پووڵ ئاڤریج: نێستۆر ماخنۆ، پیاوێكی ئەفسانەیی – بەشی سێیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی/ زاهیر باهیر

کورتە ژیاننامەیەکی نێستۆر ماخنۆ

بۆ ماوەیەك مامەڵەی ماخنۆ لەگەڵ بەلشەفیکەکان بە دۆستانە مایەوە و ڕۆژنامەکانی سۆڤیەت بە “سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕی پارتیزانیی بوێر” ستایشیان دەکرد. پەیوەندییەکان لە مانگی ئازاری ساڵی 1919دا لە باشترین ئاستدا بوون، کاتێك ماخنۆ و کۆمۆنیستەکان پەیماننامەیەکیان بۆ چالاکیی سەربازی هاوبەش لە دژی سوپای خۆبەخشی ژەنەڕاڵ دێنیکین، Denikin، ئەنجامدا، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە، سوپای یاخیبووانی ئۆکرانیا بوونە بەشێك لە سوپای سوور، ملکەچی فەرمانی فەرماندەیی باڵای بەلشەفیکەکان بوو، بەڵام ئەفسەر و پێکهاتەی ناوخۆی خۆی و هەروەها ناو و ئاڵای ڕەشی خۆی هێشتەوە.
بەڵام ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە نەیانتوانی دوژمنایەتی بنەڕەتی نێوان ئەو دوو گرووپە بشارنەوە. کۆمۆنیستەکان چێژێکی کەمیان لە پێگەی ئۆتۆنۆمی سوپای یاخیبووان دەبینی، یاخود ئەو سەرنجڕاکێشییە بەهێزەی کە بۆ جوتیارە تۆمارکراوەکانی خۆیان هەیانبوو، بۆ ئەمان نەیان بوو. ماخنۆڤیستەکانیش لە لای خۆیانەوە ترسیان لەوە هەبوو کە درەنگ، یان زوو سوپای سوور هەوڵی ئەوە بدات بزووتنەوەکەیان پەكبخات. لەگەڵ زیادبوونی ناکۆکییەکاندا، ڕۆژنامەکانی سۆڤیەت وازیان لە ستایشەکانیان بۆ ماخنۆڤیستەکان هێنا و وەك “باند” دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەریان. لە نیسانی ساڵی 1919 کۆنگرەی سێیەمی ناوچەیی جووتیاران و کرێکاران و یاخیبووان بە سەرپێچی لە قەدەغەکردنێك کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سۆڤیەتەوە دانرابوو، گیرا. لە مانگی ئایاردا دوو سیخوڕی دەسگەی ‘چێکە’ کە بۆ تیرۆرکردنی ماخنۆ نێردرابوون، گیران و لە سێدارە دران. دوا سەرپێچی یا پێشێڵکاری کاتێك ڕوویدا کە ماخنۆڤیستەکان بانگهێشەی کۆنگرەی چوارەمی ناوچەیی بۆ 15ی حوزەیران کرد و سەربازانی سوپای سووریان بانگهێشت کرد بۆ ناردنی نوێنەر. بەڵام ترۆتسکی فەرماندەی گشتی هێزەکانی بەلشەفیکەکان لەمە تووڕە بوو. لە 4ی حوزەیراندا بڕیاری قەدەخەکردنی کۆنگرەی داو و ماخنۆی نایاسیی کرد. سوپای کۆمۆنیستەکان هێرشێکێیان بە خێرایی ڕەشەبا بۆ سەر گیولیای-پۆلیێ ئەنجامدا و ئەو کۆمونە کشتوکاڵیانەی کە لەلایەن ماخنۆڤیستەکانەوە دامەزرابوون هەڵیانوەشاندەوە. پاش چەند ڕۆژێکیش هێزەکانی دێنیکین، Denikin ، گەیشتن و کارەکەیان تەواو کرد و سۆڤیتە ناوخۆییەکانیشیان پاکتاو کرد.
هاوپەیمانییە لەرزۆکەکەی نێوانی ماخنۆڤیستەکان و بەلشەفیکەکان لەو هاوینەدا بەخێرایی دەستی پێکردەوە، کاتێك کە دێنیکین بەرەو مۆسکۆ ملی نا کە هەردوك لە کۆمۆنیستەکان و ماخنۆڤیستەکانیشی تووشی شۆك کرد. لە ماوەی مانگەکانی ئاب و ئەیلولدا گەریلاکانی ماخنۆ بەرەو سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا پاشەکشەیان پێکرا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە 26ی ئەیلولدا، ماخنۆ هێرشێکی بەرپەرچدانەوەی سەرکەوتووی بۆ سەر گوندی پێرێگۆنۆڤکا، Peregonovka ، لە نزیك ئومان، Uman ، دەستپێکرد و هێڵەکانی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژەنەراڵی سپیپێستی بڕی و ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامی لە دوای خۆیەوە دروستکرد. ئەمە یەکەم تێشکانی جددی دێنیکین بوو لە پێشڕەوییەکەی بۆ ناو دڵی ڕووسیا و هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ وەستاندنی تاودانەکەی بەرەو پایتەختی بەلشەفیکەکان. لە کۆتایی ساڵدا، دژە هێرشێکی سوپای سوور، دێنیکینی ، Denikin ، ناچار کرد کە بەرەو کەنارەکانی دەریای ڕەش پاشەکشە بکات.
لە کۆتایی ساڵی 1919دا ماخنۆ فرمانی لە فەرماندەی سوپای سوورەوە پێدرا بۆ گواستنەوەی سەربازەکانی بۆ بەرەی پۆڵەندا. ئەم فرمانە بە ڕوونی بۆ ئەوە دەرکرابوو کە سوپای یاخیبووان لە خاکی ناوخۆی خۆی دوور بخاتەوە و شوێنەکان بەجێبمێنن بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی بەلشەفیکەکان. ماخنۆ فرمانەکەی ڕەتکردەوە. ترۆتسکی، وتی، دەیەوێت هێزەکانی دێنیکین بە سوپای سوور و خاوەن زەوییە بێ دەسەڵاتکراوەکان بە کۆمیساری سیاسی جێبگرێتەوە، ئەو سوێندی خواردبوو کە ڕووسیا لە ئەنارکیزم “بە دەستێکی پۆڵایین”،[4] پاكبکاتەوە بەمەش ماخۆنۆڤیستەکانی لە بەرەکە دەرکرد و یاساخی کردن . ئەم هەشت مانگە ململانێی تاڵی بەدوای خۆیدا هێنا و زیانەکانی هەردوولا قورس بوون. لە پاڵ ئەمەشدا پەتایەکی توندی گرانەتاش ژمارەی قوربانیانی زیاد کرد. لایەنگرانی ماخنۆ بە شێوەیەکی خراپ ژمارەیان کەم بووبوەوە، خۆیان لە شەڕی بەرە و چەقبەستوو بەدوور دەگرت و پشتیان بەو تاکتیکە گەریلایانە دەبەست کە زیاتر لە دوو ساڵ شەڕی ناوخۆدا کارامەیی و ئەزموونیان تێدا پەیدا کردبوو.
دوژمنایەتییەکان لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1920 کۆتایی هات، کاتێك بارۆن ڕانگێل، Baron Wrange، جێنشینی دێنیکین، Denikin ، لە باشوور، هێرشێکی گەورەی دەستپێکرد و لە کرایماوە بەرەو باکوور هێرشی برد. ئەمە وایکرد کە جارێکی دیکە سوپای سوور داوای هاوکاری لە ماخنۆ بکات و لە بەرامبەردا کۆمۆنیستەکان ڕازی بوون بە لێبوردنێك بۆ هەموو ئەنارکیستەکان لە زیندانەکانی ڕووسیا و ئازادی پڕوپاگەندەیان بۆ ئەنارکیستەکان فەراهەم کرد بە مەرجێک خۆیان لە پرسی ڕووخاندنی حکومەتی سۆڤیەت بەدوور بگرن.
درێژەی هەیە
…………………………
4. P. A. Arshinov, History of the Makhnovist Movement (1918-1921) (Detroit and Chicago, 1974), p. 121; Volin: The Unknown Revolution, 1917-1921 (Detroit and Chicago, 1974), pp. 307-308.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت