سەردەشت محەمەد: خەونی کۆن و ساڵی نوێ.
ماڵئاوایمان لە ساڵی نوێکرد و هەنگاومان نایە ناو ساڵێکی نوێوە، بەر لە ماڵئاوایکردنی یەکجارەکیمان لە ساڵی 2023 زۆرێکمان لەبەردەم مایکی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەشێکیشمان لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە سەدان خەون و هیوامان خواست کە چاوەڕێین لە ساڵی نوێدا، واتا لە ساڵی 2024 بەدی بێن،
بۆ ئێمەی میللەتی کورد هیوا خواستن تەنها لە چوارچێوەی خەونێکی بەدینەهاتوودا ماوەتەوە و زۆرێک لەو خەون و هیوایانە درێژکراوەی دەیان و بگرە سەدان ساڵن، ئەگەر دیقەت بدەین هیوا خواستن بۆ بەرقەرابونی ئاشتی و یەکخستنی نێوماڵی کورد و دەربازبونمان لە قەیرانی دارایی و سیاسی و بگرە قەیرانی کۆمەڵایەتیش، خۆزگە و هیوای تەنها ساڵێک و دوان و سیان نییە، بەڵکو ئەگەر بە لاپەڕەکانی مێژووی خۆماندا بچینەوە ئەوکات تێدەگەین، ئێمە سەدان ساڵە لەچی دۆخێکی ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریدا دەژین.
بۆتێگەیشتن لەوڕاستیە ئەوەندە بەسە مێژووی دابەشبون و پارچەپارچە بونی ئەم خاکە لەسەردەمی میرنشینەکاندا بخوێنینەوە، ئەوکات تێدەگەین ئەم دابەشکارییە سیاسییە و ئەم دوبەرەکییە و قەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتییەی ئێمەی کورد چی ڕەگێکی هەیە و چۆن بە قوڵای مێژووی ئێمەدا شۆڕبۆتەوە
ساڵەکان دەڕۆن و ئێمە هەر بەکۆمەڵێک هیوا و سەدان خەونی دوبارەوە پێشوازی لە ساڵێکی نوێ دەکەین، بەبێ ئەوەی لەخۆمان بپرسین، خێرە نەتەوەیەکی خاوەن مێژووی وەک ئێمە کە خاوەن خاک و زمان و کەلتور و فەرهەنگی تایبەت بەخۆمانین هەر لە بازنەیەکی بەتاڵدا سوڕدەخۆین و ساڵێک بۆ ئێمە پێش نایەت کە لانی کەم خاڵێک لەکۆتایی بەشێک لەم هیوا و خۆزگەنەماندا دابنێن و بڵێین ئیدی ئەو هیوا و خەونانەمان بەدیهاتوون و چیدیکە پێویست ناکات هیوای بەدیهاتنیان بخوازین؟
ئیدی کاتی ئەوە نەهاتووە لە خۆمان بپرسین ئێمە چی گۆڕانکاریەکمان لە تێڕوانینی خۆمان بۆ ژیان کردووە تا چاوەڕێ بین ساڵی نوێ ساڵی بەدیهاتنی ئاواتەکانمان بێت؟
ئەم پرسیارە بۆ ئێمەی کورد هێندە گرنگە تاوەکو سیاسی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوس و پیاوانی ئاینی و ژنان و پیاوان و گەنجانی ئێمە ئەم پرسیارە ڕوبەڕوی خۆیان نەکەنەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە هاتنی ساڵێکی نوێ جگە لە گۆڕینی ژمارەی ساڵەکان هیچی دیکە نییە.
میللەتێک مێژووی سەدان ساڵەی پڕبێت لە ناکۆکی ناوخۆی و پەنابردن بۆ دوژمن و بەکەم تەماشاکردنی ڕەعیەت و ئامادە نەبون بۆ سازشکردن بۆ یەکدی و هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی و وەلانانی بەرژەوەندی گشتی دەبێت هەموو ساڵێک هەر بە هیوابێت هیوا و خەونەکانی بەدی بێت.
- بابەتەکانی تری سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts