پێشڕەو ئیسماعیل: شاسواری كەبابچی لە گێژاوی پۆپۆلیزمدا.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆرن ئەو كەسانەی كە لەبارودۆخی نائاسایی و پاشاگەردانی و بێ سەرەوبەرییدا وەكو قارچك هەڵدەتۆقن، ئنجا یا بەفێڵ و تەڵەكەبازی و فریودانی خەڵكی، یان بەجۆرێك لەلێزانی و زیرەكی خۆیان و پشتوپەنای هەندێك حزب و لایەن و سەركردە. یەكێك لەو پۆپۆلیستە راستڕەوانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا هەڵتۆقیوەو لەپڕێك بۆتە كوڕێك. شاسوار نەك شاسوار نەبوو، بەڵكو گەدا بوو، پێش چوونە دەرەوەی بۆ دەرەوەی وڵات قەرزارو موفلیس بوو ، تەنانەت سەركردەیەكی خوالێخۆشبووی یەكێتی شاسواری گرت لەسەر قەرزاری و پارە خواردنی دۆستێكی خۆی. دواتر لەڕێگەی چەند كەسێكی دیارەوە هێنایانەوە بۆ كوردستان و ئیتر خێرو بێریان بەسەردا باراند لەپێدانی زەوی بەلاش و هەرزان بۆ پڕۆژەكانی چاڤی لاندو گوندی ئەڵمانی و ئێن ئاڕ تی و شوێنەكانی تر. بەجۆرێك چەندیان پێدا ئەویش ئەوەندەی تری خستەسەرو داگیری كرد، ئیتر شاسوار نانی كەوتە رۆنەوەو كەوتە بەنگەواز كردن بۆ خەڵكی بۆ بەشداری كردن بەشێوەی (سەهم) لەپڕۆژەكانیدا(حازر بەقەرز).
ئەم بازرگانە درۆزنە پۆپۆلیستە كەوتە نانەوەی بۆسەو تەڵەو داو بۆ خەڵكی، كەوتە دانانی تەڵە بۆ گەمژەكان، جارێ هەر لەسەرەتاوە فێڵیكی گەورەی لە خاوەن پشكەكان كرد بەوەی كەس بۆی نیە داوای پارەی سەهمەكەی بكاتەوە، تەنیا بۆی هەیە داوای قازانج بكات، قازانجیش دیار نیە. واتە قازانج سەری مایەشی خوارد. ئێستا نەك هەر قەرزاری خاوەن پشكەكانە، بەڵكو قەرزاری (چەو و لم فرۆش، چیمەنتۆو بلۆك فرۆش ، شیش فرۆش، ئاسنگەر،تەختەبەست، حەرەس و باخەوان، وەستا و كرێكار، تەنانەت كارمەندەكانیشی) ئەمە بێجگە لەوەی كە چەندین ملیۆن قەرزاری پارەی ئاو و كارەبای حكومەتە.
ئەم بازرگانە فریودەرە تازە پیاكەوتووە وەستایانە سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵكی كوردستان بوو بەدروشمی زل و قەبەو باقو بریق و گەمژاندن و بەخەیاڵ دەسەڵات گرتنە دەست و وەهمێكی سەیرو سەمەرە كەبۆنی جاهیلیەتی مۆدێرنی لێدێتەدەست ، ئیتر كەوتە وڕێنە لێدان و روخاندنی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی و گرتنە دەستی دەسەڵات، دیارە بەهۆی خراپی ئیدارەدان و خراپی باری ئابوری و ژیان و گوزەرانی خەڵكی لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانەوە، توانی لەپەرلەمانی هەرێم و عێراق چەند كورسییەك بەدەستبهێنێ، ئەمەش ئەوەندەی تر شاسواری توشی وڕێنە و وەهم و سەرلێشێواوی و بوغرایی و لەخۆبایی بوون كرد.
رووی راستەقینەی ئەم بزووتنەویە پۆپۆلیستییە مۆدێرنە(نەوەی نوێ) لە هەڵبژاردنی ئەم داوییەی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بەتەواوی دەركەوت، كاتێك سەرۆكی بزووتنەوەكە رایگەیاند ئەوە ئێمە و ئێوە یەكتری دەبینینەوە دوای هەڵبژاردن پێنج كورسی لەكەركوك دەهێنین، تەنانەت سەرۆكی لیستەكەیان لەكەركوك لە تەلەفزیۆنەكەیانەوە ووتی: هۆ راكان جبوری نۆزدەی مانگ تۆ پارێزگار نیت و ئێمە پارێزگار دادەنێین، خۆی دانابوو ببێتە پارێزگاری داهاتوی كەركوك، بەهاتو هاوارو فڕوفێڵ و دروشمی فریودەرانە كەركوكیان پڕكر، بەڵام لە نەتیجەدا نەیانتوانی نەك لەتە كورسییەك تەنانەت قاچە كورسییەكیشیان نەهێناو بگرە (٥- ٦) هەزار دەنگی كوردیشیان بەفیڕۆ دا، چونكە بەپێی سیستەمی (سانتیلیگۆ) ئەو دەنگانەی ناگەنە كورسیەك دەسوتێ.
لەكۆتاییدا پرسیارێك دەوروژێنم: كەواتە ئەم پیاوە قەرزكوێرە فریودەرە كەم نەتی بەكەس نیەو بەچەپ و راستدا جنێوو بوختان دەداو ووشەی زۆر ناشیرینی وەك (نەعل، قۆندەرە، نەقیزە……) بەكاردەهێنێ بەرامبەر بەدەسەڵاتداران و یاریش بەعەقڵی خەڵكی دەكات.كێی لەدواوەیە، كێی لەدواوەیە، كێی لەدواوەیە. با وەڵامی ئەم پرسیارە هەڵبگرین بۆ رۆژانی ئایندە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت