نەبەز جەلال: پیرۆزییەکانی سەروەری.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شکۆ و سەروەرییەکانیشمان خەریکە دەچنە ژێر پرسیاری نەشیاوو شەرمی هەمەجۆرەوە. ناکرێ ئیتر بەگشتی باسیان نەکەین و بڵێین مێژوومان فڵان خەباتگێڕو و خەباتکارە؛ هێندە باش و جاش و پاک و پیس تێکەڵە بووە، ئیتر هاوشانەکان کەچ و لاسەنگ بوون و سەنگینی و بێ سەنگی جیاناکرێتەوە، مەگەر بە پرسیار وورد نەبێ!.
پردی پەڕینەوە و چوار ڕیانەکانی خەڵک و خلۆک پیایدا دەخولێنەوەو دەبڕن بە ناوی شەهیدە ناو بەرزو هەندێک لەسەربەرزەکانی کوردەوە ناو نراوون.
باخچە خنجیلەو وردیلەکانیش بۆ هەندێک لە شەهیدە دەست سەنگین و ڕەنگینەکانی جێدەستیان لە ناوخەڵک و خوێندا بەقوربانی دیارە. بازنە خولاوەکانی شاریش بونە ناتۆرەی هەندێک شەهیدی لە بیرکراو.
ئەم هەرێمە هەموو شتێکی شێواوە هەر چۆن ( پێشمەرگە و جاش )، یان بە زیندووی کرد بەیەک؛ بە مردوویش پیاو مەگەر بە شەڕیی ڕووداری خۆی لێکیان جیاکاتەوە!.
وەختێک خائینێکی بە سزای گەل گەیەندراوی دەستی میلەت دەبێتە شەهیدی فەرماندەو سەرکردەی خەبات و قوربانی، ئیتر هیچ پیرۆزییەک لە شەهیدبوون و گیان بەخشیندا نامێنێ!.
کاتێک ڕاوو ڕووت چییەک، پارە دزێک، ئاودیوچییەک تاڵانچییەک، گومرگ خۆرێک، یان خۆیان ووتەنی مردن بە جووتەی ئەسپێکی لاقەکراو دەبێتە شەهیدی سەنگەر ئیتر هیچ بەهایەک بۆ شەهید و پیرۆزییەکانی نامێنێ!.
ئەوەی سەرنجی منی بۆ ئەم بابەتە زیندوکردەوە و ڕاکێشاوە ئەوە نییە کە تێپەڕیووەو ئازارەکەیمان شاردۆتەوەو خەڵکیش خۆڵی بە سەرداداوەو کورد ووتەنی شەیتان دەستی لێهەڵگرتوون ئێمەش لێی بێدەنگین. ئەمانە مناڵەکانیان باوک و کەسوکاریان لێ بۆتە قارەمان و پێمان دەفرۆشنەوە لە کاتێکدا هیوامان هەیە گەر سیاسەت و حیزب و ملشۆڕی و سوکایەتی حیزب نەبێ کفرە ناوی لە لیستی شەهیدانیشدا تۆمار بکەن و پێی بوترێت شەهید. دز و جەردە و خۆفرۆش و لەشفرۆش و سەرفرۆش و قاچ فرۆش و دەستفرۆشیشیان لەسەر میلەت بە شەهید ناونوسکردووە.
دەوروو بەرەکەشیان کڕین و فرۆشتنی پێوە ئەکەن و شەهیدانی ڕاستەقینەش وەک خەباتکارە زیندوو بە ئەمەکەکان بوون بە ژێر پێوەو کەس لە ڕووشی نایات باسیشیان بکات. ئیتر سەردەمی فیداکاری گوزەشت و خەڵکە خۆبەخش و دڵسۆزەکەش لە کۆتای ئەم هەموو چەوتییەدا گشت سەروەرییەکانی ناو ناخ و سەریشی وەری!.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت