌رده‌شیر له‌ناو كورد زماندا ژیاوه، به‌لكو له ناو كۆچه‌ره فارسهكاندا ژیاوه . ( بروانه فلادیمیر مینۆرسكی، بنچینه‌كانی كورد و چه‌ند وتاریكی كوردناسی (به زمانى روسی) وه‌رگیرانی دکتۆر نه‌جاتی عه‌بدوللا، 2007 سلیمانی، ل.31) شایانى وتنه ئه‌و ئهردهشێرهى ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ى كورده، شایانى تاجى شاهانه نییه، له‌مه‌زنترین شاكانى ئێرانه‌و هه‌ر ئه‌ویش بو ولاتى ئێران لهپشێوى و بهرهلایى و پاشاگه‌ردانیی رزگار ده‌كات كه دواى مردنى ئه‌سكه‌نده‌ری مەکەدۆنی لە 323 پ‌ز. ماوه‌یه‌كى دورودرێژ به‌سه‌ر گه‌لانى ئێران‌دا هاتبو.
(5)
سه‌یرو سەمەرە لەوەدایە كورد شانازى به ئه‌رده‌شێره‌وه نه‌كردوه كه مێژونوسانى بێلایه‌نى عاره‌ب وه‌ك ته‌به‌رى، ئیبن و لئهسیر و مامۆستا ره‌شید یاسمى و مێژونوسی كورد ئه‌مین زه‌كى بەگوشایهكى مه‌زنى گه‌لانى ئێرانیش سه‌لماندویانه كه ئه‌رده‌شێر كورده. ئه‌رده‌شێر ساڵى250 عیسایى ده‌وڵه‌تى ئهشكانى روخاندو له‌سه‌ر ئه‌و داروپه‌ردووه ده‌وڵه‌تى ساسانی دامەزراند و ماوەی نێوان ساڵانی 250 –ـ652 عیسایى فەرمانڕەوابو، ئاینى زەردەشتیش ده‌كاته ئاینى فه‌رمى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى(114)**. كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه له‌نێوانیاندا ئه‌وه‌نده‌ى شیرى بیبرێت به‌رگرى له‌بونى خۆى ده‌كرد، هه‌مو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى خۆى بپارێزێت و له‌نێو نه‌ته‌وه‌ى فارس‌دا نه‌توێته‌وه، ئه‌گه‌رنا، دورنهبو كورد له ئێران وه‌ك قیبتییهكانى میێرى به‌سه‌رده‌هات. چه‌ندین هۆزى گه‌وره‌و به‌هیێز سه‌ریان بۆ ده‌وڵه‌ته‌كانى ئهخهمهنى و ئهشكانى و ساسان و زه‌ند و قاجار و نه‌وینه ده‌كرد هه‌رچه‌ند دامهزرێنهرهكانیشی كوردبوبن وه‌ك ده‌وڵه‌تى ساسان. ئه‌رده‌شیر و ده‌وڵه‌تى زه‌ند و كهریمخانى زه‌ند. لێره‌دا ده‌شێت بپرسین ئایا پێشه‌واو سه‌ركرده‌كانى گه‌لانى ئێران، دور نهڕۆێن دیاكۆ، كه‌یخه‌سره‌و(کۆرش)، كه‌یقوباد و كه‌یكاوس و كیسرا و فه‌ره‌یدون و سوهاك (زوحاك) و ئه‌رده‌وان و جه‌مشید و بارام و نه‌وشیروان و رۆسته‌م، كوردن یا فارس؟ سەر بە هەرنەتەوەیەکیان بون، دور له تێزى توندڕەوی نه‌ته‌وه‌یى و خۆسەپاندن و خۆجیاكردنه‌وه به‌قوڵى هه‌ستیان به‌وه كردووه به‌ر له‌هه‌مو شتێك ئارین و له‌و روانگه‌یه‌وه فه‌رمانڕه‌وایى گه‌لانى ئێرانیان كردووه؟ بەڵام مێژونوسانى ئێران دواتر هه‌مو شانازیهكانیان بۆ نه‌ته‌وه‌ى فارس نوسیوه‌و راستییه مێژوییه‌كانیان به‌جۆرێك شێواندووه كاتێك كورد وریابۆتهوه سه‌رى لێده‌رنه‌كات و خۆى تێدا نه‌دۆزێته‌وه، مه‌گه‌ر دواى سۆزى ده‌رون بكه‌وێت و شانازى بهكۆرش (كه‌یخوسره‌و) بكات و خۆى به‌نه‌وه‌ى ئه‌و بزانێت و به‌جۆرێك ئه‌و هه‌سته به‌سه‌ریدا زاڵ‌بێت له سرودى نه‌ته‌وه‌یماندا ـ مارشى كورد ـ سرودى ئه‌ى ره‌قیب بەجۆرێک ره‌نگبداته‌وه پڕبەدەم هاوار بکەین ئێمه رۆڵه‌ى میدیا و كه‌یخه‌سره‌وین، دینمان، ئاینمان هه‌ر نیشتمان)، به‌لام كه‌یخه‌سره‌و (کۆرش) زۆر شانازى به‌وه ده‌كات (فارس كوڕى فارسه)و له‌سه‌ر تاشهبهردهكانى ته‌ختى جه‌مشید نووسیوێتى (من به بنه‌ماڵه ئه‌خه‌مه‌نی موپارس كوڕى پارسم، له‌هۆزى میدیا‌و به‌ڕه‌گه‌ز ئاریم) ئه‌م به‌ڵگه زیندووه هیچ گومانێك یا چه‌ندو چونێكى تێدانییه كه كه‌یخه‌سره‌و فارسه، به‌لام كورد دواى هۆزى میدیا‌و ره‌گه‌زى ئارییهكه كه‌وتووه و ئەویش کە مادەو ئارییە دەبێتە رۆڵەی کەیخەسرەو (کۆرش)!! پێویسته ئه‌و راستییه‌ش نه‌شارینه‌وه كهیخسرهو( کۆرش) فارسێكى ره‌گه‌زپه‌رست نه‌بو، نه‌یده‌توانى به‌ئاسانیش كورد ژێر چه‌پۆك و كڕ بكات و ببێته هۆى وروژاندن و یاخیبون، بۆیه دڵنه‌وایى سه‌ردارو مه‌زنه‌كانى ماد ده‌كات و رێز‌و خۆشه‌ویستى پیشان ده‌دات و نێزیكى ده‌كردنه‌وه‌و كاروبارى پێدهسپاردن و پۆستى گرنگیشى پێده‌دان و هه‌ر به ناو ژێر فه‌رمان بون.
*دەتوانیت درێژەی بابەتەکەبخوێنیتەوە لە: نوری کەریم، پانۆرامای دیرۆکی دیرین و نوێی کورد، بەرگی 1 بەشی 3 ،لا.260 – 262.