پووڵ ئاڤریج: نێستۆر ماخنۆ، پیاوێكی ئەفسانەیی – بەشی هەشتەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی/ زاهیر باهیر
کورتە ژیاننامەیەکی نێستۆر ماخنۆ
ماخنۆ لە هەوڵەکانیدا بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە هەرکاتێك دەرفەتێك دەهاتە پێشەوە، بە گوێرەی بنەمای ئازادیخوازانە، هانی تاقیکردنەوەکانی خۆبەڕێوەبردنی کرێکارانی دەدا. بۆ نموونە کاتێك کرێکارانی هێڵی ئاسنی شاری ئەلێکساندرۆڤسک، Aleksandrovsk ، گلەیی ئەوەیان کرد کە چەندین هەفتەیە مووچەیان پێنەدراوە، ئامۆژگاری کردن کە کۆنترۆڵی هێڵی ئاسن بکەن و ئەو نرخە لە بەکارهێنەران وەربگرن کە پێدەچێت نرخێکی دادپەروەرانە بێت بۆ خزمەتگوزارییەکانیان. ئەم جۆرە پڕۆژانە هەرچەندە داوای لێکۆڵینەوەی وردتر دەکەن لەلایەن مێژوونووسانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنێکی سنوورداریان هەبوو. بەڵام ئەوان نەیانتوانی زیاتر لە کەمینەیەکی کرێکاران بەدەست بهێنن، چونکە وەکو جووتیاران و پیشەوەرانی گوندەکە کە بەرهەمهێنەری سەربەخۆ بوون و خوویان بە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی خۆیانەوە گرتبوو نەبوون، دەستەکانی نێو کارگە و ئەوانەی کە لە کانەکانی وەکو کانی خەڵوز و کانی تر وەك بەشێکی وابەستە بە یەکتر لە ئامێرێکی پیشەسازی ئاڵۆزدا کاریان دەکرد و بەبێ ڕێنمایی پسپۆڕانی تەکنیکی لە تاریکیدا دەبوون و گرفتیان دەبوو. زیاتر لەوەش جوتیاران و پیشەوەران دەیانتوانی بەرهەمی کارەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن، لەکاتێکدا کرێکاران بۆ مانەوەیان پشتیان بە کرێ دەبەست. لەمانەش زیاتر ماخنۆ ئاڵۆزتری کرد کاتێك دانی نا بە هەموو پارە کاغەزییەکانی کە لەلایەن کەسان و لایەنەکانی پێش خۆیەوە دەرچووبوو، لەو پارانەش پارەی — ناسیۆنالیستە ئۆکرانیاییەکان، سپی پێستەکان و بەلشەفیکەکان بە هەمان شێوە. ماخنۆ هەرگیز لە ئاڵۆزییەکانی ئابووریی شارستانی نەدەگەیشت و گرنگی بە تێگەیشتنیان نەدەدا. ئەو لە هەر ڕووداوێکدا کاتێکی کەمی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە ئابوورییەکانی دەدۆزیەوە، ئەو هەمیشە لە بزوتن و پێشکەوتندا بوو. سوپاکەی “کۆمارێک بوو لەسەر تاچانکی*، وەک ڤۆلین، Volin، باسی دەکات و “ناسەقامگیری دۆخەکە ڕێگری لە کاری ئەرێنی دەکرد” [14]
لە ئۆکرانیا لە ساڵانی 1918-1920، وەك لە ئیسپانیای ساڵانی 1936-1939، تاقیکردنەوەی ئازادیخوازانە لە سەردەمی بارودۆخی شەڕی مەدەنی و لاوازبوونی ئابووری و سەرکوتی سیاسی و سەربازیدا ئەنجامدرا، بۆیە نەیتوانی بەردەوام بێت. هۆکارەکەش لەبەر نەبوونی هەوڵدان، یاخود نەبوونی خۆتەرخانکردن و پەرۆشیبوون بۆ ئەنارکیزم نەبوو. لە هەموو هەڵمەتەکانی ماخنۆدا ئاڵایەکی ڕەشی گەورە، هێمای کلاسیکی ئەنارشی، بەسەر سوپاکەیدا دەشەکایەوە، کە بە دروشمی “ئازادیی یان مەرگ” و “زەوی بۆ جوتیاران، کارگەکان بۆ کرێکاران” نەخشێنرابوو. کۆمیسیۆنی ڕۆشنبیری-پەروەردەیی پێكهاتبوو لە ڤۆلین، Volin ، ئارشینۆڤ، Arshinov ، و بارۆن، Baron سەرنووسەری گۆڤارەکانی ئەنارکیستی و ڕاگەیاندن و بەیانی ئەنارکیستییان دەردەکرد و وتاریان لەسەر ئەنارکیزم پێشکەش بە سەربازەکان دەکرد. لەوەش زیاتر، کۆمیسیۆنەکە شانۆیەکی ئەنارکیستی دامەزراند و پلانی دانا قوتابخانەی ئەنارکیستی بە مۆدێلی ئێسکولا مۆدێرنای فرانسیسکۆ فێرێر، Francisco Ferrer’s Escuela Moderna، لە ئیسپانیا بکاتەوە.
لەگەڵ ئەوانەشدا، لە بوارێکدا، ماخنۆ سازشێکی بەرچاوی لەگەڵ بنەما ئازادیخوازەکانیدا کرد. وەک سەرکردەیەکی سەربازیی، تێبینی ئەوە کراوە کە ناچار بووە فۆرمێکی وەرگرتنی سەربازی دەستپێبکات بۆ ئەوەی هێزەکانی پڕبکاتەوە؛ و لە بۆنەیەکدا بەو کەسە ناسراوە کە ڕێوشوێنی توندی دیسپلینی سەربازیی سەپاندووە، لەوانەش لەسێدارەدان بووە. هەندێک پێیان وایە مەیلە توندوتیژەکانی بەهۆی جاروبار خواردنەوەی مەیەوە زیاتر بوو. ڤۆلین، Volin ، جەخت لەسەر سروشتی خواردنەوەی ماخنۆ وروژاندنی دەکاتەوە. ڤیکتۆر سێرج ، Victor Serge بە “مەشروبخۆر، خۆبەزلزان، ناڕێک و ئایدیالیست” وەسفی دەکات.[15 ] چاودێرانی دوژمنکارانە بە سەرکردەیەکی جەنگیی چینیی بەراوردیان کردووە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە سوپاکەی تەنها بەناو ئازادیخواز بووە، بەڵام ئەمە وێنەیەکی ڕاستەقینە نییە. هەرچەندە بە ڕەچاوکردنی دۆخی سەربازیی لەگەڵ دۆکتەرینە ئەنارکیستیەکانی ماخنۆدا بە ناچاری بەرکەوتنیان هەبوو، بەڵام سوپاکەی هەم لە ڕووی ڕێکخستن و هەم لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا لە هەموو هێزێکی شەڕکەری دیکەی سەردەمی خۆیدا بەناوبانگتر بوو.
بە هەموو حساباتێك، ماخنۆ سەرکردەیەکی سەربازیی خاوەن توانا و بوێرێکی جەربەزە بوو. ئەزموون و دەستکەوتی ئەو لە ڕێکخستنی سووپا و ئەنجامدانی هەڵمەتێکی کاریگەر و درێژخایەندا، جگە لە هەندێک لە سەرکەوتنەکانی ئەنارکیستەکانی ئیسپانیا لە ساڵانی 1930دا، لە مێژووی ئەنارکیزمدا ناوازەیە. بەشێکی باشی لە نەریتی کۆزاکی کۆمەڵگە سەربازییە سەربەخۆکانی باشوور و ناڕەزایی ئەوان لە دەستدرێژیەکانی حکومەت بە میرات گرتووە. تاکتیکە گەریلاکانی لە بۆسەدانان و پەلاماردانی سەرسووڕهێنەرانە هەردوکیان گەڕانەوەیەك بوو بۆ یاخیبووانی ڕابوردوی ڕوسییەکان و هەم پێشبینی ئەو شێوازانەی شەڕکردن بوو کە دواتر لە چین و کوبا و ڤێتنام بەکارهێنران. بەڵام ئایا هەوڵەکانی لە ڕزگارکردنی شۆڕشدا لە دەست سپیپێستەکان چەند گرنگ بوو؟
ڤۆلین بە ڕاشکاوی جەخت لەوە دەکاتەوە کە” شانازیی تێشکان و لەناوبردنی دێنیکنست، Denikinist، دژە شۆڕش لە پایزی 1919 دا بە تەواوی سەرکەوتنی سوپای یاخیی ماخۆنۆستییەکان بوو”. دەیڤید فۆتمان، David Footman ، بە شێوەیەکی بێگەردتر دەنووسێت کە” هەندێک پاساو هەیە بۆ ئەو ئیدیعایەی کە پێرێگۆنۆڤکا، Peregonovka، یەکێك بووە لە شەڕە یەکلاکەرەوەکانی شەڕی ناوخۆ لە باشووردا.”[16] هەر چۆنێك بێت گرنگی شەڕەکە لە دەرەوەی جێی مشتومڕە.

درێژەی هەیە
………………….
14. Ibid., p. 633.
15. Serge, Memoirs of a Revolutionary, p. 161.
16. Volin, The Unknown Revolution, p. 625; David Footman, Civil War in Russia (London, 1961), p. 276.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت