گۆران هەڵەبجەیی: ڕێگەی {قودس} بە هەولێردا تێناپەڕێت.
زۆر جار ڕوویداوە لەکاتی بوونی ناکۆکی و ململانێی و جەنگ لە نێوان دەسەڵات و ڕژێم و وڵاتەکاندا لایەنی دیکە خراونەتە نێو جەنگ و ململانێکانەوە.
ئەم تێوەگلان و بەشدارپێکردنەی لایەنی دیکە دەگەڕێتەوە بۆچەند فاکتەرێک لەوانە:
بەکووشتنەدانی سەربازو کەسانی خۆیان، نەبونی خواستی بەرەنگاربوونەوەی سەربازی ڕاستەوخۆ، ترس لەپەرچەکرداری تووندو چاوەڕواننەکراوی لایەنی بەرامبەر. نەگونجانی دۆخی سیاسی و ئابووری ناوخۆ.
لەم حاڵەتانەدا لایەنی تێوەگلاو هەر زیانێکی بەربکەوێت بۆ تێوەگلێنەر ئاسایی دەبێت، چونکە خودی خۆی ناگرنەوە.
حاڵەتێکی دیکە لەململانێکاندا لێدانی وڵاتێک، کیانێک، هەرێمێک، حیزبێکە لەلایەن تەرەفێکی شەڕکەرەوە، کە حسابی دۆست یا هاوپەیمانی بەرەی نەیاری بۆدەکرێت. بۆ نمونە حیزبڵای لوبنان، حوثیەکانی یەمەن، مەلیشیا شیعەکانی عێراق، مەلیشیاکانی سوریا، ئەمانە دەچنە خانەی دۆست و هاوپەیمان و درووستکراوی ئێران و لەڕاستیشدا هەروایە. جا لێدانیان لەلایەن ئەمریکاوە یا ئیسرائیل ئامانجی مەشروعن و بەردەوامیش لێدەدرێن.
لەدیدی ئێرانیشەوە دەتوانین کوردانی ڕۆژئاواو باشوور بخەینە خانەی ئەمەریکاوە.
لەم هاوکێشەیەدا لایەنە دژبەرەکان بەتایبەتی ئێران دەخوازێت لە ئەڵقە لاوازەکەوە زیان بە لایەنی بەرامبەر بگەیەنێت.
بەنسبەت ئێرانەوە هەرێمی کوردستان ئەو ئەڵقەلاوازەیە کە دەتوانێت بەئاسانی و بێ پەرچەکردار کاری سەربازی تێدا ئەنجام بدات. دیتمان حەرەسی ثوری ئێرانی هەوڵێری ڕاکێت باران کرد، گوایە بنکەو بارەگای [مۆساد]ی لێیە، کەلەڕاستیدا ئەوە بەهانەیەکی پڕوپووچ و بێ بنەمایە، وەک ئەحمەد بەشیر لە بەرنامە کۆمیدیەکەیدا {البشیر شو}دا گووتی؛ دڵنیام گەر بنکەو بارەگای مۆسادی لێبوایە هەرگیز ئێران لێی نەدەدا، چوونکە بەرپرسانی ئێران چاک دەزانن پەرچەکرداری ئیسرائیل چۆن و چەند کاریگەر دەبوو. کەواتە لێدانی هەولێر پەیامێکی لاوازە بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل بەوەی گەر بەخۆتان نەوێرین خۆ بەوانە دەوێرین کە پێمان وایە گوێرایەڵی ئێوەن.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا هەرێم توانای وەرامدانەوەی دەستدرێژیەکانی ئێرانیان نیەو دڵنیاشم بەرپرسانی هەرێم ناخوازن دۆخەکە بەئاراستەی ئاڵۆزی تەشەنە بکات، چونکە بەهیچ جۆرێک لەبەرژەوەندیان نیە. کەواتە چی بکرێت بۆ پاراستنی هەرێم و کەمکردنەوەی دەستدرێژی دراسێ دوژمنەکانی کورد ؟
بەڕای من چەند هەنگاوێکی گرنگ و هەنووکەیی هەن کە پێویستە بنرێن؛
1- یەکهەڵوێستی دووحیزبە سەرەکیەکە[دەزانم ئەمە ئەستەمە]، ناکرێ دوژمنان بەناوی شوناسی کوردبوونەوە هەوڵی لەناوبردنت بدەن، بەڵام لەبەرامبەردا دووهەڵوێستی جیاواز دوو سیاسەتی جیاوازی دژبەیەک هەبن.ناکرێ خەڵک یەک تێڕوانینیان بۆ دراوسێکان هەبێت، بەڵام دووحیزبەکە بەناوی ئەوانەوە بیربکەنەوەو بڕیاربدەن و بخوازن بیانکەن بەدووبەشەوە.
