گۆران هەڵەبجەیی: بۆ لەتیف سەلەفی، ئەم وێنە حەرامانەت لێ دیارە؟
هەر ئایدۆلۆجیایەک یا ئاین و مەزهەبێک، وڵاتێک، باژاڕێک، ناوەندێک،کەسێکی کاریزما بەسەرچاوەی ئیلهام و وزەبەخش و بەردەوامی ڕێبازەکەی دەزانێت، کە هەندێک جار دەگاتە ئاستی پیرۆزی و پەرستن.
وەک چۆن ڤاتیکان ناوەندی کریستیانە کاسۆلیکەکانی جیهانە، بەهەمان شێوە وڵاتی سعودیەش بەتایبەتی مەککە پیرۆزترین پێگەی مسوڵمانانە.
بەدرێژایی مێژوو ئەم وڵاتە لەڕێگەی وەهابیزمەوە ساڵانە هەزارەها مرۆڤی تووندڕەو تاریکدۆستی بەرهەم هێناوە. ئەم مەلاو بانگخوازە وەهابیانەی سعودیەکۆنترۆڵی خیتابی ئاینی و کۆمەڵگایان کردوە و بەردەوام ژەهری کەراهیەت و تووندڕەوی دەڕژن و ئاینی ئیسلامیان بە کردەوە و هزر گەیاندە مەترسیدارترین ئاست.
هەرچی بزافی تووندڕەو و تەرۆریست هەن لەجیهانە بەجۆرێک لەجۆرەکان درووستکراو یا لەژێر کاریگەری و پشتگیری مادی سعودیەکاندا بوون، لەوانە [القاعیدە] و [داعش] و چەندین بزافی دیکەی ئیرهابی. جێگەی سەرسووڕمان نیە دەمێک دەرکەوت لە [19] ئیرهابی [القاعیدە] کە دووتاوەرەکەی نیۆیۆرکیان تەقاندەوە [13]یان گەنجی سعودیە بوون.
لەسعودیە، ناوەندە وەهابیەکان خاوەن هێز و بڕیاردەربوون لە هەمووشتێکدا تا ئەو ڕادەیەی پادشاکانی سعودیە نەیاندەتوانی گوێڕایەڵیان نەبن.
بەڵام پاش هاتنی پادشا سەلمانی بەتەمەن دۆخەکە بەتەواوەتی گۆڕدرا.
گۆڕانکاری جەوهەری ئەوکاتە دەستی پێکرد کە شازادەی جێنشین[محەمەد کوری سەلمان] دەسەڵاتی ڕەهای گرتە دەست، ئیدی باوکی وەک سومبلێک مامەڵەی لەگەڵ کرا نەک وەک بڕیاردەرێک.
محەمەد دەستی بەڕەفۆرمێکی مەزن و بەرفراون لە هەموو بوارەکاندا کرد. هاۆکارەکانی پشت ئەم ڕەفۆرمە هەرچیبن ئەوە لێرەدا جێگەی باس نین، لێ بەدڵنیاییەوە لەبەرژەوەندی خەڵکی سعودیەو جیهانی ئیسلامین.
گۆڕانکاریەکان سەرەتا بەوە دەستی پێکرد، هەرچی پیاوانی وەهابی هەن لە پێگە هەستیارەکان دوورخرانەوە، هەر یەکێکیشیان مقاوەمەی بکردایە یا ناڕەزایی دەربڕیایە ئەوە بەزەبری یاسا ئاقڵیان دەکرد.
ئەوجا مەنهەجی خوێند { وانەی ئاین} و کتێبە ئاینیەکان دەستکاری کران بەجۆرێک کە بگونجێن لەگەڵ سەردەم و شارستانیدا، وتاری بانگخوازو خەتیبەکان، بەتایبەتی وتاری ڕۆژانی هەینی سنوردار کران.
ئافرەت کە پێشتر هیچ خۆرە ئازادیەکی نەبوو، تاڕادەیەک دەرگای ژیانی بۆ کرایەوە، وەک سەفەر بەتەنها، لێخوڕینی سەیارە، نەپۆشینی سەرپۆش، وەرگرتنی تەڵاق، کارکردن لەهەر شوێنێک دەیخوازێت.
کردنەوەی باڕ، فرۆشتنی کحول، سازدانی کۆنسەرتی ڕۆژئاوایی،کردنەوەی شانۆ و چالاکی نمایشی جلوبەرگی ئافرەتان، قەبوڵکردنی پێکەوەژیانی ڕەگەزی نێرو مێی بێگانە لەدەرەوەی هاوسەرگیری، ئەمانەش بەشێکی ترن لە کرانەوەکان.
لەڕووی هونەریشەوە هەنگاوێکی مەزن درا بەوەی ڕێگەدرا هونەرمەندە گۆرانیبێژەکان لەڕەگەزی مێ کۆنسەرت سازبکەن.
جاران تەنها بۆ پیاو بوو لەسەر شانۆ گۆرانی بڵێت، بەڵام دوای ئەم کرانەوەیە تا ئێستا چەندین ئاهەنگ و کۆنسەرت بۆ گۆرانیبێژە عەرەبەکان سازکراوە، کە نوێترینیان ئاهەنگی سەری ساڵبوو.
پێموابێت ئەمە یەکەمجارە لە سعودیە ڕێگەدەدرێت بەبۆنەی ساڵی نوێوە ئاهەنگ سازبکرێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە سەرجەم گۆرانیبێژەکان لە ڕەگەزی مێ بوون {ئەلیسا، ئەنغام، اصالە، نانسی عجرم احلام و ….} کە جلوبەرگی هەندێکیان بۆ ئەو کەلتوورە موحافیزکارە جۆرێک لە زیادەڕۆیی پێوەدیاربوو، وەک ئەلیسا، نانسی عجرم، ئەنغام.
دڵنیام گەر هەرکامێک لەو گۆرانبێژانە بەو جلانەوە لەکوردستان گۆرانیان بگووتایە، مەلا دەم هەڕاشەکان بەسەلەفی و ئەخوانی و هەودارە مێشک پوچەکانیان دەیانکردە هەرا و تاماوەیەک خەڵک و میدیایان بەناوی بڵاوبوونەوەی [فەسادەوە] خەریک دەکرد.
ئەو تانەو تەشەرو هێرش و سوکایەتیەی مەلا مێشک ژەنگاویەکانی کوردستان بە لەتیف سەلەفیشەوە بەناهەق بەخانمانی کوردی دەکەن گەر لەسعودیە بیانکردایە، ئەوە لەسەر ئەو قسانە ئاقڵیان دەکردن.
بۆیە بە عەبد سەلەفی دەڵێم؛ ئەو دیوارەی پاڵت پێوەدەدا ئەوەتا درزی تێکەوت و هێدی هێدی لاردەبێتەوە و ڕۆژێک دێت دەکەوێت، ئەودەمە تۆ و نمونەکانت بێ پشتوپەنا دەمێننەوە، ئەوجا پشتگیری دەسەڵاتی گەندەڵ، درۆی گەورە، گەمژەکردنی خەڵک، مووچەو سەیارەی دەرع، ژنی چوارەم، مزگەوتی بەهەشتی پڕ لە مرۆڤی مێشک پووچ، هیچ کام لەمانە فریات ناکەون و تەواو ڕسوادەبیت.