كەمال محەمەد: جەنگی درۆنەكان و ئاییندەی كوردستان.
درۆن ئەو چەكەی بە هیچ یاسایەك نابەسترێتەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو قۆناغێكی نوێ دەستی پێ كردوە. ئێستا بەكار هێنەرانی درۆن لە ناوچەكە، ئەتوانن بە شێوەیەكی ئاسان و سەركەوتوانە دەستوەردانەكانی هەژمونگەرایی خۆیان ببنەوەو ئامانجەكانیان بەدەست بهێنن. بێ گومان سیاسەتی نایەكسانی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری لە خۆرهەڵاتی ناوین ڕۆڵێكی دیاركەر لە ناوچەكە و جۆری ئەم چەكانە ئەبینێت كە چۆن لەگەڵ هەڵكشانی ئەو مۆدێرنێتە ئەم جۆرە لە چەكانە وەك پۆلینێكی نوێ هاتۆتە بازارەوە، ئێستای جەنگی درۆنەكان گوزەركردنە بۆ جەنگی ئاسمانی و چاودێریكردنی نەیارەكانیان و بەكار هێنانی سنورنەناسانەی تەكنەلۆژیایە لە پێناو بەدەستهێنانی ئامانجەكانیان. جەنگی درۆنەكان خەسڵەتێكی تایبەتیان هەیە بۆ بەكارهێنەرانی، چونكە بەو پێیەی لە كوێ نێچیرەكان سەخت و شاراوە بوبن ئەم جۆرە لە چەكە ئاسانتری كردون بۆیان.
كاریگەرییەكانی ئەم چەكە لە جیهاندا ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری هەیە، بەو پێیەی زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكە بون بە خاوەنی و چەندین وڵاتی دیكەش داوای بەدەستهێنانی ئەكەن، ئەمەش هەنگاوێكی تری یاخیبونی جەنگی زەمینییە بەرەو تەكنەلۆژیای نوێ، لە نێو گۆڕانكارییەكانی جیهاندا. هەرێمی كوردستانیش لە ڕووی سۆسیۆمێژوییەوە ڕێگەی پێ نەدراوە شادی و شكۆی بون و خاكەكەی ببینێت و هەمیشە نیشانەگیراوە لە كێشەو دژیەكی و نەهامەتییە خوڵقێنراوەكانی دەستی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری و تەكنەلۆژیای جەنگ. ئەوەی لەم سەردەمەدا ئەبینرێ ئەو جەنگە نابەرامبەرەی چاودێریكەرو چاودێریكراوە، ئێستا درۆنەكان جەنگەكان یەكلایی ئەكەنەوە. ناوچەكە ڕۆژانە بە درۆنەكانی توركیاو ئێران ڕۆژانە تاقی ئەكرێتەوە لە ڕێگەی هێزە نزیك و یارەكانیانەوە.
جەنگی درۆنەكان، ئەمڕۆ سیاسەتی بەسیخوڕكردن و لەناوبردنی نەیارەكانە و سەپاندنی نەزمی نوێ و ئەو سیاسەتەیە كە پێی خواست و ئامانجی هێزی بەكارهێنەرە لەنێو خاكی بەكارهێنراودا، هەرێمی كوردستانیش بەشێكی دیاری ناوچەكەیە و ئەگەری نیشاندانی زیاترە لە دوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و سیاسەتی پشت پەردەی جەنگەكانی ناوچەكەو ڕۆژانە بەر هێرشە درۆنییەكان ئەكەوێت. ئێستای هەرێمی كوردستان هەر ئەوە نییە كە مۆنۆپۆلی تەواوی لە هەموو بار و بوارێكدا بۆ وڵاتانی هەرێمی هەیە، بەڵكو هەرێمێكە بەمانای هەبونی هەژمونی هێزی وڵاتان و دامەزراوە گەلی جیاواز لە دیدی هێزە نەیارەكانەوە. بۆیە هەرێمەكە لە مەودادا دور نییە دوكەڵ و گری نوێ بە خۆیەوە نەبینێت و ببێتە مەیدانی ئەو پاوانخوازییەی كە وڵاتان هەوڵی بۆ ئەدەن و ناوچەكە ببێتە شەڕی برێگرتەیی زلهێزەكان و دیوێكی تری جەنگی حەماس و ئیسرائیل و غەزەیەكی تر بهێننە كایەوە!.
هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی دیاری خۆرهەڵاتی ناوین بەرەو نائارامییەكی تاریك هەنگاو ئەنێت. ڕۆژانە ئەم خاكە لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا هەواڵی هاویشتنی موشەكی درۆنەكانمان پێ ئەدات. درۆن ئەو چەكەی كە دزە ئەكاتە نێو كون و كەلەبەرەكان، بەشێوەی شەڕێكی شاراوەو نادیار جەنگی درۆنەكان قڕكردنی جەستەیی و گەوهەری خەڵك و خاكەكەیە كە چەندین جار جەنگەكانی دیكەی تێپەڕ كردوە. لە جەنگی درۆنەكاندا دەست نیشان كردنی هاوسەنگی ئاستەمە، چونكە ناوەڕۆكی پێگدادانەكە هەرێمی كوردستانە كە شوێنێك نییەو لە ڕەوشێكی وەهادا نییە كە هێز بەخش بێت بۆ خودی خۆی بەردەوامی جەنگی درۆنەكان دور نییە گەل بەرەو بێچارەیی و وڵات بەرەو وێرانەیی و نەتەوەو كۆمەڵگاش دور نەخاتەوە لە ئاسودەی،ی چونكە تەلاری حكومڕانی هێندە قاییم نییە بەرگەی ئەو هەمو درۆنانە بگرێ كە ڕوو لەخاكەكەمان ئەكرێت، بۆیە لەهەر گۆشەیەكەوە هێمای هاوكێشەكە ئەبینین ئەكەوینە بەر یەكێك لە پێشبینیەكانی قۆناغی دابەشكاری ڕۆژهەڵاتی ناوین.
- بابەتەکانی تری کەمال محەمەد
کەمال محەمەد: سۆسیۆلۆژیای سیاسی و ھەڵبژاردن.
-كەمال محەمەد: هێرشەكانی توركیا و كۆنسێپتی شەڕ.
-كەمال محەمەد: كۆرمۆر و بەردەوامی درۆنەكان.
- All Posts