ئارام هادی: چارەنوسی کورد لەدەستی هێرشە درۆنیەکاندا.
تادێت موشەک و درۆن، هەرێمی کوردستان زیاتر هەراسان دەکات. تورکیا چەندین ساڵە بەفرۆکەی (f16- درۆن، خاکی هەرێمی کوردستان موشەکباران دەکات کەزیانی گیانی و ماددی لێکەوتۆتەوە، پاشان ئیران هەمان سیاسەتی جێبەجێکرد و (درۆن و موشەکی بالیستی) ڕووە و هەرێم دەنێرێت، هەریەکەش بیانوی جیاجیای بێ بنەما بۆ هێرشەکانیان دەهێننەوە، ئامانجی سەرەکیشیان دروستکردنی فشاری جددییە لەسەر سەرکردایەتی سیاسی و بردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە تا هەڵوەشاندنەوەی.
پێدەچێت هەرێمی کوردستان لەئێستادا یەک هەنگاو لەپێش ڕاگەیاندنی دۆخی سەرتاسەری جەنگ بێت، ڕەوشەکە بەجۆرێک دەڕوات سەعاتێک بەبێ بۆردومان و سوڕانەوەی درۆن بەسەر ئاسمانی هەرێمدا تێناپەڕێت، بەداخەوە سەرباری چڕبونەوەی هێرش و قوربانیەکان، سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆدەربازبوون لەم مەترسیە پلانیان نیە!، کۆبونەوەی هاوبەشیان نیە!، تێگەیشتن و دیدگا و پرۆژەی هاوبەشیان نیە!، ئیدانە و بەرگری هاوبەشیش نیە!.
شەڕی ڕووسیا- ئۆکرانیا و شەڕی ح،ە، م، ا، س- ئیسرائیل و هێرشی ح،و،س،ی،ە،ک،ان ی یەمەن لە کەناراوەکانی دەریای سوور بۆسەر کەشتیە بازرگانیەکان، هێرشی حزب اللەی لوبنان بۆسەر ئیسرائیل و هێرشی مقاومەی ئیسلامی لە عیراق و سوریا بۆسەر سەربازگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لەلایەکیتر هەڕەشە بەردەوامەکانی چین لە تایوان و نیازی هێرشی کۆریای باکور بۆسەر کۆریای باشوور، دۆخێکی ناسەقامگیری لێ بەرهەم هاتوە و دەستی تورکیا-ئیرانی واڵاترکردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان و هێرش و پەلامارەکانیان بۆسەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان تادێت زیاتر دەکات، “بارودۆخە جیهانیەکەش تەنها لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕاگەیاندنی دەستپێکی شەڕی جیهانی سێیەمی کەمە”.
کات بەقازانجی کورد ناچێتە پێش، تەماشاکردنی دۆخەکە بەرە و نەمان پەلکێشمان دەکات، دوورکەوتنەوەی سیاسیەکان زووتر دەمانباتە بەردم دەرگای دۆزەخ، سەیرە بەم باروزروفەوە یەک کۆبونەوەی هێز و لایەنە سیاسیەکان ئەنجام نەدراوە،!! سەرۆکی هەرێم چی دەکات؟ هەرچی زووە تا دەرفەتی یەکگوتاری و یەکڕیزی تیا ماوە (کۆببنەوە یەکگوتاربن یەکڕیزبن یەک هێزبن بۆ بەرپەرچدانەوەی دووژمن)، چونکە “کێشەکە لاوازی کورد نیە، بەڵکو لێکترازاوی هێزە سیاسیەکانە”.