عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: قیسه‌ری محه‌ی دگل – بەشی سێیەم و کۆتایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جامانه‌
له‌ کۆتایی په‌نجاکاندا، عه‌بدولمه‌جید جامانه‌ی (عێراقی و له‌نده‌نی و کۆری ) له‌قه‌یسه‌ری محه‌ی دگلدا فرۆشتووه‌. ئەوسا جامانه‌ی عێراقی به‌ 3 دینار و جامانه‌ی له‌نده‌نی و کۆری به‌ 4 دینار بوو. ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ باوی کڵاو و جامانه‌و مشکی بوو، رۆژ به‌ رۆژ نرخه‌کانیان به‌رز ده‌بوه‌وه‌، خه‌ڵک به زۆری حه‌زیان له‌ جامانه‌ی کۆری بوو، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نایلۆن بوو، ده‌قه‌که‌ی رێک ده‌وه‌ستا و تێک نه‌ده‌چوو، بە شۆردن ره‌نگه‌که‌ی تێک نەدەچوو.

مشکی و جامانه‌ و مشکی تێکه‌ڵاو
مشکی ره‌ش و سپی هی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو. جاران زۆربه‌ی که‌سێتی یه‌ دیاره‌کانی شار و ده‌ره‌وه‌ی شار مشکیان ده‌به‌ست، چه‌ند که‌سێتیه‌کی تر هه‌بوون مشکی و جامانه‌یان پێکه‌وه‌ به‌ تێکه‌ڵی ده‌به‌ست. مشکی ڕه‌ش و سپی دوو جۆری هه‌یه‌، جۆرێکیان میله‌که‌ی ورده‌، ئه‌مانه‌ به‌زۆری له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی شاره‌وه‌ ده‌به‌ ستران. جۆره‌که‌ی تر میله‌که‌ی پانه‌، به‌ زۆری له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ی شار بەکار دەهێنرا. له‌ شاره‌زوور و گه‌رمیان و قه‌زاو ناحیه‌و گونده‌کان ده‌یان به‌ست.

مشکیی داودبه‌گی
ئه‌م جۆره‌ مشکی یه‌ زه‌رد باو و ریشاڵ ڕیشاڵه‌، میلێکی سپی بریسکه‌داری له‌سه‌ر ده‌بینرێ، جگه‌ له‌ میلێکی مۆری پان و میلێکی زه‌ردی باریک، میلێکی زه‌ردی ئه‌ستوور. له‌سه‌ر لاکێشه‌ی مشکییه‌که‌ زه‌ردی کاڵ و له‌ نێوانیاندا، میلێکی بۆری باریک ده‌بینرێ. ئه‌م جۆره‌ ره‌نگانه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌ندازه‌ی جۆری میله‌کاندا گونجاون، جۆره‌ تابلۆیه‌کی زه‌خره‌فه‌یی دڵگیری سەرنج راکێشەری دەدا، به‌ مشکی یه‌که‌، جوانییەکەی مایه‌ی تێڕامانه‌.
ئه‌م جۆره‌ مشکی یه‌ بۆ یه‌که‌مجار له‌ لایه‌ن که‌سێتی دیاری سه‌رۆک عه‌شره‌تی جاف (داود به‌گی جاف)ـه‌وه‌ به‌سترا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناویان نرا: مشکی داودبه‌گی جاف. ئه‌گه‌ر هه‌ر مشکی یه‌ک ئه‌و میله‌ سیمه‌ بریسکه‌داره‌ی پێوه‌بێت پێی ده‌ڵێن: مشکی ئه‌سڵی داودبه‌گی. ئەوسا ئه‌م مشکییه‌ زیاتر له‌ گه‌رمیان و که‌لارو باوه‌نوور و داویه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان باوی بوو.

مشکی ئه‌ڵوه‌ندی
ئه‌م جۆره‌ مشکی یه‌ ریشاڵ ریشاڵه‌، له‌هێڵێکی پانی سووری جگه‌ریی و میلێکی سپی باریک پێک هاتووە، ئه‌م جۆره‌ مشکییه‌ زیاتر له‌ خانه‌قین و که‌رکوک و کفری و گه‌رمیان باوه‌.

مشکی ره‌ش وسپی عادی
ئه‌م جۆره‌ مشکی یه‌ ریشاڵ ریشاڵه‌، له‌ میلێکی ره‌شی تۆخ لە میلێکی سپی باریک، لە میلێکی سپی کاڵ، لە میلی باریک باریکی ره‌ش و کاڵ پێک هاتووه‌.

