سامانی وەستا بەکر: فێرنەبوون لە هەڵە، گەمژەییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فێرنەبوون لە هەڵە گەمژەییە، داننەنانیش بە دۆڕانا دوو دۆڕانە.
لەمێژەوە نەریتێکی ناشرین و هەڵە بۆتە هۆکاری داخورانی جەستەی کۆمەڵگەی کوردی بەجۆرێک کە بۆتە هۆکاری پاشەکشێی کورد لەزۆربەی ئاستەکانا ئەگەر نەشڵێین هەمووی.

هەڵە:
هەلە، یان مامۆستای فێربوون. هەڵە یەکێکە لەو چەمکانەی کە وەک هەر چەمکێکیتر بوونی هەیە، بۆ نمونە هەروەک چۆن “سەرکەوتن، باشکردن، ڕاستکردن و… هتد” بوونیان هەیە، هەرواش هەڵەکردن بوونی هەیە و بەشێکە لەسروشتی مرۆڤ بوون.
هەڵە کاتێک ڕووئەیەن کە مرۆڤ هەستێ بەکارێک، بەکردارێک، یان گفتوگۆیەک، واتا تا مرۆڤ جووڵە نەکا هەڵەش ناکا، هەرچەنە هەر خودی جووڵەنەکردنیش هەڵەیە. کەواتە هەڵەکردن ئەنجامی جووڵەی مرۆڤە بەئاڕاستەیەک، سەرەنجام، یان باش ئەیکا، یان چەوت – هەڵە.
مرۆڤ بەبێ کاروکردار و جووڵە بوونی نابێ، هەڵەش ئەنجامی جووڵەی مرۆڤە، کەواتە بۆ ئەبێ مرۆڤ خۆی لێ بێبەریکا؟
وەڵامەکەی ئەوەیە کە بەگشتی مرۆڤ سەرکەووتنی پێخۆشە و بەشکست بێزار دەبێ. چونکە شکستیش دەرەنجامی هەڵەیە، بۆیە بەشێکی بەرچاوی مرۆڤ خۆی لێ بێبەری ئەکا و هەندێک جاریش هەوڵێکی زۆر ئەیا تا پاساو بۆ هەلەکە بدۆزێتەوە، یان بیسوێ بەسەر کەسێکیترا کە ئەمەیان هەڵە گەورەکەیە، ئەو هەڵە گەورەیەیە کە ئەبێ مرۆڤ شەرمی لێبکا و خۆی لێبپارێزێ، هەلە سروشتییەکە نەکا بە هەڵەیەکی پلان بۆ دارێژراوو بەمەبەست، چونکە هەندێجار ئەکرێ وەک تاوان تەماشا بکرێ.

ڕاست، چەمکە دڵخوازەکە:
بەشی هەرە زۆری مرۆڤ تەنانەت ئەو مرۆڤانەش کە دڕندانە و نابەرپرسانە مامەڵە ئەکەن، زۆر دڵخۆشەبن ئەگەر پێیان بوترێ کارێکی ڕاست ئەنجاماوە، بەڵام ئەگەر پێیان بوترێ کارەکە هەڵەیە نیگەران و بێزارەبن، ئەمە لەکاتێکا کە کاری ڕاست و سەرکەتوو دەرەنجامی هەڵەی پێشووترە.
بیرمان نەچێ کە هەڵە نە شکستە نە ئابڕووچوون، بەڵکو سەرەتای کارە ڕاستەکەیە بۆ هەستانەوە بۆ خەڵکانێک کە شێلگیرانە لە هەوڵی سەرکەوتندان. ئەوەی ناحەز و ئابڕووبەرە ئەوەیە کە هەڵە بەمەبەست چەندبارە بکرێتەوە لە پێناوی دەستکەوتی کەسی و خێزان و گرووپ و خێڵ، یان خێزان.
زیاتر درێژە بە سروشتی ‌هەڵە و جیاوازی نێوان جۆرەکانی هەڵە نایەین، بەڵکو زیاتر باس لەو هەڵەیە ئەکەین کە بۆتە مخۆرکەی فێربوون لە هەڵە و ڕێگرە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی کە ئەویش ترسە لە هەڵە و گۆڕینی ” هەڵەی سانا و ساکاری هاوڕێی بوون” بە “هەڵەی پلان بۆ داڕێژراو و بەمەبەست”، بۆیە لێرەوە ئەتوانین دەرگایەک لەسەر ئەو ئەو هەڵە ستراتیژی و دەستکردانەی 32 ساڵی حوکمداری کورد لە باشوری کوردستان بکەینەوە.

