سەردار عبدالکریم: چەند سەرەقەڵەمێک لەبارەى کەمینەکان و کۆتاى کەمینە.
کەمینەکان بە جیاوازى ڕەچەڵەک و زمان و ئاین و کەلتورەکانیانەوە مایەى دەوڵەمەندى و بەهێزیى نەسیجى کۆمەڵایەتیى ئەم هەرێمەن، گەر بێتو بوارى یەکسان بۆ تاکەکانیان بڕەخسێ ئامادەیییان تیایە وەک هەر هاونیشتمانیەکى ئەم هەرێمە بە دڵسۆزیەوە بەشداربن لەخزمەتکردن و بنیاتنان و پێشخستنیدا، پارێزگاریکردن لە پێگەى کۆمەڵایەتى و مافەڕەواکانیان و بەتەنگەوەهاتنى داخوازیەکانیان و دەستەبەرکردنى دەرفەتى یەکسان بۆ تاکەکانیان ئەرکى لەپێشینەى سەرشانى هەموانە، بەتایبەتى حزبەسیاسیەکان کە هەق وایە نەک هەر لە بەرنامەى کارکردنیاندا بایەخى تایبەت بە پێگەو مافەڕەواکانیان و شکۆى تاکەکانیان بدەن، بەڵکو بە کرداریش هەمو ئاسانکاریەکى پێویست بکەن بۆ بەشدارى پێکردنیان لە دامەزراوەى یاسادانان و سەرجەم پایەکانى ترى حوکمڕانى…
جاڕنامەى ساڵى 1992 ى نەتەوەیەکگرتوەکان تایبەت بە پارێزگاریکردن لە مافى کەسانى سەربەکەمینەکان گرنگترین بەڵگەنامەى نێودەوڵەتیە کە خزمەت بە بەرژەوەندیى کەمینەکان دەکات لەسەرتاسەرى جیهاندا، بەڵام بەهۆى ملنەدانى وڵاتانى بەهێز و پابەند نەبونیانەوە پێى ( بەپاساوى دروستبونى مەترسى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیییان). هەتا دێ جاڕنامەکە بەرەو کاڵبونەوەو فەرامۆشکردن دەبرێت، ئەمەش دەبێتە مایەى زیانگەیاندن بە کەیسى کەمینەکان لەسەرتاسەرى جیهاندا لەهەموشیان زیاتر کورد زەرەرمەندە وەک گەورەترین نەتەوەى نیشتمان داگیرکراوو خاک دابەشکراو بەسەر چوار دەوڵەتى ناوچەکە کە لەهەر یەک لەو دەوڵەتانە وەک کەمینەیەکى پەراوێزخراو و بێ دەسەڵات مامەڵەى لەگەڵ دەکرێ، تەنها لە دەوڵەتى عیراق دەرفەتى ئەوەى بۆ ڕەخساوە تاڕادەیەک وەک نەتەوەیەکى خاوەن ئیرادە و بەشدار لە هەندێ لە جومگە گرنگەکانى دەوڵەتى عراق ئامادەیى هەبێ. لێرەدا ئەرکى سەرشانى دەسەڵاتدار و بڕیاربەدەستانى کوردە لە باشورى کوردستان ئەوپەڕى هەوڵ و تەقەللایان بخەنە گەڕ لەڕێى دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێم و دامەزراوە تایبەتمەندەکانى دەوڵەتى عیراقەوە شانبەشانى وڵاتانى پێشکەوتووى دنیا تەکانێک بدەنە جاڕنامەکەى نەتەوەیەکگرتوەکان و هێزى پێ بدەن بە ئامانجى کاراکردنى بۆ ئەوەى ببێتە بەڵگەنامەیەکى مولزیم بەسەر سەرجەم وڵاتانى ئەندام لە ڕێکخراوى نەتەوەیەکگرتوەکان، لەهەمان کاتدا گرتنەبەرى هەر ئامڕازێکى کاریگەرلە عراق و لە هەرێمى کوردستاندا بە ئاراستەى بایەخدان و گرنگیدان بە مافى کەمینەکان، بۆ ئەم مەبەستە دەتوانرێ باشوورى کوردستان بکرێتە نمونەى دیار و بەرچاوى ڕێزگرتن لە مافى کەمینەکان و پارێزگاریکردن لە دەسکەوتەکانیان بەجۆرێک کە دەسەڵاتدارێتى سیاسى لە هەرێم وەک بەرپرسیارێتیەکى نەتەوەیى و مرۆیى . هەروەها بۆ پیرۆزڕاگرتنى جاڕنامەکەو بەئامانجى کاراکردنى. گەر بێتو هەرێم ببێتە نمونەیەکى زیندوو و سەرکەوتو بۆ بەرزڕاگرتنى شکۆ وپاراستنى مافى کەسانى سەربە کەمینەکان، ئینجا دەتوانێ لەسەرئاستى نێودەوڵەتى پێداگرى بکات بۆ خستنەگەڕ و کاراکردنى جاڕنامەکەى نەتەوەیەکگرتوەکان.
بایەخدان بە مافى بەشداربونى کەمینەکان لە حوکمڕانى و ئامادەگیان لە جومگەو سێکتەرە جیاکاندا جگەلەوەى بەڵگەى دەوڵەمەندى و ڕەنگاوڕەنگبونى کۆمەڵگاو دەبێتە هەوێنى سەقامگیرى و ئارامیى وڵات، لەهەمان کاتدا دەبێتە مایەى سەرخستنى پڕەنسیپ و دانپێنانەکانى نەتەوەیەکگرتوەکان بە ئاراستەى تۆخکردنەوەو کاراکردنیان.