هه‌ورامان و مشکی
محه‌مه‌د حاجی حسین ته‌وێڵه‌یی له‌ گه‌ڵ باوکیدا له‌ چله‌کاندا مشکییان له‌ کوردستانی رۆژهه‌ڵات کڕیووه‌ و فرۆشتووه‌.
ئه‌وسا له‌ شاری (یه‌زد و کرماشان و شاره‌کانی تری ئێرانه‌وه‌ مشکی ده‌گه‌یشته‌ سنه‌ و مه‌ریوان و سه‌قز و بۆکان و سه‌رده‌شت و مهاباد و شنۆ و ره‌زایه‌ ).
ساڵانی زوو خه‌ڵکی هه‌ورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان، له‌ نۆدشه‌ و پاوه‌و مه‌ریوان و دیهاته‌کانه‌وه‌، مشکییان ده‌گه‌یانده‌ ته‌وێڵه‌. جاران له‌ هه‌ورامان ژنانیش وه‌ک پیاوان مشکییان ده‌به‌ست.
هه‌ورامییه‌کان زیاتر حه‌زیان له‌ مشکی ( ئه‌ڵوه‌نی و داودبه‌گی و مۆری قه‌سریە )‌ ئه‌وسه‌رده‌مه‌ مشکی یه‌کی یه‌ک گه‌زو و نیویی، بایی ( 7 )په‌نجایی بوو، لە دواییدا بوو به‌ ( 2 )دینار. له‌م چه‌ند ساڵه‌دا نرخه‌که‌ی گه‌یشته‌ (250 )دیناری سویسری.

ئه‌نجام:
تا ئێستا خه‌ڵکی ( گه‌رمیان و هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه‌)، ده‌ست به‌رداری مشکی نه‌بوون، به‌تایبه‌تی که‌سێتی یه‌ دیارییه‌کان.
ئێستا ژنانی هه‌ورامان به‌ که‌می مشکی ده‌به‌ستن.
ئێستا وه‌ک جاران که‌س مشکی و جامانه‌ی تێکه‌ڵ نابه‌ستێ.
لە شۆڕشی ئه‌یلوول و پێشمه‌رگه‌ی مه‌فه‌ره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی شۆڕشی نوێ، کڵاو جامانه‌یان ده‌به‌ست، دوای که‌م بوه‌وه‌.
چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر، ژنێک له‌ ئۆردوگای زه‌راین جوانترین کڵاوی فازیلی ده‌به‌ست.
ئێستاش چه‌ند که‌سێتی یه‌ک دیار، بەردەوام کڵاو جامه‌نه‌ و مشکی ده‌به‌ستن.

ڤیستیڤاڵی کلتووری
هه‌مووساڵێک عێڵ بەگی جاف لە ڤیستیڤاڵێکی کلتووریدا، پیاوان و ژنان بە جل و به‌رگی کوردییەوە، به‌ مشکی و جامانه‌و کڵاوه‌وه‌، چەندان چالاکی هونەریی کوردەواری و دیمەنی جوانی بەهای کوردەواری نمایش دەکەن.
لەو ڤیستیڤاڵەدا هه‌موو ئه‌و که‌ره‌ستە کلتوریانەی گونده‌کانی گه‌رمیان له‌ ئه‌نفالدا تاڵان و خاپوورکران لە پێشانگایه‌کی گه‌ورەدا، به‌هه‌مان هه‌ناسه‌و به‌های کلتوری گه‌رمیان و کوێستانی جافی جاری جاران ده‌خه‌نه‌ روو، بۆ پاراستتنی مۆرکی میللی به‌های کلتووری کوردی.

سه‌رچاوه‌ : عه‌بدوڵڵا که‌ریم محمود /پێشانگای قیسه‌ری محه‌ی دگل /تایم، رۆژنامه‌یه‌کی سیاسیی لیبرالیی بوو مانگی دووجار ده‌ر ده‌چوو/ ژماره‌ (9) ،ل6
• هه‌ر که‌سێک ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ بێ ده‌ست نیشان کردنی ئه‌مانه‌تی سه‌رچاوه‌ به‌کار بهێنێ به‌ دزی داده‌نرێت ، زۆر جار نوسینه‌کانم که‌ هه‌وڵ و ماندوو بوون و به‌داداچونمە ، له‌ لایه‌ن ئینشانوسه‌کان -ه‌وه‌ دزراوه‌ و بە ناوی خۆیانەوە بڵاویان کردوەتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت