يوسف محەمەد بەرزنجى: تێپەڕینى کتێبە قاچاغەکان، بەسنوورە دەستکردەکاندا – بەشی دووەم.
سەرنج و ڕوونکردنەوە
زیندان بۆهەر یەکێکمان نامۆ نییە، زیندان جێگەى زۆرێک لەخەڵکى باش و خەڵکى خراپە، ئێمە تەنیا لەخەڵکە باشەکە دەدوێین کەڕێگەو جێگەیان کونجى زیندانە، نیشتمانپەروەرو دژى نا دادپەروەرى و ستەم خەڵکانێک دەنگى ڕەوا بەرزدەکەنەوەو بەگژ نادادى کۆمەڵگەو ستەمدا دەچنەوەو ژوورە تاریک وشێدارەکان جێگەو ماڵییانەو زیندان مەنزڵگایان، هەر بەهۆى نادادى و پێشێلکردنى ماف و ستەمى کۆمەڵگەو دەسەڵاتەوە، ئەوانەى بەرگریکارن لە کۆمەڵ و زوڵملێکراوان زیندان و مەرگ و لەسێدارەدان هەڵدەبژێرن و باکیان لەگیانفیداى خۆیان لەپێناوى سەربەستى و ئازادیدا نییە، کەواتە سیاسەت و بەگژداچونەوەى دەسەڵاتێکى ستەمکار پێویستى بە خەبات و تێکۆشان و خۆفیداکارى و گیانبەخشین و ژوورى تاریکى زیندان هەیە، بۆیە تا نادادپەروەرى و ستەم هەبێت لە ناو کۆمەڵگەدا، زیندان و خۆفیدا کردن بەگیان و جەستە هەردەبێت.
بوارى ڕۆشنبیرى و زیندان
لەمێژووى مرۆڤایەتیدا هەڵوێست و گییان فیداییى شاعیران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بەگشتى مێژووییەکى دورو درێژەو قوربانیدان و گیانبەخشینى توێژە ڕوناکبیرو هۆشیارەکەى نێو کۆمەڵگە مێژووییەکى پرشنگدارو لە مێژووى مرۆڤایەتیدا، هەزاران ڕۆشنبیرو نووسەرو هونەرمەند، زاناى بەهەڵوێست لەسەر بەرهەم و نوسین و بۆچوونە جیاوازو ناتەباکانیان لە دەسەڵات و کۆمەڵگە ڕووبەڕووى تیرۆر و کوژران و زیندان و دەربەدەرى بوون، بوونەتە جێگەى شانازى گەل و نەتەوەو کۆمەڵگەکەیان، گەلى کوردیش بەدەرنییە لەشانازى ئەم توێژەى کۆمەڵگەى کوردى، دەیان نووسەرو ڕوناکبیرو هونەرمەندو تێکۆشەر لەسەرهەڵوێست و بەرهەم و بۆچوونە جیاوازو ناتەبەکانیان لەبەرانبەر دەسەڵات و بەرگرى لە ماف و ئایندەى خەڵک، یان گیانیان فیدا کردووە، یان کونجى زیندان جێگەیان بووە، دەیان نووسەرى وەک شاکرفەتاح و عەبدولخالق مەعروف و دڵشاد مەریوانى و جەمال عیرفان، ڕەئووف زوهدى و مەلاعەلى… لەپێناوى گەلدا شەهیدبوون و تیرۆر کراون، ئەویش لە سەر بەرهەم و هەڵوێست و بۆچونە جیاوازەکانیان بووە، لە دژى ستەمى دەسەڵات و ڕێگگرى بووە لە سەربەستى و ئازادى گەل. دەیانى وەک کامەران موکرى و حەمەساڵح دیلان و… لەسەربەرهەم و هەڵوێستە بەرزەکانیان و بەرگرى لەخەڵک و نیشتمان، زیندان و ژوورە شێدارەکان جێگەیان بووە.
كۆمکاريى زیندانیيە سیاسییەکان
دواى ڕاپەڕینى زستانى ساڵى 1991، چەندین ڕێکخراوى سیاسیى ئەدەبی کۆمەڵایەتى و مرۆیى جۆربەبەجۆر لە کوردستان بەهۆیى زەمینەسازى و لە بارى هەلومەرجەکەوە دامەزران، یەکێک لەو ڕێکخراوانە، یان لەو سەندیکا دامەزراوانەى، دامەزران بۆ بەرگرى لەزیندانیان (کۆمکارى زیندانیانى سیاسیى کوردستان)بوو، ڕۆژێک بەڕێزان مامۆستا محەمەد مەحموودو خالید حەمەکاکۆڵم بینى، وتیان تۆ ئاگادارى کەئێمە لە ناواڕاستى ساڵانى هەشتادا بەهۆى کتێب و بڵاوکراوەکانیانەوە، لە شەقامى مەولەوى تەنیشت پۆستە دەستگیرو زیندانى کراوین، منیش وتم زۆر ڕاستەو زیاتر لە ساڵێک لەزیندان مانەوەو هەرباش بوو بەو کتێبانەوە ڕەمى نەکران و نەکوژران، ئەوان وتیان بۆیە بەتۆ دەڵێین: بەڵکو هاوکارىمان بکەیت بەشایەتىدان بۆمان لەڕێکخراوى کۆمکارى زیندانە سیاسییەکان بۆ ئەوەى پێناس وەرگرین و ببین بەئەندام لەو ڕێکخراوەدا، منیش گوتم بەسەرچاو هەرکاتێک بتانەوێت دێم لەگەڵتان و شایەتى دەدەم، بەڵام دیارە ئێوە زیندانبوون لە بەندیخانەو ماوەیەکى زۆریش هەردوکتان ماونەتەوەو مەسەلەو هۆکارى دەستگیرکردنتان کتێب و بڵاوکراوەکان بووەو ئیتر شایەدى بۆچییە؟ ئەوان گوتیان وتویانە تا ئێستا دۆسێ و بابەتى لەم جۆرەمان لەسەر گرتنى ئێوەو مانان بەکتێبەوە بۆ نەهاتووەو ئێوە یەکەم کەسن کەداواتان پێشکەش کردووە لە سەر ئەم بابەتەو داواى پێناسى زیندانیانى سیاسیى دەکەن، منیش ئامادەیى خۆمم دەربڕى و لەگەڵیان چۆم بۆڕێکخراوەکە، ئەوکاتە بنکەیان لەکۆتایى شەقامى سابوونکەران و نزیک ناوەندى ڕۆژهەڵات و دوکانى ناوبەهاربوو، کەمن چووم ئەو برادەرەى لەوێ بوو وتى: دەتوانى سوێند بخۆى کە ئەم دوو کەسە واتە: محەمەد مەحمودو خالیدکاکۆڵ لەسەر کتێب و چاپەمەنى قەدەغە دەستگیرکراون و زیندانى بوون، منیش بەدڵنیاییەوە وەڵام دایەوەو ڕووبەڕوو ووتى: تائێستا بابەتى لەم جۆرەو زیندانى کردنى کەسایەتیمان لەسەرکتێب و چاپەمەنى قاچاغ و قەدەغە بۆ نەهاتووەو ئەمە یەکەمجارە لەم جۆرە بابەتە دەبیستین و تۆمارى دەکەین، بۆیەپاش وتەکانم کەوەرگیران و فۆرم و دۆسییەکە دەوەڵەمەندکراو ناویان تۆمارکرا، پاش ماوەيەک مامۆستا محەمەدم بینیەوە وتى: ئەوکاتەى تۆمان بردوو ماندومان کردى و شایەدییتدا بۆمان، تا ئێستا پێناسیان نەداوە پێمان و وتویانە چاوەڕێ بکەن ئەم بابەتەو گیرانى ئێوە زۆر نامۆو غەریبە، بەڵام وەک ستەم ستەم و پێشێلکارى لەمافى ئەم دووکەسەدا کراو تائێستا وەک زیندانى سیاسیى و ڕۆشنبیرى پەسەند نەکراون، ئەوەش بەپێشێلکردنى مافى ئەم دووکەسە دەدرێتە قەڵەم بەداخەوە، بەڵام ئەم دەستگیرکردن و زیندانییەى مامۆستا محەمەدو خالید کە لە سەر کتێب و چاپەمەنى زیندان و دەستگیرکراون جێگەى شانازى و سەربەرزى ئەم دوو کەساییەتییە لەمێژووى خۆیاندا.
