رەسوڵ بۆسكێنی: هەڵبژاردن و ناسنامەی كەركوك.
بەڵێ كەركوك شاری ئاشتی و پێكەوە ژیانە، كەركوك شاری فرە پێكهاتەیە و هەمیشە هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بەتەبایی و ئاشتی لەگەڵ كورد پێكەوە ژیانیان گوزەراندووە، بەڵام هەر لەسەرەتاوە كەركوك شارێكی كوردستانی بووە، بەدرێژایی حوكمی عوسمانی لە سەدەی شانزەهەمەوە، كە حوکمڕانیی ناوچەكە و کەرکوکیان کردووە، هەمیشە دانیان بەوەداناوە و ئەوەیان نەشاردۆتەوە، كە زۆرینەی دانیشتوانی كەركوك كورد بوون، لەقاموسی ئیعلامی عوسمانیدا، كەركوك بەیەكێك لەشارەكانی كوردستان دادەنێت، تەنانەت سەردەمێك كەركوك ویلایەتێكی سەربەخۆ بوو بەناوی ویلایەتی شارەزوور و ناوەندی ویلایەتەكە شاری كەركوك بوو، والی خۆی لەكەركوك دادەنیشت.
هەروەها لیژنەی كۆمەڵەی گەلان لەساڵی (1925) بۆ چارەسەری كێشەی ویلایەتی موسڵ و بەدواداچوونی ناسنامەی دانیشتووانی ناوچەكە بۆ چارەسەری كێشەی نێوان تورك و بەریتانیەكان، دان بەوەدادەنێت كەركوك شارێكی كوردستانیە و زۆربەی دانیشتوانەكەی كوردن، سنووریشی لەگەڵ عەرەب لە تكریت و هیت و بەرزاییەكانی حەمرین تێناپەڕێ، هەتا حەفتاكانی سەدەی ڕابردووش ئەو هەموو ڕاگواستن و تەعریب و دابڕاندنی قەزاكانی لەكەركوك نەیتوانیوە ئەو ڕاستیە بگۆڕێت و ئەوەی ئەوان دەیانەوێ بێتەدی، سەرەڕای راگواستنی کورد و تورکمان و هێنانی عەرەب بۆ شارەكە، چەند قەزایەكیشی لێ دابڕێنراوە بەمەبەستی کەم کردنەوەی ژمارەی کورد و تورکمان، بەپێچەوانەوە چەندین عەشرەتی عەرەب هێنرانە ناوچەكە و بەردەوامیش فەرمانبەر و كرێكاری كۆمپانیاكانی نەوت بەناوی دامەزراندنەوە لەعەرەب دەهێنرایە شاری كەركوك، بەمەبەستی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی شاری كەكوك.
لەسەردەمی تازە و دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسیش بەهۆی هەڵبژاردن و یەكلایی كردنەوەی ڕاستیەكان، لەساڵی 2005 لەهەڵبژاردنی شاری كەركوك بەهۆی یەكدەنگی و تەبایی لەنێوان لایەنەكوردەكان و دانیشتوانی كەركوك كورد توانی لەكۆی 41 كورسی، 26 كورسی بەدەست بێنێ و پلەی پارێزگاریشی مسۆگەركرد، بەڵام دواتر بەهۆی ناتەبایی و كێشە و ململانێی لایەنەسیاسیەكان و پیلانگێڕان و دووركەوتنەوە لە كوركوك و سیاسەتی هەڵە، كەركوكیەكانی نیگەران و لایەنەكانیشی لێك دوورخستەوە، لەو كاتەوە كورد گرنگی ئیدارە و پارێزگارەكەشی لەدەستدا، ئیتر لەدوای ریفراندۆمەوە یاسای مادەی 140 پشتگوێ خراو كاری پێنەكرا، ئەمەش زیاتر بەهۆی كێشە و ناتەبایی نێوان لایەنەسیاسیە كوردەكان بوو، دەركەوت ناتەبایی نێوان لایەنە سیاسە كوردەكان چ زیانێكی گەورەی بۆ کورد و هەموو کەمە نەتەوەییەکانی دیکەی شارەکە هەیە.
لەهەڵبژاردنی ئەم جارە هەرچەندە یەك لیستی كورد لەكەركوك زیاتر لەبەرژەوەندی كورد بوو، بەڵام بەهۆی دروستكردنی كێشە و بیانووی داگیراوی كەركوك و لێك دابڕانی كورد لەلایەن لایەنێكی دیاری كراوە، ئێستاش هەموو كوردی خەڵكی كەركوك دەتوانن ڕۆڵێگی گرنگ ببینن، بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ شتێك دەنگ بدەن بەیەك لیست و بەو كاندیدانەی كە خەڵكی كەركوك و ناوچەكەن و كاندیدی بەهێزن و دەتوانن جێگای متمانەی خەڵكی كەركوك بن، بۆئەوەی هەموو ئەو دەنگە ناڕازی و پەرش و بڵاوانە نەفەوتێت و بۆ لایەنی تر بچێت، بۆیە پێویستە لەپێناوی سەرخستنی هەڵبژادن لەبەرژەوەندی كورد و جێبەجێ كردنی مادەی 140 و هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارەكانی ڕژێمی بەعسی ڕابردوو لەتەعریب و ڕاگواستن دەرهەق بە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی تر، دەنگ بەیەك لیست بدەن كە دەتوانێت بەرژەوەندییەكانیان بپارێزێت و لەخۆشی و ناخۆشیەكانیان بەشداری دەكات، بەمەش دەتوانین دووبارە ناسنامەی كوردبوونی شاری كەركوكی خۆشەویست بەدەست بێنیەوە.