2- جددیەت لەبڕیاردا،گەر پارتی بڕیاری بایکۆتی کاڵای ئێرانی دەرکرد دەبێ جددی بێت لەجێبەجێکردنیدا، نەک وەک تاکتیتێکی کاتی بەکاری بهێنێت و پاشان پاشگەزبێتەوە لێی.
3- گشتگیری هەماهەنگی لەجێبەجێکردنی بڕیارەکاندا. لەزۆنی زەرد بایکۆتی کاڵای ئێرانی دەکەن، بەڵام زۆنی سەوز مێش میوانی نیە.
4- تورکیاو ئێران وەک یەک و بەیەک ئەندازە دوژمنی کوردن، جا هەر هەنگاوێک دژبەلایەک نراو لایەنەکەی تری نەگرتەوە ئەوە بڕیارێکی لاوازەو هەر بەزوویش کاریگەری نامێنێت، بۆنمونە دەمێک دەنگۆی بایکۆتی کاڵا دێتە ئاراوە پێویستە کاڵای هەردوو وڵات بگرێتەوە نەک تەنها وڵاتێک.
5- مێژوو سەلماندویەتی کە بایکۆت چەکێکی کاریگەرە بە تایبەت بۆکورد کە ناتوانێت بە چەکی تەقلیدی بەرەنگاری دوژمنەکانی ببێتەوە. لەوانەیە هەندێک بپرسن ئەی لەکوێوە شمەکمان بۆبێت؟ لەوەڵامدا دەڵێم؛ بەرووبوومی ناوخۆ گەشە پێبدەن و پشتگوێی مەخەن وەک ئێستا، {لەشەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەرووبوومی عێراق بەکوردستانیشەوە بەتایبەتی بەرهەمی کشوکاڵی هێندە زۆربووە هەناردەی وڵاتانی دەرەوەکراوە}، هاوکات دەکرێ لە ئوردن و میسرەوە کاڵا هاوردەبکەن کە بەدڵنیاییەوە لەڕووی کوالەتیەوە لەهی هەردوو وڵاتی دراوسێ باشترە.
6- هەموو دەزانین تورکیاو ئێران هەموو جۆرە بەهانەیەک بەکاردێنن بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هەرێم، کە هەموومان دەزانی ڕاست نین و بەهانەی لاوازن و تائێستاش خودی هەردوو وڵات نەیانتوانیوە بیسەلمێنن، جا بۆ دوورخستنەوەی پریشکی ئەم ئاگرە پێویستە جۆرە ڕێکەوتنێک یا جۆرەدڵنیاییەکیان پێ بدرێت [گەر قەبوڵی بکەن] کە هەرێم مەترسی درووستناکات بۆسەریان. بەڵام زۆر گرنگە هەر بەڵێنێکیان پێدەدرێت لەسەر حسابی سەروەری خاک و خەڵک و کوردانی بەشەکانی ئەو دوو وڵاتە نەبێت.
7- هاوکات تادەکرێت دوورکەوتنەوە لە ئەمریکا، چونکە ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی لەدەڤەرەکەیە نەک بۆپاراستنی کورد، بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەم ئەوەتا بەڕاکێتی دژەڕاکێت[پاتریۆت] کونسڵخانەو فڕۆکەخانەی هەریری پاراستوە، بەڵام بێ باکە لەئاست بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیلدا.
8- جا کەی ئەمەریکا بەرژەوەندی نەما وەک چۆن ئەفگانستانی جێهێشت ئاواش بێباکانە دەڤەرەکە جێدەهێڵێت.
لەکۆتایدا گەرەکە بە بەرپرسانی ئێران بگووترێت کە ڕێگەی قودس بە هەولێردا تێناپەڕێت،گەر دەتانەوێت لە ئیسرائیل بدەن ئەوە باساروخەکانتان ڕاستەوخۆ بۆ ئەوێ بهاوێژن ،شاراوە نیە کە ئێران خاوەنی چەندین جۆرە ڕاکێتە، یەکێک لەوانە ڕاکێتی دوورمەودایە کە مەوداکەی [2000] کم و بەئاسانی دەگاتە بارەگای سەرەکی مۆساد.