زیندان و کتێب
زۆرێک لە خەڵکى نیشتمانپەروەر بەهۆى بڵاوکردنەوەى کتێب و بوارى ڕۆشنبیرییەوە، لەزیندانەکانى بەعس و ڕژێمەکانى ترى پڕ لە ستەمى داگیرکەرانەوە کەوتونەتە ژوورەکانى زیندانەوەو ماوەیەکى زۆر ژیانیان تێدا گوزەراندووە، من تەنیا دوو کەس لەو کەسانە دەخەمە پێش چاوانى ئێوەى بەڕێز کە لە سەر بڵاوکردنەوەى کتێب و چاپەمەنى دەستگیرکراون و ماوەى ساڵێک زیاتر لەزیندانى بەعس لە شارى سلێمانى ماونەتەوە، ئەویش مامۆستا محەمەد مەحمود مستەفا حاجى مامەندى و خالید محەمەدکاکۆڵ بوون،کە لە یاداشتەکانیاندا چۆنێتى دەستگیرکردن و هۆکارو مانەوەیان لەزیندان و بەندیخانەکانى حکومەتى بەعس لەبیرەوەرییەکانیاندا دەخەنە ڕوو، ئەوەش بۆ بوارى ڕۆناکبیرو رۆشنبیرى زۆر گرنگەو مێژوویەکى پێویستە کە لە بارەیانەوە بدوێین، ئازارو نەهامەتى و ناڕەحەتى ئەم جۆرە کەسانە بخەینە ڕوو، هەروەها خەڵکانى ڕۆشنبیرو خوێندەوار لێیبەئاگابن، هەرچەند پێش ئەمانیش چەندین کەس بەهۆى بڵاوکردنەوەى کتێب و چاپەمەنییەوە کەوتونەتە بەندیخانەو زیندانەوەو ماوەیەک ژیان وتەمەنیان تێدا گوزەراندووە، وەک مامۆستا ئەنوەر برزوو،مەلاحەسەن محەمەد، کەمال حەمەسعید مەروێی، یوسف مەلاحەسەن، مەحموود خاکى، عومەر عەبدولڕەحمانى کتێبخانەى سلێمانى، شێخ ئەنوەر، یوسف محەمەد.. وە گەلێک کەسى تر کەبەهۆى چاپەمەنى و بڵاوکردنەوەى کتێبى قەدەغەکراوەوە لەلایەن ئاسایشى ڕژێمى سەرکووتکەرى بەعسەوە لەزیندان و بەندیخانەکانى حکومەت توندکراون و جۆرەها ئازارو ئەشکەنجە دراون کە نمونەى ئەو ئازارو زیندانیکردنانە لە بەندیخانەکان لەم دوویاداشت و بیرەوەرییانەدا دەبینرێت.
یاداشتى زیندان/ بەهۆى کتێبە قەدەغەکانەوە
(1) محهمهد مهحموود مستهفا (24. 06. 1984 تا 30. 06. 1985
- بابەتەکانی تری یوسف محەمەد بەرزنجى
یوسف محەمەد بەرزنجى: فریشتەکانى بەفر ئاوێتەیەک لە (برین و خەم و ئازار و ناڵەو فرمێسک)ى گەلێک.
-يوسف محەمەد بەرزنجى: تێپەڕینى کتێبە قاچاغەکان، بەسنوورە دەستکردەکاندا – بەشی کۆتایی.
-يوسف محەمەدبەرزنجى: تێپەڕینى کتێبە قاچاغەکان، بەسنوورە دەستکردەکاندا – بەشی یەکەم.
- All Posts