بەهرۆز جەعفەر: کورد لە خاکی ئێراندا حوکمی کردووەو ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی ناوچەکە بووە.
شەوێ، لە ئەرمینیا (بۆ یادی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لەوێ بوین) لەسەر مێزە گەورەکە، لە باسی هێڵی بۆڕی نابۆکۆ (Nabucco Pipeline) کە گواستنەوەی گازە لە ناوەڕاستی ئاسیاوە تا ناوەڕاستی ئەوروپا، هاتە سەرئەوەی کە جەنگە ئابورییەکان لە پشتییانەوە ململانێی کۆنی شارستانییەتەکان هەیە، چونکە ناوی نابۆکۆ لە ناوی پاشای بابلییەکان «نەبوخەزنەسرە» ەوە هاتووە، کە شەڕیان دژی ئاشوورییەکان کردووە، پاشان جولەکەو سامییەکانیان دەربەدەر کردووەو دووجار «ئۆرشەلیم- قودس» یان گرتوەو کاریان لەسەر نەهێشتنی سولالەی داود کردووەو… تادوایی. ئیتر نوسەری ئاشوریی “دوناجان دیاربەکرلی” شەرابێکی زۆری نۆشیبو، وتی” کوردەکان، بنەمایەکیان نییەو، لە بنچینەدا کوردەکان ئاشوورین و، ئیتر دواتر بە کورد و “تکرید” بوون.“ گورج لەملاوە “عائیشە کۆپەرلو” هاوڕێیەکی ئەکادیمیست و ڕۆژنامەوانی تورکە ڕووی کردە من و، بە کەیفەو زۆر هەوەسی گاڵتەی هەیەو لە بەزمێکی وا دەگەڕا.. وتم ئێوە لەزھنی خۆتاندا مێژووەکەتان ئاوھا پۆلێن کردووە، کە ئێستا باسی دەکەم:
1– ئیمپراتۆریەتی ئاشوور/ کلدان/ سریانی (کە لە مابین نھرین یان بلاد وادی رافدین – عێراقی ئێستا) لە نێوان دیجلەو فوراتدا بوون، نەینەوا مەڵبەندی سەرەکییان بووە، عێراق و سوریاو تورکیاو، کەمێکیش لە ئێرانیان بە دەستەوە بوو.
2– ئینجا شکستی ئیمپراتۆریەتی ئاشور، مانای کۆتایی نەبووە، چونکە لەگەڵ ئارامییەکان ھەر لەناوچەکەدا بوون، وانییە..؟. وتی با ..
3– ئینجا نەینەوا (موسڵ) شکستی ھێناو مەسیحییەکان ھاتن. ئەمە لەناوەڕاستی سەدەی (4 پ.م) .کە ئاشورییەکان لێرەدا بوون بە ژێر پێوە و ناوچەکە بو بە مەیدانی شەڕی ئەسکەندەری مەکدۆنی و ئەخمینیەکان، ئینجا لەنێوان ھەولێر و موسڵدا شەڕەکە گەرم بوو.. وتی: ئەمە قسەی خۆتە..؟. وتم: نا،ھیرودۆت کێیە؟. وتی: باوکی مێژووە (خۆی دایکیەتی ھا).. دەی ھیرودوت ئەمە دەڵێت.
4– دوای ئەوەش مەسیحییەتی سریانی ھاتن.
5– پاشان قۆناغی دواتر عەرەبیەتی ئیسلامی.
6– ئەوسا خەلافەتی عوسمانی کە (620) ساڵ لەناوچەکەدا ئەم تورکانە ئیمپراتۆر بون و ڕێبەرایەتی ئیسلامیان کردووە؛ تورکەکان لەم ناوچەیەدا عەرەبیان کوشتوە، یۆنانییان کوشتووە، ئەرمەن و کوردو ئاشورییان کۆمەڵکوژکردووە، خاکی عەلەوییەکانیان داگیرکردووە. ئێستاش سەردەمی ھاوچەرخەو ھەمووشمان لەسەر ئەم مێزە قەیرانی ناسنامەو چارەنووسمان ھەیە،، وانییە ؟.
وتی: با.. کۆکم لەگەڵت جوانت ھێنا. بەس تۆ دەتەوێ چی بڵێی؟
ئێستا پێتان بڵێم: مێژووی بەشەریەت لەسەر دوو ڕاگری سەرەکی ھەستاوەتەوە، یەک/ ئینسان، دوو/ مەکان (شوێن)، ھەردووکیان لای ئێمەی کوردەوە دەرپەڕیون؛ دیاکۆ ڕابەری میدەکان لە (675 پ.م) ەوە ھێناویەتی لە شاخەکانی زاگرۆسەوە سەرکردایەتی کردووە، سەروەختێک تا ئەوپەڕی فراوانخوازیی چووە. لەباسی ئەم فەرھەنگەدا زەردەشتی مەزنی لێدەر دەکەین کە لەنێوان (4500 بۆ 6000) ساڵ پێش ئێستادا، وتویەتی ” دەبێت ئێمە لەوکەسانە بین جیھان نۆژەن دەکەنەوە. لە کاتێکدا زەردەشت کوردبووە و لە « ئورمێ» لە دایکبوە، ئەوەنەی باسی جیھانی کردووە، باسی کوردی ھەر نەکردووە.
لێرەوە، واز لە “دوناجان” دێنم، دڵنیام ڕقی ئەوەی لەدڵ دابو، کە ڕێبەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان “سمکۆی شکاک” لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا” مارشەمعون” ی ڕابەری رۆحی ئاشورییەکانی لە ئازەربایجانی ئێران لە (ئورمییە) کوشتووە، مارشەمعون لە پێشدا کرێگرتەی ئینگلیز بوو پەلاماری ڕەواندز و ناوچەی بادینانی دەدا!. ئاشورییەکان بە دەیان هەزار کوردیان لە ناوچەی موسڵ و هەکاری و ورمێ کوشتوە، مارشەمعون دەیویست بە پاڵپشتی ڕووس دەوڵەتێکی ئاشووریی لەسەر خاکی کوردستان دروست بکات. بەڵام کە شۆرش لە ڕووسیا سەرکەوت لە ( 1917) ئیتر لینین و ڕووسیای تزاری ڕایانگەیاند هانی ئەرمەن و ئاشورییەکانی ناوچەکە نادەن دژی نەتەوەکانی ناوچەکە بجەنگن و خەونەکەی بەتاڵ بۆیەوە، پاشان سمکۆ ئەو خەونەی لە چاڵ ناو لەساڵی (1918) مارشەمعونی کوشت. بۆیە هەندێک سمکۆ بە باوکی ناسیۆنالیزمیی کورد دادەنێن.
گەرچی؛ خۆم پێموایە ئێمە بوونێکی لاوازمان لە ناوچەکەدا هەبوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێجار (بوون) ـەکە زۆر گەورەترە لە تورک و فارسەکان؛
یەکەم/ شوێنەوارناس « دکتۆر ستیفەنی دالی»لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە کتێبەکەی بەناونیشانی “دیرۆکی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل- “The Mystery of the Hanging Garden of Babylon” ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە باخچە هەڵواسراوەکان پێچەوانەی بەشە مێژوو و شوێنەوارەکانی تر نەدۆزراوەتەوە، چونکە زیاتر لە کوردستانەوە نزیکە و پێشتر شوێنی هەڵەی بۆ دەستنیشانکراوە لە پشکنینیدا. ئەو پێێ وایە شوێنی باخچە هەڵواسراوەکان بابل نیە، بەڵکو شاری نەینەوای نزیکی موسڵ و نزیکی کوردوستانە. دالی بەهۆی نووسراوێکی پارێزراو لە مۆزەخانەی بەریتانی دا خۆی بەو دەرئەنجامە دەگەیەنێت لە گەڕان و توێژینەوەکانیدا. نووسینەکە کە بە پیتی مسماری نووسراوە باس لە کۆشکی مەلیک سەنحاریب ئاشورییەکان دەکات کە سەدەیەک پێش «نەبوخەدنەسر» ژیاوە، ئەوە پیشان دەدات کۆشکەکە لە نزیک نەینەوای پایتەختی ئاسوریەکان دروست کراوە و لەو کۆشکەدا باخچەیەکی ئێجگار سەرسوڕهێنەر هەبووە. ئەمەش زۆر نزیکمان دەکاتەوە لەو ڕاستییەی کە شەرەفخان لە شەرەفنامەدا بیسەلمێنێت کە نەبوخەزنەسر لە بنەمادا کوردە.
دووەم/ لە کتێبی ” کورد کێ یە؟” ی ” سۆران حەمەڕەش” دا ختوکەی ئەوە دراوە کە سەرکردەی سوپای ڕۆمەکان و مێردی کیلیۆپاترای شاژنی میسر، ڕێکەوتننامەیەکی لەگەڵ پادشای میدەکاندا مۆرکرد و بەو جۆرە میدەکان بوونە هاوپەیمانی ڕۆم. بۆ پتهوکردنی هاوپەیمانێتیەکە، گوتاپا (Jotapa) ی کچی پادشای میدەکان، شووی کرد بە ئەلێکسەندەری کوڕی ئەنتۆنی سەرکردەی سوپای ڕۆم.
سێهەم/ بە دەیان بەڵگە ساسانییەکان کورد بون، پاشای فارسەکان ئەردەوانی پێنجەم نامەیەکی بەناوبانگی هەیە کە بۆ ئەردەشێری دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی ساسانییەکان نوسیوە، نامە پڕ سوکایەتی پێکردنەکەی (پادشا ئەردەوانی پێنجەم) لە کۆشکی پاشایەتی و لە بەردەم کاربەدەستانی شانشینی ساسانیدا دەخوێنرێتەوە. لە نامەکەدا ئەمەی خوارەوە نوسرابوو:
“هەی بەچکە کورد تۆ سنوری خۆتت بەزاند و مەرگی خۆتت دیاری کرد، تۆ لە ژێر دەواری کوردیدا پەروەردە بوویت، کێ ڕێی پێداوی بە لەسەرکردنی ئەو تاجە؟ ”
هەریەکە لە “تەبەری” و “ئیبن ئەسير” ئاماژەیان بەو نامەیە داوە لە؛
1- ابو جعفر محمد بن جرير الطبري. تأريخ الرسل والملوك. المجلد الثاني، المطبعة الحسينية، مصر، 1336 هـ، صفحة 57.
2- إبن الأثير. الكامل في التاريخ، المجلد الأول، صفحة 133.
نامەکەی پادشای ئەشکانییە فارسەکان (ئەردەوانی پێنجەم)، بە ڕوونی دوپاتی ئەو ڕاستیە دەکاتەوە کە بنەماڵەی ساسانیەکان کورد بوون.
لە ساڵی (2012) ەدا قونسوڵی ئێران لە شاری دارولمولکی بابانا دەیوت” کوردی زمان نییە”، لەکاتێکدا بە پێی دانپیانراوترین فەرھەنگ لە ئێراندا زمانی فارسی سەرچاوەکەی زمانی کوردییە..
بەپێی فەرھەنگی: فارس و فەڕەنسی و جولەکە و عەرەبی و ئینگلیز و دەڵێن: میدەکان کوردن و بنچینەیان کوردە کە لەخاکی ئێراندا حوکمیان کردووەو، شوێنەوارەکانیش لە ھەموو لایەک ماون.
تۆ سەیری ئەو کوردە لەرزۆکە مەکەن، کە هەریەکەو ڕقیان لەوەی تریانەو بە کێشەکانی ناخی خۆیان گەلی کوردیان چەوساندۆتەوەو تاکەکانیان بێ ئیرادە کردوە، سەیری ئەوە مەکە ئیمڕۆکە کورد لەبەر تووڕەهاتی نێوخۆیی خۆیان بە ترس و شەرمیشەوە ناوێرن بڵێن: قەرەنجیر و شەنگال کوردوستانە چ جای کەرکوک و مووسڵ؛ سەرمایەدارەکان بە ئاشکرا دەڵێن ئێمە چەندین ساڵە لە هەولێرو سولەیمانی شووققەو ڤیەللا بۆ عەرەب درووست دەکەین نەک کورد! لە کاتێکدا مووسڵی پایتەختی ئاشوورییەکان و خڕە بەردی ژێر تاوێرە گەورەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ددانپیانانی حکومەتی تورکیاو ئینگلیزو دەوڵەتی عێراق و عوسبەتولئومەم، شارێکی کوردییە؛ بۆ ئەمە بەڵگەیەکی زانستی باوەڕپێکراو کتێبی (مشکلة ولایة موصل والحاقھا بالعراق) دکتۆرانامەی (فازل حسین) کەسێکی عەرەبیشە، ساڵی (1952) پێشکەشی زانکۆی (اندیانا-Indiana university) ی کردوە لەویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا. لەم کتێبەدا توێژەر باس دەکات کە؛ تورکیا خۆی بەواریس و خاوەنی ھەتاھەتایی موسڵ ئەزانێت، بەریتانیاش ویستویەتی شارەکە سەربە دەوڵەتی عێراقی نوێ بێت، بەڵام شارەکە کوردییە، دەی کوردێکمان گەرەک بە ئاشکرا بێژێ: مووسڵ کوردوستانە!
ئێران ئارەزووی خۆیەتی، ئیمڕۆکە خەون بە دەوڵەتی فاتمییەوە دەبینێت تا سنوری میسر و باکوری ئەفریکا حوکم بکات، بەھەزاران پیاوی لە کوردوستان ھەیە، بەڵام کە گاڵتەی بە زمانی کوردیی دێت، کە ڕۆژانە ملی کورد دەکا بە سرنگا، کە بە شەرواڵ لەپێ کورد وەسف دەکا، کە سوکایەتی بە پێشمەرگەی کوردستان دەکەن و لایانوایە تەنها سەردار قاسمەکەی ئەوان بو داعشی تێک شکاندوە، دەبێت ئەوەی لەبیر بێت کورد خاوەنی دونیایەک سەروەری گەورە – گەورەیە، سەیرکەن:
شێخ سەعیدی پیران بۆچی تا ئەوپەڕی ئێران لەگەڵ ھەمزاغای مەنگوڕ چوون کوردوستان ئازادبکەن؟ دکتۆر شڤان و سەعید ئاڵچی بۆچی ھاتن بۆ باشور؟ کوردی ڕۆژھەڵات بۆچی لە کۆبانێ شەھید ئەبێت؟ کاتێک کۆماری مەھاباد دامەزرا، بۆچی بارزانی بوو بە سەرۆکی ھێزی پێشمەرگە لە ئێران؟ یا بۆچی چوو بۆ ئێران؟ کاتێکیش قازی و سەیف و سەدر چوونە ڕیزی نەمرانەوە،، حکومەتی ئێران (3) برای لە سێدارەدا، براگەورەکەیان ناوی “ئەحمەدی فاروقی ” بو. دایکیشیان ناوی “گەوھەری تاج خانم” بو.. ھەر بەشیوەن و ڕۆ- ڕۆ ڕۆیشت، دەم و چاوی خۆی ھەموو کردبو بە خوێن، وتی: کوڕەکانم بۆ داگرنە خوارەوە، پەتەکەی لێ بکەنەوە، چوو خوێنەکەی دەموچاوی ھەمو ھێنا بەسەرو چاوی کوڕەکانیا، وتی: ناھێڵم، کوڕەکانم بە مردووییش ڕەنگ زەردبن بەرانبەر دوژمن .” ئەوەیە پاشخانێکی گەورە لە سەروەری کە کورد لەسەری دانیشتووە.
ئێران، وڵاتی کوردانەو، لە (ئێران ڤیج) ی ئاڤێستاوە ھاتووە، ئەوە ئاڤێستاو ئەوەش خوردە ئاڤێستا ماوە، کە ئێران یەکەم وڵاتە لە حەوت کیشوەرەکە و بەشێکە لە ستانی کورد “کوردستان”، بەڵام ئێستا نیوەی زیاتری فارسی لێ دەژی. تەنانەت باشترین نوسەرو شاعیرەکانی فارس دانیان بەمەداناوەو، ھەندێکیان (شا) لەناوی دان، لەوەش زیاتر بکۆڵەرەوە، دەبینی باشترین وەرگێڕەکانی کە ئیمڕۆکە خزمەت بە فەرھەنگی فارسی دەکەن کوردن، دە-بچۆ بزانە وایە یان نە؟ ئیتر کورد گەلێکی خۆ- خۆر بوەو، ڕقی لە ئەقڵ و پلان و دامەزراوە و جیهانبینییە، ململانێ و دووبەرەکی نێوخۆیی نەی هێشتوە ببێت بەهیچ و، ئەمڕۆکە تورکەکان و فارسەکان لەسەر بنەماو ئێسکی کورد شارستانیەتێکیان دروست کردوە و شۆخی دەکەن، ئەمەیان بابەتێکی ترە.
تێبینی: وێنەیەکە شوێنەواری دێرینی مادەکانە.