بۆ مسۆگەرکردنى مافى بەشداربونیان لە پرۆسەى حوکمڕانى، هەر بەپێى پڕەنسیپە نێودەوڵەتیەکان؛ کەمینە مافى ئەوەى هەیە نوێنەرى هەبێت لە دامەزراوەى یاسادانان و سەرجەم جومگەکانى حوکمڕانى، هەروەها بەدەسهێنانى دەرفەتى یەکسان بۆ تاکەکانیان بەجۆرێک کە وەک هەر هاونیشتمانیەکى خاوەن ماف مامەڵەى دادپەروەرانەیان لەگەڵدا بکرێت. لە پرۆسەى هەڵبژاردنیشدا گونجاوترین و لەبارترین شێواز بۆ هەڵبژاردنى نوێنەرانیان دەنگدانیانە لەڕێى لیستى دەنگدەرانى تایبەت بە کەمینەکەیانەوە، چونکە ئاشکرایە کە مەبەستى یاسادانەر لە پێدانى مافى کۆتا بە کەمینەکان؛دەرفەتدانە پێیان تا بتوانن ئازادانە نوێنەرى ڕاستەقینەى خۆیان هەڵبژێرن و دەنگیان بگاتە نێو دامەزراوەى یاسادانان و جومگەکانى ترى حوکمڕانى وەک گرەنتیەک بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانیان ولابردنى هەرجۆرە ستەمێک بەرامبەر هاونیشتمانانیان.
گومانى تیا نیە گەر بێتو مافى دەنگدان بە کاندیدى کەمینە تایبەت بێت بە دەنگدەرانى سەر بە کەمینەکە، ئەو کاتە کاندیدێک براوە دەبێت کە بتوانێ ئەوپەڕى هەوڵ و تەقەللا بدات تا وەک داکۆکیکارێکى سەرسەختى ماف و داخوازیەکانى هاوڵاتیانى سەر بەکەمینەکەى دەرکەوێت و ببێتە جێمتمانەو نوێنەرى ڕاستەقینەیان، هەر ئەو جۆرە نوێنەرە دەتوانێ ڕووبەڕووى هەر ناهەقیەک ببێتەوە دەرهەق بە هاونیشتمانیانى کەمینەکەى بکرێت. ئەم کارەش تەنها بەیەک نوێنەرى بەهێز و ڕاستەقینە مەیسەر دەبێ نەک بە زیادکردنى ژمارەى نوێنەرانى کەمینە و زیادکردنى ژمارەى پەرلەمانتاران. دیارە جگە لەم شێوازە هەر شێوازێکى ترى دەنگدان زەحمەتە گرەنتیى نوێنەرایەتیەکى ڕاستەقینە بۆ کەمینەکان بێنێتە کایە.
بۆیە ئەم بابەتە گرنگە پێویستى یە هەڵوەستەیەکى ئاقڵانەو بەبڕیارێکى زیرەکانەى وایە کە لەهەمان کاتدا خزمەت بە پرسى کەمینەکان وبە دۆزى نەتەوایەتیشمان بکات.
لێرەدا دەکرێ بڵێین لەبارترین نەخشەڕێگا بۆ کۆتایى هێنان بە مشت ومڕو ململانێى سیاسى لەسەر ئەم پرسە نە بە فرەبازنەیى نە بە کەمکردنەوە یان لابردنى کۆتا دەبێت، بەڵکو تەنها بە گرتنەبەرى ئەم هەنگاوانەى خوارەوە دەبێت:
یەکەم/ کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن لیستى دەنگدانى تایبەت بە هەر کەمینەیەک ئامادە بکات ، بەجۆرێ کە دەنگدەرانى کەمینەکە بۆیان هەبێ ئارەزومەندانە ناوى خۆیان لە تۆمارى گشتیى دەنگدەرانەوە بگوازنەوە بۆ تۆمارى تایبەت بە کەمینەکەیان.
دووەم/ هەر بابەتێک کە لە ناو پەرلەمان قسەى لەسەر بکرێت پەیوەست بێ بە مافى کەمینەکان دەبێ بە تەوافوق بڕیارى لێ بدرێ، بەمەش کۆتاى کەمینە تەنها بە یەک نوێنەر مەبەستى خۆى دەپێکێ بەبێ ئەوەى پێویست بە زیادکردنى ژمارەى پەرلەمانتاران بکات.
سێیەم / ژمارەى دەنگدەرانى تۆمارى کەمینە نەبێتە بنچینە بۆ دیارکردنى ژمارە و پێگەى کەمینەکە .
لەکۆتاییىدا دەمەوێ بڵێم هەقى وایە هەرچى زووتر بەبەشدارى نوێنەرانى تیمى نەتەوەیەکگرتوەکان لە عیراق کۆبونەوەیەکى فراوان بۆ ژمارەیەک کەسایەتیى دیارى سەر بەکەمینەکان ڕێک بخرێ و بواریان بۆ بڕەخسێنرێ ئازادانە ڕاو سەرنجى خۆیان لەم بارەیەوە دەرببڕن .
* ئەندامى پێشووى ئەنجومەنى کۆمسیارانى عراق
- بابەتەکانی تری سەردار عەبدولکەریم
سەردار عەبدولکەریم: نزمیى ڕێژەى بەشدارى لە هەڵبژاردنەکان و ڕێگەچارە.
-سەردار عبدالکریم: مشتومڕەکانى هەڵبژاردن و کێشەی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان.
- All Posts