سەردار عەبدولکەریم: نزمیى ڕێژەى بەشدارى لە هەڵبژاردنەکان و ڕێگەچارە.
یەکێ لە گرفتەکانى پرۆسەى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان، نزمى ڕێژەى بەشداربوانە لەدەنگدان. هەڵبەت ئەم دیاردەیە هەر لەخۆڕا و بێ هۆ نیە، بەڵکو ئەمە بەرئەنجامى کەڵەکەبونى کۆمەڵێ ئەزمونە کە بۆتە هۆى دروستبونى جۆرێک لە بێ متمانەیى بەرامبەر بە جەدواى هەڵبژاردنەکان لاى توێژێکى فراونى دەنگدەران. چونکە ساڵانى زوو هاوڵاتى ئومێدى زۆرى لەسەر هەڵبژاردن هەڵدەچنى و چاوەڕوانى باشبونى ئەدائى حکومەت دەبو لەڕووى بەتەنگەوەهاتنى خواست و داواکارى خەڵک و هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنى بەرنامەو بەڵێنەزۆرەکانى کاتى بانگەشە. کەچى کاتێ خواستەکان نایەنە دى و هاونیشتمانیان هەناسەسارد و بێ ئومێد دەبن لە گۆڕانکارى، ئیدى توێژێکى فراوانى دەنگدەران متمانەیان بەهەڵبژاردن لاواز دەبێ و ژمارەیەکى کەمتر دەچن بۆ دەنگدان، ئەمەشجگە لەوەى زیان بە شەرعیەتى حوکمڕانى دەگەیەنێت لەناوەوە دەبێتە مایەى ئیحراج بونى دۆستانى دەرەکیشمان. سەرئەنجام ڕەوشێکى ناسەقامگیرو نائارام دێتەپێشەوەو بەرەى ناوخۆ لاواز دەبێ و ئاڵۆزى و گرفتى جۆراوجۆرى لێ دەکەوێتەوە. بۆیە وەک ئەرکى لەپێشینەى ئەستۆى حزبەکان و دەسەڵاتى ئێستاى هەرێم، گرتنەبەرى ڕێگەچارەو شێوازى کاریگەر بۆ بەرزکردنەوەى ڕێژەى دەنگدان زەرورەتێکە ناکرێ پشتگوێ بخرێ.
چى جۆرە هەڵبژاردنێک؟
کە سیستمى حوکمڕانێتى دیموکرات، هەڵبژاردن بە تاکە ئامڕازى گەیشتن بەدەسەڵات دەناسێنێ، دیارە ئەم ئامڕازە هەروا بێ مەرج و ڕێساو کۆت و بەند نیە و بەسانایى نابێتە شێوازى دیموکراتیانەى بەدەسهێنانى دەسەڵات، هەر هەڵبژاردنێک پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە نەبێت، ئەستەمە حوکمڕانیەکى چەسپیو و سەقامگیر بێنێتە کایە.
پاک/ بەماناى دوور لە هەر دەستێوەردانێک کار بکاتە سەر ئەنجامەکانى هەڵبژاردن، بە ماناى تەنها ئیرادەوخواستى زۆرینەى دەنگدەران بە ئەمانەتەوەو بێ دەسکاریکردن و خۆتێهەڵقورتاندنى ئەم و ئەو ببێتە بنەماى داڕشتنى نەخشەى حوکمڕانى، واتە؛ لەڕێى هەڵبژاردنەوە دەنگى زۆرینە ببێتە سەنگى مەحەک بۆ ئاڵوگۆڕى دەسەڵات.
بێ گەرد/ بەماناى بێ پەردەو ئاشکرا، واتە ئیدارەى هەڵبژاردن بەوپەڕى شەفافیەتەوە کارەکانى خۆى ئەنجام بدات و هۆکارو زروفى تایبەت بە هەر کارو کردەوەو هەنگاوێک ئاشکرا بکات بۆ میدیا و بۆ لایەنەسیاسیەکان. جگە لەوە بڕیارو پەیڕەو و ئیجرائاتەکانى دامەزراوەى ئیدارەى هەڵبژاردن، دەسبەجێ بڵاوبکرێنەوەو لایەنە سیاسیەکان بۆیان هەبێ لەماوەى یاسایى سنورداردا تانەى لێ بدەن و تانەکان بەهەند وەربگیرێن و وەڵامى دروست و بێ پێچ و پەنا بدرێنەوە. تەواوى وردەکاری سیستم وبەرنامەى تەکنەلۆژیاى زانیارى بەکارهێنراو بۆ بەڕێوەبردنى پرۆسەى دەنگدان و کۆکردنەوەى ئەنجامەکان ئاشکرا بکرێن و بەردەست بن بۆ کەسانى پسپۆڕى سەربە لایەنەسیاسیەکان، بواریشیان پێ بدرێ وردبینى بۆ ورد و درشتى کردار و زانیاریەکان بکەن.
دادپەروەرانە/ بەماناى دەرفەتى یەکسان بۆ هەموان، واتە نابێ لایەنێکى سیاسى بەسودوەرگرتن لە هەیمەنەى بەسەر حکومەت و دامودەزگاکاندا و بە ئیمکاناتى مادى بێ سنور بچێتە نێو پرۆسەکەوە کەچى لایەنەکانى ترو کاندیدە سەربەخۆکان بە دەسکورتى و بێ توانایى تیایا بەشداربن، چونکە ئەمە جۆرێ لە ناعەدالەتى لێ دەکەوێتەوە کە پرۆسەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە . بۆ ئەمە لایەنە سیاسیەکان دەتوانن فشار بخەنە سەر کۆمسیۆن تاکو لانى کەم ڕێکارى پێویست دەر بکا بۆ سنوردارکردنى خەرجیى بانگەشەى هەڵبژارد ن و کۆنترۆڵکردنى مەحکەمى داودەزگاى حکومەت کە نەکەونەژێر کاریگەرى لایەنێکى سیاسى، هەر لادانێکیش لەو ڕێکارانە سزاى قورسى بەدوادا بێت . هەروەها مەرجە؛ ئیدارەى هەڵبژاردن بەبایەخ و گرنگى پێدانەوە بڕوانێتە گلەیى و گازاندەى هەر لایەنێکى سیاسى کە پێى وابێ ڕێساکانى هەڵبژاردن لایەنێکى دیارکراو سوودمەند دەکات لەسەر حسابى لایەنەکانى تر.
ڕۆڵى لایەنە سیاسیەکان و چاودێرانى هەڵبژاردن
ئەمانە لەلایەک، لەلایەکى تر لایەنە سیاسیەکان بەجیاوازى قەوارەوپێگەیانەوە هاوشان لەگەڵ ڕیخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى پرۆسەى چاودێریکردن وەک ئەرک و وەک مافێک بەکاربێنن و چاودێرى وردودرشتى کارەکانى ئیدارەى هەڵبژاردن بکەن، هەر لە سەرەتاى دەسپێکى جێبەجێکردنى خشتەى کردارەکانى هەڵبژاردنەوە تا ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان. هەرکاتێ هەستیان بە ناڕوونى یان شاراوەیى هەنگاوێک، یان کردارێک کرد دەسبەجێ و بەبێ دواکەوتن داواى ڕوونکردنەوە بکەن، لە ماوەى دیارکراویشدا تانە لە هەر بڕیار یاخود ڕێکارێکى کۆمسیۆن بدەن گەر وابزانن بەهۆیەوە زەرەرمەند دەبن.
کاتێ دەنگدەر دڵنیا دەبێ لەوەى هەڵبژاردن گؤڕانکارى گەورەى بەدوادادێت و گەر بێتو دەسەڵاتدارانى ئەمڕۆ سەرکەوتن بەدەست بێنن دەسبەجێ بەسیاسەت و بەرنامەى کارکردنیاندا دەچنەوەو ڕاستگۆ دەبن بەرامبەر دەنگدەرانیان وبەپیر خەم و خواساتەکانیانەوە دەچن، گەر سەرکەوتوش نەبن، بێ دواکەوتن دەسبەردارى پلەوپۆستەکانیان دەبن بۆ کاندیدە براوەکان ئەوانەى لەڕێى هەڵبژاردنەوە دەبنە جێ متمانەى دەنگدەران و بڕیارە بە سیاسەت و بەرنامەى تۆکمەوە بۆ ماوەیەکى سنوردار دەستیان بگاتە پلەوپۆستى بەرپرسیارێتى و وەک خزمەتکارى خەڵک بکەونە جێبەجێکردنى بەڵێنە دڵخۆشکەرەکان و بەرنامە خزمەتگوزاریەکانیان بۆ هێنانەدیى دادپەروەرى و خۆشگوزەرانى و ئاسودەیى بۆ هەموان بەیەکسانى بەمەرجێ لەگەڵ دەسبەکاربونیاندا دەست بکەن بەهەنگاونان بۆ باشکردن و پێشخستنى سیستمى پەروەردەو خوێندنى باڵا و پێشخستنى سیستمى تەندروستى، بۆ بایەخدان بە ڕێگاوبان و ئامڕازەکانى گواستنەوەى گشتى و فەراهەمکردنى زەمینەى لەبار بۆ وەبەرهێنان لەگشت بوارەکانى ئابورى و بۆ بایەخدان بە ژینگەو ڕێگەنەدان بە پیسکردن و تێکدانى و بۆ بایەخدان بەسەرچاوەکانى ئاو و ڕێگرى لە ئاوبەفیڕۆدان و بۆ ڕێکخستنەوەى باج لەبەرژەوەندیى کاسبکاران وبنەبڕکردنى کێشەى موچە و بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى کار بۆ سەرجەم گەنجان بەبێ جیاوازى و بەپێى بڕوانامەو پسپۆڕییان و… هتد.
جگە لەوە پێویستمان بە گۆڕینى تێڕوانینى حزبەکانە بۆ پەرلەمان و ڕۆڵى گرنگى ئەو دامەزراوەیە وەک دەسەڵاتى یاسادانەر و وەک چاودێرى ئەدائى حکومەت، چاودێرێک کە بەدواداچونى ورد و ڕۆژانەى هەبێ بۆ کارەکانى حکومەت و دامودەزگاکانى، هەروەها بەدواداچونى هەبێ بۆ چۆنێتى کارپێکردنى یاساکان.لەم سۆنگەیەوە دەبێ حزبى سیاسى زۆر وردبێ لە دەسنیشانکردنى کاندیدەکانى و بگەڕێ بەدواى کەسایەتى خاوەن پاشخانى کۆمەڵایەتى و پاشخانى مەعریفى بەهێزو پسپۆڕ لە بوارێکى زانستى، کەسانێک کە تواناى قسەکردن و تواناى سەرخستنى بۆچون و بەرنامەى حزبەکەیان هەبێ بە ئەرگۆمێنت و ئیقناعکردنى بەرامبەر هەروەها ئاگادارى ڕەوشى سیاسى دنیاو دەوروبەرو ناوخۆ بن و دەم و چاوى تازەو ئەزمون نەکراو بن یاخود کەسانى سەرکەوتو و خاوەن کەسایەتى و پێگەى کۆمەڵایەتى باش بن و بژێوى ژیانیان مسۆگەر بێ و بەتەماى موچەو ئیمتیازاتى بێ سنور نەکرێن بەوەى یەکێ لە ئامانجەکان نەهێشتنى موچەى پەرلەمانتارى بێ، لەجیاتى ئەوە دەرماڵەیەکى مانگانەى سنوردار بۆ پەرلەمانتار خەرج بکرێ، ئەویش تەنها لەماوەى کارى پەرلەمانتاریەکەى. ئەمانە هەموى دەبنە هاندەرى باش بۆ زیادکردنى ڕێژەى بەشدارى لەدەنگدان و هەڵبژاردنى کاندیدى لێوەشاوەوبەتواناوهێنانە کایەى پەرلەمانێکى کارا و بەهێز.
- بابەتەکانی تری سەردار عەبدولکەریم
سەردار عبدالکریم: چەند سەرەقەڵەمێک لەبارەى کەمینەکان و کۆتاى کەمینە.
-سەردار عبدالکریم: مشتومڕەکانى هەڵبژاردن و کێشەی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان.
- All Posts