ئەحمەد ڕەزا: مەترسییەکانی زێدەهێز.
دەرهاویشتەکانی ناڕێکخراویی موچەو پێنەدانی چەند مانگێک، تەنها لەوەدا نییە پێنەدانی چەند مانگێک کەڵەکە بکرێت و حکومەتێکی بێباک بە قەرز لەسەر خۆی کۆی بکاتەوە. بەوجۆرەش نوزەیەکی جەماوەریی سست دروست بکات و بیانوە سیاسیی و ئابوورییەکان نمایش بکرێن و کەسانێکی زۆر شان بدەنە بەری. بەڵکو ناڕێک و پێکیی سیستمی پێنەدانی موچە ئەبێتە هۆی دەرکەوتنی ئەو هێزە جەماوەرییەی، کە لە دەرەنجامی شڵەژانی گوزەرانییەوە سەرهەڵئەدات و بە شاراوەیی ئەبێتە پاوەرێکی زیادەی خەفەکراو، کە لە فەرهەنگی سیاسیی نوێدا بە زیادەهێز ناسراوە.
ئەم دۆخەی ئێستا هەرێم پێیدا تێپەڕ ئەبێت، گونجاوترین زەمینەیە بۆ دروستکردنی زیادەهێز.. ئەو هێزەی کە ناتوانێ گوزەرانی خۆی ڕێکبخات و بە بەرنامە ڕۆژانەی خۆی ڕێکبخات.. بۆ نمونە کرێچییەک نازانێ چ کاتێک ئەتوانێ کرێ خانوی بدات.. باوکێک نازانێ چ کاتێک مانگانەی مناڵانی بۆ دابین ئەکرێت.. یان قەرزاری بانک و کۆمپانیا جۆراوجۆرەکان و پڕکردنەوەی هێڵی ئینتەرنێت و کرێی گەیاندن و کڕینی پێداویستییە تەندروستییەکان و کڕینی ئازووقەو پێداویستییە جۆراوجۆرەکان و چوون بۆ نەخۆشخانەکان تەنانەت کڕینی کتێب و… هتد. ئەم کەسانە هەر هەموویان بە پلەی یەک پێویستیان بە ڕێکخستنی گوزەران هەیە، ئەبنە سەرچاوەیەکی گرنگیش بۆ هەر هێزێکی نوێ پەیدا بێت، گەرچی تیرۆریستیش بێت..
سەرهەڵدانی داعش لە عێراق، نزیکترین نموونەیە، کە پاش نانبڕینی زیاتر لە 500 هەزار کەس بە یاسای لەڕیشەهەڵکێشانی بەعسەوە، هانایان بردەبەر داعش بۆ گوزەران کردن.
ئەگەر حکومەتی هەرێم و سەرکردەکانیان، کە خاوەنی زەوەندترین سەرمایەن لە ئاستی جیهانییشدا بە مەبەست ئەم هێزەیان دروست نەکردبێ لە هەرێمدا، ئەوا لە غەفڵەتەوە، یان بەهۆی نەزانینی سیاسەتکردنەوە خوڵقاندویانە.. عاقیبەتیش ئەو هێزەی لەم زێدەهێزەوە دروست ئەبێت، بە بڕوبیانووی نیشتیمانیی و دروشمە سواوەکان کۆنترۆڵ ناکرێت.. بە تایبەت لە ئێستادا کە هەڕەشەی دروستکردنی حیزبوڵڵا لەسەر هەرێم هەیەو وڵاتانی دەوروبەری وەک تورکیاو ئێران و بەچاوپۆشینی عێراق و سوریا باشترین کەڵکی لێوەرئەگرن و هەرێمیش ئەبێتە باڵێکیتری جەنگ بۆ ئەوانیتر.
لە دوای گڵاسنۆستەوە دروشمە بریقەدارەکان کەوتوونەتە ژێر گومان و ڕەخنەی گەلانەوە، کەس گوزەران و ژیانی خۆی ناگۆڕێتەوە بە باوەڕهێنان بە چەند دروشمێکی ئیفیجەوە، کە ئەوی نووسیویەتی خۆی باوەڕی پێی نییە.. بەم پێیەش دوای ڕوودانی هەر کارەساتێک، کە لە کۆنترۆڵ دەرئەچێت.. هیچ سیاسییەکی ئیفلیج بە هەڵگەڕانەوەو دەستی دەرەکیی نەزانێت.. ئەوە خۆیانن ئەو زەمینەیەیان خوڵقاندووە.