سی ساڵ لە هەڵە:
بەشێک لەو هەڵە ستراتیژیانەی کە دەسەڵاتداری کورد لە باشور لە ماوەی سی و دوو ساڵی ڕابردووا کردوونی:
1- قبوڵنەکردنی براوە و دۆڕاو دوای ئەنجامی هەڵبژاردن، چەسپاندنی پەنجا بە پەنجا کە بۆتە هۆکاری لەدایک بوونی حکومەتی هەرێم بە ئیفلیجی و خاڵی سەرەتای کۆتایی دەوڵەتی موئەسەسات.
2- شەڕی ناوخۆ.
3- دوو ئیدارەی و لەتکردنی هەرێم بۆ دوو زۆن و چەسپاندنی سنوری دێگەڵە.
4- دواخستنی هەڵبژاردن و نەکردنی لەکاتی خۆیا.
5- تەزویر و دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن.
6- نەبوون و خۆدزینەوە لە نوسینەوەی دەستور.
7- لەبری نوسینەوە و دروستکردنی زمان و ڕێنووسی کوردی هاوبەش و ستاندارد، ڕێگەدان بە بەکارهێنانی زمانی ناوچە و شارە جیاجیاکان لە فێرگەکانا.
8- پیرۆزکردن، دێواندن و بێهاوتای هەندێک کەسایەتی کە گوایە ناکرێ شوێنیان پڕکرێتەوە.
9- کردنەوەی زانکۆی زۆروبۆر بەمەبەستی بازرگانی و دابەزاندنی ئاستی زانستی و ئەو دەزگا گرنگە.
10- چەسپاندنی چەند خێڵێک بەسەر کۆمەڵگایا، پیرۆزکردنی بنەماڵە بە سەر حیزب، جێگیرکردنی مۆڵکداری خێزان و کەسایەتی بەسەر لوتکەی دەسەڵاتی حیزب و حکومەتا.
بێگومان ئەمە مشتێکە لە خەروارێک و وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێیراوە، ئەمانە بەشێکن لە هەڵە ستراتیژییە کوشندەکان، ئەگەرنا چەندین هەڵەی پلان بۆدارێژراو و ساویلکانەیتر هەن کە کراوون، بەلام ئەکرێ بوترێ کە ئەم هەلانە باوکی کۆی هەڵەکانیترن.
لای کورد واباوە ئەوترێ گەورە ئاوەڕژێنێ و بچوک پێی تێئەخشێنێ، پارتی و یەکێتی دەستیان پێکرد و حیزبەکانیش لەوان لاسارتر هەڵەکانیان چەنبارە کردەوە. هەڵبەتە کاتێ تەماشای ئۆپۆزسیۆنە بێدەسەڵات و پۆپۆلیستەکان ئەکەی، ڕاستەوخۆ ئەبێ بڵێی؛ هەزاران دروود لە کفن دز”.
فێرنەبوون لە هەڵە:
32 ساڵ کاتێکی هێندە زۆرە کە لە مێژووا، نمونە هەن کە بەکاتی لەوەش کەمتر دەوڵەت لە دوای وێرانەی جەنگەوە باشتر دروستکراوە وەک ئەڵمانیا، دەوڵەتیش لە هەژاری و داڕمانەوە بۆتە یەکێک لە ئابورییە گەورەکانی جیهان نمونەی سەنگاپورە.
وێرای ئەو داڕامانە ئابوری و نەبوونی موئەسەسات و دوو ئیدارەیی و… هتد، بەلام بەردەوام لە بلاوکراوەکانی دەسەلاتداران و حکومەتدا باس لە سەرکەوتن و گەشانەوە ئەکرێت، کە ئەمەش بەڵگە نەویستە بۆئەوەی لەوە تێبگەی کە دەسەلاتدار و حکومەت و حیزبەکان شەرم لەداننان بە هەلەیا ئەکەن و نەک ئامادەنین، بەڵکو پشتیشیان کردۆتە ئەو هەلە زەقانەی کە کراون و ئەکرێن و تەنها مانەوەی خۆیان لە پۆست و پایەکانیان بەسە بۆ تێرکردنی حەزە کەسییەکانیان و ئامادەی سودوەرگرتن و ڕاستکردنەوەی ‌هەلەکان نین.کەواتە ئەتوانرێ بوترێ کە دەسەڵاتدارو حکومەتی هەرێم، حکومەتێکی بێکارو کردارە، چونکە هەست بەهەڵەکانی خۆیان ناکەن، ئەمەش سەلمێنەری ئەو هاوکێشەی سەرەوەیە کە ئەڵێ؛ هەڵە ئەنجامی جوڵە و کار و کردار و گفتوگۆیە، بە واتا یەکیتر کاتێ دەسەڵاتدارو حکومەت دان بەهیچ هەڵەیەکدا نانێن، واتا دانیش بەوەیا ئەنێن کە موئەسەسەیەکی بێ کار و کردار و جوڵە و گفتوگۆن.
تێبینی/ لە ڕۆژهەڵاتی ناوینا بەگشتی هەڵەکردن هاوتا کراوەتەوە بە شکست، هەر لەبەرئەوەشە دانی پیانانرێ.
ڕەخنەگرتن لە دیموکراتی: بێگومان دیموکراتیش وەک هەر چەمکێکی تر دوور نییە لە ڕەخنە و وەک ئەوەی باوە و ئەوترێ؛ باشترین هەڵبژاردەی خراپەکانە” بەڵام نابێ بیریشمان بچێ کە تا ئەمڕۆش جێگرەوەی چەمکی دیموکراتی نەدۆزراوەتەوە.
سود وەرگرتن لە دیموکراتی گەورەترین تاوانە بەئاڕاستەی هەڵە و دۆزینەوەی کەلێن لەناو چەمکی دیموکراتیا بۆ چەسپاندنی حەزی مانەوە لە دەسەلات، کە کورد لە باشور زۆرترین سودی لەو کەلێنانە وەرگرتووە.
ئەگەر ڕەخنەیەک لە دیموکراتی هەبێ ئەبی بۆ باشوری کوردستان ئەوەبێ کە زۆربەی نەهامەتییەکانی لەڕێگەی سنووقەکانی هەڵبژاردنەوە ڕووبەڕووی بوونەتەوە و سود لە دیموکراتی وەرگیراوە بۆ گەیاندنی کۆمەڵگە بەم ئاستە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت