خالید مەجید فەرەج: تێڕوانینی ئیمیل دورکیم و ماکس ڤیبەر و مارکس بۆ ئایین.
لە خێزانێکی پرۆتستانتی ئەڵمانی کە لە مەزهەبی کاسۆلیکییەوە جیاببووەوە و چووبوونە سەر مەزهەبی پرۆتستانتی لەدایک بووە، ئەو مەزهەبەی کە لە باکوری ئەوروپا کە دەکاتە ئینگلتەرا و ئوستوکلەندە و دانیمارک و… هتد، بڵاو بوو بە پێچەوانەی باشورەوە کە دەکاتە ئیسپانیا و ئیتالیا و فەرەنسا کە هەر لەسەر مەزهەبی کاسۆلیکی مابوونەوە.
پەیوەندی ئەخلاقی پرۆتستانتی بە پێشکەوتنی سەر مەیەدارییەوە:
ماکس ڤیبەر لەو ڕووەوە چەندین لێکۆڵینەوەی قوڵی هەیە دەربارەی ئایینە جیاوازەکان کە لە جیهاندا پەیڕەو دەکرێن کە پێش ئەو بەو شێوەیە نەکراون، ئەو توێژنەوەی لەسەر ئایینە هیندۆسی و بودی و تاوی و هەروەها یەهودی کۆن کردووە و ڕۆڵی مەزهەبی پرۆتستانتی لە پێش کەوتنی ڕۆژئاوای سەرمایەداریدا دەردەخات، ئەو تەناتەت توێژینەوەی لەسەر ئایینی ئیسلامیش کردووە لە پەیوەندی بە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیەوە کە ناوەرۆکێکی ئابووریی هەیە.
تێڕوانینی ماکس ڤیبەر بۆ ئایین پێچەوانەی (دورکایم)ـە
دورکایم وای دەبینێت کە ئایین سەرچاوەی سەقام گیری کۆمەڵایەتییە و کۆمەڵگە بۆیە ئایینی هێناوە تاوەکوو زەمانەتی سەقام گیری کۆمەڵگە و هاوسەنگییەکەی بکات، بەڵام بە نیسبەت کۆمەڵناس و پسپۆڕی ئابووری ماکس ڤیبەر ئایین هۆکارێکە بۆ گۆڕانکاری لەناو کۆمەڵگەدا بەتایبەتیش کاتێک کە توێژینەوە لەسەر ئەخلاقی پرۆتستانتی دەکات. لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (ئەخلاقی پرۆتستانتی و ڕۆحی سەرمایەداری) دا دەڵێت؛ ئایین هۆکاری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە، ئەو لە ڕوانگەی توێژینەوە لەسەر کاریگەری باوەڕی ئایینی بەسەر چالاکییە ئابوورییەکانەوە ئەوە دەڵێت و چۆن باوەڕی ئایینی کار لە چالاکییە ئابوورییەکان دەکات.
ئەو کاتێک کە توێژینەوە لەسەر کۆمەڵگە پرۆتستانتییەکان دەکات کە ئەو دەمە لە هۆڵەندا و بەریتانیا و ئوسکتولەندا و ئەڵمانیا هەبوون کە دەکاتە کۆمەڵگە ئەورووپییە باکوورییەکان دەڵێت؛ ئەوانە زیاتر سەرمایەداری ترو پێشکەوتوو تر بوون لەبەر ئەوەی سەرکردەکانیان پرۆتستانت بوون. ڤیبەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چەند جۆرێکی دیاریکراو لە پرۆتستانی پشتگیری لە هەوڵدان دەکرد بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتی مادی لە ڕێگەی هاندانی ئیماندارانەوە بۆ کارکردنی جددی و سەرکەوتن و دەست بە پارەوە گرتن و سەرف نەکردنی لەسەر شتی بێ فەڕ و پاراستنی قازانجەکانیان، بەڵام مەزهەبی کاسۆلیکی و ئایینە هیندۆسییەکانی دیکە بۆ نموونە ئایینی هیندۆسی هەر وەک ماکس ڤیبەر دەڵێت؛ دیانەتی ئەوە دنیاییە و بەها باڵاکانی هانی ئیماندار دەدات کە لە هەموو شتێک کە دنییای بێت واتا مادی دەبێت، خۆیان دوورە پەرێز بگرن و بەرەو ئاساتە بەرزەکان کە دەکاتە وجوودی ڕۆحی بنواڕن.
هەروەها ماکس ڤیبەر ئەخلاقی پرۆتستانتی بەو ئەخلاقە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە دەبەستێتەوە کە ئەورووپا بە خۆیەوە بینی لەڕووی هاندانی بۆ کارکردن، بەوەش بەشدار دەبێت لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکە، لەبەر ئەوەی بەها و ئەخلاقی پرۆتستانتی هانی کارکردن دەدات بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن کە بەوە لە خودا نزیک دەبنەوە، ئەو دەڵێت؛ پرۆتستانتی گرنگی بەخۆشییەکانی ژیان دەدات نەک ڕاکردن لەو خۆشییانە بەرەو ئەو دنیا، واتا چاوەڕوانی پاداشت لە ئاخیرەتدا، بە پێچەوانەی مەزهەبی کاسۆلیکی کە دەڵێت؛ پەیوەندی بە دنیاوە نییە و لێی جودایە و نموونە بۆ ئەوە دەهێنێتەوە و دەڵێت؛ پێشکەوتن لە ئیسپانیا ڕووی نەدا لەبەر ئەوەی وابەستەی مەزهەبی کاسۆلیکی بوون و لەدنیای واقیعی زەمینیدا نەدەژیان و گوێیان بە شۆڕش و گۆڕانکارییەکانی دنیا نەدەدا.
ئەو ڕەخنەی لەبیری کاسۆلیکی دەگرت لەبەر ئەوەی بە ڕای ئەو تەنیا لەنێوان گوناهباری و پەشیمانی و تۆبە و داوای لێبوردن و پسووڵەکانی لێبوردندا دەخولایەوە، واتا لە بازنەیەکی بەتاڵدا و تەنیا براوەش کەنیسە و قەشەکان بوون نەک کۆمەڵگە.
شایەنی باسە پرۆتستانتی بزاڤێکە لە کاسۆلیکییەتەوە جیابوونەتەوە، واتا ئینشیقاقی کردووە کە تێیدا بۆ مرۆڤی گوناهـبار هەبوو پسوولەی لێبوردن لەو قەشانە بکرێت کە وەک نێوەند گیرێک وا بوون لەنێوان ئەو و خودادا و بۆیان هەبوو لەلای خودا واستەی بۆ بکەن تاوەکوو لە گوناهەکانی خۆش ببێت و تەنیا پاپا و قەشەکانیش بۆیان هەبوو تەفیسری کتابی موقەدەست بکەن، واتا دەبوو عاممەی گەل بۆ لێکدانەوەی هەر ئایەتێک بچن بۆ لای قەشە تاوەکوو ئاو بۆیان لێک بداتەوە. ئەوە بوو مارتن لۆسەر هاتوو گوتی دەکرێت خەڵکەکەش خۆیان بێ ئەوەی پێویستیان بە کەنیسە هەبێت دەقەکانی کتابی موقەدەس لێک بدەنەوە، هەروەها لەدژی فرۆشتنی پسووڵەی لێبوردن وەستایەوە و گوتی بۆ تاک هەیە خۆی ڕاستەوخۆ داوای بەخشین لە گوناهەکانی لە خودا بکات.
ماکس ڤیبەر دەڵێت؛ پرۆتستانتییەکان بە پێچەوانەی کاسۆلیکەکانەوە بانگەشیان بۆ کارکردن و بوون بەخاوەنی دەستکەوتی شەخسی دەکرد ئەوەش بوو بەهۆی سەرهەڵدانی ئایدۆلۆجییەتی سەرمایەداری.
ماکس ڤیبەر لەو بارەیەوە زیاتر تەرکیزی لەسەر بەهاکانی پرۆتستانتی کالڤانی بوو (دەگەڕێتەوە بۆ کاڵڤن کە یەکێکە لە وانەی بزاڤە ڕیفۆرم خوازەکەی ناو مەسیحییەتیان ڕابەریەتی دەکرد و لە کاسۆلیکی جیاببوەوە)، ئەو دەڵێت؛ بەها پرۆتستانتییەکان یارمەتی ئەوەیدا کە بەها سەرمایەدارییەکان سەربکەوێت و یارمەتی دروست بوونی سیستەمێکی ئابووری جیهانی نوێ کە بە سەرمایەداری ناسراوە. ئەو دەڵێت؛ ئەوانە هەمووی لە بەها پرۆتستانتییەکانەوە دروست بوون بە پێچەوانەی تەعالیمە کاسۆلیکەکانەوە پرۆتستانتی بانگەشەی بۆ کاری قورس دەکرد، بەڵام لای کاسۆلیک هەژاری فەزیلەتە و دەبێت ئەوەندە کار بکرێت کە بژێوی ژیانی ڕۆژانە مسۆگەر بکات و هیچی دیکە.
بەپێی ماکس ڤیبەر ئەو ئەخلاقییەتانەی کە لە ژیانی پرۆتستانتیدا بەرهەم هاتووە فاکتەری سەرەکی بووە بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ کەڵەکە بوونی سەرمایە وەک ئامانجێکیش بۆ چالاکییە ئابوورییەکە، ئەخلاقی پرۆتستانتی بانگەشە بۆ کاری جدی و قورس و قازانج و پاشان کەڵەکە بوونی سەروەتەکان دەکات و ئەوانە هەموو بەشدار بوون لە سەرهەڵدانی سەرمایەداری لە ئەورووپا و پێشکەوتنی ڕۆژئاوا بەتایبەتی لە باکوورەکەیدا.
ئەمەش لێکدانەوەیەکی پێچەوانەیە بۆ ئەوەی کە کارل مارکس پێشکەشی دەکات بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکە ماکس ڤیبەر دەڵێت باوەڕ یان موعتەقەدە کولتوورییەکان کە سەرخانە دەبێت بەهۆی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لەبری بینا مادی و پەیوەندییە ئابوورییەکان کە دەکاتە ژێرخان بە پێی لێکدانەوەی مارکس کە فەیلەسووف و کۆمەڵناس و تیۆری دانەری سۆسیالیزم بوو.
تێڕوانینی مارکس بۆ ئایین بە پێچەوانەی دورکایم بوو کە دەیگوت ئایین فاکەتەری پێکەوە گرێدانی کۆمەڵایەتییە و ئامانجی سەقام گیری کۆمەڵگەیە و گەلان یەک دەخات و گوزارشتێکە لە وێنەی کۆمەڵگە و بەهاکانی و هۆشیارە جەمعییەکەی. مارکس بەپێچەوانەوە وای دەبینی کە ئایین کار لە کۆمەڵگە دەکات و هۆکاری دابەش بوونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیە و پارێزگاری لە نایەکسانی لە نێوان چینەکان و لە دۆخە باوەکە دەکات، واتا جیاوازی و نایەکسانییەکان لە نێوان چینەکاندا، ئەو دەڵێت؛ ئایین زیاتر فاکتەری دابەش بوونە نەک یەک خستنی، درێژبوونەوەی موعاناتی پرۆلیتاریایە کە لە بنەڕەتدا چەوساوەتەوە و بەدەست بۆرجوازیەت و ئیستیغلال کردنییەوە دەناڵێنێت، ئەو دەستەواژە بەناوبانگ بەکار دەهێنێت کە دەڵێت؛ (ئایین ئەفیونی گەلانە) واتا بێ هەستیان دەکات.
دیارە مارکس شوێن دەستێکی دیاری لەو بوارەدا بەجێهێشتووە، بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان لێکۆڵینەوەی لەسەر ئایین نەکردووە، بەڵکوو بیروبۆچوونەکانی لەو بارەیەوە لە چەندین بیرمەندی دیکە وەرگرتوە، لەوانە فەیلەسوفی ئەڵمانی فیورباخ کە لە کتێبەکەیدا هاتووە (جەوهەری مەسیحییەت) بەپێی فیورباخ ئایین پێک هاتووە لە ئەفکارو بەها گەلێک کە مرۆڤ بە درێژایی پێشکەوتنی کولتووری خۆی بەرهەمی هێناوە و بەهای ئاسمانی، یان ئیلاهی کردووە بەبەریدا، لەبەر ئەوەی مرۆڤ بەباشی چارەنووسی خۆی نازانێت. دەبینێت ئەو چالاکییە فیکریانە کە کۆمەڵگەکانیان لەو بوارەدا بەرهەمیان هێناوە و توانای تێگەیشتن و کۆنترۆڵکردنی ئەو هێمایانەیان نییە کە پێشینیانیان دایان هێناوە، بۆیە دەبن بەدیلی و دەیخەنە پاڵ خوداوەندەکان.
ماکس ڤیبەر لایەنگری ئەم بیروبۆچوونانەی (فیورباخ)ە کە دەڵێت؛ ئایین حاڵەتێکی ئیغتیراب، یان نامۆبوونی ئینسانییە، هەر وەکوو هەندێک بۆی چوون مارکس داوای ڕیشەکێشکردنی ئایینی نەکردووە. بەڵام ئەو ئایین دایدەنا بەوەی کە دڵێکە لە جیهانێکدا کە دڵی نییە لەبەر ئەوەی تاکە پەناگەیە بۆ ڕاکردن بۆی لە ڕەقی و بێ بەزەیی واقیعی ڕۆژانەی پرۆلیتاریا و هەژارەکان ئەوانەی مافەکانیان لێ زەوت کراوە پەنا بۆ ئایین دەبەن، لەبەر ئەوەی ئارامیان پێ دەبەخشێت و هێوریان دەکاتەوە و خۆشی ژیانیان بۆ دوا دەخات، تاوەکوو لە ئاخیرەتدا قەربوویان بۆ بکرێتەوە.
ماکس ڤیبەر دەڵێت؛ ئایین بەختەوەری و پاداشت دوا دەخات بۆ ژیانی ئەوە دنیا و بانگەوازی خەڵک دەکات بۆئەوەی قەناعەت بەو وەزعەی دنیایان بهێنن، ئەوەش دەبێت بەهۆی ئەوەی کە سەرفی نەزەر لە و زوڵم زۆر و ناعەدالەتییەی کە دەرهەقیان دەکرێت بکەن بە بەڵێنی ژیانی خۆش و بەختەوەری ئەوە دنیا.
ئایین لە لای دورکایم هێزی یەک گرتنی کۆمەڵایەتی و دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە کە بانگەشە بۆ یەکگرتنی خەڵک دەکات و دەیانبەستێتەوە بە کۆمەڵگەوە و ئەو دەڵێت؛ هەرچەندە ئایین بەهێز بێز بێت، هێزی یەکگرتنی کۆمەڵگە زیاد دەکات و ڕادەی خۆ کوشتن و بێهوودەیی کەم دەبێتەوە.
بەڵام ماکس ڤیبەر دەڵێت؛ ئایین ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا و پرۆتستانتی و ئەخلاقی پرۆتستانتی وای کرد کە گۆڕانکاری لەناو کۆمەڵگەدا دروست ببێت و سەرمایەداری ڕۆژئاوایی سەر هەڵبدات.
هەرچی (مارکس)ە ئاین لە ئابووری و سیاسەت جیا ناکاتەوە دەڵێت؛ ئایین لە ئابووری و سیاسەتدا ئیستیغڵال دەکرێت و وەک ئامرازێکی ئایدۆلۆجیی کە لە ئیدامەکردنی نایەکسانی لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا تەوزیف دەکرێت و دەوڵەت ئیستیغلالی ئایین دەکات، تاوەکوو نایەکسانی لە کۆمەڵگەی هەژار، یان چینە هەژارەکەدا بهێڵێتەوە و قەناعەت بە دابەش کردنە ناعادیلانە کە بهێنێت و دەوڵەتیش پاساو بۆ ئەو دابەش کردنە نا عادیلانەیە دەهێنێتەوە.