زەبەنگ بەهادین: ئایا پێگەی کورد لاواز بووە؟
لە دوای راپەرین پێگەی کورد ژیانەوەیەکی بەخۆیەوە بینی کە پەیوەست بوو بەم چەند خاڵەی خوارەوە:
یەکەم/ سەرەتای ئازاد بونی باشوری کوردوستان لە دوای راپەرین بەسترا بە هاتنی هێزی ئەمریکی کە لەو کاتەدا پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکە بەهێز بوو، وە دەسەڵاتدارانی کوردیش بە زۆرێنەی حیزبە دەسەلاتدارەکانەوە هاوپەیمانی ئەم هێزە خاوەن جێگەو پێگەیە بوون. بەڵام لە ئێستادا کە هێزی نوێ هاتۆتە ناوچەکە و بە گشتی هاوسەنگی، یان رکابەری هێزی نێو دەوڵەتی تازە دروست بووە وەک روسیا و چین، پێگەی ئەمریکا بەو شێوەیەی جاران نەماوە و پاشەکشەی کردوە، بەمەش پێگەی کوردی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەودا پاشەکشەی کردوە و لاواز بووە.
دووەم/ دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە دوای راپەرین تا رادەیەک ئاستێکی باشی بریبوو، هەر لە ئازادی رادەبرین و هەڵبژاردن و دەنگدان و ئازادی سیاسی، بەمەش پێگەی کورد بەرەو پێشچونێکی باشی بینی لە نێوەندە نێو دەوڵەتیەکان و کورد پێگەیەکی باشی بۆ خۆی وەدەست خست. بەڵام لە ئێستادا بە هۆی نەبونی ئازادی رادەبرین و زیندانکردنی رۆژنامەنوسان و نوسەران و نەبونی ئازادی سیاسی راستەقینەو تەزویر و گاڵتەجاری هەڵبژاردن و دواخستنی هەڵبژرادن و داخستنی پەرلەمان و بێ بەهاکردنی توانای سیاسی پەرلەمان کورد ئەو پشتگیری و پێگەیەی نەماوە کە پێشتر هەیبو لە نێوەندە نێو دەوڵەتییەکاندا، لێرەشدا پێگەی کورد لاواز بووە.
سێهەم/ دۆزینەوەی نەوت و رێکخستنی ئابوری و پلانی بودجەی ساڵانە و هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوت و بازرگانی نێو دەوڵەتی و کۆنترۆلکردنی سنورەکان بوونە هۆی بەرەو پێشبرنی پێگەی کورد. بەڵام لە ئێستادا نەمانی ئابوری سەربەخۆ و راگرتنی هەناردەی نەوت و بێ پلانی و نەبونی شەفافیەت و گەندەڵی و ئەستەمبونی چاکسازی و نەبونی میزانیەی ساڵانە، لە هەمان کات کەوتنە دەستی سنورەکان لە لایەن بەغدادەوە تا رادەیەک بونە هۆی لاواز بونی پێگەی ئابوری، لە هەمان کات پێگەی سیاسی کورد لە ناوچەکە.
چوارەم/ هەر دەسەڵاتێک ئەگەر بێهێز و تۆکمە نەبێت بە بونی ئۆپۆزسێۆنێکی بەهێز، ئەو دەسەڵاتەش هێز و پێگە پەیدا دەکات، یان دەگۆرێت. بەڵام لە ئێستادا بەهۆی نەبونی ئۆپۆزسێنی راستەقینە، کورد پێگەیەکی سیاسی و بروەدان و پێشبرکێ نەماوە، ئەوەی دەکرێت تەنها بەرژەوەندی تاکە کەسی و حیزبی دەسەڵاتدارەکانە.
پێنجەم/ لە دوای راپەرین دەسەڵاتی کوردی تا رادەیەک پەیوەندیەکانی لەگەل وڵاتانی دراوسێ و ئیقلیمیەکان لە رێگەی دامەزراوە حکومیەکان بوو بەشێوەیەک هاوسەنگی و بەرژەوەندی کوردی راگرتبوو، لە ئێستادا هەر زۆنێک سەر بە لایەنێکی ئیقلیمیەو لەبەرژەوەندی ئەو دەوڵەتانە کار دەکات لە پێناو مانەوەی خۆی و نەتوانەوەی ئەبینی هەر رۆژەی دەوڵەتێکی درواسێ درۆن دەنێرێ، یان تۆپباران دەکات، ئەوەی لەگەڵیەتی بێدەنگە، ئەوەش دژیەتی دەیکاتە هەرا و بە پێجەوانەوە بۆ لایەنەکەی تریش بە هەمان شێوە. ئەوەی لایان گرنگ نییە، خوێنی کوردە برژێ بە دەست ئەم دەوڵەتانە، ئەمەش پێگەی کوردی زیاتر لاواز کردوە و دووبەرەکی تۆختر کردۆتەوە لە نێو هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردوستان.
شەشەم/ کورد لە دوای روخانی سەدام پێگەی و جێگەیەکی باشی هەبوو لە ناو عێراقدا بە شێوەیەک سیاسەتی دەکرد کە راگری هێزە سیاسیەکانی عێراق بوو لەو کاتەدا، لە ئێستادا بەهۆی گەندەڵی و بەرژوەندی حیزبی و پاشقول و خستنی یەکدی و هەڵپەی بردنی پلە و پۆست و پارە، کورد ئەو پێگەیەی لە دەستداوە و بەرەوە لاواز بوون چوە.
بەگشتی کورد لە ئێستادا پێگەو جێگەی زۆر لاوازە و هەموو دوژمنانی بە چاوی نێچیر لێ دەروانن تا هێدی هێدی دەیتوێننەوە، هیچ پێگەیەکی بۆ ناهێڵن. بە بونی ئەم دەسەڵاتە سیاسیانەی ئێستا و ئەم حیزبانە، رۆژ لە دوای رۆژ پێگەی کورد لاوازتر و خراپتر دەبێت تا وای لێدێت بەرەو پوکانەوە دەچێت.